چه‌رچڵی سیاسی چه‌رچڵی رۆماننووسی قووتداوه!

 
‌ئەو غەدرەی لە چەرچڵ کرا!
 
بە درێژایی مێژووی ئەدەبیات، ئەدیب و نووسەر ھەمیشە غەدریان لێ کراوە؛ زۆر لە نووسەر و تەنانەت فەیلەسووفەکان تاوەکو لە ژیاندا بوون بە برسێتی و ھەژاری ژیاون و زۆرجار دەسەڵات بێ رەحمانە ئازاری داون. یەکێک لەو نووسەرانە چەرچڵە، کە من پێموایە ئەو غەدرەی لەو کراوە لە کەس نەکراوە، ئەو غەدرەی لە چەرچڵی رۆماننووس کراوە، غەدرێکی سەیر و سەمەرەیە، تاوەکو ئەمڕۆش زۆر لە  وەرگێڕ و لێکۆڵەرەکان چەرچڵی رۆماننووس ناناسن و ھیچی لەبارەوە نازانن. جگە لە شانۆگەرییەکی، ھیچ بەرھەمێکی وەرنەگێڕدراوە بۆ عەرەبی و ئەوە بە کوردی ھەر نییە و ھیچت لەسەری دەست ناکەوێت جگە لەم بابەتەی من نەبێت. چەرچڵی رۆماننووس بەو ھەموو بەرھەمەوە ھێشتا بۆ زۆر لە خەڵکی دنیا نەناسراوە، تەنانەت مام گووگڵیش وەختێ ناوەکەی بۆ دەنێری، ئەو لەوسەرەوە تەلیسێک زانیاریت لەسەر چەرچڵە قەڵەوەکەی بەریتانیا بۆ دەنێرێتەوە.
 
زۆر له ‌سیاسییەكان بە كەم سەیری جیهانی ئه‌دە‌ب دەكەن، پێیانوایە كارێكی لاوەكییە‌، دەقی ئەدەبی وەکو خەیاڵێک دەبینن و هیچی دیکە. ئە‌دیب و نووسەران هەمیشه‌ هەست بە‌و ستە‌مە دەکەن کە لێیان دە‌كرێت و بە‌پێی پێویست ئاوڕیان لێنادرێتە‌وه‌، جا ئە‌و بە كە‌م سە‌یركردنە‌ لە‌لایە‌ن سیاسی و ده‌سە‌ڵاتدارانە‌وە ‌بێت، یانژی لە‌لایەن خەڵک و خوێنە‌رە‌وە ‌بێت. ئە‌دیبه‌كان دەڵێن، دە‌سەڵات وە‌كو زە‌ڵاتە‌ سە‌یری ئە‌دە‌ب دە‌كات. لێ ئە‌وە‌ی سه‌یر و حەلامەتە لە ‌ئە‌ورووپا، له‌ناو جە‌رگە‌ی رۆشنبیری و شارستانیدا لە‌ پە‌نجاكانی سه‌دە‌ی رابردوودا رێكخراوی نۆبڵ بۆ ئە‌دە‌ب بە ‌بە‌رچاوی هە‌موو ئەدیب و رۆماننووس و شاعیرەكانی دنیاوە‌ خە‌ڵاتی نۆبڵی ئە‌دە‌بی دە‌بە‌خشێتە‌ كە‌سایە‌تییە‌كی‌ سیاسی، ئە‌ویش وینستن چە‌رچڵی سەرۆكوە‌زیرانی بە‌ریتانیای سە‌ردە‌می جەنگی داگیركاری و سەردە‌می جە‌نگی جیهانییە‌! ئە‌مە‌ لە ‌كاتێكدایه‌ بە‌رهە‌می نووسینی ئە‌و چەرچڵە خرپنە دەسەڵاتدارە‌، جگە‌ لە ‌بیرە‌وەرییەكانی و بابەتی مێژوویی و سیاسی هیچ بابەتێكی ئەدە‌بی نییە، ئەسڵەن بە‌لای ئە‌دە‌بدا نەچووە‌ و فڕی پێوە نەبووە. لە‌وە‌ش سە‌یرتر ئە‌وە‌یە‌، هە‌ر لە‌و رۆژگارەدا یاخود چەند ساڵێك بە‌رلە‌وە‌ چە‌رچڵی سیاسی نۆبڵی ئە‌دە‌بی وە‌ربگرێت، وینستن چه‌رچڵێک هەبووە ئەدیب ‌بووە‌، خە‌ڵكی ئەو ئە‌مریكا کەڵەگەتە بووە، کە لایەکی دنیا بە ویستی ئەو هەڵدەسووڕێت، چەرچڵی ئەمریکی خاوە‌نی كۆمە‌ڵێك رۆمان و شانۆنامە‌یە‌ و لە ‌رۆژگاری خۆیدا زۆر ناودار بووە ‌و یە‌كێک لە ‌رۆمانه‌كانی زیاتر لە ‌یه‌ك ملیۆن دانە‌ی لێ فرۆشراوە‌.
 
