دووکەڵی شەڕ لە عێراق و سەردانەکەی سوودانی بۆ تاران

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ساتێکدا رووی لە تاران کرد کە لەژێر گوشارێکی توندی سەدرییەکان و گرووپە چەکدارەکان و هۆشدارییەکانی ئەمریکادایە و بەهیوایە بەوەی بە جوڵەیەکی ناوچەییەوە کە لەوێوە دەستپێدەکات، تۆزێ لە گوشارەکانی سەر حکومەتەکەی کەمبکاتەوە، بەڵام پێدەچێت بە دەستی بەتاڵ بگەڕێتەوە، چونکە ئەوەی عێراق دەکاتە گۆڕەپانی ململانێ، تەنیا بارودۆخی ناوچەکە و شەڕی غەززە نییە، بەڵکو داینامیکی نوێی ململانێی نێوخۆیی شیعەیە کە هەرچی بەرەو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەچین، گەرمتر دەبێت.
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیران رایگەیاندووە ئەم گەشتە بۆ راگرتنی "دوژمنکارییەکانە بەرامبەر خەڵکی فەلەستین". هەڵوێستی بەغدا بەرامبەر شەڕەکەی فەلەستین، وەک نموونەی دەنگدانەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، تەنانەت لە ئێران و لایەنەکانی فەلەستینیش تووندتر بوو. بێجگە لەوەش، گرووپەکانی "موقاوەمەی ئیسلامی" و تەنانەت لایەنە سیاسییەکانی شیعەش دەریدەخەن، پرسی راگرتنی شەڕ بابەتێکە بە عێراق ناکرێت، چونکە بۆ خۆی خواستی ئەوەی هەیە لایەنێک بێت لە پرسەکەدا، هەرچەند کە حکومەت بە فەرمی شتێکی دیکەش بڵێت. خۆی لە خۆیدا زۆر لە وڵاتانی جیهان و ئێستاش ئەمریکا، داوکارییەکیان بۆ "ئاگربەستێک" هەیە، بۆیە دەشێ جموجۆڵە دیپلۆماتییەکەی عێراق پاڵنەری دیکەی هەبن. 
 
ئەم سەردانە لە یەکێک لە هەستیارترین ساتەکانی حکومەتەکەی سوودانیدا دێت، کە گوشارێکی چەندسەرەی لەسەرە. لە لایەک سەدرییەکان بە گوڕ و تینێکی زیادەوە گەڕاونەتەوە بۆ سیاسەت و لە بابەتی شەڕەکەدا حکومەتیان تەنگەتاو کردووە. لەدوای رووداوی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی سوێد، پرسی شەڕی غەززە بووەتە مژارێکی گرنگ لە سیاسەتی نێوخۆ بۆ سەدر. بەوەش دەیەوێت بە تیرێک دوو نیشان بپێکێ؛ لەلایەک خاوەنداری پرسی فەلەستین دەکات و وەک پاڵەوانێکی جیهانی شیعی دەردەکەوێت و ئەوە بە تەنیا بۆ گرووپە چەکدارەکانی «موقاوەمەی ئیسلامی عێراق» ناهێڵێتەوە. لەلاکەی دیکەشەوە گوشارێکی تووند دەخاتە سەر حکومەتەکەی سوودانی «ئیتارییەکان» کە گوێیان لە بابەتی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی خەواندووە و تەنیا دەیانەوێ بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانەوە دۆخەکە بەڕێبکەن. ماوەیەک پێش ئێستا عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە گوتبووی ئەوان دەیانەوێ هەڵبژاردن لە وادەی ئاسایی خۆیدا بکرێت، کە ئەمەش واتای 2025 دەدات.  حکومەتی سوودانی بودجەیەکی سێ ساڵەی لەبەردەستە و، لە رۆژانی رابردووشدا هەندێک لە بەرپرسانی پۆستە ئەمنییەکانی گۆڕی، تەنانەت کاتی خۆی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتر نەیتوانیبوو بیکات، وەک لابردنی عەبدولوەهاب ساعدی، فەرماندەی هێزی دژەتیرۆر. ئەمە جگە لەوەی کورد و سوننەش لە دۆخێکی لاوازدان و لە دۆخێکی وەهاشدا، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، دەتوانێت زیانێکی زۆری بۆ پێگەی سەدرییەکان هەبێت. 
 
پێدەچێت سەرۆکوەزیران بە دوای ئەوەوە بێت رێگەیەک بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکانی سەدر لە سەر حکومەتەکەی بدۆزێتەوە. ساڵی رابردوو، دوای پێکدادانێکی نێوان سەدری و ئیتارییەکان لە بەغدا، هەروەها لە پاش نامەیێکی ئایەتوڵڵا حائری لە دژی سەدر و، بە ئەگەری زۆریش لە پاش دەستوەردانێکی ئایەتوڵڵا سیستانی بوو کە سەدر "وازی لە سیاسەت هێنا". ئەو کات ئێران تووشی گرفتێکی زۆر ببوو بۆ رازیکردنی سەدر و بە ئەگەری زۆر، ئێستاش کارێکی ئەوتۆی پێناکرێت، بەڵام پاڵپشتیکردنەوەی لە حکومەت، تاڕادەیەک دەستی سوودانی بەهێزتر دەکات.
 
