ئۆلاف شۆلتز میکیاجی دەوێ؟

 
 
لەکاتێکدا خەڵکی وڵاتە گەورە ئەوروپییەکانی وەک بەریتانیا و فەرەنسا خەریکی هەڵبژاردن و یەکلاییکردنەوەی ئەوەن کە راستئاژۆکان وڵات بەڕێوەببەن یان چەپئاژۆکان، خەڵکی ئەڵمانیا بە شتێکی تەواو جیاوازەوە سەرقاڵن. ئەویش میکیاجی سەرکردەکانیانە. بە رواڵەت شتەکە لە مەسەلەیەکی بێبایەخ دەچێ، بەڵام ئەگەر وردەکارییەکەی بزانن تێدەگەن بۆچی مژارێکی زۆر گرنگە. 
 
ئاشکرا بووە کە زۆر لەو سیاسییانە پارەیەکی زۆری خەزێنەی دەوڵەت بۆ خۆجوانکردن بەکاردەهێنن. هەرچەندە سەرتۆپی ئەوانە ئانالێننا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا و سەرۆکی پارتی سەوزەکانە، بەڵام پێتان سەیر نەبێ ئەگەر بڵێین کەسێکی سەرڕووتاوەی وەک ئۆلاف شۆلتز، راوێژکاری ئەڵمانیاش پارەیەکی زۆری لە جوانکاریدا خەرجکردووە و ئەمەشی بە پارەی گەل کردووە. 
 
ئەڵمانییەکان تووڕەن. تووڕە لەوەی بۆنموونە بێربۆکس 136 هەزار یۆرۆی بۆ خۆجوانکردن خەرجکردووە. جگە لەوەش چەند گەشتێکی کورتی نێوان شارەکانی ئەورووپای بە فڕۆکە کردووە. بێربۆک سەرۆکی پارتێکە کە دەنگدەرە زۆرتر گەنجەکانی بۆیە پشتیوانیی دەکەن چونکە دەڵێن بە سەرکردایەتییەکی سادە و خۆڕسک ژینگە و ژیان لە ئەڵمانیا دەگۆڕین. هەرچەندە ئەڵمانیا وڵاتی ئۆتۆمبێلی خێرا و گرانبەهایە، بەڵام سەوزەکان بە دەنگدەر و سەرکردەکانیانەوە زۆرتر هەوڵدەدەن بە شەمەندەفەر و پایسکل هاتووچۆ بکەن. ئێستا کە سەرۆکەکەیان بۆ سەفەری کورت فڕۆکە بەکاردەهێنێ و پارەی خەیاڵیش بۆ خۆجوانکردن (نەک خۆڕسک بوون) خەرج دەکات، پێیان سەیرە. بێربۆکس پاساوی بۆ خەرجییە زۆرەکانی ئەوەیە کە ناچارە لە سەفەرە زۆرەکانیدا کەسێکی شارەزای جوانکردن (ڤیزاشیست) لەگەڵ خۆی ببات، بۆئەوەی لە دەرکەوتن و دیدارەکانیدا "لە مردوو نەچێت". 
 
هەرچەندە کریستیان دێموکراتەکان وەک ئۆپۆزیسیۆن ئەو دەرفەتەیان قۆستووەتەوە بۆئەوەی یاسای نوێ دەربچن و سنوور بۆ خەرجیی وا زۆر دابنرێ کە سیاسییەکانی ئەڵمانیا بە پارەی میلـلەت بۆ خۆجوانکردنیان دەیکەن، بەڵام راستییەکی دیکەش هەیە. ئەویش ئەوەیە کە لە سەردەمی کامێرای فۆڕ کەی و دەرکەوتنی زۆر و زەوەند لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، چیدیکە سیاسییەکان ناتوانن بۆنموونە سیاسییەکانی ساڵانی هەشتا و نەوەت بن و زۆر گوێ نەدەنە شێوەی دەموچاو و قژیان. ئەوکات شیکپۆشی گرنگ بوو، ئێستا سادەیی و هاوکات جوانیش گرنگن بۆئەوەی دەنگدەر دەنگ بدەنە سیاسییەک. بۆنموونە لە هۆڵەندای دراوسێی ئەڵمانیا زۆر کەس لەسەر تەلەڤیزیۆن نەیاندەشاردەوە کە بۆیە دەنگ دەدەنە پارتە راستئاژۆ توونئاژۆکەی خیرت ڤیڵدەرس، چونکە سەرکردەکەیان ستایلێکی جوانی قژی هەیە. لەمڕۆژانەشدا لە فەرەنسا گوێم لە دەنگدەرێک بوو کە دەیگوت بۆیە دەنگ دەداتە مارین لو پێن "چونکە هەمیشە جوانە و ناشیرین دەرناکەوێت". 
 
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەگەر هەواڵی خۆجوانکردنی سیاسییەکانی ئەڵمانیا پێنج هەفتە لەمەوپێش و لەپێش هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەورووپا بڵاوبووبانەوە، کاریگەریی گەورەیان دەبوو لەسەر هێشتا زۆرتربوونی دەنگی راستئاژۆ تووندئاژۆکانی ئەڵمانیا، چونکە خەڵک پێی باشە سیاسییەکان جوان بن، بەڵام نەک بەو شێوەیە کە سامانی گشتیی گەورەی تێدا خەرج بکرێ. خۆ کوردیش دەمێکە گوتوویەتی: هەموو شتێک بە خوێ و خوێش بە مەعنا!