لێرە‌دا ئەز دەمە‌وێت هە‌ڵوەستە‌یەك لە‌سە‌ر دوو شت بكە‌م، یە‌كە‌م رێكخراوێكی وە‌كو نۆبڵ كە‌ باوە‌ڕپێكراوە ‌و گە‌ورەترین خەڵاتی ئە‌دە‌بی دە‌بەخشێت، چۆن كارێكی لە‌و شێوە‌یە‌ی ‌كردووە؟! بە بەرچاوی دنیاوە خەڵاتی نۆبڵ دەبەخشێ بە سیاسییە‌ك كە هیچ بە‌رهە‌مێكی ئە‌دە‌بی نەبووە‌، تە‌نیا لە‌سەر بیرە‌وە‌رییە‌كانی ئەم كە‌سایە‌تییە‌ سیاسییە‌یان هه‌ڵسە‌نگاندووە ‌و ئە‌و خە‌ڵاتە‌یان پێ بە‌خشیوە‌! هە‌ر لە‌و سەردە‌مانە‌دا رۆماننووسی ئە‌مریكی وینستن چە‌رچڵ هەبووە‌؛ وە‌كو گوتم، خاوە‌نی كۆمە‌ڵێك رۆمان بووە‌، كە‌چی ئەو خە‌ڵاتەی پێ نە‌بە‌خشراوە‌! تۆ بڵێی لە‌و عەیامەدا رێكخراوی نۆبڵ و هە‌ڵسە‌نگێنە‌رانی هە‌ڵە‌یان كردبێت و بە ‌هە‌ڵە‌، لە‌بری ئە‌وە‌ی خە‌ڵاتە‌كە‌ ببە‌خشن بە‌ چە‌رچڵی رۆماننووس، بە‌خشیویانە‌ بە ‌چە‌رچڵی سیاسی؟ ئەوە‌ی سە‌یرە‌ بۆ هە‌ڵوەستە‌ لە‌سە‌ر شتێكی وا نە‌كراوە؟!‌
 
خاڵێكی دیکە ئە‌وە‌یە‌ چە‌رچڵی رۆماننووس كە‌ لە‌لایە‌ن رێكخراوی نۆبڵی ئە‌دە‌بە‌وە‌ فەرامۆشكراوە ‌و گرنگی بە ‌چه‌رچڵی سیاسی دراوە،‌ ئە‌ی لە ‌دنیای ئە‌ده‌ب و ئە‌دە‌بیاتدا بۆچی گرنگی بە ‌چە‌رچڵی رۆماننووس نە‌دراوە‌. كاتێک لە‌گە‌ڵ هاوڕێم محە‌مە‌د كە‌ریم سەرقاڵی كۆكردنەوە‌ی بابە‌ت و نووسین و زانیاری بووین لە‌سە‌ر ئە‌م دوو كە‌سایە‌تییە‌ (چە‌رچڵی سیاسی و دە‌سەڵاتدار و چە‌رچڵی رۆماننووس) تووشی نائومێدی بووین؛ ئە‌و هە‌موو زانیارییە‌ لە‌سە‌ر چە‌رچڵی سیاسی هه‌یە‌، ئەمما شتێكی ئە‌وتۆ لەسەر چە‌رچڵی ئە‌دیب نییە‌، دوای گەڕانێکی زۆر لە‌ دوو بابە‌ت زیاترمان دەستنە‌كە‌وت، ئە‌ویش كورت و كە‌م بوون. تەنانە‌ت بە ‌ئینگلیزیش شتێكی ئه‌وتۆی لەسەر نەنووسراوە. ته‌نیا لە‌یە‌ك سایتدا یە‌ك دوو رۆمانی بە‌ پی دی ئێف دانراون، شانۆنامەیەکیشی کراوە بە عەرەبی.
 
