سەردانی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و دوو راستیی چارەنووسساز بۆ کورد

 
ئەم هەفتەیە لە کوردستان بووم. سکرتاریەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بانگهێشتیان کردم کە لەگەڵ سەردانی سکرتێری گشتیی  نەتەوە یەکگرتووەکان بچمە هەولێر و بەغدا و یاوەری و رووماڵی شاندەکە بکەم. زانیاری و وردەکاریی زۆر هەن، بەڵام ئەم دوو خاڵە لە هەمووی گرنگتر بوون. دوو خاڵ کە دەکرێت چارەنووسساز بن بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان. یەکەمیان داهاتووی بوونی لایەنی نێودەوڵەتییە لە عێراق و دووەمیش گۆڕانی دیمۆگرافییە.
 
عێراق پێویستی بە بوونی نێودەوڵەتی ماوە یان نا؟ 
 
پێش دوو هەفتە لە سەردانەکە پێم گوترا کە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە یەکێک دەبێت لە ئامانجە راستەقینەکانی سەردانەکەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان. بۆچوونی سکرتێری گشتی لەو بارەیەوە گرنگە نەک تەنیا بۆ قەبارەی بوونی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵکو بۆ بوونی نێودەوڵەتی بە گشتی لە عێراق. لە کۆتاییدا، 15 وڵاتەکەی ئەندام لە ئەنجوومەنی ئاسایش بۆچوونی سکرتێری گشتی لە بابەتی ئاوادا بە جدی وەردەگرن. بەتایبەتی ئەم سکرتێری گشتییە کە بڕیاربەدەستانی ئەمریکی و نێودەوڵەتی بە کەسێکی پراگماتیک و واقعی دەبینن. 
 
ئەگەر ئەنتۆنیۆ گۆتێراش سبەی بڵێت، پێم وایە کەمکردنەوەی بوونی مرۆیی، سیاسی، سەربازی و نێودەوڵەتی لە عێراق نابێتە هۆی دروستبوونی ناسەقامگیرییەکی گەورە، ئەوە بێگومان کاریگەری لەسەر داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت. 
 
هەواڵە باشەکە ئەوەیە کە دوای سەردانەکەی بۆ بەغدا و هەولێر، سکرتێری گشتی و ستافەکەی هەر لەو باوەڕەدان کە عێراق  پێویستی بە بوونی فراوانی نێودەوڵەتی هەیە.
 
تاوەکو نووسینی ئەم وتارە نازانم کە ئەو چی لەو بارەیەوە بە  ئەنجوومەنی ئاسایش دەڵێت و تا چەنێک لەو باوەڕەدایە کە پێویستە سرووشتی هاوکاریی نێودەوڵەتی بۆ عێراق بگۆڕێت یان نا. هەرچەندە بەرپرسانی فەرمی حکومەتی عێراق لە کۆبوونەوەکان ئاماژەیان بە گرنگی و پێویستیی رۆڵی نێودەوڵەتی کردووە، بەڵام نوخبەی سیاسی شیعە لە عێراق روونن کە لە دژی زیادکردنی رۆڵی نێودەوڵەتین. ئەوان پلانی درێژخایەنیان هەیە کە ئەم رۆڵە بە تەواوی لە عێراق نەمێنێت وەکو سەردەمی پێش ساڵی 2003. ئەمە زانیارییە، نەک بۆچوون. 
 
ئەوان ستراتیژێکی درێژخایەنیان هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە رۆڵی نێودەوڵەتی کە گەورەترین تەگەرەیە لە پێش خەونی نوخبەی سیاسی شیعە بۆ مەرکەزیەتی تەواو لە زاخۆوە تاوەکو بەسرە. ئەم پلانە لە زۆر هەنگاوی پراکتیکی لە کاتی ئەم سەردانە و هەروەها لە سیاسەتی دەرەوەی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش رەنگیداوەتەوە کە پێشتر چەندین جار زانیاریم لەسەر دەستکەوتووە و بڵاوم کردووەتەوە. 
 
ئەم ستراتیژەی نوخبەی سیاسی شیعە لە عێراق روونە کە رێک پێچەوانەی بەرژەوەندیی کورد و هەرێمی کوردستانە. بوونی ئەمریکی و نێودەوڵەتی لە عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست فاکتەر بوون لە دامەزراندنی کیانێکی دیفاکتۆ بۆ کورد لە عێراق لە ساڵی 1991ـەوە و ئێستاش هەر ئەمریکا و بوونی نێودەوڵەتی گەورەترین تەگەرەی پێش سڕینەوەی هەرێمی کوردستانە لە ساڵی 2023.
 
لە ماوەی 32 ساڵی رابردوو ئەمە راست بوو و ئێستاش لە ساڵی 2023 هەر راستە. دەڵێم ئەم رۆڵە نێودەوڵەتییە گرنگە بۆ مانەوە، نەک گەرەنتیە بۆ مانەوە و پێگەی هەرێمی کوردستان. 
 
بێ بوونی ئەمریکی و نێودەوڵەتی سەربازی و مرۆیی و سیاسی، مانەوەی هەرێمی کوردستان وەکو کیانێکی راستەقینەی بڕیاربەدەست لەم هاوکێشەیەی ئێستا مەحاڵە. چەنێک بوونی سەربازی و سیاسی ئەمریکی لە عێراق لە بەرژەوەندیی کوردە، ئەوەندەش مانەوەی بوونی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق گرنگە بۆ پێگەی هەرێمی کوردستان.
 
گۆڕانی دیمۆگرافی
 
لە سەردانەکەی سکرتێری گشتی بۆ عێراق و باشووری کوردستان بۆم دەرکەوت کە لە حاڵەتی شەڕی ناوخۆ یاخود هەر کارەساتێکی دیکە لە عێراق، نەتەوە یەکگرتووەکان هێشتا وا بیردەکاتەوە کە زۆربەی کامپەکانی ئاوارە لە ناو خاکی باشووری کوردستان دروستبکرێن. 
 
لە ئەزموونی شەڕی داعش رێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان پلانەکانیان بۆ حاڵەتی قەیران بەو شێوەیە داناوە کە جەخت بخەنە سەر هەرێمی کوردستان. ئەمەش دەکرێت ببێتە کێشەیەکی گەورە و عێراق لە داهاتوودا ئاوارەی داماو بەکاربهێنێت بۆ زیاتر بە عەرەبکردنی باشووری کوردستان. 
 
بابەتی داڵدەدانی خەڵکی لێقەوماو ئەرکێکی ئەخلاقیە، بەڵام هەرێمی کوردستان هێشتا کێشەی چارەنووس و سنووری هەیە لەگەڵ عێراق و هاتنی ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی عێراق پرسێکی سیاسییە نەک تەنیا مرۆیی. بەداخەوە تاوەکو ئێستا ئەو پەیامە لە ئاستی باڵا روون نەکراوەتەوە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان. کاتێک لە هەولێر لەگەڵ بەرپرسێکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەم باسکرد، بۆ من سەپڕایز بوو کە ئەو هیچ ئاگای لەو بابەتە نەبوو. ئاگای لەوە نەبوو کە هێنانی سەدان هەزار ئاوارەی ناوچەکانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان دەکرێت دەرئەنجامی سیاسیی گەورەی هەبێت. سەپڕایز بوو بۆم کە ئەمە بۆ بڕیاربەدەستان لە چەقی بڕیاری نێودەوڵەتی روون نەکراوەتەوە.