كۆتایی دیموكراسی
سەدەی بیستەم، سەدەی زێڕینی دیموكراسی بوو. بەگوێرەی داتایەكی ناوەندی Our World in data ، تا ساڵی 1945 تەنها 12 وڵاتی دیموكراسی لە جیهاندا هەبوو، بەڵام لە كۆتایی سەدەی بیستەمدا ئەو ژمارەیە گەیشتە 87 وڵات و سیستەمی دیموكراسی لەسەرتاسەری جیهاندا. لە دەیەی یەكەمی سەدەی بیست و یەكیشدا؛ ئەم گەشەكردن و وەرچەرخانەی دیموكراسیی وڵاتانی جیهان بەشێوەیەكی كتوپڕ وەستا و ئاراستەی پێچەوانەی وەرگرت.
پارتە راستڕەوە پۆپۆلیستەكان لە پۆڵەندا، هەنگاریا، فەرەنسا، بەریتانیا، ئیتاڵیا و ئەمریكا گەیشتنە دەسەڵات یان بوونە هەڕەشە بۆ سەر دەسەڵاتی لیبراڵ دیموكراسیی وڵاتەكانی خۆیان.
بەگوێرەی هەندێك داتا، رێژەی دەنگی پارتە راستڕەوەكان لە ئەوروپادا تا ساڵی 1998 دەوروبەری تەنها 4٪ ی تێنەدەپەڕاند، بەڵام لە ساڵی 2018 دا ئەو پارتانە بوونە خاوەنی نزیكەی 13٪ ی دەنگ لە هەڵبژاردنەكانی ئەوروپادا.
شاون دەبلیوو رۆزنبێرگ؛ بیرمەندی سیاسی و كۆمەڵایەتی دەرچووی زانكۆكانی یەڵ و ئۆكسفۆرد، پێشبینی ئەوەی كردووە كە دیموكراسی وڵاتە گەورەكان تا داهاتوویەكی دیاریكراو بەردەوام دەبێت، بەڵام بەردەوام روو لە داكشانەوە و پاشەكشە دەكات، هێزە راستڕەو و پۆپۆلیستەكان، ئەوانەی وەڵامی ئاسانیان هەیە بۆ كێشە ئاڵۆزەكان، جێگای هێزە دیموكراسییەكان دەگرنەوە. بۆچوون و پێشبینییەكانی شاون، لەگەڵ سەركەوتنی هێزە راستڕەوەكان لە جیهاندا، دوای ئەوە دێت كە سێ دەیە بەسەر بیردۆزەی (كۆتایی مێژوو) ی فۆكۆیامادا تێپەڕ دەبێت، كاتێك سەركەوتنی دیموكراسی ئەمریكی و رۆژئاوایی بەسەر كۆمۆنیزمی سۆڤیەتیدا، وەك كۆتایی مێژوو و سەركەوتنی رەهای دیموكراسی وێنا كرد.
بەڵگەكانی شاون بۆ كۆتایی دیموكراسی؛ لەچوارچێوەی ئەوەدایە كە دیموكراسی كارێكی قورس و تاقەتپڕوكێنە، پێویستە ژمارەیەكی زۆری خەڵك بەشداریی تێدا بكەن، لەسەر خەڵك پێویستە جیاوازییەكانی یەكتری قبوڵ بكەن، رۆژانە مامەڵە لەگەڵ رێژەیەكی زۆری داتا و زانیاریدا بكەن، راستی و هەڵە لە یەكتری جیا بكەنەوە، باش و خراپ لە یەك جیا بكەنەوە، پێویستە لەسەریان رۆژانە پەیڕەوی لە هەزاران یاسا و رێسا و دیسپلین بكەن، بەڵام هەموو ئەمانە ناتوانێ وا لە دیموكراسییەكی جەماوەری بكات لە رێڕەوی خۆی لانەدات. چونكە خەڵك واڕاهاتوون تەنها لە راستانەی بەرژەوەندییەكانی خۆیاندا بیر بكەنەوە. نیشاندانی تەنها وێنەیەك یان پارچە ڤیدیۆیەك بە مەبەست، بەسە بۆ ئەوەی هەستی راسیزمی سپی پێست بە دژی رەشپێست، كریستیان بە دژی ئیسلام یان بە پێچەوانەوە بجوڵێنێ.
تیۆرەكەی شاون سەبارەت بە كۆتایی دیموكراسی؛ لایەنێكی پەیوەندی بە پێشكەوتنی مەیدانی هێزە نادیموكراسییەكانەوە هەیە، لایەنێكیشی پەیوەندی بە بیركردنەوە و هەڵسوكەوتی مرۆڤەوە هەیە. وەك پشتگیرییەكیش بۆ گریمانەكەی شاون، دەكرێ بڵێین؛ لە سەردەمی پێشكەوتنی شۆڕشی تەكنەلۆژیا و زانیاریدا، لەو فەزا فراوانەدا كە ئینتەرنێت و بەرهەمهێنانی زانیاری لە هەزاران سەرچاوەوە دەستی بەسەردا گرتووە، سەختە بتوانرێت پێشبینی رەفتار و تێگەیشتنی تاك بكرێت، سەختیشە بۆ دیموكراسی بتوانێت پارێزگاری لەو پرەنسیپ و بەهایانە بكات كە ساڵانێكە بانگەشەی بۆ دەكات.