بەناونیشانی "الدکتور جوناثان" ئەم بەرھەمەی لە سێ بەش پێکدێ، حسین تقی سنبلی  وەریگێڕاوە بۆ عەرەبی و د. علی محمد سلیمان پێداچوونەوەی بۆ کردووەو د. احمد صقر شیکاری ھونەری بۆ کردووە. کتێبەکە لە بڵاوکراوەکانی کۆمەڵەی نیشتمانی بۆ ھونەر و ئەدەب و رۆشنبیریی کوەیتی ساڵی 2013 لە دووتوێی 190 لاپەڕەدا بڵاکراوەتەوە. ناوەڕۆکی شانۆگەرییەکە باس لە ژیانی خەڵکی ئەمریکای ئەو سەردەمە دەکات و شەڕ و ململانێی ئەرستۆکراتی و چینی کرێکار و یەکسانی لە نێو کۆمەڵگا و کارکردن لە پێناوی گەشەی بیری نوێ و چوونە نێو دنیای تازەوە. دەرگای بە رووی زۆر بابەت و گرفتدا کردووەتەوە، بەڵام شانۆ کاری من نییە و نامەوێت زیاتر رۆبچمە ناوەڕۆکی بابەتەکەوە و بەو ھیوایەم کەسانی شارەزای ئەو بوارە قسەی لەسەر بکەن. یان ھەر وەرگێڕێکی شارەزا پێی باش بوو ئەم شانۆگەرییەی نووسەر وەربگێڕێ بۆ کوردی من کتێبەکەم لەلایە و لە خزمەتیدایە.
 
ئەوە‌ باسی وێنە‌ هە‌ر ناكه‌م! چە‌رچڵی سیاسی هەزاران وێنە‌ی لە ‌گووگڵدا هە‌یە‌ و چە‌رچڵی رۆماننووس سێ وێنە‌ی هە‌یە. ئە‌وانیش بێ كوالێتین. لە ‌گە‌ڕانە‌كانمدا ویستم رۆمانێكیم بە ‌عە‌رە‌بی دە‌ستبكە‌وێت هە‌رچە‌ند ناوە‌كە‌یم دە‌نووسی و لە ‌گووگڵ دە‌گه‌ڕام بیرە‌وە‌رییەكانی چە‌رچڵی سیاسی بۆ دە‌هێنام.
 
ئە‌وە‌ی قوڕە‌كەی بۆ چەر‌چڵی رۆماننووس خەستتر كردووەتەوە‌ ئە‌وە‌یە‌ سپێڵی ناوە‌كە‌شی بە‌هە‌مان پیته‌كانی ناوی چەرچڵی سیاسییە‌، واتە‌ (Winston Churchill) ئە‌وسا گە‌یشتمە‌ ئە‌و باوە‌ڕە‌ی چەر‌چڵی سیاسی بووە‌تە‌ ماری مارخۆر و چە‌رچڵی ئە‌دیب و رۆماننووسی داماوی قووت داوە!
 
جیاوازی لە‌نێوان دوو چە‌رچڵدا
 
جیاوازی نێوان ئە‌م دوو چە‌رچڵە زۆرەو بە هیچ شێوەیەک ناچنەوە سەر جەلەی یەک. خاڵی لە ‌یە‌كچوویان تە‌نیا ناوە‌كانیانە‌، كە‌ وە‌كو یە‌ك وایە‌. با بزانین جیاوازییان لە‌ چیدایە‌. لە ‌رووی جە‌ستییە‌وە‌ چە‌رچڵی سیاسی بە‌ گە‌نجی بە‌ده‌نێكی رێكی هە‌بووە‌، نە‌ قە‌ڵە‌و و نە ‌لاوازبووە، لە‌پیریشدا پیاوێكی خڕیلە ‌و گۆشتن بوو، پێستی ناسك دیارە‌. چاوی شینە و لووتی تۆزێك پان بووە‌. بە‌ڵام چەرچڵی رۆماننووس كە‌ سێ وێنە‌ی هە‌یە‌ پیاوێكی نە ‌قە‌ڵە‌و و نە‌ لاوازبووە ‌و ئاسایی بووە، گە‌رچی وێنە‌كە‌ی رە‌ش و سپییە‌ لێ پێدە‌چێ پیاوێكی تا ئەندازە‌یە‌ك ئە‌سمە‌ر بووبێت، بە‌پێچه‌وانە‌ی چە‌رچڵی سیاسییە‌وە‌ برۆی پان و تۆخە‌.
 
