فەرەنسا؛ 40 ساڵ لە یاخیبوونی گەنجان

05-07-2023
عادل باخەوان
A+ A-
 
سەرەتا
 
کوشتنی نائیل، گەنجێکی 17 ساڵ لەلایەن پۆلیسەوە و پاشان کۆی خۆپێشاندانەکان، سووتان و تاڵانکردنی مۆڵەکان، پەلاماردانی دەزگاکانی دەوڵەت بەگشتی و شارەوانییەکان بەتایبەتی و بەرهەمهێنانی زەبروزەنگێکی ئێجگار فراوان، ناچارمان دەکەن بە راوەستان و خوێندنەوەیەکی قووڵی ئەم دیاردە سۆسیۆلۆژیە کە بەلای کەمەوە 40 ساڵە لە فەرەنسا دووبارە دەبێتەوە.
 
یەکەم یاخیبوونی لەم جۆرە دەگەڕێتەوە بۆ هەشتاکانی سەدەی رابردوو. لەو کاتەوە و تائێستا زنجیرەی یاخیبوونەکان بەشێوەیەکی وەرزی بەردەوامن و لە هەموویشیان زەبروزەنگاویتر، یاخیبوونە نیشتمانییەکەی 2005 بوو. هۆکارەکان زۆرن، بەڵام هەمیشە لە سەرەتاوە گەنجێک یان زیاتر لە گەنجێک بەدەستی پۆلیس کوژراون و ئەم کوشتنەش گڕی لەو توڕەبوونە گەورانە بەرداوە کە لە ناخی هەزاران هەزار گەنجدا پەنگیان خواردووەتەوە. کاردانەوەکانیش زۆرن، بەڵام هەمیشە لە سەرەتاوە گەنجە یاخیبووەکان پەلاماری پۆلیس، بازاڕ، شارەوانی، قوتابخانە و ناوەندی کۆمەڵایەتییان داوە و سووتان و تاڵانکردن و زەبروزەنگیان وەک مۆدێلی جوڵانەوە بەکارهێناوە.
 
ئەوەی جێگەی تێبینییەکی زۆر گرنگە ئەوەیە کە زۆربەی هەرە زۆری هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی فەرەنسا، لە یەککاتدا سەرکۆنەی زەبروزەنگی پۆلیس، جیاکاری، رەیسیزم، هەژاری، ئامادەیی بەهێزی پەنابەر، بەوەحشیکردنی کۆمەڵگە، ترس و تۆقاندن دەکەن، بەڵام ئەم سەرکۆنەکردنانە هیچ لەو واقیعە ناگۆڕن کە لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا سیاسییەکان نەیانتوانیوە وەڵامێکی تەندروستی ئەم دیاردە سۆسیۆلۆژییە بدەنەوە، بەپێچەوانەوە زیاتر وەک دەستەوەسان لە بەرامبەریدا خۆیان بە دنیا دەناسێنن.
 
ستراتیژیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ یاخیبوونی گەنجاندا
 
ئەوەی لە 40 ساڵی رابردوودا وەک ستراتیژیەت لە بەرامبەر یاخیبوونی گەنجانی مەحروومدا پراکتیککراوە، زیاتر بریتیە لە دەستکاریکردنی شوێنی نیشتەجێبوون و فراوانکردنی رووبەری خزمەتگوزارییەکان لەو پانتاییانەدا کە لە فەرەنسادا ناویان دەنرێن: گەڕەکە سەختەکان، شوێنە زەبروزەنگاوییەکان، ناوچەکانی تووندوتیژی، پەراوێزە پەراوێزخراوەکان و بەشێک لە سۆسیۆلۆگە رادیکاڵەکانیش پێیان دەڵێن: ئەو ناوچانەی کە جمهووریەتی فەرەنسی لەدەستی داون!
 
لەم پانتاییانەدا باڵەخانەکان تازەدەکرێنەوە، جادەکان قیرتاو دەکرێنەوە، ناوەندی خزمەتگوزاریی زیاتر دەکرێنەوە، کەرەستەکانی گەیاندن زیاتر دەکرێن. بێگومان هەموو ئەمانە گرنگن، بەڵام لە هەموو ئەمانە گرنگتر، ئامادەنەبوونی ململانێیەکی قووڵە لەگەڵ میکانیزمە بوونیەویەکانی هەژاری و دوورخستنەوە و پەراوێزخستنی دانیشتووانی ئەم رووبەرانە کە بەشێوەیەکی سیستماتیک و نەرم لە کۆی فەرەنسادا پیادە دەکرێت.
 
