چەند پێشنیازێک بۆ گەرەنتیکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق

 
پێشەکی
 
دوای خوێندنەوەی یەکەمی پڕۆژەیاساکە لە رۆژی 06-04-2023، ئەم رۆژانە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی 2023 تاوەکو 2025 مشتومڕی جیدی دەکرێت. زۆر ئاشکرایە کە پشکی هەرێمی کوردستان و ئەو پارەیەی کە دواجار ئەگەری هەیە لە بەغداوە رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت، ئەگەر بودجەکە پەسندکرا، گرنگترین بابەتە کە پەیوەندی بە ئابووریی هەرێمی کوردستان لە سێ ساڵی داهاتوو و ژیان و گوزەرانی خەڵک هەیە، بەتایبەتی کە تاوەکو ساڵی 2026 هیچ یاسایەکی دیکەی بودجە لە عێراقدا دەرناچێت.
 
بەپێی ماددە و بڕگەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی پێشنیازکراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی عێراق لە کۆبوونەوەی 13-03-2023 کە ئێستا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانە، چەندین دەق و دەستەواژە لە نێو پڕۆژەیاساکەیە کە دەتوانێت بەربەست دروست بکات و کاریگەریی گەورە لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بودجەی عێراق دابنێت ئەگەر چارەسەر نەکرێن، وەک لە پێشنیازەکانی هاتوو لە کۆتایی ئەم راپۆرتەدا خستوومەتەڕوو، بەتایبەتی دوای ئەوەی لەوە بەدواوە حکومەتی عێراق بەرپرسە لە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان و چیدیکە بە میکانیزمی ساڵانی پێشوو مامەڵە لەگەڵ داهاتی نەوتیی هەرێمی کوردستان ناکرێت و بەغدا دەبێتە تاکە سەرچاوەی داهاتی پێویست بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
 
لێرەدا لە روانگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی، شیکارییەکی پیشەییانە دوور لە هەر بۆچوون و دیدێکی سیاسی دەکەین بۆ دەقی ماددە و بڕگەکانی بودجەی عێراق بەتایبەتی ئەو بڕگانەی کە پەیوەستن بە پشکی هەرێمی کوردستان و لە کۆتاییشدا پێشنیازی چارەسەری بەربەستەکان دەخەینەڕوو، بەڵام بەداخەوە کات لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان نییە و درەنگە، بەڵام هێشتا دەرفەتیش ماوە ئەگەر یەک دەنگ و یەک دەست بین و دوور لە ناکۆکییە نێوخۆییەکانی ئێستا کاریان لەسەر بکرێت.
 
زانیارییە گشتییەکان لەسەر بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023:
 
لە پڕۆژەیاساکەدا پێشبینی کراوە لە رێگەی فرۆشتنی سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، کە ئەمە 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کورستانیش لەخۆدەگرێت، حکومەتی عێراق بە نرخی خەمڵێندراوی 70 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک داهاتی 117 ترلیۆن و 253 ملیار دیناری هەبێت. هەروەها پێشبینی کراوە داهاتی نێوخۆی نانەوتی عێراق 17 ترلیۆن و 300 ملیار دینار بێت. بەو پێیەش کۆی داهاتی نەوت و داهاتی نانەوتی عێراق بە 134 ترلیۆن و 553 ملیار دینار خەمڵێندراوە.
 
ئەمە سەبارەت بە داهاتەکان، بەڵام حکومەتی عێراق لە چوارچێوەی بودجەی پێشنیازکراودا دایناوە 199 ترلیۆن و 22 ملیار دینار خەرج بکات و بەوپێیەش بەراورد بە داهاتی خەمڵێندراوی نەوتی و نانەوتی بڕی 64 ترلیۆن و 47 ملیار دینار کورتهێنانی لە بودجە بۆ دروست دەبێت.
 
