كوردستان و ململانێ گەورەكەی جیهان

 
بەرایی
 
سەردانی شی جین پینگ بۆ سعودیە، ئەویش تەنیا 5 مانگ دوای سەردانێكی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا بۆ ریاز، ئاماژەیەكی دیكەی ململانێ گەورەكەی جیهانە؛ ركابەریی هێزداری نێوان چین و ئەمریكا، کە دەتوانێت رووخساری جیهان بگۆڕێت.
 
لەكاتیكدا كە سیاسەت لە كوردستان، بەشێوەیەكی سەرەكی لە بازنەیەكی بەرتەسك و دووبارەی ململانێی حیزبیدا دەسووڕێتەوە، ململانێ گەورەكەی جیهان خەریكە پێكهاتەی ئەمنی و سیاسی ناوچەكە دەگۆڕێت و، بێشك ئەمە، كاریگەری لەسەر هەر چوار بەشەکەی كوردستانیش دادەنێت.
 
وزە و ئەولای وزە
 
چین یەكێكە لە گەورەترین كڕیارانی نەوتی جیهان بەتایبەتیش سعودیە، بە گشتی نزیكەی چارەكی تەواوی بەرهەمی نەوتی سعودیە دەكڕێت. بێشك بۆ ئابوورییەكی وەكو چین كە داهاتی گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) لە 1.34 تریلیۆن دۆلار لە ساڵی 2001وە گەیاندووەتە 17.7 تریلیۆن دۆلار لە ساڵی 2021، دەسكەوتنی وزەی هەرزان و بەردەوام بایەخی خۆی هەیە. رەنگە لەم بابەتەشدا لەگەڵ ئیدارەی بایدن تەبا بێت سەبارەت بە هەوڵدان بۆ دابەزینی نرخی وزە. رۆژی 4ی دیسەمبەر، ئۆپێك پڵەس بڕیاریدابوو سیاسەتی كەمكردنەوەی 2 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە لە بازاڕەكانی جیهان درێژە پێبدات كە لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا رێککەوتنی لەسەرکرابوو. رەنگە ئەمە بۆ ئەمریكا و ئەوروپاش هەواڵێكی دلخۆشكەر نەبێت بەتایبەتی كە ئەوان بڕیاریانداوە گوشارێكی زیاتر بخەنەسەر كەرتی وزەی رووسیا. گەڕانەوەی بەهێزی بایەخی نەوت بۆ سیاسەتی جیهانی وایكردووە کە سەركردەی وڵاتان زیاتر روو لە كەنداو بكەنەوە. ئەمساڵ بێجگە لە بایدن و پینگ، سێرگی لاڤرۆرڤ وەزیری دەرەوەی رووسیاش چووبووە كەنداو. هەروەها، ئۆرسۆلا ڤۆن دێرلاین، سەرۆكی كۆمیسیۆنی یەكێتیی ئەوروپاش رۆژی 18ی نۆڤەمبەر لە مەنامەی پایتەختی بەحرەینەوە ئەو پەیامەی دا كە رووسیا گەورەترین مشتەری خۆی لە كیس داوە کە ئەوروپایە، كۆتایی بە گرێدراوی خۆی بەو وڵاتە دەهێنێت.
 
لەڕاستیدا فاكتەری وزە بەشێكی گرنگی بایەخی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە بەتایبەتی خەلیج بۆ هێزە گەورەكانی جیهان، بەڵام ئەوە هەموو شتێك نییە. چونكە رێك لەو كاتانەدا كە لە ئەمریكا باس لە پێویستیی بایەخدانی زیاتر بە ناوچەی ئیندۆپاسیڤیك دەكرا و گرنگی بە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست كەمتر بوو، وڵاتێكی وەك چین خەریكی پتەوكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی ئەم ناوچەیە بوو. كارەكانی كۆڕبەندی چین و وڵاتانی عەرەبی كە لە 2004وە دامەزراوە زیاتر بووە و چین قەرزی بە هەندیك لەو وڵاتانە داوە. ئەمە بێجگە لە رێككەوتنی 25 ساڵە لەگەڵ ئێران وپەرەپێدانی پەیوەندییەكان لەگەڵ توركیا وتەنانەت ئیسرائیلیش. بێشك ئەمە بەشێكە لەو ركابەرییە هێزدارییەی كە ئەمڕۆ خەریكی شێوەی جیهان دەگۆڕێت.
 