 لەلایەکی دیکەوە، گرووپە چەکدارەکان گرفتێکی گەورەیان بۆ حکومەتەکەی سوودانی دروستکردووە. گرووپەکان ئەمجارە پێچەوانەی ساڵانی رابردوو کە زۆرتر ناوی جیاوازیان بەکاردەهێنا، ئەمجارە هەرچەند جەخت لە ناسنامەی تایبەتی خۆیشیان دەکەن، زیاتر ناوی "موقاوەمەی ئیسلامی" بەکاردەهێنن کە ئەوەش نیشانەی هاوئاهەنگی و ناوەندیبوونی بڕیارەکانیانە. هەڵبەت لەو نێوانەشدا گرووپێکی وەک کەتائیبی حیزبوڵڵا کە لە دەرەوەی حکومەتە، لەگەڵ نوجەبا تووندتر لە لایەنەکانی دیکە قسە دەکەن. نوجەبا رایگەیاندبوو، خەڵکی عێراق شەڕی لە دژی داگیرکەران راگەیاندووە و سوودانیش لە کۆنفرانسی باڵیۆزەکانی عێراقدا گوتبووی، سیاسەتە باڵاکان لەلایەن دەوڵەتەوە دیاریدەکرێن، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ گرووپە چەکدارەکان و ئەو لایەنە سیاسییانەی دەیانەوێ جڵەوی سیاسەتی دەرەوە لە حکومەت بستێنن.
 
 لە راستیدا، لە دوای 7ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵەوە، موقاوەمەی ئیسلامی زیاتر لە 30 جار هێرشی کردووەتە سەر بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، بەڵام جۆری هێرشەکان کە لەڕووی سەربازییەوە بە هێرشی ئاست نزم دادەنرێن، دەریدەخەن بابەتی سەرەکی نەک لێدان، بەڵکو زۆرهێنانە بۆ ئەمریکا بۆ ئەوەی عێراق بەجێبهێڵێت، ئەمەش لە گوتەکانی هادی عامریدا دیاربوو، کە ماوەیەک پێش ئێستا داوایکرد، ئەمریکا لە عێراق بچێتە دەرەوە. لەماوەی کەمتر لە یەک مانگی رابردوودا، دوو کەشتی فڕۆکەهەڵگری جێراڵد فۆرد و ئایزەنهاوەر هاتوونەتە دەریای مێدیتەرانە و دەریای سوور و لەوانەشە یەکیان بەرەو کەنداو بێت. بەمجۆرەش بەهاتنی دوو ناڤی فڕۆکەهەڵگر و هەبوونی بنکەی زەوینی لە عێراق و سووریا، ئوردن و تەنانەت تورکیاش، هەروەها هەبوونی فەرماندەیی ناڤی پێنجەم لە بەحرەین و فەرماندەیی سێنت کام لە قەتەر، ئەمریکا هێزێکی جڵەوکردن (دێتەرانسی) گەورەی دەبێت لە سێ شوێنی وەک کەناڵی سوێز، بابولمەندەب و گەرووی هورمز. ئەمەش شتێکە کە لەوانەیە بە دڵی ئێرانییەکان و گرووپەکانی دژی ئەمریکا نەبێت. بۆیە سەرەڕای خواستی سوودانی بۆ راگرتنی هێرشەکان، پێدەچێت گرژییەکان لە ئاستێکی نزمدا بەردەوام بن، ئەگەر ئاگربەستێک رانەگەیەندرێت.
 
سوودانی لە کاتێکدا سەردانی تارانی کرد، کە لەژێر رەخنەیێیکی زۆری گرووپە شیعییەکان و سەدرییەکاندا دیداری لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد. پێدەچێت گوشاری ئەمریکا لە حکومەتەکەی سوودانی زیاتر پێدانی پەیامێک بێت بە گرووپە چەکدارەکان و، تاران ئەگینا ئەستەمە حکومەت بتوانێت دەرەقەتی کۆنترۆڵکردنی لایەنەکان بێت. لەراستیدا دۆخی عێراق و هەڵوێستی تورکیا لەم قۆناخەدا بۆ سیاسەتی ئەمریکا سەبارەت بە جڵەوکردنی ئێران و گرووپەکانی لایەنگری، زۆر گرنگ بێت. بۆیە لە دووەم سەردانیدا بۆ ناوچەکە لە دوای 7ی ئۆکتۆبەرەوە، بلینکن سەردانی هەردوو وڵاتی کرد.
 
لە لایەکی دیکەوە، شەڕی ئەمجارە بەدیوێکی دیکەدا دوایین شتێک بوو رۆژئاوا لەم کاتانەدا دەیویست، کە دەرگیری شەڕی ئوکراینایە. سیاسەتی ئەمریکا بۆ هاندانی چارەسەری پرسی فەلەستین لەڕێی رێککەوتنی دەوڵەتەکانەوە وەک نموونەی رێککەوتنی ئابراهام، لانیکەم جارێ سەرینەگرت. ئێستا ئیدی پرسی سەرەکی بۆ رۆژئاوا تەنیا رێگرتن لە فراوانبوونی شەڕ نییە، بەڵکوو ناچارە مشوورێکی زیادبوونی رۆڵی ئێران و رووسیاش بخوات.