بەڵێنەکەی ماکرۆنم لەبیرە

 
ئێمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا بە قسەکانی رۆژانی رابردووی سەبارەت بە ئۆکراینا هەرایەکی گەورەی ناوەتەوە. زۆر کەس لە ئەورووپا و جیهانیش بەحەپەساوییەوە گوێیان بۆ قسەکانی گرت. هەندێکیشیان دەستیان لەسەر دڵیانە و دەترسن ئەمە دەستپێکی سەرهەڵدانی جەنگێکی گەورەتر بێ کە چەکی ئەتۆمیشی تێبکەوێ. بەڵام من، کە چەندینجار سەرۆک ماکرۆنم بینیوە و لەبەردەم مایکەکەم قسەی بۆ کردووم و وەڵامی پرسیارەکانی داومەتەوە، لێکدانەوەیەکی جیاوازم هەیە و بۆتانی رووندەکەمەوە. 
 
ماکرۆن لە کۆبوونەوەیەکی فراوانی سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی زۆربەی وڵاتە گەورە رۆژئاواییەکان لە پاریس باسی ناردنی هێزی سەربازیی کرد بۆ ئۆکراینا. ئەو ماکرۆنەی بینیم لەو کۆبوونەوەیەدا قسە دەکات، جیاوازبوو لەوەی بەردەوام لە لووتکەکانی یەکێتیی ئەوروپادا دەمبینی و قسەم لەگەڵ دەکرد. رەنگە زۆرتان ئەوەتان لەبیربێ کە چۆن لە برۆکسەل دەستێکم بۆ تەوقەکردن لەدەستی سەرۆک ماکرۆندا بوو و بە دەستەکەی دیکەشم مایکەکەی رووداوم لەبەردەمی دانابوو و پرسیاربارانم کرد. دواییش لەگەڵی چوومە نێو ئەو ئاسانسەر (ئەسانسۆر)ـەی سەرۆک و ستافە گەورەکەی دەگواستەوە بۆ نهۆمێکی دیکە. ئەوکات پیاوێکی نەرم و دوورە شەڕم بینی و لە زمانی جەستەی ستافەکەشیدا ئەوەت دەبینی کە چۆن بەئاشتییانە مامەڵەیان لەگەڵ چوونم بۆ نێو ئاسانسەرەکەدا کرد. هەمان ئەو سەرۆک ماکرۆنە کاتێک لە کۆشکی ئێلیزێ پێشوازیی لە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی کرد، بە نەرمییەوە وەڵامی پرسیارەکانی منی سەبارەت بە گرنگییی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان و کوردستان دایەوە. ئەوەش بەجێگەیاندنی بەڵێنێک بوو کە هەفتەیەک پێشتر لە برۆکسەل پێیدابووم و پێیگوتم لە پاریس وەڵامی پرسیارەکانت دەدەمەوە. ئێستا کە سەرۆک ماکرۆن لە پاریسەوە بەڵێن دەدات تەنانەت بە ناردنی هێزی سەربازیش یارمەتیی ئۆکراینا بدات، دەتوانێ وەک ئەو بەڵێنەی بە منی دا ئەو بەڵێنەشی بۆ ئۆکراینییەکان بکاتە راستی؟ زۆر کەس ئێستا لە ئەوروپا دەپرسن: تۆ بڵێی ماکرۆن هۆشیارانە ئەوەی گوتبێ و بزانێ باجی جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنە چەند گەورەیە بۆ ئەوروپا و وڵاتانی دیکەی ئەندام لە ناتۆ؟
 
پێموایە سەرۆک ماکرۆن باش دەزانێ چیی گوتووە و هەروا لەخۆیەوە ئەو قسەیەی نەکردووە. خۆیشی دواتر گوتی ئەوەی لەو کۆبوونەوەیەدا گوتوویەتی بە باشی بیری لێکردووەتەوە. ئەو دەشزانێ پووتین دەمێکە هەڕەشەی کردووە کە هاتنی هێزی سەربازیی ناتۆ بۆ ئۆکراینا بەمانای راگەیاندنی جەنگە لە دژی رووسیا و ئەگەر ئەوە رووبدات رووسیا دەست ناپارێزێ لە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیش. بەڵام نابێ لەبیرمان بچێ کە پاش دەستپێکردنی شەڕی ئۆکراینا، ئەوەی بووە نێوانگیر و زۆر هەوڵیدا شەڕەکە گەورە نەبێ سەرۆک ماکرۆن بوو. ئەوکات چووە مۆسکۆ و لە کۆشکی کرملن لەگەڵ پووتین دانیشت. دواتریش سیاسەتی سەرۆک ماکرۆن سەبارەت بەو جەنگە زۆرتر بە ئاراستەی هێورکردنەوە و هێشتنەوەی ئومێدی هێنانەدیی ئاشتی بوو، بەڵام پێدەچێ دوو شت وایانلێکردبێ ئەو قسانە بکات. یەکەم، هەڕەشە بەردەوامەکانی پووتین لە ئەوروپا، کە چەند هەفتەیەک پێش قسەکانی ماکرۆن سەرلەنوێ دووبارەی کردنەوە. دووەمیش، لاوازیی هەڵوێست و مامەڵەی ئۆلاف شۆڵتزی راوێژکاری ئەڵمانیا کە وایکردووە ئەوروپییەکان زۆرتر هەست بە لاوازی بکەن. ئەوە وای لە ماکرۆنیش کردووە کە زۆرتر هەست بەبۆشایی نەمانی مێرکل لە لووتکەی دەسەڵاتی ئەوروپیدا بکات، چونکە لە کۆبوونەوەکەشدا بە ناڕاستەوخۆ توانجی زۆری لە شۆلتز دا و ئەوەشی بیری سەرکردەکانی دیکەهێنایەوە کە لە سەردەمی مێرکل و ئەودا ئەڵمانیا و فەرەنسا کاری گەورەیان لە ناوچەکەدا کرد. 
 