 
لە‌ڕووی تە‌مە‌نیشە‌وە‌ جیاوازی نێوانیان بەم شێوەیەیە: چەرچڵی سیاسی (1874) لە‌دایك بووە‌و لە ‌ساڵی (1965) مردووە‌. واتە‌ 91 ساڵ ژیاوە‌، چە‌رچڵی رۆماننووس لە ساڵی (1871) لە‌دایك بووە‌ و لە ‌ساڵی (1947) مردووە‌، واتە‌ 75 ساڵ ژیاوە‌. شه‌ش ساڵ دوای مردنی چە‌رچڵی رۆماننووس چە‌رچڵی سیاسی خەڵاتی نۆبڵی ئە‌دەبی وە‌رگرتووە ‌و كە‌یفی پێكردووە‌. چە‌رچڵی سیاسی سی ساڵ لە ‌چە‌رچڵی رۆماننووس منداڵتر بووە ‌و هە‌ژدە ‌ساڵ دوای ئەویش مردووە‌، كە‌چی ئە‌وەی ئە‌و داماوە‌ی بە‌جۆریك كردووە‌ بە ‌بە‌شخوراو لە ‌دنیای تە‌كنە‌لۆژیا و فراوانی ئینتە‌رنێتی ئەم رۆژگارە‌شدا نە‌هاتووەتە‌وە‌ مایە. 
 
ئە‌م جووتە‌ چییان نووسیوە‌؟
 
لە‌م بە‌شەی نووسینە‌كەمدا باسی نووسین و بە‌رهە‌می هە‌ردوو چە‌رچڵە‌كە‌ دە‌كە‌م. با ئێمە‌ش غەدری لێنە‌كە‌ین و لە ‌رۆماننووسه‌كە‌وه‌ دە‌ست پێبكە‌ین، وینستن چە‌رچڵی رۆماننووس بە ‌یە‌كێ‌ لە ‌باشترین رۆماننووسە‌كانی ئە‌مریكا دادە‌نرێ‌، بە‌پێی ئە‌و زانیارییە‌ كە‌مە‌ی لە‌بارە‌یەوە‌ هەیە، ئە‌م رۆماننووسە‌ لە ‌ساڵی (1871) لە ‌سانت لویسی ویلایه‌تی میسۆری لە ‌ئە‌مریكا لەدایك بووەو لە ‌ساڵی (1947) مردووە. لەو ماوەیەی‌ لە ‌ژیاندا بووە‌ كۆمە‌ڵێك رۆمان و شانۆنامە‌ی نووسیوە‌ (رۆمانی یە‌كە‌می لە ‌ساڵی (1898) بە ناوی (ناوداران) نووسیوەو رۆمانی دووە‌می (ڕیچارد كارفیل) ‌ساڵی (1899) نووسیوە‌، رۆمانی سێیەم بە ‌ناوی (قە‌یران) ‌ساڵی (1901) نووسیوەو ‌ساڵی (1903) رۆمانی (هەڵهاتنی سه‌ید كیگان)ی نووسیوە. ساڵی (1904) رۆمانی (پە‌ڕینە‌وە‌)ی نووسیوە ‌و ساڵی (1908) رۆمانی (پیشەی سه‌ید كرو)ی نووسیوە‌. ساڵی (1910) رۆمانی (رووداوە تازه‌كان) و ساڵی (1913) رۆمانی (نێوجامە‌كە‌) و ساڵی (1915) رۆمانی (شارە‌ دوورە‌كە‌)ی نووسیوە ‌و ساڵی (1917) رۆمانی (شوێنی تە‌نك) و ساڵی (1940) رۆمانی (رێگای ون)ی نووسیوە. ساڵی (1918) شانۆگە‌ری (موسافیرێك لە‌كاتی شە‌ڕدا)ی نووسیوە‌، ‌ساڵی (1919) شانۆگە‌ری (دكتۆر جۆناسان)ی نوسیوەو كتێبێكی هەیە‌ بە‌نێوی (زانستی خود لە بیروباوەری ئینجیلدا). هاوكات سێ‌ شانۆگە‌ری نووسیوە‌ بە ‌نێوی سێ‌ رۆمانی خۆیە‌وە‌. ئە‌وانیش شانۆگەری (ڕیچارد كارفیل)و (پە‌ڕینەوە‌) و (قە‌یران).
 
