لووتكه‌ی كۆڤید-19 له كوردستان
له هه‌رێمی كوردستان وه‌كو زۆر له وڵاتانی جیهان سێ هه‌نگاوی سه‌ره‌كی بۆ روبه‌روبوونه‌وه‌ی كۆڤید-19 گیرانه‌به‌ر. یه‌كه‌مینیان ئیحتیوا كردن بوو كه له رێگه‌ی ده‌ستنیشانكردنی كه‌یسه سه‌ره‌تاییه‌كان، به دواداچوونی سه‌رچاوه‌ی په‌یوه‌ندی و بهركهوتهكان هه‌وڵدان بۆ كۆنترۆڵ، بڕین و رێگه‌گرتن له بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كه بۆ درێژترین ماوه‌یه‌ك كه له توانادا بێت. دووه‌مینیان پاشخستنی نه‌خۆشییه‌كه بوو، به‌و هیوایه‌ی كه له‌وانه‌یه به تێپەڕبوونی كات و رۆیشتنی وه‌رزی زستان كۆنترۆڵهكه ئاسانتر بێت، كه ئه‌مه‌یش هه‌ر له چوارچێوه‌ی پاشخستن و هه‌وڵدان بۆ هێواشتر بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیه‌كه بوو. هه‌نگاوی سێیه‌م، سووككردنی باری ئه‌و كه‌رته خزمه‌تگوزاریه گشتیانه بوو كه راسته‌وخۆ له پێشه‌وه‌ی به‌ره‌نگاربوونی ئه‌م نه‌خۆشیه بوون، به تایبه‌تی كه‌رتی ته‌ندروستی. ده‌كرێت ئه‌م هه‌نگاوانه وه‌كو قۆناخی یه‌كه‌می رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌م نه‌خۆشییه گشتگره تا راده‌یه‌ك بۆ دواخستن و كۆنترۆڵكردنی سه‌ركه‌وتوو بن، به‌ڵام له ئێستادا باشتره ئاماده‌كاری و كار بۆ قۆناخی دووه‌م بكه‌ین.
چین كه شوێنی سه‌رهه‌ڵدان و بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م ڤایرۆسه‌یه، له سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانیه‌وه بۆ ماوه‌ی دوو مانگ ڤایرۆسه‌كه له ته‌شه‌نه و بڵاوبوونه‌وه‌دا بوو، له مانگی سێیه‌م دا گه‌یشته لووتكه و به شێوه‌یه‌ك كه رۆژانه به هه‌زاران كه‌یسی توشبوو تۆمار ده‌كران، و له مانگی چواره‌مدا كه ئێستایه، بڵاوبوونه‌وه و مه‌ترسیه‌كان دابه‌زینێكی ئه‌وتۆی به خۆیه‌وه بینیوه كه له ماوه‌ی هه‌فته‌ی رابردوودا ته‌نیا حەوت كه‌یسی نوێی تووشبووان تۆمار كراون. ئه‌گه‌ر نموونه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه له چین وه‌كو پێوانه‌یه‌ك وه‌ربگرین و وه‌كو سێگوشهیهك (هه‌ره‌م) ته‌ماشای بكه‌ین، ئه‌م ڤایرۆسه له سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانیه‌وه ماوه‌ی دوو مانگی پێویسته تاوه‌كو ده‌گاته لووتكه و پاشان مانگێك له لووتكه‌دا ده‌مێنێت و پاش ئه‌وه دابه‌زینی به خۆیه‌وه ده‌بینێت. به‌م شێوه‌یه له هه‌رێمی كوردستان، كه له سه‌ره‌تای مانگی ئادار حاڵه‌ته سه‌ره‌تاییه‌كان سه‌ریان هه‌ڵداوه، كه‌واته ئێستا له مانگی دووه‌می بڵاوبوونهوهداین و كاته‌كه نزیكه له گه‌یشتن به قۆناخی لووتكه و باشتره ئاماده‌كارییه‌كان به‌و ئاراسته‌یه‌دا بن.