ركابەرییە هێزدارییە گەوەركەی جیهان
 
زیاتر لە یەك دەیە دوای تێزە بەناوبانگەكەی فۆكۆیاما لەسەر "كۆتایی مێژوو" لە سەرەتای نەوەدەكان، كە راگەیاندنی سەركەوتنی ئەمریكا و لیبراڵیزم بوو لە جیهان، بەشێوەیەكی پێچەوانە باسێكی دیكە دنیای سیاسەتی گرتەوە ئەویش كۆتایی سەردەمی تاكجەمسەری بوو لە جیهان! كار گەیشتە ئەوەی كە ئیدارەی بایدن لە بەڵگەی ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەیی خۆیدا بە راشكاوی باس لەوە بكات كە چین ركابەرێكی راستەقینەیە. ناتۆش لە لوتكەی ئەمساڵیدا جەختی لەوە كردووە كە چین پرۆژەیەكی هێزداری لە جیهان هەیە.
 
لەڕووی ئابوورییەوە، هەرچەند ئەمریكا هێشتا گەورەترین ئابووری جیهانە بەڵام خێرایی گەشەكردنی ئابووری ئەمریكا وەك ئەوەی چین نییە. بەپێی داتاكانی بانكی جیهانی، لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەی رابردوودا، داهاتی گەشەی بەرهەمی نیوخۆیی ئەمریكا لە 10.58 تریلیۆنی ساڵی 2001وە بووەتە 23 تریلیۆن دۆلار لە ساڵی 2021، بەوەش دوو هێندە گەورەتر بووە، لەكاتێكدا كە ئەوەی چین زیاتر لە 15 جار گەورەتر بووە. لەڕووی سەربازییەوە چین خەرجییە سەربازییەكانی خۆی لە 50 ملیار دۆلارەوە لە ساڵی 2001 گەیاندووەتە 270 ملیار دۆلار لە ساڵی 2021. ئەمریكا لە 493 ملیار دۆلار لەساڵی 2001 وە، خەرجییە سەربازییەكانی خۆی گەیاندووەتە 768 ملیار دۆلار لە ساڵی 2021. بە واتایەكی دیكە، چین زیاتر لە 5 هێندە خەرجییە سەربازییەكانی خۆی بەرز كردووەتەوە و ئەمریكاش نزیكەی دوو هێندەی كردووە. بە پێی راپۆرتێكی پەیمانگەی نێودەوڵەتی ستۆکۆڵم بۆ لێکۆڵینەوەی ئاشتی ((SIPRI، لە ساڵی 2021دا خەرجییە سەربازییەكانی جیهان بۆ جاری یەكەم گەیشتووەتە 2.1 تریلیۆن دۆلار. هەر بە پێی راپۆرتەكە، سێ هێزی ئاسیایی( چین، رووسیا و هیندستان) لە نێو ئەو پێنج وڵاتەی جیهاندان كە زۆرترین خەرجیی سەربازییان كردووە و 52%ی هەموو خەرجییەكانیش لەلایەن چین و ئەمریكاوە كراون. 
 
هاوشانی، رەهەندە ئابووری و سەربازییەكانی ركابەرییە هێزدارییەكەی ئەمریكا و چین، كێبڕكێی هەردوولا لەسەر دروستكردنی هاوپەیمانی و پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵی و چەند قۆڵییەكانیش زیادیكردووە. ناكۆكییەكان لەسەر باڵادەستی تەكنەلۆژی، کاریگەری لە ناوچەی پاسڤیك لە گرنگترین رەهەندەكانی ئەو ململانێیە بوون كە ئێستا خەریكە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش شۆڕ دەبێتەوە. 
 
كوردستان و رکابەری زلهێزەکانی جیهان
 
گرنگترین لێكەوتەی سەرقاڵبوونی هێزە گەورەكانی جیهان بە ركابەریی یەكتر، دروستبوونی بۆشاییەكی هێزە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەمەش دەوڵەتانی خستووەتە جووڵە و گەمەیەكی نوێی هاوپەیمانی و ركابەری، بۆ ئەوەی باڵانسێكی هێز دروستبكەن.
 
هەرچەند هێشتا بۆشاییەكی هێز بە تەواوی دروست نەبووە، بەڵام ئەو دوودڵییەی كە ئەمریكا لە 2011 (وەرچەرخانی دیدی ئەمریكا بەرەو پاسیڤیك) بەدواوە لەم ناوچەیە نیشانیدا و بەتایبەتی لە 2019شدا گەیشتە لووتكە، خواستی دەوڵەتانی ناوچەكەی بۆ سیاسەتێكی تووندتر لە جاران بەرامبەر بە كورد زیاد كردووە. توركیا و ئێران كردەوە سەربازییەكانی خۆیان لە ناوچەكە زیادكردووە و ئەمەش بیرهێنەرەوەی دۆخی كوردە لە قۆناخی دوو جەمسەریی جیهان، بە تایبەت لە ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردوودا كە سیاسەتی سەركوتكاری كورد تەنانەت تاوەکو ئاستی جینۆسایدیش رۆیشت. لە 2015 بەدواوە تاوەكو 10ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ  زیاتر لە 6000 كەس لە شەڕی نێوان پەكەكە و توركیادا گیانیان لە دەستداوە، ئەمە لە كاتێكدایە كە تەنیا چەند ساڵێك پێش ئەوە، باس لە پرۆسەی چارەسەری (ئیمرالی) لە نێوان توركیا و پەكەكە دەكرا، وەك ئەوەی كە تورگوت ئۆزال لە پاش رووخانی یەكێتیی سۆڤییەت دەیویست بیكات و سەرینەگرت. ئەمەش خۆی باشترین نموونەیەكە لەسەر ئەوەی كە چۆن گۆڕان لە هاوسەنگییە هێزدارییەكانی جیهان دەتوانێت كاریگەری لەسەر پرسی كورد دابنێت. 
 