هەندێک کەس دەڵێن ئەوەی هەیە دابەشکردنی رۆڵە لەنێوان فەرەنسا و ئەڵمانیادا. بەوەی کە ئیدی فەرەنسا پۆلیسە خراپەکە بێ و ئەڵمانیا ببێتە پۆلیسە باشەکە، بەڵام داتاکان شتێکی دیکە دەڵێن. ئەوەی تاوەکو ئێستا ئەڵمانیا لە شەڕی ئۆکراینا و بۆ پشتیوانیی ئۆکراینییەکان خەرجیکردووە بە هیچ شێوەیەک بەراورد ناکرێ بەوەی فەرەنسا کردوویەتی. ئەڵمانیا پاش ئەمریکا گەورەترین پشتیوانی ئۆکراینایە و نزیکەی 18 ملیار یۆرۆی خەرجکردووە، لەکاتێکدا فەرەنسا تەنیا 640 ملیۆن یۆرۆی خەرجکردووە. جیاوازییەکە ئەوەیە کە بۆ نموونە فەرەنسا و بەریتانیا بە ناردنی مووشەکی دوورهاوێژ و پێشکەوتووی وەک (ستۆرم شادۆو) و (سکالپس) بۆ ئۆکراینا لەپێش ئەڵمانیاوەن کە هێشتاش بڕیاری نەداوە مووشەکی (تاورۆز) بنێرێ. 
 
ناوی ئەو مووشەکانە بۆیە دەهێنم بۆئەوەی تێبگەن بۆچی ماکرۆن لەخۆیەوە نەیگوت هێزی سەربازیش دەنێرینە ئۆکراینا. لەراستیدا بە ناردنی مووشەکەکان هەریەکە لە فەرەنسا و بەریتانیا هێزی سەربازیشیان ناردووەتە ئۆکراینا و ئێستا لەوێن. چونکە ئەو مووشەکانە پێویستیان بە شارەزای سەر بە سوپای فەرەنسی و بەریتانی هەیە بۆئەوەی لە مەیدانی جەنگدا بەکاربێن. ئەو زانیارییە وا بەئاشکرا لە میدیادا باسی نەکرابوو، تاوەکو شۆلتز لە دەمی دەرچوو و بە ئاشکراکردنی جۆری مووشەکە فەرەنسی و بەریتانییەکان بوونی هێزی سەر بە ناتۆ (واتە فەرەنسی و بەریتانی)ی لە جەنگی ئۆکراینا دژی رووسیا پشتڕاستکردووە. بێگومان رووسیا و دامەزراوە هەواڵگرییە بەهێزەکەی زۆر پێشتر زانیویانە ئەوانە لەوێن و بۆیان شتێکی نوێ نەبووە. واتە پووتینیش کە هەڕەشەی شەڕی ئەتۆمی دەکات و چاو لە ئەوروپا و ناتۆ سوور دەکاتەوە، دەزانێ ناتۆ و سەربازی ناتۆ لەوێن! 
 
ستایلی سەرکردایەتیی ماکرۆن بەوە جیادەکرێتەوە کە لەگەڵ ئاراستەی بای سیاسیدا ناڕوات و ئەوە دەکات کە خۆی پێی راستە. هەموومان لەبیرمانە ئەو کاتەی پاش گشتپرسیی سەربەخۆیی هەموو دنیا دەرگای بەڕووی کوردستاندا داخست، ئەو دەرگای ئێلیزێی بۆ نێچیرڤان بارزانی و جێگرەکەی کردەوە. وەک باسمانکرد کاتێک هەموو وڵاتانی رۆژئاوایی دژی پووتین وەستانەوە، ئەو چووە مۆسکۆ و لەگەڵی دانیشت. ئێستاش کە هەموو وڵاتانی رۆژئاوایی بە هەڕەشەکانی پووتین موچڕک بە لەشیاندا دێت، ماکرۆن هەڵدەستێتە سەرپێ و هەڕەشەی لێدەکاتەوە. مەرج نییە هەمیشە سەرکردەکان بڕیاری راستبدەن، بەڵام ئەوەی لەنێو رای گشتیی ئەوروپیدا دەیبینم ئەوەیە کە ئەوروپییەکان پێیانخۆشە ماکرۆن بەرامبەر پووتین ئەو سەرکێشییە دەکات.