لە کۆی گشتیی خەرجییەکان کە لەسەرەوە باسکرا بەشی زۆری، واتە 133 ترلیۆن و 22 ملیار دینار بۆ خەرجییەکانی بەکاربردن تەرخانکراوە، کە ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە، بەو پێیەی بڕێکی کەمی دەمێنێتەوە بۆ وەبەرهێنان، بەتایبەتی ئەگەر بەراورد بکەین لە نێوان کۆی داهاتی عێراق و خەرجییەکانی بەکاربردن، دەبینین لەیەکەوە زۆر نزیکن. ئەمە بەو مانایەیە کە ئەو داهاتە راستەقینەی کە عێراق ئەگەری هەیە دەستی بکەوێت، زۆربەی بۆ خەرجییەکانی بەکاربردن دەڕوات. ئەوەش کە لە بودجەی عێراق وەک خەرجییەکانی وەبەرهێنان یان (خەرجی سەرمایە) بۆ پڕۆژەکان و پەرەپێدان تەرخانکراوە، دانراوە کە لە رێگەی قەرزەوە دابین بکرێت و چووەتە چوارچێوەی کورتهێنانەوە کە لە دوای ساڵی 2014ـەوە سەرەڕای هەبوونی تەرخانکراو بۆ پڕۆژەکان، بەڵام هەروەک مورەکەبی سەر کاخەز بووە و بە فیعلی هیچی لێ خەرج نەکراوە. 
 
ئەمە بۆ تەرخانکراوی پڕۆژەکانی هەرێمی کوردستانیش راستە، سەرەڕای ئەوەی بڕی دوو ترلیۆن و 873 ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە لە بودجەی 2023، بەڵام ئەگەر وەک ئێستا هەر لەسەر بنەمای خەرجیی راستەقینە (الانفاق الفعلي) بێت ئەوا ئەم تەرخانکراوە لە ژمارە زیاتر هیچی تر نییە و بە فیعلی هیچی لێ خەرج ناکرێت بۆ هەرێمی کوردستان، بۆیە وا باشترە زۆر پشتی پێ نەبەسترێت.
 
کۆی گشتیی خەرجییەکانی وەبەرهێنان و پەرەپێدان 49 ترلیۆن و 462 ملیار دینارە کە بە شێوازی خوارەوە دابەشکراوە:
 
- پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی نێوخۆیی بە بڕی 38 ترلیۆن و 34 ملیار دینار.
- پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بە قەرزی بیانی بە بڕی 9 ترلیۆن و 947 ملیار دینار.
- پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لەلایەن TBI بە بڕی 1 ترلیۆن و 175 ملیار دینار.
 
خەرجییە سیادییەکان:
 
لە رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجە 58 ترلیۆن و 294 دینار بۆ خەرجییە سیادییەکان دانراوە کە دەکاتە رێژەی 30%ـی تەواوی بودجەکە، کە ئەمەش کاریگەریی زۆری هەیە لە سەر پشکی هەرێمی کوردستان، چونکە میکانیزمەکە وایە کە دوای داشکاندنی خەرجیی سیادی و حاکیمە، ئینجا بەشەکەی هەرێمی کوردستان بە رێژەی 12.67% دەستنیشان دەکرێت. 
 
لە خەرجییە سیادییەکاندا 23 ترلیۆن و 508 ملیار دینار تەرخانکراوە بۆ خەرجییەکانی (بەرهەمهێنان، گواستنەوە و هەناردەکردنی سێ ملیۆن و 100 هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە). هەروەها لەو چوارچێوەیەدا تەنها سێ ترلیۆن و 876 ملیار تەرخانکراوە بۆ خەرجییەکانی پەیوەست بە (بەرهەمهێنان، گواستنەوە و هەناردەکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان رۆژانە).
 
لە خەرجییە سیادییەکاندا هەروەها 9 ترلیۆن و 764 ملیار بۆ وەزارەتی بەرگری تەرخانکراوە. لە خەرجیی تەرخانکراو بۆ وەزارەتی بەرگری، تەنها بڕی 228 ملیار و 304 ملیۆن دینار بۆ مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە تەرخانکراوە.
 
شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان:
 
لە رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی عیراق بە شێوازی خوارەوە پشکی هەرێمی کوردستان رەچاوکراوە:
 
- پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجییە رەوەنەکان (النفقات الجارية):
 
بەپێی مادەی (12/ دووەم) و مادەی (11/ دووەم-ه) بڕی 9 ترلیۆن و 300 ملیار لە چوارچێوەی خەرجییە رەوەنەکان (النفقات الجارية) بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە کە مانگانە دەکاتە 775 ملیار دینار کە ژمارەیان بە 681 هەزار و 979 فەرمانبەر دەستنیشانکراوە، کە لە چاو ساڵی 2021 ئەم تەرخانکراوە زیادیکردووە بە بڕی سێ ترلیۆن و 525 ملیار دینار و ئەمەش دڵخۆشکەرە.
 