باڵادەستی ئەمریكا لە جیهان و هەردوو جەنگی عێراق و جەنگی داعش كە هەردووكیشی بە سەركردایەتی ئەو وڵاتە كران، رێگەیان بۆ دوو دەسەڵاتی دی ژۆر (De Jure) و دیفاكتۆی (De Facto) كوردی لە ناوچەكە خۆش كرد، بەڵام هەر لەو كاتەی كە دوودڵیی ئەمریكا و سیاسەتی ململانێی هێزە گەورەكان لە سەردەمی ئۆباماوە دەستیپێكرد، هەوڵە ناوچەییەكانیش بۆ سنوورداركردنی كورد زیادیان كرد. توركیا سێ ئۆپەراسیۆنی زەوینی بەرفراوانی لە رۆژئاوای كوردستان كرد و ئێستاش باسی چوارەم دانەی دەكات. سنووری دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان لە 2017 بەدواوە بەرەو كەمبوونەوەیەكی زیاتر رۆیشتووە و ئێرانیش تەنیا لە چەند مانگی رابردوودا لانیكەم سێ جار هێرشی فراوانی ئاسمانی كردووەتە سەر خاكی هەرێمی كوردستان و، كاردانەوەیشی بەرامبەر ناڕەزایی و خۆپیشاندانەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانیش خوێناوی بوو. ئەمەش لەكاتێكدایە كە پێشتر لە دوای نێوەڕاستەكانی ساڵانی نەوەدەكانەوە، وازی لە هێرشەكانی بۆ سەر حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان هێنابوو، هەروەها هەوڵی برەودانی زیاتری پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەدا.
 
بێشك دەركەوتنەوەی شەپۆلێكی دیكەی ململانێی نێوان حیزبەكانی هەرێمی كوردستان تەنیا بابەتێكی نێوخۆیی نییە بەڵكو دەرهاوێشتەیەكی ئەو نەزمە گشتییەیە كە بەرەو گۆڕان دەچێت. دەرفەتی دەوڵەتانی ناوچەكە بۆ بەگژدادانی كورد و سەرقاڵکردنیان بە یارییەكی سنوورداری خۆجێی زیاتر بووە، لە كاتێكدا كە بۆ نموونە خواستی ئەمریكا و رۆژئاوا بۆ یەكخستنی پێشمەرگە بەخاوی دەچێتە پێشەوە.
 
كۆتایی
 
جیهان بەرەو گۆڕانێك دەچێت و كوردستانیش لە قۆناخێكی هەستیاردایە. سەردانەكەی شی جین پینگ نیشانەیەكی ئاشكرای ئەو گۆڕانەیە كە خەریكە روودەدات. ئەكتەرە گرنگەكانی جیهان و ناوچەكە خەریكن خۆیان بەگوێرەی ركابەرییە هێزدارییەكەی چین و ئەمریكا رێكدەخەنەوە. بێگومان لەم قۆناخە راگوزەرەشدا، شەپۆلێكی سیاسەتی دژەكوردی لە ناوچەكە هەڵیكردووەتەوە. هەڵبەت ئێستا ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردوو نییە و ئەگەر سیاسەتی كورد لە بازنە داخراوە ناوخۆییەكەدا گۆڕانی تێدا دروست بێت، نەك مەترسی بەڵكو دەتوانێ دەرفەتێكیش بێت. وا مەزندە دەكرێت كە ژمارەی كورد بە بەراورد بە هەشتاكان لانیكەم سێ هێندە زیاتر بووبێت و توانا سیاسی و سەربازییەکەشی گۆڕانی بەسەردا هاتووە، تێگەیشتن و جیهانبینی مرۆڤەكانیش گۆڕاوە، لەمانەش گرنگتر، دەوڵەتانی دەوربەری كورد هەم كێشەی ناوخۆییان زۆرتر بووە و هەم سرووشتی سیاسەت و دەسەڵاتدارییەكەیشیان وەک رابردوو نییە. دواجار هەموو گۆڕانێك دەتوانێت دەرفەت، یان مەترسی لەگەڵ خۆی بێنیت، هەڵبەت براوە ئەوەیە كە هەڵەكانی رابردووی دووبارە نەكاتەوە!