ئەمریکا.. ترەمپ بردیەوە یان دۆڕاندی ؟

07-11-2018
هێمن لهۆنی
هێمن لهۆنی
نیشانەکردن ئەمریکا
A+ A-
شەوی سێشەممە لە ئەمریکا یەکێک لە گرنگترین هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس بەڕێوەچوو، ئەم هەڵبژاردنە وەک گشتپرسییەک بوو لەسەر دوو ساڵی رابردووی سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ. 

ئەمریکییەکان وانەیەکی نوێیان پێشکەش بە سەرکردەکانیان کرد، کە هەموو شتێک ئابووری نییە و گەشەکردنی ئابووریش نابێ لەسەر حیسابی بەهاکانی ئەو وڵاتە بێت. ئەوەی لە ماوەی 24  کاژێری رابردوو لە ئەمریکا روویاندا ئەمانە بوون: 

یەکەم: دیموکراتەکان لەڕێگەی هەڵمەتێکی بەهێزی باراک ئۆباما و جۆو بایدن، کە لە هەندێک شوێن ماڵ بە ماڵ دەگەڕان، دوای هەشت ساڵ جارێکی دیکە زۆینەی ئەنجوومەنی نوێنەرانیان بەدەستهێنایەوە و هەروەها چەند پۆستێکی حاکمی ویلایەتەکانیان وەرگرتەوە. لەڕێگەی ئەم ئەنجوومەنەوە ئیدی دەبنەوە هاوبەشێکی کاریگەری داڕشتنی سیاسەتی ناوخۆی وڵات لە واشنتن دی سی و چاودێرێکی بەهێز بەسەر کۆشکی سپی.

دووەم: کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی پیران وەک زۆرینە مانەوە و بەمەش دۆناڵد ترەمپ دەتوانێت لە زۆرێک لە سیاسەتەکانی دەرەوەی خۆی بەردەوام بێت، لەوانە گەمارۆی ئێران. بۆیە لە سیاسەتی دەرەوە گۆڕانکاری گەورە روونادات، بەڵام وەک جاران ئەوەی دەیەوێت ناتوانێت بە ئاسانی ئەنجامی بدات و ئێستا ئەو دوو ساڵە نەما بەبێ دانوستاندن لەگەڵ دیموکراتەکان بڕیاربدات.

سێیەم: ئەو قسەیەی کە دەگوترا ئەمریکییەکان تەنیا ئابووری و گیرفانیان بەلاوە گرنگە، وا دەرنەچوو. ئێستا ئابووری وڵاتەکەیان لە باشترین دۆخە و بێکاری لە کەمترین ئاستیدایە، بەڵام لەکۆی گشتی دەنگدانی هەموو ویلایەتەکان، کۆمارییەکان بە جیاوازییەکی زۆر لە دواوەن. هەموو کەس هاوڕابوو کە ئەم هەڵبژاردنە گشتپرسییەکە بۆ کارەکانی ترەمپ لە دوو ساڵی رابردوودا، بۆیە ئەوەی ترەمپ چاوەڕوانی دەکرد وا دەرنەچوو، سەرەڕای ئەوەی لە 75%ـی ئەمریکییەکان لە ئابووری وڵاتەکەیان رازین لە 50%ـی دەنگیان بە دیموکراتەکان دا نەک حیزبەکەی ترەمپ. راستە ترەمپ ئابووری وڵاتەکەی زۆر پێشخست، بەڵام دەرکەوت قسەگوتن بە رۆژنامەڤان و ژن و رەگەزپەرستی لە ئەمریکا باجی خۆی هەیە.

چوارەم: راستە کە کۆمارییەکان زۆرینەی ئەنجوومەنی پیرانن، بەڵام مانای وانییە هەموو سیناتۆرە کۆمارییەکان هاوڕای ترەمپ بن. لەم هەڵبژاردنە کەسێکی وەک میت رۆمنی بووەتە سیناتۆری کۆماریی کە زۆر جیاواز لە ترەمپ بیردەکاتەوە و لەم جۆرە سیناتۆرەش لەناو ئەنجوومەنی پیران زۆرن و لەمەودوا دەستکراوەتریش دەبن، بۆیان دەرکەوت کە ئەمریکییەکان زۆر لە ترەمپ رازینین.