هەروەها بەپێی مادەی (10/ دووەم) و مادەی (11/ دووەم-ه)، بڕی 1 ترلیۆن و 346 ملیار دینار وەک خەرجیی مووچەی خانەنشینی بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە کە لە مانگێکدا دەکاتە بڕی 112 ملیار دینار کە ئەمەیان بەراورد بە ساڵی 2021 کەمی کردووە بە بڕی 555 ملیار دینار.
 
بەم شێوەیە تەرخانکراوی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق مانگانە کە پێویستە بدرێت بە هەرێمی کوردستان دەکاتە بڕی 887 ملیار دینار، ئەویش بۆ تەواوی مانگەکانی سێ ساڵی 2023 تاوەکو 2025 کە ئەمەش نزیکە لە تێچووی مانگانەی مووچە لە ئێستادا کە بۆ مانگی ئاداری ئەمساڵ 910 ملیار دینار تەمویلی مووچە کراوە؛ ئەو کورتهێنانەی دروست دەبێت بڕی 25 ملیار دینارە بۆ سەرجەم مووچەخۆران و خانەنشینان لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان کە پڕکردنەوەی زەحمەت نابێت.
 
جگە لە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بەپێی مادەی (10/ دووەم) و مادەی (11/ دووەم-ه)، هەر لە ناو خشتەی خەرجییەکانی رەوان بڕی دوو ترلیۆن و 873 ملیار دیناری دیکە بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە بۆ (پێداویستییەکانی کاڵا، پێداویستییەکانی خزمەتگوزاری، چاککردنەوەی مەوجودات، یارمەتییەکان و خەرجییەکانی دیکە).
 
پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجییەکانی پەیوەست بە سەرمایە (النفقات الرأسمالية):
 
بەپێی مادەکانی (2/ یەکەم-4)  و (11/ دووەم-ه)، بڕی دوو ترلیۆن و 873 ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە و بەپێی مادەکانی (2/ یەکەم-4) و مادەی (11/ دووەم-ه)، بڕی 276 ملیار و 550 ملیۆن دینار وەک پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجیی پەرەپێدانی پارێزگاکان تەرخانکراوە.
 
لەبارەی ئەم تەرخانکردنە، گرنگە بزانین کە ئەو داهاتە راستەقینەی کە عێراق ئەگەری هەیە دەستی بکەوێت، زۆربەی بۆ خەرجییەکانی بەکاربردن دەڕوات. ئەوەش کە لە بودجەی عێراق وەک خەرجییەکانی وەبەرهێنان یان (خەرجیی سەرمایە) بۆ پڕۆژەکان و پەرەپێدان تەرخانکراوە، دانراوە کە لە رێگەی قەرزەوە دابین بکرێت و چووەتە چوارچێوەی کورتهێنانەوە کە لە دوای ساڵی 2014ـەوە سەرەڕای هەبوونی تەرخانکراو بۆ پڕۆژەکان لە سەرتاسەری عێراق، بەڵام هەروەک مورەکەبی سەر کاخەز بووە و بە فیعلی هیچی لێ خەرج نەکراوە. ئەمە بۆ تەرخانکراوی پڕۆژەکانی هەرێمی کوردستانیش راستە، سەرەڕای ئەوەی بڕی دوو ترلیۆن و 873 ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە، بەڵام ئەگەر وەک ئێستا هەر لەسەر بنەمای خەرجیی فیعلیی بێت ئەوا ئەم تەرخانکراوە لە ژمارە زیاتر هیچی تر نییە و بە فیعلی هیچی لێ خەرج ناکرێت بۆ هەرێمی کوردستان.
 
داهاتی دەروازە سنوورەییەکان:
 
داهاتی دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان بە بڕی 1 ترلیۆن و 560 ملیار بۆ ساڵیک خەمڵێندراوە لەلایەن عێراقەوە و بەپێی مادەکانی (19/ دووەم) و (11/ دووەم-ه)، بڕی 780 ملیار دینار وەک 50%ـی داهاتی دەروازە سنوورییەکان بۆ هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە.
 
پێترۆ دۆلار:
 
بەپێی مادەی (2/یەکەم-٥أ)، بڕی 664 ملیار و 300 ملیۆن دینار وەک پشکی هەرێمی کورستان لە داهاتی فرۆشی نەوتی خاو، (5% ی داهاتی نەوت)، لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە.
 
مووچەی پێشمەرگە:
 
228 ملیار و 304 ملیۆن دینار وەک بەشی هەرێمی کوردستان لە تەرخانکراوی وەزارەتی بەرگری بۆ مووچەی پێشمەرگە رەچاوکراوە. بەپێی خاڵەکانی سەرەوە، کۆی گشتیی شایستەی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2023، لە ئەگەری خەرجکردنی 100%ـی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، ساڵانە دەکاتە 18 ترلیۆن و 310 ملیار دینار و مانگانە دەکاتە 1 ترلیۆن و 526 ملیار دینار.
 
پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجییەکانی حاکیمە بۆ تەواوی ساڵی 2023 بە بڕی 1 ترلیۆن و 257 ملیار دینار دەخەمڵێندرێت، بەڵام پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجییەکانی حاکیمە بە کاش هەژمار نەکراوە، چونکە لە بنەڕەتدا ئەم خەرجییانە بە شێوەی عەینی دەنێردرێن بۆ هەرێمی کوردستان نەک بە پارەی کاش.
 
پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان:
 
تاوەکو ئێستا خاڵەکانی سەرەوە پەیوەست بوون بەو پارەیەی کە بەپێی رەشنووسی بودجە تەرخانکراوە بۆ هەرێمی کوردستان. لە بەرامبەردا هەرێمی کوردستان دەبێت بە خاڵەکانی خوارەوە پابەند بێت:
 
1. پابەندیی نەوتی بە هەناردەکردنی بڕی 400 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای نرخی فرۆشتنی کۆمپانیای سۆمۆ کە مانگانە داهاتەکەی بە 1 ترلیۆن و 92 ملیار دینار دەخەمڵێندرێت (بێ ئەوەی خەرجییەکانی نەوتی لێ دابشکێندرێت).
 
2. رێژەی 50% لە داهاتی دەروازە سنوورییەکان کە مانگانە بە 65 ملیار دینار دەخەمڵێندرێت. 
 
3. قیستی مانگانەی پابەندی بەرامبەر بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بە بێ سوودی بانکی (الفوائد المصرفية) کە مانگانە 53 ملیار و 700 ملیۆن دینارە.
 
بەو پێیەش کۆی گشتیی پابەندیی هەرێمی کوردستان لە مانگێکدا دەکاتە 1 ترلیۆن و 210 ملیار دینار و لە ماوەی یەک ساڵدا دەکاتە 14 ترلیۆن و 520 ملیار دینار، بەڵام کێشەیەکی بەرچاو لەم نێوەندەدا ئەوەیە کە لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2023ـی عێراق وەک چۆن لەسەرەوە باسکرا، بڕی 3 ترلیۆن و 876 ملیار دینار تەرخانکراوە بۆ خەرجییەکانی بەرهەمهێنان، گواستنەوە و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا ئەگەر مەرجە داراییەکانی گرێبەستی کۆمپانیا نەوتییەکان وەک ئێستا بمێننەوە بە بێ گۆڕانکاری ئەوا بەپێی راپۆرتەکانی ساڵی 2022ـی کۆمپانیای وردبینیی دارایی (دیلۆیت) خەرجییە فیعلییەکانی کەرتی نەوت لە هەرێمی کوردستان زیاترن و بڕەکە لە ساڵێکدا (5 ملیار و 149 ملیۆن دۆلار)ـە، واتا 6 ترلیۆن و 694 ملیار دینارە و بەوپێیەش هەرێمی کوردستان بڕی 2 ترلیۆن و 169 ملیار دۆلار کورتهێنانی بۆ دروست دەبێت بۆ داپۆشینی خەرجییەکانی نەوت، کە ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە و یان دەبێت گۆڕانکاری لە مەرجەکانی دارایی گرێبەستە نەوتییەکان بکرێت یان ئەم تەرخانکردنە دەبێت زیاد بکرێت، ئەگینا هەرێمی کوردستان ناتوانێ پابەندیی نەوتی خۆی بەم مەرجانەی ئێستا جێبەجێ بکات.
 
بەشی هەرێمی کوردستان لە قەرزەکانی هاتوو لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق:
 
بڕی 62 ملیار و 400 ملیۆن دینار بۆ پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان تەرخانکراوە کە بە قەرزی دەرەکی تەمویل دەکرێن بەم شێوەیە: (46 ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەکانی ئاو و ئاوەڕۆ / 2 ملیۆن دۆلار بۆ وەزارەتی پلاندانان) لە کۆی گشتی قەرزی دەرەکی کە دەکاتە 10 ترلیۆن دینار و پشکی هەرێمی کوردستانیش لەو قەرزانە یەکسانە بە رێژەی 0.6%. سەرچاوەی ئەو قەرزە دەرەکییانە بریتییە لە (بانکی نێودەوڵەتی، سندووقی دراوی نێودەوڵەتی، ئاژانسی ژاپۆنی بۆ هاوکاریی نێودەوڵەتی، سندووقی سعودی بۆ گەشەپێدان، یەکێتیی ئەوروپا، قەرزی ئەمریکی و بەریتانی ( (UKEF و ئەڵمانی و ئیتاڵی، GE، سندووقی کوێتی، سندووقی نێودەوڵەتی بۆ گەشەپێدانی کشتوکاڵی، ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان). (بۆ زانیاری زیاتر سەیری خشتەی بڕگەی دووەمی ماددەی دووەمی رەشنووسی یاسای بودجە بکە).
 
ئەو تەرخانکردنەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا پێشێلکردنێکی ئاشکرای ئەحکامی بڕگەی یەکەمی مادەی (106)ـی دەستوورە کە دەسەڵاتی فیدراڵی پابەند دەکات بە دەستەبەرکردنی دابەشکردنی دادپەروەرانەی بەخشین و هاوکاری و قەرزە نێودەوڵەتییەکان بەپێی ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان، چونکە ئەگەر پشکی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی رێژەی 12.6% حیساب بکرێت ئەوا پشکی هەرێمی کوردستان لە قەرزە نێودەوڵەتییەکان یەکسان دەبێت بە بڕی 1 ترلیۆن و 267 ملیار دینار نەک تەنها (62 ملیار) دینار. جگە لەوەش، قیستی قەرزی دەرەکی و ناوخۆ و هەروەها سوودەکانیان لەنێو خشتەی خەرجییە سیادییەکاندا دانراوە کە هەمووى لە پشکی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت پێش ئەوەى پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵییەوە حیسابی بۆ بکرێت و بۆ ساڵى 2023 خەرجییە سیادییەکان دەکاتە 58 ترلیۆن و 294 ملیار دینار (بە رێژەی 29.26%ـی کۆی خەرجییەکان) و بە بێ ئەوەی هەرێمی کوردستان سوودمەند بێت لەو قەرزانە بەگوێرەی شایستە دەستوورییەکەی.
 
پێویستە ئاماژە بە ماددەی (4) لە رەشنووسی یاسای بودجە بکرێت کە تێیدا هاتووە: "ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی دەتوانێت لە کاتی پێویستدا گواستنەوە (مناقلە) لە نێوان ئەو تەرخانکردنانەی قەرزدا بکات کە لەم یاسایەدا هاتووە و سوودمەندی قەرزەکە بگۆڕێت". بەمشێوەیە لە رەشنووسی یاساکەدا دەسەڵاتی راستکردنەوەی ئەم بابەتە دراوە بە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی لە رێگەی ئەنجامدانی گواستنەوە (مناقلە) لە نێوان تەرخانکردنی قەرزەکان و گۆڕینی سوودمەندی قەرزەکە بە ئاراستەی دەستەبەرکردنی شایستە، بەڵام ئەمە دەمێنێتەوە سەر میزاجی بەڕێز سەرۆکوەزیرانی عێراق کە ئایا ئەم دەسەڵاتەی بەکاردەهێنێت تا هەرێمی کوردستان پشکی خۆی لە قەرزەکان وەربگرێت یان نا؟ بۆیە وا باشترە بە دەقی یاسایی روون ئەو بابەتە یەکلایی بکرێتەوە نەک بدرێتەوە دەست حکومەتی عێراقی.
 
جێکردنەوەی قەرز و پابەندییە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەناو پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی 2023:
 
وەک ئاشکرایە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراقی فیدراڵ لەسەر رێژەی 12.67% لە کۆی گشتیی تەرخانکراوی خەرجییەکانی فیعلی دەستنیشان دەکرێت هەروەک لە مادەی (12) لە پڕۆژەیاساکەدا هاتووە، بەڵام ئەمەش دوای داشکاندنی خەرجییەکانی (النفقات السيادية والحاكمة). لەناو خشتەی خەرجییەکانی سیادییشدا سەرجەم بەرکەوتەی گەڕانەوەی قەرز و سوودەکانی ئەو قەرزانەی لەخۆگرتووە و لە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان کەم دەکرێتەوە بە بێ ئەوەی هەرێمی کوردستان سوودمەند بێت لەم قەرزانە.
 