لە راستیدا رەگوڕیشەکانی گرفتەکە لێرەدایە نەک لە نۆژەنکردنەوەی باڵەخانەکاندا. واتە چۆن و بە چ رێگەیەک و کێ و کەی ئەو هەستکردن بە حیرمان و لێدانە سیستماتیک و بوونەوییانە لای ئەم نەوەیە کاڵبکرێتەوە، بە رادەیەک کە هەست بەوە بکات وەک هەر فەرەنسییەکی دیکە فەرەنسییە و هەمان ماف و ئەرکی لەسەر شانە؟
 
لەبەرئەوەی ئەم ستراتیژیەتە پیادەنەکراوە، 40 ساڵ دواتر یاخیبوونەکان هەر بەردەوامن و زەبروزەنگی نەوەکان هەر دووبارە دەبێتەوە و رۆژ لە دوای رۆژیش، دانیشتووانی ئەم رووبەرە سەختانە هەژارتر دەبن. بەپێی راپۆرتێکی OCDE کە ساڵانە بڵاودەبێتەوە، نەوەی خێزانێکی هەژاری فەرەنسی کچ بێت یان کوڕ، 180 ساڵی پێویستە بۆ ئەوەی بتوانێت ببێتە خاوەنی مووچەیەکی مانگانە کە لە دوو هەزار و 400 یۆرۆ کەمتر نەبێت. پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە کە چۆن حکومەت دەتوانێت کارایی لەسەر کورتکردنەوەی ئەم مەودا فراوانە کە لەنێوان دنیای مەحروومەکان و دنیای شانسدارەکاندا هەیە دابنێت!
 
گریمانەی گوزارشتی سیاسی 
 
ساڵی 1983، بزووتنەوەی ناڕەزایی لە فەرەنسادا توانی خۆی وەربگێڕێتە سەر جوڵانەوەیەکی سیاسی و دەستکەوتی گرنگ بەدەستبهێنێت. لەو ساتەوەختەوە ئیتر رەیسیزم، بەلای کەمەوە لەسەر ئاستی تیۆری، وەک نەفرەتلێکراوێک مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
 
پاش ئەم بزووتنەوەیە و پاش ئەم بەروارە، هیچ بزووتنەوەیەکی دیکەی ناڕەزایی و یاخیبوونی لاوان، ڤێرژنێکی سیاسی بە خۆی نەبەخشیوە. بە پێچەوانەوە، ئەوەی فرانسوا دوبێ ناوی دەنێت (بۆشایی سیاسی) هەژموون دەکات بەسەر پەیوەندیی نێوان بزووتنەوەی ناڕەزایی و جمهووریەتەوە. واتە چیتر بۆ گۆڕینی دنیا، تووڕەبوون وەرناگێڕدرێتە سەر کردەیەکی سیاسیی کۆنکرێتی!
 
لە کاتێکدا دیموکراسییە زیندووەکانی جیهان، هەوڵدەدەن لە رێگەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و حیزبە سیاسییەکانەوە، هەڵچوون و سۆز و هەست و تووڕەبوونەکان وەربگێڕنە سەر کردەی رێکخراوی کۆنکرێتی و داواکاریی کۆنکرێتی و پڕۆژەی کۆنکرێتی و ئەمەش رێگە دەگرێت لەوەی کە چاوەڕوانی و داواکارییەکان تەنیا لە چوارچێوە زەبروزەنگاوییەکاندا گوزارشت لە خۆیان بکەن.
لێرەوە، چل ساڵ دواتر ئێمە دەتوانین دان بەوەدا بنێین کە لە فەرەنسادا قەیرانێکی گەورەی کۆمەڵایەتی هەیە، بەڵام هیچ ئەکتەرێک، نە سیاسی و نە کۆمەڵایەتی، مۆنۆپۆلی نوێنەرایەتیکردن و گوزارشتکردن و پاشان دانوستاندن بەناوی ئەم قەیرانەوەی نییە! ئەمەش وادەکات کە جمهووریەت نەتوانێت و نەزانێت لەگەڵ کێدا قسە بکات و پردی پەیوەندی لەگەڵ کێدا دابمەزرێنێت و بۆ کێ پێشنیازی چارەسەر بکات.
 
