دەست لە یادەوەریمان مەدەن

بۆ کاک خالید شوانی

 

هەفتەی رابردوو، دەرفەتێک هەڵکەوت لەگەڵ چەند بەڕێزێک کە لە ساڵانی هەشتاکاندا بە هۆکارگەلی سیاسی لە گرتووخانەی ئەبوغرێب بووین، لە بەغدا یەکمانگرتەوە و پێکەوە چووینەوە ئەو شوێنەی هەریەک لە ئێمە چیرۆکی تایبەت بەخۆی لەگەڵی هەیە. 
 
ئەم زیندانە، کۆتایی ساڵانی پەنجاکان دروستکراوە و لەسەر رووبەرێکی بەرینە کە چەندین بەشی گەورە گەورە لەخۆدەگرێ. سەیر ئەوەیە دیزایینەکەشی لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەمریکییەوە کراوە، بەڵام مەعلوومە پاشان دەستکاری کراوە. ئەمە زیندانێکی مەرکەزی بوو بۆ تەواوی عێراق، لە حوکمی سووکەوە هەتا حوکمە قورسەکانی تایبەت بە دۆزەکانی تاوانی هەمەجۆر، بەشێکی گەورەشی هەبوو بۆ (حوکمە تایبەتەکان)، واتە تاوانبارانی پەیوەندیدار بە سیاسەتەوە... هەروەها بەشی لەسێدارەدانیش کە من لەم سەردانەدا زانیم لە بەشەکەی ئێمەوە زۆر نزیک بووە. 
 
ئەو بەڕێزانە هەموو لە سلێمانییەوە هاتبوون و منیش بە تەنیا لە هەولێرەوە. ماوەی دوو شەو لە یەکێ لە هوتێلە خراپەکانی بەغدا ماینەوە (وابزانم هیچ هوتێلێکی باشی نییە)، رۆژی یەکەم پێکەوە چووین بۆ ئەبوغرێب. بۆ من، ئەوە یەکەم بینینەوە بوو لەپاش 36 ساڵ، بۆ هەندێکیان نزیکەی 40 ساڵ تێپەڕیبوو.
هەندێ بەشی گرتووخانەکە هێشتا ئاوەدانن، بەڵام بەشی سیاسییەکان (حوکمە تایبەتەکان)، پاش ساڵی 2014 کە داعش پەلاماری دا و ژمارەیەک لە گیراوەکانی خۆی تێدا ئازاد کرد، ئیدی داخرا. لە بەشی لەسێدارەدانیش تەنیا بینای جێبەجێکردنی سزاکە ماوەتەوە، بەڵام هەر داروپەردوویەکە و بەتەواوی پشتگوێخراوە. لەسەر دیوارەکانی هۆڵی لەسێدارەدان، بە پەمپ، درووشمی پشتیوانی بۆ حەشدی شەعبی نووسراوە !
 
شوێنێکی تەپوتۆزاوی و پۆخڵ و پەرپووت.
 
بەشی حوکمە تایبەتەکان کە خۆم لەوێ بووم، زەینێکی وردی دەویست شوێنی خۆت بناسیتەوە. دەستکاری کراوە و بەو دیزایینەی سەردەمی ئێمە نەماوە، جا دیار نییە هەر لە سەردەمی بەعس لە ساڵانی نەوەتەکاندا دەستکاری کراوە یان پاش 2003 کە ئەمریکییەکان هاتن و زیندانەکەیان بەدناو کرد. دیارە خۆی هەر بەدناو بوو، بەڵام سەردەمێک ئەوە بۆ ئێمەمانان جێی شانازی بوو. ئێستا لە گووگڵ بۆ ناوی ئەبوغرێب بگەڕێ، تەنیا ئەو وێنە و بابەتانەت بۆ ریز دەکات کە پەیوەندییان بە سکانداڵەکەی پاش 2003ـوە هەیە. ئەو یادگارەی ئێمەیان شێواند. جیهان ئەبوغرێب لەڕێی چیرۆکی بەندکراوە سیاسییەکانی سەردەمی بەعسەوە ناناسن، تۆ ئەگەر بە بیانییەکی شارەزای عێراق بڵێی لە ئەبوغرێب بووم، بیری بۆ چی دەچێ؟ مقاوەمەی عێراقی و قاعیدە و داعش.
دیزایینی ناوەوەی کە دەستکاری کراوە، دەکرێ رۆژێک لە رۆژان چاک بکرێتەوە، دیوارێک لێرە و پەنجەرەیەک لەوێ و بەشێک کە زیاد کراوە و دەرگایەک کە شوێنەکەی گۆڕاوە، هەموو ئەمانە دەکرێ چاک بکرێنەوە، ئێستا کێشەکە ئەوەیە بەنیازن سەرلەنوێ ئاوەدانی بکەنەوە!
 
