قسە بکە، تا بتبینم

دوێنێ کاژێر 01:15
د. ئاراس عەبدولکەریم
A+ A-
ئەو ناونیشانەی سەرەوە قسە بەنێوبانگەکەی (سوکرات)ـە کە بە قوتابییەکانی گوت، ئەودەمەی لەکاتی گفتوگۆکردن لەگەڵیاندا گوێی لە جۆرێک ژاوەژاو و قسەی ناڕوون بوو.
 
هەر کەسێک لە پشت زمان و کۆمەڵێک دەربڕینەوە وەستاوە و لەمیانەیانەوە وێنای خۆی و قەناعەت و جیهانبینییەکەی و بەڵکو وێنای کەسایەتییەکەشی دەکات، لەمێژە گوتراوە "مرۆڤ سندووقێکی داخراوە، کلیلەکەی زمانەکەیەتی".
 
بە دیوێکی دیدا و لە پاش زیاد لە دوو سەدە (دۆستۆیڤسکی) دەڵێ "دەشێ لە ناخی مرۆڤ دا شتێک هەبێ کە نەکرێ بە ژاوەژاو پەی پێ ببردرێت، نەکەی وابزانیت منت ناسیوە، تەنیا لەبەرئەوەی گوێت لە دەنگم بووە". رەنگە سەرەتا ئەم گوتەیە بەپێچەوانەی گوتەکەی (سوکرات) لێکبدرێتەوە، بەڵام کەمێک لێوردبوونەوەی بەسە تاوەکو بزانین ئەوە تەواوکەری قسەکەی سوکراتە نەوەک پێچەوانەی، چونکە مەرج نییە هەموو دەربڕینێک لە ئاستی قسەدا بێت، قسەی سەنگینم مەبەستە؛ هاوکات مەرج نییە هەموو قسەیەک راستگۆیانە گوترابێت. لێرەوە مەبەستمە قسەیەک لەسەر گوتارەکەی دوێنێ یەکشەممەی نێچیرڤان بارزانی بکەم، کە لە هەولێر پێشکێشی جەماوەری حیزبەکەی کرد. گوتارێک دوور لە هونەری هەڵخەڵەتاندنی حەماسی و هەڵچوون و ژاوەژاو، گوتارێک بە لۆژیکی بەڵگە و فاکت دەدوا، بە هێمنی و زمانێکی نەرم و دوور لەو پەتایەی بەداخەوە هەر لە سەرەتاوە بەرۆکی ئەم هەڵمەتی هەڵبژاردنەی گرتووە و نازانین تاوەکو چەند پلەی سەدی سەردەکەوێت. گوتارێک کە تەواو دەربڕی قەناعەت و جیهانبینی و ئەو رێبازە سیاسییەیە کە باوەڕی پێیەتی، گوتارێک کە دەیەوێ پێت بڵێ "ئەوە منم، بە خۆم و رابردوو و ئێستامەوە و ئاواش لە ئاییندە دەڕوانم"، گوتارێک کە ئەوەی پێشکێشی دەکات وێنەی خۆیەتی وەک ئەوەی هەیە، نەک وێناکردنی ئەوانی دیکە بەوشێوەیەی خۆی بیەوێت، ئەو باس لە جیهانبینیی رێبازی سیاسی خۆی و حیزبەکەی دەکات، نەک شرۆڤەکردنی رێبازی سیاسی هیچ لایەنێکی دیکە لە دیدی خۆیەوە. 
 