رۆمانی (ڕیچارد كارفیل) رۆمانێكی مێژووییە‌، بیرە‌وە‌ری پیاوچاكێكە‌ لە‌سە‌دە‌ی هە‌ژدە‌دا. چە‌رچڵی رۆماننووس بە‌م بە‌رهە‌مە‌ی ناوی دە‌ركردووە ‌و چاپی یەكە‌می رۆمانە‌كە‌ ‌ساڵی (1899)دا بووە ‌و یە‌ك ملیۆن نوسخەی لێ فرۆشراوە‌. ئە‌م رۆماننووسه‌ زۆرتر لە ‌مێژوودا كاری كردووە‌ بە‌تایبه‌تی مێژووی ئە‌مریكا. رۆمانی قە‌یرانیش دیسان رۆمانێكی مێژووییە ‌و لە ‌سه‌ردە‌می خۆیدا فرۆشی زۆربووە‌. ئە‌م رۆمانە‌ لە‌سە‌ردە‌مێكدا بڵاوکراوه‌تەوە‌ ئە‌مریكا گیرۆدە‌ی شەڕی نێوخۆیی بووە‌، ئیشكردن لە‌سە‌ر خەیاڵی مێژوویی خاڵی سەرە‌كی نووسینی ئە‌م رۆماننووسە‌بووە‌. هاوكات باس لە ‌كێشە‌كانی وڵاتە‌كە‌ی کردووەو لە ‌بارە‌ی ئاریشە ‌و گرفتە‌ سیاسی و ئایینی و كۆمە‌ڵایە‌تییە‌كانی وڵاتە‌كە‌یە‌وه‌ نووسیویەتی.
 
چەرچڵی سیاسی لەپای چی نۆبڵی وە‌رگرتووە‌؟
 
 
وینستن چە‌رچڵی سیاسی لە ‌ساڵی (1874) لە‌دایك بووە‌، دە‌سەڵاتدار و سیاسه‌تمە‌دارێكی گه‌ورە‌ی بە‌ریتانییە‌و ناوی لە‌سه‌ر زارانە‌. لە ‌ساڵی (1965) لە‌ لە‌ندە‌ن لە ‌تە‌مە‌نی 91 ساڵی مردووەو لە ‌ژیانی سیاسی و سە‌ربازیدا گە‌لێك پۆستی وەرگرتووە، لە ‌هە‌مووشیان باڵاتر سە‌رۆكوە‌زیرانی بە‌ریتانیا بووە.‌ ئە‌م پیاوە‌ لە ‌دنیای سیاسە‌تدا هێندە‌ نێودارە خە‌ڵكی ئاساییش ناویان بیستوە‌، بە‌یە‌كێ‌ لە ‌دیارترین سەركردە سیاسییە‌كانی ئەو وڵاتە ‌و جیهانیش دادە‌نرێ‌ و دە‌وری زۆری هەبووە‌ لە ‌بە‌هێزكردن و پێشخستنی وڵاتە‌كە‌ی دا لە‌سەدە‌ی بیستەمدا. بە‌رهە‌می چە‌رچڵی سیاسی لە ‌نووسیندا بریتین لە ‌كۆمەڵێك بابەتی مێژوویی و هە‌روە‌ها كتێبی بیرە‌وە‌رییە‌كانی لە ‌چه‌ند بە‌رگێك پێكدێ و خەڵاتی نۆبڵی ئە‌دە‌بی لە‌سە‌ر وە‌رگرتووە‌، لە‌گە‌ڵ وتاری سیاسی و وتەی سیاسی، لە ‌بواری هونە‌ری شێوە‌كاریشدا توانای هەبووە، وێنە‌كێش بووە‌، لێكۆڵە‌ران دە‌ڵێن حەزی وێنە‌كێشان لای ئە‌م سە‌رۆكوەزیرانە‌ی بە‌ریتانیا دە‌گە‌ڕێتەوە‌ بۆ ئەو سە‌ردە‌مەی‌ دوور خراوە‌تەوە‌، تووشی كەئابە‌ بووە‌، کەچی ئەو تابلۆیانەی ئالدووزی کردوون گه‌شبینی پێوه‌ دیاربووەو وێنە‌ی سروشتی كێشاوە‌. چەرچڵ ساڵی (1953) خە‌ڵاتی نۆبڵی ئە‌دە‌بی پێبە‌خشراوە‌.