پارەی پلاستیك لەبری كاغەز

عەبدولڕەحمان سدیق

ئێستا زۆر لە وڵاتان كەوتوونەتە گرتنەبەری رێوشوێنی گونجاو بۆ كەمكردنەوەی بەكارهێنانی ماددە پلاستیكییەكان و كیسەی نایلۆن، بۆ نموونە فەرەنسا و ئێرلەندا و هەندێك لە ویلایەتەكانی ئەمریكا و وڵاتانی ئەفریقی وەك ئۆگەنداو كینیا، لە ئاسیاش بەنگلادیش، بڕیاری راگرتن و كەمكردنەوەی بەكارهێنانی ئەم نایلۆنانەیان داوە و باجیان خستووەتە سەر كارگەكانی بەرهەمهێنانی ئەم كیسە نایلۆنانە.

سەبارەت بەماددە پلاستیكیەكانیش كە زۆر لە شتومەكەكانی ژیانی ئەمڕۆی مرۆڤی لێ دروست دەكرێت، زۆر لە وڵاتان لە رێگەی ریسایكلینەوە، یان دووبارە بەكارهێنانەوە، یان كەمكردنەوەی بەكارهێنانییەوە، یان شیكردنەوەی بۆ پێداویستیی دیكە، خەریكی كۆنترۆڵكردنی تەشەنەكردنی بەكارهێنانی ئەو ماددانەن.

بۆ زانیاریش وەك نموونە:

یەكەم: ئەمڕۆ لە ئەمریكادا نزیكەی 1.1 ملیۆن كرێكار لەبواری بەرهەمهێنانی ماددە پلاستیكییەكاندا كاردەكەن.

دووەم: قازانجی كۆمپانیا ئەمریكییەكان لە بەرهەمهێنانی ماددە پلاستیكییەكاندا نزیكەی 1 تریلیۆن دۆلارە

سێیەم: تێچووی لابردنی ماددە پلاستیكییەكان تەنیا لە كەنار ئاوەكانی رۆژئاوای ئەمریكا ساڵانە نزیكەی 520 ملیۆن دۆلارە.

چوارەم: لەساڵی 2007دا ئەمریكییەكان زیاتر لە 50 ملیار دەبەی بچووكی ئاویان خواردووەتەوە. نزیكەی 38 ملیاری لێ فڕێدراوەتە نێو زبڵخانەكان و تەنیا 23%ی ریسایكل كراوەتەوە.

پێنجەم: وا چاوەڕوان دەكرێت قەبارەی ماددە پلاستیكییە بەرهەمهاتووەكان لەساڵی 2050دا بگاتە 33 ملیار تۆن. ئەمەش یەكسانە بە پڕكردنی 2.75 ملیۆن لۆری هەڵگرتنەوەی خاشاك.

هەر ئەم بڕەش لەزبڵ و خاشاك لەتوانایدایە نزیكەی 800 جار گۆی زەوی داپۆشێت!

بابزانین جێگرەوەكان و چارەسەرە پێشنیازكراوەكان لای وڵاتانی پێشكەوتوو چین؟

یەكەم: هەرێمی مانیتۆبای كەنەدا بڕیارێكی پەسەند كردووە بۆ قەدەغەكردنی كڕینی دەبەی ئاوی بچووكتر لە قەبارەی یەك لیتر.

دووەم: شارۆچكەی كۆنكۆرد لە ویلایەتی ماساچوستسی ئەمریكا، لەسەرەتای ساڵی 2013 وە فرۆشتنی دەبەی بچووكی ئاوی قەدەغە كردووە.

سێیەم: دروستكردنی پارە لە ماددەی پلاستیك: بەپێی هەواڵێكی لۆس ئەنجلس تایمز لە 20ی دێسەمبەری 2013وە، بانكی ناوەندیی ئینگلتەرا لە هەوڵی ئەوەدایە كە لەساڵی 2016دا پارەكانی لە كاغەزەوە بگۆڕێت بۆ پلاستیك، هەروەك ئەوەی كە لە كەنەدا و ئوسترالیا دەكرێت.

واش چاوەڕان دەكرێت لە سەرەتادا دراوی 5 پاوەند دەربچوێنرێت و وێنەی وینستۆن چەرچڵیشی لەسەر بێت.

دراوی پلاستیكی نادڕێت، ئاویش كاری تێناكات، تەمەنیشی لە تەمەنی دراوی كاغەز زیاتر دەبێت و دەوڵەتیش كەمتر دراو چاپ دەكاتەوە لەبری دراوی كاغەزی دڕاو، هەروەها پیس نابێت بە چڵك و رۆن و تێچووی چاپكردنیشی كەمترە و بەئاسانیش تەزویر ناكرێت.

نزیكەی 22 دەوڵەت لەساڵی 1992ەوە پارەیان لەماددەی پلاستیكی پۆلیمەر چاپكردووە، لەوانەش ئوسترالیا و بەرازیل و چیلی و چین و ئەندۆنیسیا و مالیزیا و مەكسیك و سەنگافورە و كەنەدا و زۆری دیكە.

ئەوەی شایانی باسە لەم پڕۆژەیەدا ئەوەیە كە پێویستە ئامێری نوێ بۆ ژماردنی پارەی دروستكراو لە پلاستیك دروست بكرێت، چونكە ئامێرەكانی ژماردنی پارە كە ئێستا هەن بۆ پارەی لەكاغەز دروستكراو داهێنراون.

*نووسەرو رۆژنامەنووس و یەكەم وەزیری ژینگەی عێراق لەدوای رووخانی رژێم.