پێنجەم: ئەو ویلایەتانەی بە قەڵای کۆمارییەکان و ترەمپ دادەنرێن، وەک تەکساس و فلۆریدا، دیموکراتەکان توانیان رکابەرێکی بەهێزبن و بە جیاوازی کەم بدۆڕێن. هەروەها لە ئێستادا دیموکراتەکان توانیان هەڵبژاردنی داهاتوو لە فلۆریدا مسۆگەربکەن پاش ئەوەی لەگەڵ ئەم هەڵبژاردنە یاسایەکیان بەدەنگی خەڵکی ویلایەتەکە هەموارکردەوە، کە ئەوانەی پێشتر زیندانی بوون تاوانی گەورەیان نەکردووە بتوانن دەنگ بدەن کە خۆیان لە ملیۆنێک و 500 هەزار دەنگدەر دەبیننەوە.

شەشەم: ئەم هەڵبژاردنە گڕوتینێکی نوێیە بۆ دیموکراتەکان کە جگە لە بردنەوەیان نوێبوونەوەی خۆشیان راگەیاندووە. بەهۆی ئەم هەڵبژاردنەوە کۆمەڵێک ژن و گەنج و چالاکوانی مەدەنی بوونەتە ئەندامی کۆنگرێس و خوێنێکی تازەن بۆ حیزبەکەیان. هەروەها سەرکردەی نوێیان دەرکەوت بە تایبەتی بێتۆ کە لە تەکساس هەڵمەتێکی گەورەی بەڕێوەبرد.

حەوتەم: سەرەڕای سیاسەتی تووندی ترەمپ لە دژی کۆچبەران کە رەنگە لە هەندێک ویلایەت لەسەر دەنگەکانی کۆمارییەکان کاریگەر بووبێت، بەڵام دیموکراتەکان توانیان دوو موسوڵمانی بە رەچەڵەک فەلەستینی و سۆماڵی ببەنە ئەنجوومەنی نوێنەران.

هەشتەم: ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە و هاتنەوە مەیدانی بەهێزی دیموکراتەکان ئەو هیوایەی بەو حیزبە دا کە دەتوانن بە پلانێکی باش و بەربژێرێکی باش لە 2020 کۆتایی بە ترەمپ بێنن و نەهێڵن هەشت ساڵ سەرۆک بێت.

نۆیەم: لەم هەڵبژاردنە دەرکەوت کە میدیا لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا زۆر کاریگەربووە و هەرچەندە ترەمپ لەڕووی ئابوورییەوە کاری گەورەی کردووە، بەڵام لەبەرئەوەی زۆرینەی میدیای وڵاتەکەی لەگەڵ نەبوو، نەیتوانی بە باشی وەبەرهێنان لە کارەکانی بکات و بە دژایەتیکردنی میدیا هیچ سوودێکی بۆ نەبوو. 

دەیەم: هەرچەندە دیموکراتەکان زۆرینەی نوێنەرانیان بردەوە، بەڵام قورسە بتوانن ترەمپ لابدەن و خۆشیان نایانەوێت لەم قۆناخەدا ئەوە بکەن، چونکە بەهۆی کەمینەییان لە ئەنجوومەنی پیران بە ئاسانی بۆیان ناکرێت. بەڵام دوو ساڵی داهاتوو بە هیچ شێوەیەک وەک دوو ساڵی رابردوو نابێت و کۆمەڵێک کارتی گەورەیان هەیە وەک؛ لێپێچینەوە لە باج و لێکۆڵینەوە لە کەیسەکانی ترەمپ، بەمەش ناهێڵن سەرۆکی ئێستای ئەمریکا بە ئاسانی بەڵێنەکانی خۆی بباتە سەر.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە