دەمیرتاش؛ زیندانی سیاسی یان بارمتەی سیاسی؟

 
شەش ساڵ بەسەر زیندانیکردنی سەلاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە تێپەڕ دەبێت. دەمیرتاش لە 4ی نۆڤێمبەری 2016 بۆ یەکەمجار دەستگیرکرا. دوای دوو ساڵ لە دەستگیرکردنی لە 7ی دیسێمبەری 2018، دادگە بڕیاری زیندانیکردنی 4 ساڵ و 8 مانگی بۆ دەمیرتاش دەرکرد. ئەو سزایەی دەمیرتاش لە نێوەڕاستی 2021 کۆتایی هات. بەڵام دەمیرتاش پێش تەواوبوونی ئەو سزایەی لەسەر دۆسیەی دیکە سزادرا. واتە دەمیرتاش لە کەیسێک ئازاد دەکرێت و لە کەیسێکی دیکە زیندانی دەکرا، لەگەڵ تەواوبوونی یەکێکیان لەوەی دیکەیان دادگایی دەکرا. 
 
هەر کاتێک دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا لەسەر کەیسێکی دەمیرتاش رەخنەی لە تورکیا دەگرت، دادگە دەمیرتاشی لەو کەیسە ئازاد دەکرد، بەڵام لە کەیسێکی دیکەدا سزای بەسەردا دەسەپاند. دەکرێت بڵێم بۆ ماوەی 6 ساڵ بەشێک لە دادوەر و داواکاری گشتی نەک وەک ئەندامی دەسەڵاتی دادوەری، بەڵکو وەک پسپۆڕێک بۆ دەستبەسەرکردن و رەهنکردنی دەمیرتاش کاریان کردووە. لەگەڵ ئەوەش گواستنەوەی کەیسی دەمیرتاش لە دادگەی بەکرکۆی بۆ دادگەی چاغلەیانی ئیستەنبووڵ لای دادوەرێکی نزیک لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، هێندەی دیکە کەیسی دەمیرتاش لە کەیسێکی یاسایی بۆ کەیسێکی سیاسی گۆڕی. 
 
لە ماوەی رابردوودا هەڵوێستی دەمیرتاش هەم لەگەڵ هەدەپە، هەم لەگەڵ قەندیل زۆر جیاواز بووە. هەدەپە و رای گشتیش هەستی بەمە کردووە. لەنێو هەدەپە ئەوە دەزانن کە هەڵوێستەکانی دەمیرتاش ماوەیەکی زۆرە لەگەڵ هەڵوێستەکانی هەدەپە یەکناگرنەوە. بە واتایەکی دیکە، هەڵوێستەکانی دەمیرتاش لەسەر ئاستی رای گشتی زیاتر پێشوازی لێدەکرێت لە هەڵوێستەکانی هەدەپە. ئەمە بە ئاشکراش نەبێت، لە ژێرەوە هەدەپەی ناڕەحەت کردووە.
 
ئەو جیاوازی هەڵوێستەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە دەمیرتاش دەزانێت بەشێکی زۆری هەدەپە تا ئێستاش لە ژێر کاریگەریی ئیمراڵی و قەندیلدان. هەدەپە تاوەکو ئێستا هێندەی بۆ "ئازادکردنی ئۆجەلان" رێپێوانی کردووە، تەنانەت جارێکیش بە فەرمی خۆپێشاندانی بۆ ئازادکردنی هاوسەرۆکەکەیان لە زیندان نەکردووە. دەمیرتاش دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی 7ی حوزەیرانی 2015 سەرکەوتنێکی مەزنی تۆمارکرد، هێندەی دیکەی متمانەی بەخۆیبوو. ئەوکاتە بەهۆی کاریزمای سیاسی و هەڵوێست و سادەیی تەنانەت گەنجانی کەمالیست و لایەنگرانی پارتی گەلی کۆماری - جەهەپەشی بۆ خۆی راکێشابوو، ئەو متمانەیە هێندەی دیکە دەمیرتاشی خستە پێش چاو. 
 
دەمیرتاش لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش هاوهەڵوێست نییە. لەسەروبەندی دانوستاندنەکانی نێوان تورکیا و ئیمراڵی، بۆ کۆکردنەوەی پاڵپشتی دەنگی کوردانی باکوور لە سیستمی سەرۆکایەتی و هەڵبژاردنی ئەردۆغان وەکو سەرۆککۆمار، دەمیرتاش بە ئاشکرا دژی ئەو دانوستاندنانە بوو. لە "تێبینییەکانی ئیمراڵی"دا ئۆجەلان لاری نییە لە پاڵپشتیی سیستمی سەرۆکایەتی و هەڵبژاردنی ئەردۆغان وەکو سەرۆککۆمار. ئەو کاتە دەمیرتاش پڕ بە دەنگ هاواری دەکرد "تۆ ناکەین بە سەرۆک"، ئەو هەڵوێستەی هەم دژی ئەردۆغان بوو، هەم دژی ئۆجەلان لە ئیمراڵی. 
 
لە دوایین هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانی لە تورکیا لە 2019، ئەردۆغان لە رێگەی نامەیەکی ئیمراڵییەوە، داوای پاڵپشتی دەنگی کوردانی کرد لە بەربژێرەکانی ئاکپارتی. لەکاتێکدا کە دەمیرتاش لە زیندانەکانی ئەدیرنەوە داوای لە دەنگدەرانی کورد کرد دەنگ بە بەربژێرەکانی ئاکپارتی نەدەن. هەر واشبوو، دەنگدەرانی کورد زیاتر پاڵپشتیی بەربژێرەکانی جەهەپەیان کرد و ئەمەش بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانی لە ئەنقەرە و ئیستەنبووڵ یەکلاکەرەوە بوو. 
 
لە 12ی تشرینی دووەمی 2022، لە کۆبوونەوەی هەفتانەی ئاکپارتی، ئەردۆغان رەخنەی تووندی لە هەدەپە و جەهەپە گرت. ئەوەی لێرەدا گرنگ بوو، ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد، "ئەوەی لە زیندانی ئەدیرنە"یە کە مەبەستی لە دەمیرتاش بوو "دەبێت باجی ئەوە بداتە ئیمراڵی" کە مەبەستی لە ئۆجەلان بوو؛ ئەردۆغان دەیەوێت دەمیرتاش بە ئۆجەلان بەلێدان بدات. 
 
دوای هێرشەکەی 26ی سێپتێمبەری 2022، لە شاری مێرسین لەلایەن پەکەکەوە، دەمیرتاش لە زنجیرە تویتێکدا ئەو هێرشەی سەرکۆنە کرد. هەر زوو قەندیل رەخنەی لەو هەڵوێستەی دەمیرتاش گرت؛ تەنانەت لە نووسینێکیشدا کە لە سەرچاوەیەکی نزیکی قەندیلەوە بڵاوکرایەوە، دەمیرتاش بە "مونافیق" وەسفکرا.  
 
ئەردۆغان پێشتر دەیتوانی بۆ هەڵبژاردن و تەنانەت پرسە یەکلاکەرەوەکانیش لە رێگەی نامەیەکی قەندیلەوە کاریگەری لە هەدەپە و دەنگدەرانی کورد بکات، بەڵام ئێستا بەهۆی فاکتەری دەمیرتاشەوە ئەو کارتەی وەکو پێشووتر کاریگەریی نییە. 
 
ئەردۆغان هەر زوو لە هەڵوێستەکانی دەمیرتاش ئەوە تێگەیشت ئیتر سەرئێشەیەکی نوێی بۆ دروست بووە، ئەویش دەمیرتاشە. دوای دەستگیرکردنی دەمیرتاش هەوڵی ئەوە دەدرا کە دەمیرتاش لە ئیمراڵی زیندانی بکرێت. ئەو هەوڵەش بۆ ئەوەبوو کە کاریزمای سیاسیی دەمیرتاش مۆرکێکی "تیرۆریستی" لێبدرێت و لەبەرچاوی پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان و لایەنگرانی ئۆپۆزیسیۆنەوە دەمیرتاش چیدیکە ئەو پێگەیەی نەمێنێت؛ ئەوە پێشنیازی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە بوو و لەنێو ئاکپارتیشەوە پاڵپشتیی دەکرا. 
 
ئێستا دەمیرتاش لە زیندانی ئەدیرنەیە؛ هەمان قەدەری ئەو ناوە ئۆپۆزیسیۆنانەی دەسەڵاتی هەیە کە لەسەر خواستی ئەردۆغان لە زیندانن. دەمیرتاش لە رێگەی رۆمان و نامە و تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەرەوە دەنگی دەگەیێنێت. دەمیرتاش لە پەیامەکانیدا رووی دەمی نەک تەنیا لە کوردانە، بەڵکو رووی دەمی لە دەسەڵات و سەرجەم پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان و رای گشتی تورکیایە. 
 
دەمیرتاش بە زمانێکی ئەرێنی باس لەوە دەکات کە دەبێت چ جۆرە چارەسەرێک بدۆزرێتەوە، بە تایبەت لە رووی پێکەوەژیان لە رەوشی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێستا لە تورکیادا. لە راستیدا شەرعیەتی ئەو لە چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا لەم گشتگیرییە سەرچاوە دەگرێت. لە رەخنەگرتنیشی لە پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان، زیاتر لە رەخنە، رێگە و ستانداردێک پێشانی ئۆپۆزیسیۆن دەدات. سەرەڕای ئەوەی لە زینداندایە، بەڵام زۆر لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ سیاسەتی تورکیا دەکات، ئەو شتانەی دەینووسێت و ئەو شتانەی دەیڵێت کاریگەرییان لەسەر گۆڕەپانی سیاسی هەیە، گرنگییان پێدەدرێت. 
 
زیندان بۆ دەمیرتاش هۆکارێکی سنووردار نییە، خۆی سنووردار ناکات؛ ئەگەر ئازاد بێت وەک سەرکردەیەکی سیاسی سەرکەوتوو جێگەی خۆی لەسەر شانۆی سیاسی لە تورکیا دەکاتەوە. هەموو ئەمانە وایکردووە کە دەمیرتاش نەک زیندانێکی سیاسی بێت، بەڵکو بارمتەیەکی سیاسییە.