من چووم بڵێم تکایە ئێرە وەکو یادگارێک بپارێزن. چەندین نەوە بەم زیندانەدا تێپەڕیوین. ئەمە بەشێکە لە مێژووی عێراقی نیوەی دووەمی سەدەی بیست. باس لە یادگاری دەیان هەزار بەندکراوی سیاسی دەکەین. عێراق دەوڵەتێکە بە مێژووی دێرینی هەشت هەزار ساڵ شارستانێتییەوە دەنازێ، کەچی ناتوانێ یادگار و شوێنەوارەکانی مێژووی نوێی خۆی بپارێزێ! بڕۆ بەغدا، هیچ ئاسەوارێک لە سەردەمی پاشایەتی و پاش ئەویش نادۆزیتەوە. کۆشکی زهوور کراوە بە شوێنی پارکینگی ئۆتۆمبێل! قەسری ریحاب پاش کودەتای 14ـی تەمووز ناوەکەی کرا بە قەسری نیهایە و پاشان نازم گزار کردیە بەدناوترین شوێنی ئەشکەنجەدان لە تەواوی مێژووی عێراقدا، دواتریش بوو بە دەزگای موخابەرات و فڕۆکەی ئەمریکی بە مووشەکێک خاپووریان کرد. 
 
گۆڕستانی بنەماڵەی شاهانە هەیە لە گەڕەکی ئەعزەمییە، دووەم رۆژم کە لە بەغدا بووم و ئیتر بە تەنیا بووم، بەهەلم زانی بچم سەردانێکی بکەم، ئەمە مەزارگەیەکە گۆڕی هەشت پادشا و شاژنی عێراق لەخۆدەگرێ، لە فەیسەڵی یەکەمەوە هەتا ئەوانەی لە کودەتاکەی 1958 دا کۆمەڵکوژ کران. جگە لەوان کە گۆڕەکانیان دەکەوێتە ناوەوەی مەزارگەکە، گۆڕی جەعفەر عەسکەریش لە حەوشەی مەزارگەکەدایە کە یەکەمین وەزیری بەرگریی عێراق بووە لە ساڵی 1921 و ساڵی 1936 بە فەرمانی بەکر سدقی کوژرا. بەناو ئەو هەموو فەوزا و ترافیکەدا کە نازانم چەندی خایاند، بە تاکسییەک چووم دوو جار بە دەوریدا خولاینەوە دەرگاکانی داخرابوون. ئەمە نە هەینییە و نە رۆژی پشووە و نە هیچ بۆنەیەکی مەزهەبی هەیە. پرسیارم لە کەسێک کرد، گوتی وەڵا ئەوە هەر ئاوا داخراوە، خەڵکی تریش وەکو تۆ دێن پرسیار دەکەن و بە نائومێدی دەگەڕێنەوە. 
 
مەزارێکە لە شێوەی گومەزی مزگەوت، دەکەوێتە نێو بازنەیەکەوە و سێ دەرگای هەیە، لە هیچ دەرگایەکیان نەنووسراوە ئەمە گۆڕستانی شاهانەیە، "یا محمد"ـێک بە گەورەیی لەسەر یەکێ لە دەروازەکانی نووسراوە و تەواو.
 
ئەمە تێگەیشتنی نوخبەی فەرمانڕەوای عێراقە بۆ شوێنەوار. لای ئەوان وا دیارە شوێنەوار هەر ئەوەیە کە لە سەردەمی مس بێڵ فێری بوون. ئەم سەت ساڵە بەم هەموو ئاشووبەوە ئاسەوارێکی نەماوە. کەچی لە ئێرانی تەنیشتیاندا چونکە لەمان خوێندەوارترن، کۆشکی نیاوەرانی محەممەد رەزاشا وەکو ئەو رۆژە پارێزراوە کە بەجێیهێشت.
 
جا رۆژگارێ پێموابوو لە عێراقیش سەردەمێک دێت، زیندانی ئەبوغرێب دەبێتە رووگەی گەشتیار. کەچی لەو هەموو خراپکارییەی سەردەمی سەددام حوسێن ئەم بەشەی ئەبوغرێب ماوە کە لەجیاتی ئەوەی بپارێزرێ، تێکهەڵکێش دەکرێتەوە لەگەڵ سەردەمی پاش خۆی!
 
تۆ کە هەمان زیندانەکانی ئەوەی پێش خۆت بەکارهێنایەوە، لە کوێدا لەو جیاوازی؟
 
ئەم زیندانانە سیمبوولی بەعسن، تۆ پێویست ناکات هیچ لەبارەی ئەو سەردەمەوە بڵێی، ئەم خۆی چیرۆکەکە بۆ نەوەکانی داهاتوو دەگێڕێتەوە. بەڵام ناهێڵن ئەم شاهیدە چیرۆکەکەی بگێڕێتەوە، پڕی دەکەن لە داعش، لە فرۆشیاری ماددەی هۆشبەر و... 
 
بۆیە بزانن یان نا، بەجۆرێک بەشدارن لە سڕینەوەی ئاسەواری سەردەمێکی تاریک، سەردەمێک کە نەوەکانی داهاتوو نازانن چۆن بووە و رەنگە هەمان رابردوو دووبارە بکەنەوە.
 
هەرە گرنگترین کارێک لە سەردەمی پاش رووخانی بەعسدا لە عێراق کرابێت، پرۆژەکەی کەنعان مەکیە بوو (دامەزراوەی یادگەی عێراق)، ئەم پرۆژەیەی لێ بترازێ، کەس لە نوخبەی سیاسی لە خەمی ئەوەدا نەبوون لەڕێی بەشوێنەوارکردنی شوێندەستەکانی بەعسەوە، قەتیعەیەک لەگەڵ سەردەمی پێشوو دروست بکەن و لاپەڕەیەکی تازە هەڵبدەنەوە.
 
تکام لە بەڕێوەبەری گرتووخانەکە کرد کە مرۆڤێکی بەڕێزە، گوتم تکایە ئەم بەشە و بەشی لەسێدارەدان بە دیزاینە کۆنەکەی نۆژەن بکەنەوە و بیکەنە یادگارێک. گوتی فەرمان لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە هاتووە زوو ئامادەی بکەینەوە و بیکەینەوە بە گرتووخانە!
 
ئەم گرتووخانەیەش سەر بە وەزارەتی دادە کە وەزیرەکەی کاک خالید شوانییە. من هیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆم لەگەڵ ئەو بەڕێزە نییە، لێرەوە تکای لێ دەکەم ئەو کارە هەر هیچ نەبێ با لە سەردەمی ئەودا نەکرێ. بەکارهێنانەوەی هەمان ئامرازەکانی سزادان و ئەشکەنجە لەڕووی سیمبووڵیکەوە مانایەکی قووڵی هەیە. مەسەلە هەر پاراستنی داروپەردوویەک نییە، ئەڵمانەکان لە پاش جەنگی دووەمی جیهانی بۆئەوەی بیسەلمێنن کە هیچ پەیوەندییەکیان بە نازیزمەوە نەماوە، دەبوو گرتووخانەکانی سەردەمی نازی بکەنە مۆزەخانە. ئەمە بەشێکە لە بەمێژووکردنی سەردەمێک، بەتایبەتی ئەگەر سەردەمێکی تاریک بووبێ. تۆ کە ئامادە نەبی ئەوەی پێش خۆت بکەیتە یادەوەری، مانای وایە ئامادەی دووبارەی بکەیتەوە. مانای وایە لە هەمان رابردوودا دەژیت.
 
ئێوە کە گرتووخانەکانتان پڕ بوون، گرتووخانەی نوێ بە پێوەری نوێ دروست بکەن، ئەو گرتووخانە کۆنە یادگەی نەوەیەکە بە گیراوان و کەسوکاریانەوە. بەڵام ئەم مەسەلەیە وا دیارە لای ئەم نوخبە سیاسییەی عێراق گرنگ نییە، ئەمە لە کوردستانیش هەروا بووە، لە سلێمانی لەسایەی ژنێکی ژیری وەکو هێرۆ خانەوە ئەمنە سوورەکە پارێزرا، بەڵام وەرە لە شارێکی گەورەی وەکو هەولێر بۆ یەک ئاسەواری بەعس بگەڕێ، نییە. کوا دایرەی ئەمن، کوا ئیستیخبارات، کوا زیندانی تاکەکەسی و شوێنی ئەشکەنجەدانی ئەو هەموو گەنجە هەولێرییە؟ تەنانەت بە فۆتۆیەک، بە فیلمێکی ڤیدیۆش نییە. تۆ کە هیچ ئاسەوارێکت لەو سەردەمە تاریکە نەهێشتووەتەوە، تازە ناتوانی بە تەنەکە و ئاسنە شکاو زیندوو رایگری. هەولێری گوتەنی ئیش بە تەتکە و پەتکان پێکنایێ.
 
بەمۆزەخانەکردنی گرتووخانەیەکی وەکو ئەبوغرێب، یان نوگرە سەلمان نابێ لەم نوخبەیەی ئێستای عێراق چاوەڕێ بین، دیارە لەوێ هێشتا کێشەی گەورەتر هەیە و ئەم بابەتەی من باسی دەکەم لە ئەولەویەتدا نییە. ئەمەش بۆ هەر وڵاتێ کە کێشەی زۆری کەڵەکەبووی هەبێ تەحسیل حاسڵە. بەڵام ئەوەی دەبێ بیر لەمە بکاتەوە کوردە، بەرپرسە کوردەکانی بەغدان. حکومەتی هەرێمی کوردستانە، شوێنێکی وەکو نوگرە سەلمان راستە گرتووخانەیەکی دێرینە و یادگاری خەباتگێڕانی سەر بە رەوت و ئاراستەی سیاسی دیکەشە، بەڵام بۆ کورد شاهیدێکی گرنگی چیرۆکی ئەنفالە. سبەی رۆژ نەوەی نەوەی ئەنفالکراوان دەیانەوێ ئەو دوا مەنزڵگەیەی داپیران و باپیرانیان ببیننەوە، تۆی کە ئێستا دەسەڵاتداری، ئەمە بەرپرسیارێتی تۆیە. رۆژێک کە چووبوومە سەردانی گەورە سەربازگەی ئاوشفیتز لە باشووری پۆڵەندا، سەدان منداڵی ئیسرائیلیم بینی کە بە چەند ئۆتۆبوسێک هێنابوویانن بۆ ئەو سەربازگەیەی سەردەمی نازیزم تاوەکو شوێنەوارەکانی هۆڵۆکۆست بەچاوی خۆیان ببینن. بەڵام لە عێراق، 35 ساڵ حوکمی دیکتاتۆری و تاریکی رژێمی بەعس وا خەریکە هیچ ئاسەوارێکی نامێنێ و حیکایەتی دەماودەمیش هەر زەمەنێک بڕ دەکات.