هەرچی پەیوەندیدارە بە ئیدیعای هەرێمی کوردستان بۆ شایستە داراییەکانی پێشووی لە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵی لە ساڵەکانی 2004 تا 2022 لەناویشیدا بابەتی گەڕانەوەی مووچەی پاشەکەوتکراوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ئەم بابەتە بەگوێرەی بڕگەی (یەکەم) لە ماددەی (13) لە پڕۆژەیاساکە جێهێڵدراوە بۆ وردبینیکردنی لەلایەن هەردوو دیوانی چاودێریی هەرێمی کوردستان و عێراق و هیچ تەرخانکراوێک بۆ ئەم بابەتە دەستنیشان نەکراوە لە خشتەکانی یاسای بودجەی عێراق، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەگوێرەی مادەی (15) لە یاسای فیدراڵیی بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی ژمارە (6)ـی ساڵی 2019 هاتووە کە نابێت زێدەڕەوی بکرێت لە خەرجییەکانی هاتوو لە یاسای بودجە لەبەر هەر هۆ و پاساوێک بێت و نابێت هیچ پابەندییەک پارەی بۆ خەرج بکرێت ئەگەر تەرخانکراوی نەبێت لە ناو یاسای بودجەدا.
 
ئاستەنگەکانی بەردەم خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەک لە خشتەکانی هاوپێچی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی 2023 جێگیر کراون:
 
1. کۆی گشتیی بەشی هەرێمی کوردستان لە خەرجییەکانی بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی 2023 بۆ خەرجییەکانی (النفقات الجارية والرأسمالية) دەکاتە 16 ترلیۆن و 610 ملیار دینار بۆ تەواوی ساڵی 2023، ئەمە سەرەڕای بەشی هەرێمی کوردستان لە تەرخانکراوی خەرجییەکانی (النفقات السيادية) بەم شێوەیە:
 
أ)  228 ملیار و 304 ملیۆن دینار؛ مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی تەرخانکراوی هێزە زەمینییەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگری.
 
ب) 1 ترلیۆن و 428 ملیار دینار بۆ خەرجییەکانی گواستنەوەی بڕی 400 هەزار بەرمیل نەوت/ رۆژانە لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانەوە.
 
ج)  2 ترلیۆن و 498 ملیار دینار بۆ خەرجیی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی بڕی 400 هەزار بەرمیل نەوت/ رۆژانە لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانەوە.
 
بەم شێوەیە کۆی گشتیی بەشی هەرێمی کوردستان لە تەرخانکراوی خەرجییەکانی (النفقات الجارية والرأسمالية والسيادية):
 20 ترلیۆن و 486 ملیار دینار.
 
2. راستە ئەو بڕە پارەیەی سەرەوە لە خشتەکانی هاوپێچی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023 جێگیرکراوە، بەڵام ئەم ئاستەنگانەی خوارەوەیان هەیە لەبەردەم خەرجکردنی ئەم بڕە پارانە بۆ هەرێمی کوردستان:
 
أ)  ئاستەنگی خەرجیی فیعلی (الإنفاق الفعلي): لە دوای ساڵی 2014ـەوە بۆ یەکەم جار لە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2015 دەستەواژەی (النفقات الفعلية) وەک بنەما بۆ هەژمارکردنی بەشی هەرێمی کوردستان بەکارهێندرا. بەمجۆرە وەزارەتی دارایی رێژەی 12.67%ـی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای داهاتی فیعلی بەردەستی وەزارەتی دارایی خەرج دەکات کە بە بڕی 134 ترلیۆن و 553 ملیار دینار خەمڵێندراوە نەک خەرجییەکان کە بە 199 ترلیۆن و 22 ملیار دینار دانراوە.
 
ب) ئاستەنگیی رێژەی تەرخانکراوی مووچەی هەرێمی کوردستان لە چاو بەغدا ئەگەر (خەرجى فیعلى) بکرێتە بنەما: کۆی گشتیی تەرخانکراوی مووچە لە سەرتاسەری عێراق 59 ترلیۆن دینارە و ئەوەی هەرێمی کوردستان 9 ترلیۆن دینارە. بەمشێوەیە مووچەی هەرێمی کوردستان رێژەی 15.25%ـی تەرخانکراوی مووچەی عێراق پێکدەهێنێت و ژمارەی مووچەخۆرانی عێراق 4 ملیۆن و 96 هەزار و 801  فەرمانبەرە و هەرێمی کوردستان 681 هەزار و 979 فەرمانبەرە. بەمشێوەیە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رێژەی  16.6% لە ژمارەی فەرمانبەرانی عێراق پێکدێنێت نەک رێژەی 12.67%.
 