لە راستی دا گوتارێک کە بەردەوام خۆی بە وێناکردنی ئەوانی دیکەوە سەرقاڵ بکات، (ناگوتار)ـە، چونکە هەمووانت نیشاندەدات، خۆی نەبێ. ئەمە لۆژیکی گوتارێکە کە بیەوێ خۆی بشارێتەوە، گوتارێک کە لە دەرکەوتن و ئاشکرابوونی خۆی بۆ دەرەوە بترسێت. گوتاری لەم چەشنە، ئاماژەی تەنیا بۆ ئەوانی دیکەیە و لە پشت ئەوانی دیکەوە خۆی مەڵاس دەدا، گوتارێکە لەجیاتی خۆنمایشکردن بە فاکت و بەڵگە، سەرقاڵی خۆشاردنەوەیە لەنێو تەمتومانی ژاوەژاو و زەحمەتی وێنەکانی ئەوانی دیدا.
 
ئێستا هەڵمەتی هەڵبژاردن سەکۆیەکی گەورەیە بۆ نمایشی کاراکتەرە سیاسییە جیاوازەکان، بۆ بینین و هەڵسەنگاندنیان، ئەوەی بە وەستاوی لەسەر سەکۆکە دەمێنێتەوە، ئەوەی دەبینرێت، ئەو کەسایەتییەیە کە بە روونی و بە هێمنی دەڵێ "ئەوە منم، بە خۆم و باوەڕ و رێبازەکەمەوە"، وەک ئەوەی کە لە گوتارەکەی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دا بەر گوێمان کەوت.
 
کەسایەتیی نێچیرڤان بارزانی سەرمایەیەکی گەورەیە بۆ حیزبەکەی، ئەمە نە ستایشە و نە پێداهەڵدان، بەڵکو دەربڕینی راستییەکە و هیچی دیکە، تەنانەت کاریزمای ئەم کەسایەتییە سنووری حیزبەکەی خۆیشی تێپەڕاندووە و قبووڵکردنێکی فراوانی هەیە لای ئەوانی دیکەش لە دەرەوەی پارتی، ئەمەش بە رای من لەو راستییەوە دێت کە ئەوانی دیکە دەزانن لە دیدی نێچیرڤان بارزانی دا ئەوانی دیکەش مانایان هەیە و نوقمی بێمانایی و عەدەم نەکراون. 
 
بۆیە زەحمەتە بتوانین گوتارێکی ئەم سەرکردەیە ببیستین کە خۆی لە تەونی حەماسی نالۆژیکی و هات و هاواری بێ مانا و راستوچەپ هێنان بەوانی دیکەدا پێچابێت، ئاخر ئەو سەر بە رێباز و جیهانبینییەکی سیاسییە کە لەنێو لێبووردەیی و ژیاندۆستی و نیشتمانسازییەوە سەرچاوەیان گرتووە؛ بۆیە گوتارەکەی رۆژی یەکشەممەی کە پێشکێشی جەماوەری پارتەکەی کرد لە هەولێر، با تایبەتیش بووبێت بەهەڵمەتی هەڵبژاردن و بە ئامانجی سەرخستنی لیستی پارتەکەی بووبێت، بەڵام هەر دەبوو سەر بە دونیای مەدەنییەت و دیموکراسی و لێبووردەیی بێت، ئەوە زادەی بیر و باوەڕ و کەسایەتیی خۆیەتی. ئاخر لە خۆڕا نەبوو کە جارێک نووسەرێکی هاوڕێم لە سلێمانی لێی پرسیم " ئەرێ بەڕاست، کاک نێچیرڤان قەت تووڕە دەبێت..؟!".

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عارف قوربانی

پرۆسەی هەڵبژاردن راگرن، یان...!

هیوادارم حیزبەکان پەتاى رک و کینە لەیەکتر بەریاندات و بیر لەوە بکەنەوە لەنێو چ هاوکێشەیەکى ئاڵۆزدان و لە دەوروبەرمان چى دەگوزەرێت. یا ئەوەتا پرۆسەى هەڵبژاردن راگرن، یاخود بەشى ئەوەى تێدا بهێڵنەوە سبەینێ بتوانن پێکەوە کوردستان لەو قۆناخە چاوەڕوانکراوە پڕ لە گۆڕانکارییەى ناوچەکە بپارێزن.