كۆمه‌ڵگە، خه‌ڵك و تاك له قۆناخی دووه‌می بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆڤید-19 دا
رێكاره‌كانی داخستن و رێگرتن رۆڵی گرنگی هه‌بووه له دواخستنی ئه‌م په‌تایه، به‌ڵام به تاكه رێگەی ده‌رچوون له‌م قه‌یرانه ئه‌ژمار ناكرێن و ئاكامه‌كانی قه‌یرانی نوێ له ئه‌نجامی ئه‌و داخستن و رێگرتنانه له ئێستادا له سه‌رهه‌ڵدان و دیاربوونهوهدان. بۆیه باشتره هه‌ڵسه‌نگاندنێك بۆ ئه‌و بڕیارانه‌ی له ماوه‌ی رابردوودا دراون بكرێت و لایه‌نه باش و خراپه‌كانی ئه‌و رێوشوێنانه دیار بكرێن. بڕیاره‌كان له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه دراون و ئێستا كاتێكی گونجاوه كه ته‌ماشای ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و بڕیارانه بۆ سه‌ر كۆمه‌ڵگە، خه‌ڵك و تاك بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی سوود له كه‌موكوڕییه‌كان وه‌ربگرین.
لێره‌دا یه‌كێك له گرنگترین هه‌نگاوه‌كان داڕشتنی پلانی جێبه‌جێكردنه بۆ هه‌رێم و ئاماده‌كارییه بۆ قۆناخی لووتكه هه‌ڵكشانی قه‌یرانه‌كه‌یه چونكه ستراتیژی ده‌ستشوشتن و له ماڵه‌وه خه‌وتن به هیچ شێوه‌یه‌ك ستراتیژی درێژماوه نییه و له باشترین سیناریۆ دا و له ئه‌گه‌ری له‌ناوچوونی ڤایرۆسه‌كه‌ش، هێشتا كاریگه‌ریه‌كانی بۆ سه‌ر زۆرێك له بواره‌كانی ژیان، كۆمه‌ڵگا و كه‌رته‌كاندا به ئاشكه‌رایی ده‌مێنێت.
بۆ نموونه پێویسته ئه‌و پرسیاره له خۆمان بكه‌ین كه ئایا له رووی ئابوورییه‌وه چۆن ده‌گه‌ڕێینه‌وه؟ له ئه‌گه‌ری كۆتایی هاتنی ئه‌م قه‌یرانه‌ش، دووباره گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سیسته‌می ئابووری بۆ سه‌ر رێچكه‌ی خۆی كارێكی ئه‌سته‌م ده‌بێت. روون و ئاشكه‌رایه كه به هۆی ئه‌م قه‌یرانه جیهانیه ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵك كاره‌كانیان له‌ده‌ستداوه، كه‌رته‌كانی گه‌شتیاری، بازرگانی، گواستنه‌وه و گه‌یاندن و زۆرێك له كه‌رتی دیكه داخراون و فشار و قه‌رزه‌كان له به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامن له كاتێكدا كه داهاته‌كان له نزمبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامدان. ئایا حكومه‌ت چ رۆڵێكی ده‌بێت؟ كۆمه‌ڵگە، خه‌ڵك و تاك چۆن ده‌توانن به‌شدار بن له كه‌مكردنی زیانه‌كان دا؟
ده‌توانین چی بكه‌ین؟
ڤایرۆسه‌كه زۆر به خێرایی بڵاوده‌بێته‌وه و بۆیه‌ش كاریگه‌ریه‌كانی زۆر به خێرایی ده‌بن و پێویسته ئاماده‌كارییه‌كانیش به خێرایی بن. بۆ نموونه، پێویسته كار بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵك، كه‌رت و ئه‌و به‌شانه‌ی كۆمه‌ڵگە بكرێت كه زۆرترین زیانیان به‌ركه‌وتووه و بیر له قه‌ره‌بووكردنه‌وه یان رێگەیێك بۆ كه‌مكردنی زیانه‌كان بدۆزینه‌وه و هه‌وڵ بۆ كه‌مكردنی فشاره‌كان بده‌ین. هاوكات قۆناخی دووه‌می بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاریی كۆمه‌ڵگە له بابه‌تی خۆپاراستن و خۆدوورخستنه‌وه ده‌ستپێبكاته‌وه و كاری زۆرتر له‌م بواره‌دا بكرێت. هه‌ر بۆیه‌ش زانیاری دروست و باوه‌ڕپێكراو له‌م قۆناخه‌دا له هه‌موو كاتێكی دیكه گرنگتره هه‌رچه‌نده ئێستا میدیای كوردی دوو به‌شه، به‌شێكیان ئه‌م قه‌یرانه گه‌وره‌تر پیشان ده‌ده‌ن (Overestimate) به‌شێكیشیان بچووكی ده‌كه‌نه‌وه(underestimate) و به تیۆری پیلانگێڕی ره‌فتاری له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن. به‌خشینی زانیاری دروست و هه‌بوونی سه‌رچاوه‌ی دروست بۆ به‌خشینی زانیاری باوهرپێراو زۆر گرنگه.