نوخبەی سیاسی، پرۆفیسۆر و رۆژنامەنووس و ئەكادیمییەكانی رۆژئاوا، پیاوی كار و نوخبەی ئیداری وڵاتان، ئەوانەی ساڵانێكی زۆرە دامودەزگاكانی دەوڵەت بەڕێوەدەبەن و دەستیان بەسەر گوتار و دیسكۆرسی سیاسی و فیكریی كۆمەڵگاكانی خۆیاندا گرتووە و بەئاراستەی پاراستنی ئەوەدا دەیبەن كە خۆیان خواستیان لەسەرە، بە تایبەتیش لە پیاهەڵدان بە سیاسەت و دامودەزگاكانیاندا، ئەمڕۆ لەسایەی فراوانبوونی تەكنەلۆژیای زانیاری و فراوانیی تۆڕە جاڵجاڵۆكەییەكانی ئینتەرنێت و سۆشیال میدیا، دەسەڵاتی ئەو نوخبەیەش بەسەر سیاسەت و ئیدارەوە بەرەو لاوازی چووە. خەڵك لەڕێگای ئینتەرنێت و سۆشیال میدیاوە دەستیان بە هەزاران سەرچاوەی زانیاری و دیسكۆرسی جیاجیا رادەگات و هەر لەو رێگایەوەش دەتوانن خۆیان راستەوخۆ بەشداری لە سیاسەت و فەزای گشتیدا بكەن و كاریگەرییان هەبێت و كاریگەربن پێی. پۆپۆلیزمیش زۆر بە ئاسانی دەتوانێ سوود لەو بەشدارییە فراوانەی خەڵك لە دونیای مەجازی و زانیاریدا وەربگرێت، بەوەی كە سەرچاوەی كێشە ئاڵۆزەكانی كۆمەڵگای مۆدێرن و بەتایبەتیش رۆژئاوا، ببەستێتەوە بە كۆمەڵێك فاكتەر و چارەسەری ئاسانەوە لە نموونەی دژایەتیكردنی بێگانە و راسیزم و بانگەشەكردن بۆ بونیادنانەوەی دەوڵەت لەسەر بنەمای ئابووری و بەرژەوەندیی بەهێزی نیشتیمانی و نەتەوەیی.
هەر كەسێك دەستی بە ئینتەرنێت بگات، لەڕێگای وێبلاگێكەوە، ماڵپەڕێك یان سۆشیال میدیاوە، دەتوانێ خەڵك لەدەوری پرسێكی سیاسی كۆبكاتەوە. لە ئەنجامی فراوانبوونی تەكنەلۆژیای گەیاندن و پەیوەندییەوە؛ چیتر دامودەزگا رەسمییەكانی دەوڵەت یان رێكخراوە سیاسییەكان و حزبەكان خاوەنی دیسكۆرسی سیاسی و بڕیاردەر نین لە دیاریكردنی ئاراستەی ئەو بەها و رێسایانەی رەفتاری جەماوەر دەستنیشان دەكەن، سەرەنجامیش هیچ مانایەك بۆ پەیڕەوی ئەو دەزگایانە لە دیموكراسی یان نادیموكراسیبوونیاندا نامێنێتەوە، چونكە لە بنەڕەتدا هیچ هێزێك نییە بتوانێ دەست بەسەر ئەو شەپۆلە لە زانیاری و پەیوەندیدا بگرێت كە لە هیچ شوێنێك بوونی نییە و لە هەموو شوێنێكیشدا هەیە. لاپتۆپێك، مۆبایلێك یان تابلێتێك هەر ئەوەندەی قورسە تا لە شوێنێكەوە خۆی دەگەیەنێتە ئینتەرنێت، ئیتر بەسە بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەیەك بۆ هەواڵ و زانیاری و بڵاوكردنەوەی سیاسەت و بیروڕا، بەبێ ئەوەی چاوەڕێی مۆڵەتی هیچ دەسەڵاتێك بكات.
ئەمڕۆ خەڵك سۆشیال میدیا وەك سەرچاوەی هەواڵ و زانیاری بەكاردەهێنن، جیهان لەسەردەمی هەواڵی خێرا و بەپەلەدا دەژی، هەواڵی ناڕاست و دروستكراو زۆر بە خێرایی بە لاپەڕەكانی فەیسبووكدا بڵاودەبێتەوە و بینەر و خوێنەریشیان لە میدیا و رۆژنامە فەرمییەكان زیاترە. ئەمە وایكردووە دەزگا رەسمییەكان و نوخبەی بەڕێوەبەری ئەو دەزگایانە متمانەی خۆیان لەناو جەماوەردا لە دەست بدەن. دیموكراسی خۆرئاواش لە سەد ساڵی رابردوودا، یەكێك لە شانازییەكانی دامەزراندن و پێشخستنی بیرۆكراسی مۆدێرن و ئەو دەزگایانە بووە كە لە رێگایەوە توانیبووی پێشكەوتن و ئاشتیی كۆمەڵایەتی دەستەبەر بكات.