ج) کۆی گشتیی مووچەی تەرخانکراوی چاودێریی کۆمەڵایەتی (خانەنشینی) عێراق بریتییە لە 28 ترلیۆن دینار و هەرێمی کوردستان 1 ترلیۆن و 36 ملیار دینار.
 
ه) تەرخانکراوی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە خراوەتە ناو تەرخانکراوی هێزەکانی وشکانیی سەر بە وەزارەتی بەرگری کە وا باشتر بوو لە خانەیەکی سەربەخۆ لەناو تەرخانکراوی (النفقات السيادية)دا بووایە.
 
و) میکانیزمی دەستنیشانکردنی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان بریتییە لە رێژەی 12.67% لە کۆی گشتیی تەرخانکراوی خەرجیی فیعلی لە دوای داشکاندنی خەرجییەکانی سیادی و حاکیمە و ئەوەی کە دەمێنێتەوە 117 ترلیۆن و 100 ملیار دینارە، نەک لە کۆی گشتیی تەرخانکراوی خەرجییەکان کە بە بڕی 199 ترلیۆن و 22 ملیار دینار دەستنیشان کراوە.
 
ز) دەزگای ناوەندیی ئامار سەر بە وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵی، بەپێی نووسراویان ژمارە (12899) لە 19-12-2017 ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانی بەپێی پارێزگاکان بۆ ساڵی 2018 دیاریکردووە و بە 5 ملیۆن و 309 هەزار و 405 کەس خەمڵاندووە کە 14%ـی کۆی خەمڵاندنی دانیشتووانی عێراق پێکدەهێنێت، کە دەکاتە 38 ملیۆن و 124 هەزار و 200 کەس، نەک رێژەی 12.67%.
 
3. بڕی پارەی پێویست بۆ پڕکردنەوەی خەرجییەکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و گواستنەوەی بڕی 400 هەزار بەرمیل/ رۆژانە لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە بە بڕی 5 ملیار و 149 ملیۆن دۆلار لەلایەن کۆمپانیای وردبینیی (دیلۆیت)ـەوە خەمڵێندراوە کە دەکاتە 6 ترلیۆن و 694 ملیار دینار، بەڵام لەناو خەرجییەکانی (النفقات السيادية)دا تەنها بڕی 3 ترلیۆن و 876 ملیار دینار دانراوە. بەم شێوەیە کورتهێنانێکی گەورە دروست دەبێت بە بڕی دوو ترلیۆن و 820 ملیار دینار و ئەگەر پڕنەکرێتەوە ئەوا هەرێمی کوردستان ناتوانێت کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان پابەند بکات بە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوت/ رۆژانە، ئەمە جگە لە قەرز و پارەى پێشەکیى وەرگیراو لە کڕیارانى نەوت و پابەندە داراییەکانی پێشوو پەیوەندیدار بە نەوت و گاز لە ئەستۆی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کە هیچ ئاماژەیەکی بۆ نەکراوە لە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023.
 
4. لە پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵ جگە لە دەستەواژەی (النفقات الفعلية) دەستەواژەیەکی نوێش هاتووەتەکایەوە کە ئەویش ئەوەیە هەژمارکردنی بەشی هەرێمی کوردستان لە هیچ حاڵەتێکدا نابێت لە رێژەی داهاتی نەوتی و بەشی گەنجینە لە داهاتی خاڵە سنوورییەکان زیاتر بێت (............ وبما لايزيد عن النسبة ذاتها من الإيرادات النفطية وحصة الخزينة من إيرادات المنافذ الحدودية)، بەم شێوەیە هیچ نرخێک بۆ ئەو ژمارانە نامێنێتەوە کە لە خشتەکانی هاوپێچی بودجەی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان جێگیرکراون و وەکو ساڵانی پێشوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ هەرێمی کوردستان قەرزدار دەکات لەبەردەم حکومەتی فیدراڵی، هەروەک لە ساڵانی 2021 و 2022 بینیمان.
 