له‌ڕووی ستراتیژیه‌وه، بیر له ستراتیژی درێژماوه بكرێت و لێره‌دا پێكهێنانی بۆردێكی زانستی و شاره‌زا و به پشتبه‌ستن به داتا و ژماره فه‌رمیه نێوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كانه‌وه بڕیاره‌كان بدرێن و ببێته به‌دیلێك بۆ بڕیاردانی له‌ناكاو و كتوپڕ. هه‌ر له چوارچێوه‌ی ئه‌مه‌دا باشتره كار بۆ دۆزینه‌وه‌ی میكانیزمێك بۆ پشتگیریکردنی كه‌رت و بواره‌كانی به‌رهه‌مهێانی ناوخۆیی بكرێت. بۆنموونه به‌رهه‌می ناوخۆیی كه‌رتی كشتوكاڵ: ئایا هێزی كشتوكاڵی ئێمه له چی دایه؟ تا چه‌ند توانای دابینكردنی به‌روبووم و به‌رهه‌می ناوخۆییمان هه‌یه و ئه‌و به‌رهه‌مه چه‌ندێك له خواستی خه‌ڵك پڕده‌كاته‌وه؟ له ئه‌گه‌ری كه‌مبوونه‌وه‌ی هه‌نارده‌كردنی نێوده‌وڵه‌تی ده‌توانین چۆن جێگای به‌رهه‌مه كشتوكاڵیه هاورده‌كان پڕ بكه‌ینه‌وه؟ ئه‌مه له كاتێكدایه كه زۆربه‌ی به‌روبوم و كه‌ره‌سته سه‌ره‌تاییه‌كانمان یان له وڵاته دراوسێكانمان یانیش له رێی ئه‌واندا هاورده ده‌كرێن. دراوسێكانیشمان، ئێران یه‌كێكه له‌و وڵاته سه‌ره‌كیانه‌ی له سه‌ر ئاستی جیهاندا كه له لووتكه‌ی قهیرانهكهدایه. قه‌یرانه‌كه له توركیاش له هه‌ڵكشانێكی به‌رچاودایه. عێراق داتای فه‌رمی بڵاوناكاته‌وه و هه‌روه‌ك سه‌رچاوه‌كان ئاماژه بۆ ده‌به‌ن، ژماره‌ی راسته‌قینه‌ی تووشبووان له عێراقدا گه‌وره‌تره له‌و ژماره‌یه‌ی به فه‌رمی پیشان ده‌ده‌ن. پێویسته بیر له په‌یوه‌ندیه‌كانمان بكه‌ین به تایبه‌تی له پێگه‌ی جوگرافی هه‌رێمی كوردستاندا له له ئه‌گه‌ری داخستنی یه‌كجاری سنووره‌كاندا، چیمان له به‌ر ده‌سته و له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا چی بكه‌ین؟
له كۆتاییدا به‌ڕای من بۆ سیسته‌می خوێندن و په‌روه‌رده بژارده‌ی خوێندنی ئۆنلاین كێشه‌ی هه‌یه. ئه‌م بابه‌ته جگه له‌وه‌ی كه به یاسا له هه‌رێمی كوردستان رێكنه‌خراوه، له رووی میكانیزمی جێبه‌جێكردنه‌وه هیچ پلانێكی روونمان له‌به‌رده‌ست نییه. پێشینه و شاره‌زاییمان له‌م بواره‌دا زۆر كه‌مه و وه‌رگر و قوتابییهكانیشمان له ئاماده‌كاریدا نین و ده‌ستره‌سی ته‌واویان بۆ ده‌ستپێكردنی ئه‌م پرۆسه‌یه نییه. وه‌زاره‌ته په‌یوه‌ندیداره‌كان پێویسته زۆرتر ئه‌م بابه‌ته تاوتوێ بكه‌ن و ستراتیژی ئۆنلاین روونتر بكه‌ن.