خواستی پابەندبوون بە بنەماكانی دیموكراسی پڕۆسەیەكی ئاسان نییە، بەتایبەت بۆ وڵاتانی خۆرئاوا؛ لەپاڵ هەموو ئەو قەیران و جەنگانەی بەرۆكی جیهانی گرتووە، لەپاڵ ئەو شاڵاوی كۆچەی رووی لە وڵاتەكانیان كردووە؛ بۆ ئەوەی بتوانن پابەندبن بە پاراستنی دیموكراسییەوە، پێویستە لەسەریان جێگای بێگانەكانیش بكەنەوە و بهێڵن خەڵكانی هەڵاتوو لە جەنگ و برسێتی ماڵ و كار و ژیانیان لەگەڵدا بەش بكەن، بە واتایەكی دیكە دیموكراسی فرەڕەهەند و فرە بەهایە و بنەماكەشی لەسەر جیاوازی و یەكتر قبوڵكردن دامەزراوە، بەڵام بۆ رەوتێكی راستڕەوی پۆپۆلیست، ئاسانترین وەڵام بۆ دەنگدەرەكانی ئەوەیە كۆچ وەك هەڕەشە بناسێنێ، بەم رێگایەش وادەكات خواستی رەتكردنەوەی دیموكراسی و فرەیی لە جەماوەرەوە سەرچاوە بگرێت، ئەویش لە رێگای دەنگدان بەو پارتانەی هەڵگری ئەو گوتارە سیاسییەن كە لەگەڵ داخران و دامەزراندنی دەوڵەتی بەهێزە لەسەر بنەمای كولتوور، ئابووری و هێزی نیشتیمانی نەك فرەیی.
پرسی كۆتایی دیموكراسی بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو، ئەوانەی لە قۆناغی گواستنەوەدان و هێشتا پێیەكیان لەناو دەسەڵاتی تاكڕەویدایە؛ هەڵگری خاسیەتێكی ترە، لەلایەكەوە دامەزراوەی دیموكراسی بوونی نییە یان زۆر لاوازە و بیرۆكراسی ئەو وڵاتانە خنكاوە بەدەست گەندەڵی و قۆرخكردنی دەسەڵات و سامانەوە، ئەمەش وایكردووە زۆربەی ئەو وڵاتانە لە نموونەی عێراق زیاتر وەك دەوڵەتی شكستخواردوو بێنە بەرچاو كە ناتوانێ هیچ خزمەتگوزاری و ئاسایشێك پێشكەش بە هاووڵاتیانی بكات. لەلایەكی ترەوە بەبێ ویستی خۆیان، بوون بە بەشێك لەو تەوژمە تەكنەلۆژیایەی زانیاری و راگەیاندن كە وایكردووە پرسە سیاسییەكان لە وڵاتێكی داڕماودا بە هەموو ئاڵۆزییەكانیانەوە بێنە سەر شەقام و ئەوەندەی تریش متمانەی خەڵك بە هێزی دەوڵەت و نوخبەی سیاسی و پارتەكان بە دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ كێشەكان لاواز بكەن، خەڵك نە باوەڕیان بە دەوڵەت و دامەزراوەكانی هەیە، نە حكومەتەكانیش لە ئاست خواست و چاوەڕوانییەكانی ئەواندان.
خاڵی جێگای سەرنج لەم پڕۆسەی ناڕەزایەتیانەشدا ئەوەیە، خەڵك خوازیاری چارەسەری دیموكراسی نین، زمانی شەقام زمانی شۆڕشە، خواستی هەڵوەشاندنەوەی هەموو بونیادی سیاسی هەیە و داوای دەسەڵاتیكی مەركەزیی بەهێز دەكات. داواكاریی خۆپیشاندەرانی عێراق هەر لە چاكسازی دەستوورەوە تا هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و حزبەكان، مەیلی گەڕانەوە بۆ دەوڵەتی ناوەندی و دەسەڵاتخوازییان هەیە و بۆ ئەو خەڵكە قورسە بەلای دیموكراسییەكدا بچن كە ناچاریان بكات نەیارەكانیشیان قبووڵ بكەن و ئامادەی قبووڵكردنی فرەیی و پێكەوەژیان بن، لەكاتێكدا ئەوان ئەو فرەییە بە سەرچاوەی لاوازیی دەسەڵات و دەوڵەت دەزانن، چارەسەریش بەلای ئەوانەوە بیركردنەوەیە لە كەسێكی بەهێز كە دەسەڵاتی هەبێت نەك دیموكراسیخواز بێت.