پێشنیازی چارەسەر:
 
1. لابردنی دەستەواژەی (النفقات الفعلية) لە هەردوو بڕگەی (یەکەم) و(دووەم) لە مادەی (١٢) لە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی 2023 و بەم شێوەیە بخوێنرێتەوە:
 
(المادة 12: أول اً- تحدد حصة إقليم كردستان من إجمالي النفقات المبينة في الجدول...........ثانياً: تحدد حصة إقليم كردستان من مجموع النفقات الجارية ونفقات المشاريع الإستثمارية بعد إستبعاد النفقات السيادية....... ).
 
2. سەرەڕای لابردنی دەستەواژەی (النفقات الفعلية)، پێویستە ئەم دەستەواژە نوێیەش لاببردرێت کە ئەویش ئەوەیە هەژمارکردنی بەشی هەرێمی کوردستان لە هیچ حاڵەتێکدا نابێت لە رێژەی داهاتی نەوتی و بەشی گەنجینە لە داهاتی خاڵە سنوورییەکان زیاتر بێت (............وبما لايزيد عن النسبة ذاتها من الإيرادات النفطية وحصة الخزينة من إيرادات المنافذ الحدودية).
 
3. لە حاڵەتی جێبەجێنەکردنی پێشنیازی هاتوو لە بڕگەی (1)ـی سەرەوە، ئەو کات پێویستە وەک بژاردەی دووەم خەرجییە فیعلییەکانی هەرێمی کوردستانیش لە چوارچێوەی خەرجییە فیعلییەکانی سەرتاسەری عێراق هەژمار بکرێت، نەک تەنها لەسەر خەرجییە فیعلییەکانی 15 پارێزگاکەی دیکەی عێراق، و لەناو یاسای (قانون الإدارة المالية الإتحادية) ژمارە (6)ـی ساڵی 2019 و لە بڕگەی (پازدەهەم) لە مادەی (1)ـی یاساکەدا بە ئاشکرا هاتووە کە یەکەکانی خەرجیی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە. هەروەها لە مادەی (2)ـی هەمان یاسادا هاتووە کە خەرجییەکانی هەرێمی کوردستان بەشێکە لە بودجەی گشتیی عێراقی فیدراڵ.
 
بۆ جێبەجێکردنی ئەم پێشنیاز و چارەسەرانەش، پێویستە هەمواری پڕۆژەیاساکە بکرێتەوە لەبەر رۆشنایی خاڵەکانی سەرەوە. هەندێک لەم هەموارکردنەوانەش لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی نوێنەران نییە بەگوێرەی مادەی (12) لە یاسای ژمارە (6)ـی ساڵی 2019، چونکە ئەنجوومەنی نوێنەران تەنها دەسەڵاتی کەمکردنەوەی سەقفی بودجەی هەیە نەک زیادکردنی، بەڵام هیچ نەبێت ئەنجوومەنی نوێنەران دەتوانێت دەستەواژەی خەرجی راستەقینە (الانفاق الفعلي) لابەرێت یان هیچ نەبێت وەزارەتی دارایی فیدراڵ پابەند بکات کە خەرجیە فیعلییەکانی هەرێمی کوردستانیش لە چوارچێوەی خەرجیە فیعلییەکانی دەوڵەت ئەژمار بکات و لە هەمان کاتدا ئەو بەربەستەش لاببەن کە دەڵێت پشکی هەرێمی کوردستان لە هیچ حاڵەتێک نابێ لە بڕی بەشداریی هەرێمی کوردستان لە داهاتی فیدڕاڵیی زیاتر بێت.
 
مەبەست لە خستنەڕووی ئەم بابەتە بەم وردەکارییەوە زیاتر بۆ بەرچاوڕوونی خوشک و برایانی کوردستانییە لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران بەتایبەتتریش ئەندامانی هەردوو لیژنەی دارایی و یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەران و هەروەها لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانی بەشدار لە (هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت)ـە کە پێکهێنەری کابینەی بەڕێز محەممەد شیاع سودانییە کە وا بڕیارە رۆژی 10-05-2023، دوا رێکەوتی یەکلاییکردنەوەی گفتوگۆکانی تایبەت بە پڕۆژەیاسای بودجە بێت.
 
تێبینی: ئامانج لەم راپۆرتە ئامادەکراوە بۆ پشتیوانیی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنە کوردستانییەکانە تا هاوکاریان بێ بۆ زامنکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان.