هەڵوێستی سەرکردەکانی عەرەب لەبارەی حەماس لە پشتی پەردەوە

 
ناوەڕاستی مانگی ئۆكتۆبەری ئەم ساڵ، رۆژنامەنووس و نووسەری بەناوبانگی ئەمریكی (Bobwoodward) كتێبێكی بەناونیشانی (WAR / جەنگ) بڵاوكردەوە، ئەم كتێبە بەلای زۆر لە نووسەرە ئەمریكییەكانەوە كتێبێكی شۆكهێنەرە و گرنگترین نهێنی و زانیاری و زۆرترینی ئابڕووچوونەكانی سەدەی بیست و یەكی لەخۆگرتووە! 
 
نووسەری ئەم كتێبە، کە ئێستا تەمەنی (81) ساڵە، بە بەهێزترین رۆژنامەنووس دادەنرێ لە مێژووی ئەمریكادا و هەموو ساڵێك كتێبێك بڵاودەكاتەوە، لە كۆتایی ماوەی سەرۆكایەتیی هەموو سەرۆكێكی ئەمریكادا، كتێبێكی تایبەت بەو سەرۆكە ئامادە دەكات. 
 
ئەو رۆژنامەنووسە بەهۆی ئەو زانیارییە متمانەپێكراو و هەستیار و گرنگانەوە، كە لە كتێبەكانیدا بڵاویان دەکاتەوە، توانیویەتی گەورەترین ئابڕووچوون لە مێژووی سیاسیی ئەمریكادا تۆمار و ئاشكرا بكات، كە بە ئابڕووچوونی (ۆتەرگێت) وەسف دەكرێ! ئەو ئابڕوچوونەی كە (ریچارد نیكسۆن)ی سەرۆكی پێشووتری ئەمریكای لە ساڵەكانی حەفتاكاندا ناچار بە دەستلەكاركێشانەوە كرد! 
 
ئەم كتێبە لە یەكێك لە چاپخانەكانی نیۆیۆرك چاپ کراوە، لە (448) لاپەڕە پێكدێت، نووسەرەكەی بە پشتبەستن بەو زانیارییە گرنگ و هەستیارانەی، كە لە میانەی كۆبوونەوە و وتوێژە نهێنییەكانی لەگەڵ بەرزترین ئاستی ناوەندی بڕیاری سیاسی و سەربازیی ئەمریكادا كۆی كردوونەتەوە، لە سێ بابەتی سەرەکی دەدوێ، کە بریتین لە: (شەڕی ئۆكرانیا)، (شەڕی غەززە)، (كێبركێی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا)! ئەڵبەتە ئەوەی بەلای منەوە گرنگە لەم نووسینەدا بیخەمەڕوو دوو خاڵە: 
 
یەكەم: خستەڕووی ئەوەی لە دووتوێی ئەم كتێبەدا هاتووە سەبارەت بە پێكهاتە و پێناسە و كەسایەتیی راستەقینەی دۆناڵد ترەمپ. 
 
دووەم: ئاشكراكردنی ئابڕووچوونە گەورەكان و ناپاكییە شاراوەكانی سەرانی وڵاتانی عەرەب، دەرهەق بە گەلی فەلەستین و بزووتنەوەی حەماس و پشتیوانیكردنی قەوارەی زایۆنیی. 
 
(دۆناڵد ترەمپ) چ جۆرە كەسێكە؟
 
نووسەری ئەم كتێبە پێشتر سێ كتێبی بە ناونیشانەكانی (FEAR/ ترس)، (PERIL/ مەترسیی)، (RAGE)/ تووڕەیی) لەسەر (دۆناڵد ترەمپ) نووسیووە، ئەو دەڵێ: پێشتر چاوی بە (ترەمپ) كەوتووە، كاتێك تەمەنی (45) ساڵ بووە، ترەمپ پیاوێكی سەرمایەدار بووە، سەرقاڵی بازرگانیکردن بووە، كەسایەتییەكی سیحریی هەبووە، (ترەمپ) جگە لە ئارەزووی بازرگانیكردن و سامان كۆكردنەوە، هەر لەسەرەتای تەمەنییەوە حەز و ئارەزوو و خولیای سەرۆكایەتیی ئەمریكای لە مێشكدا هەبووە، ترەمپ زۆر زیرەكانە مامەڵە لەگەڵ بەرانبەرەكانیدا دەكات و زۆر خێرا بەرانبەرەكەی دەناسێ و زۆر بە ئاسانیش كاریگەریی لەسەر دروست دەكات، هەر ئەمەش وایكردووە ناوبراو بتوانێ زۆرترین پشتیوانی جەماوەریی بۆخۆی پەیدا بكات و بگاتە (كۆشكی سپی)، سەرەڕای ئەوەی كە ئەو تاكە كەسێكە لەمێژووی ئەمریكادا بێ ئەوەی پێشینە و كەسایەتییەكی سیاسیی هەبێ، توانیویەتی بگاتە باڵاترین پۆست لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا! 
 
ئەم رۆژنامەنووسە دەڵێ: (ترەمپ) نە بڕوای بە (پارتی کۆماری) هەیە، نە كۆمارییەكانیشی خۆشدەوێن، بەڵكو ئەو (پارتی كۆماریی) بۆ بەرژەوەندییە تایبەتەكانی خۆی بەكاردەهێنێ، چونكە ئەو كەسایەتییەكی هەڵپەرستیی سەرمایەداری خۆسەپێنی سەرەڕۆ و دەمارگیرە و ئەوەندەی خۆی خۆشدەوێ، وڵاتەكەی خۆشناوێت و بەهیچ شێوەیەكیش شیاوی پۆستی سەرۆكایەتی نییە. 
 
ئابڕووچوون و ناپاكییەكانی سەرانی عەرەب: 
 
رۆژنامەنووس (Bob woodward) لەمیانەی ئەو سەدان كاتژمێرەی وتووێژ و گفتوگۆ نهێنیانەی كە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریكادا ئەنجامی داون، ئەو راستیە ئاشكرا دەكات، كە سەرانی وڵاتانی عەرەبی گەورەترین پشتیوانیی قەوارەی زایۆنین، لەپشتی پەردەوە و لە كۆبوونەوە نهێنی و تایبەتەكاندا، هەموو جۆرە ئامادەییەكیان نیشانداوە بۆ سەرخستنی ئیسرائیل و شكستپێهێنانی موقامەوە و كۆتاییهێنان و ریشەكێشكردنی بزووتنەوەی حەماس. 
 
دوای تێپەڕبوونی پێنج رۆژ بەسەر تۆفانی ئەقسا، ئەنتۆنی بلیكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا گەشتێك بۆ ناوچەكە دەکات و لە تەلئەبیب بە نەتەنیاهوو دەڵێت: ئەوەتانێ من ئێستا لێرەم بۆ یارمەتیدانی ئێوە، چ وەك جووێک چ وەك ئەمریكییەک، كە ئەم جۆرە لێدوانانە پێشتر لە هیچ وەزیر و بەرپرسێكی دیکەی باڵای ئەمریكا تەنانەت (كیسنجەر)یش نەبیستراوە! وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دوای كۆبوونەوە لەگەڵ نەتەنیاهوو سەردانی هەریەك لە ئوردن و بەحرەین و قەتەر و سعودیە و ئیمارات و میسر دەكات، پادشا و سەرۆكەكانی ئەو وڵاتانە وەك لە دەقی كتێبەكەدا (لاپەڕە: 255 – 360، 263، 297) هاتووە، بەم شێوە وەڵامی (ئەنتۆنی بلینكن) دەدەنەوە: 
 
- لە ئوردن؛ شا عەبدوڵڵای دووەم بە بلینكن دەڵێ: (ئێمە چەندین جار ئیسرائیلمان لە حەماس ئاگادار كردەوە، حەماس كۆمەڵەی ئیخوان موسلیمینن، دەبێ ئیسرائیل كۆتایی بە حەماس بهێنێ و لەناوی ببات، بەڵام من ناتوانم بە ئاشكرا ئەمە لە راگەیاندنەكاندا بڵێم). 
 
- لە بەحرەین؛ بلینكن هەمان ئەو قسانەی گوێ لێبوو كە پێشتر لە ئوردن لە شا عەبدوڵڵاوە گوێی لێ بوو.
 
- لە سعوودیە؛ وەزیری دەرەوەی سعودیە میر فەیسەڵ بن فەرحان ئال سعود بە بلینكن دەڵێ: (دەبوو ئیسرائیل متمانە بە حەماس نەكات، ئێمە چەند جار ئیسرائیلمان ئاگاداركردەوە، حەماس واتە ئیخوان موسلمین. لە راستیدا كۆمەڵە تیرۆریستییەكان بەس تەنها ئامانجیان لەناوبردنی ئیسرائیل نییە، بەڵكو ئامانجیانە سەركردەكانی دیکەی وڵاتانی عەرەبیش لەناو ببەن، ئێمە بێزارین لەوەی لە غەززە روودەدات، چونكە ئەوانەی دوای حەماس پەیدا دەبن زۆر لە حەماس خراپترن، داعش دوای قاعیدە پەیدابوون، كە زۆر لە قاعیدە خراپتر بوون. 
 
- لە ئیمارات؛ محەممەد بن زاید بە بلینكن دەڵێ: (دەبێ حەماس لەناوببرێ و كۆتایی پێ بهێنرێ، حەماس ئیخوان موسلمینن، ئێمە دەتوانین دەرفەتێك بدەینە ئیسرائیل بۆ لەناوبردنی حەماس). 
 
- لە میسر؛ وەزیری هەواڵگریی میسر سەرەتا نەخشەی تونێلەكانی غەززە پێشكێش بە (بلینكن) دەكات و دواتر داوا دەكات ئیسرائیل پەلە نەكات لە چوونە نێو غەززەوە، دەبێت ئیسرائیل بە چەند قۆناخێك بڕواتە نێو غەززە، تاوەكو تاك بە تاكی سەركردەكانی حەماس لە كۆنەكانیان - واتە تونێلەكان دێنە دەرەوە، ئینجا سەریان لەلاشەیان دەكاتەوە. 
 
لێرەدا دووپاتكردنەوەی ئەوەی كە حەماس ئیخوان موسلمینن، هەروەها ئیخوان رۆڵ دەبینن لە بڵاوكردنەوەی نائارامیی لە ناوچەكەدا، خاڵێكی هاوبەشی كۆی ئەو قسانە بوو، كە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە سەرانی وڵاتانی عەرەبییەوە بەرگوێی كەوت!. ئێستا ئەوانەی لاپەڕەكانی ئەم كتێبە دەخوێننەوە و لەم ئابڕووچوونە گەورانەی سەرانی عەرەب ئاگاداردەبنەوە و پرسی غەززە و گەلی ستەمدیدەی فەلەستین بەلایانەوە پرسێكی گرنگە، مافی خۆیانە ئەم پرسیارانە بكەن: 
 
1- سەرانی عەرەب لەڕووی ئایین و پێناسە و ئینتمای نەتەوەییەوە لەسەر چ بناخەیەك خۆیان دەناسێنن؟! ئایا ئەوان لەگەڵ فەڵەستینییەكاندا خاوەن یەك ئایین و پێناسە و نەتەوە و كولتوور و مێژووی هاوبەش نین؟! دەی كەواتە بۆچی دەستیان دەخەنە نێودەستی داگیركەرانەوە دژ بە نەتەوە و براكانی خۆیان؟! 
 
2- ئەم هەموو دوژمنایەتییە لەگەڵ حەماسدا بۆ؟! لەكاتێكدا حەماس هیچ جۆرە دەستتێوەردانێكی لە كاروباری ناوخۆی ئەو رژێمانەدا نەكردووە و تاكە فیشەكێكیشی بە ئاراستەی وڵاتەكانی ئەوان نەتەقاندووە! 
 
3- ئەگەر ئەو سەركردانە كێشەیان لەگەڵ حەماسدا هەیە، ئەی دەبێ كێشەیان لەگەڵ گەلی ستەمدیدەی فەڵەستین چی بێ؟! ئایا كوشتنی (43) هەزار هاووڵاتیی مەدەنی و برینداركردنی (120) هەزاری دیکە و وێرانكردنی دەیان قوتابخانە و نەخۆشخانە و مزگەوت و كەنیسە و هەڵتەكاندنی ژێرخانی ئابووریی، هێشتا گۆڕانكاریی بەسەر سیاسەتی ئەواندا نەهێناوە بەرانبەر ئەو گەلە هەژار و بێتاوانە؟! 
 
4- سەركردەكانی عەرەب بۆچی رێگە نادەن گەلانی موسڵمان گوزارشت لە ئیرادە و ویژدان و هەڵوێستی راستەقینەی خۆیان بكەن، سەبارەت بە فەڵەستین و گەلەكەی؟! لە كاتێكدا راپرسییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە رێژەیەکی زۆری جەماوەر دژی ئاشتی عەرەب-ئیسرائیلە! 
 
5- زۆر لە وڵاتانی جیهانیی وەك (پۆلیڤیا) و (كۆڵۆمبیا) و (چیلی) و (بەرازیل) و (باشووری ئەفریقا) و (نیكاراگوا) پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیلدا پچڕاند، یان لانی كەم باڵیۆزەكانیان كشاندەوە! خێرە وڵاتانی عەرەبی پەیوەندییە دیپلۆماسیی و ئابوورییەكانیان لەگەڵ قەوارەی زایۆنیدا درێژەیان هەیە؟! زۆر لە وڵاتانی هاوپەیمان و دۆستی ئیسرائیل رێگەیان نەگرتووە لە ئەنجامدانی رێپێوانی جەماوەریی بۆ پشتیوانیكردنی غەززە و فەڵەستین! لە كاتێكدا وڵاتانی عەرەبی رێگە نادەن گەلانی موسڵمان رێپێوانی پشتیوانی ئەنجام بدەن و هەڵوێستی راستەقینەی خۆیان رابگەیەنن! 
 
6- ئایا سەرکردەکانی عەرەب هەستیان بەوە نەكردووە موقاوەمە لە فەڵەستین هێڵی یەكەمی بەرگرییە لە وڵاتەكانیان و تاكە دیواری پاراستنی گەلانی موسڵمانە لە پەلامار و هێرشەكانی دووژمنی داگیركەر، لە كاتێكدا نەتەنیاهوو بە ئاشكرا رایدەگەیەنێ كە جارێكی دیکە هەوڵی رێكخستنەوە و داڕشتنەوەی نەخشە و سیستمی ئەمنی ناوچەكە دەدات بەپێی ویست و میزاج و مەرجەكانی جوو؟!!