هەر ئەمەش وادەکات کە هاواری سەرۆکی شارەوانییەکان، رێکخراوەکان، یاریدەدەرە کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت سەندیکاکانیش لەنێو ئەم گەڕەکە پەراوێزخراوانەدا بێ دەرئەنجام بن و کەس گوێیان لێنەگرێت. لە شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی رابردوودا، ئەم گەڕەکانە بە رووبەرە سوورەکانی جمهوریەت ناسراوبوون و چەپی رادیکاڵ ئاراستەی دەکردن. لە سەرەتای نەوەدەکان و دوو هەزارەکانەوە، سەلەفییەکان دەیانتوانی کاراییان بەسەرەوە دابنێن. لێرە بەدواوە، نە چەپی رادیکاڵ و نە سەلەفییەکان و نەک کەس، هیچ کەسێک، ناتوانێت کاراییان بەسەرەوە دابنێت.
 
کۆتایی
 
ئەم یاخیبوونەی ئێستا تەنیا گوزارشت نییە لە قەیرانێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری، بەڵکو گوزارشتیشە لە قەیرانی سیستمی دیموکراسی کە ناتوانێت پانتاییەک بۆ ئەم تایپە لە تووڕەبوون و یاخیبوونی نەوەی نوێ دروستبکات. قەیرانی سیستمی دیموکراسیە کە ناتوانێت ئەو هەستە لای چەندین کاتیگۆری لە گەنج دروستبکات کە ئەوان منداڵی نیشتمان و نەتەوە و جمهووریەتن و خاوەنی رێز و ماف و پێگەی خۆیانن و دەتوانن بەدەستی خۆیان نوێنەرایەتیی سیاسیی خۆیان دەستنیشان بکەن و تەنانەت دەتوانن لە پێگە گەورەکانی دەوڵەتدا خۆیان ببیننەوە.
 
هەروەها قەیرانی سیستمی دیموکراسیە کاتێک کە راستی رادیکاڵ و تەنانەت بەشێکی گرنگ لە راستی نێوەڕاستیش هەوڵدەدات، لەم تووڕەبوون و گڕگرتنەی لاوان، چیرۆکێکی بیناکراو لەسەر رەیسیزم و جەنگی ناوخۆ و هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی بە جیهان ببەخشێت. 
 
بێگومان، لە هیچ دۆخێکدا و بەهیچ شێوەیەک، هیچ ئەکتەرێک مافی ئەوەی نییە کە زەبروزەنگ دژ بە دەزگەکانی جمهووریەت و دژ بە هاووڵاتیان بەکاربهێنێت، بەڵام لە هەمانکاتدا، مامەڵەکردن لەگەڵ رەگوڕیشەکانی زەبروزەنگدا، لەگەڵ ئەو هۆکارانەدا کە وادەکەن زەبروزەنگ گریمانەیەکی کراوە بێت، زۆر گرنگتر و مانادارتر و بایەخدارترە تا مامەڵەکردن لەگەڵ دەرئەنجامەکانی زەبروزەنگدا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فەرمان ساڵح

پۆدکاستەکانی رووداو ملیۆنین

ئەو ژمارە زۆرەی گو‌ێگر و بینەری پۆدکاستەکانی رووداو ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە وەرگرەکانی تۆڕی میدیایی رووداو شایەنی ئەوەن باشترین بەرهەمیان پێشکیش بکرێت و لەگەڵ گۆڕانکارییە تەکنەلۆژییەکاندا بە زمانی کوردی و لە داهاتووشدا بە زمانەکانی دیکە ئاشنا بکرێن بە تازەترین پێشکەوتنەکان، رووداو هەمیشە بە یەکەمی دەمێنێتەوە، بۆ ئەوەی وەک میدیایەکی نیشتمانی هەموو زانیارییەکی نوێ لەگەڵ ئێوە بەش بکات.