ئەوەی دەیەوێ لەگەڵ ئێران رێکبکەوێ بچێتە بەیرووت

لەدوای کوژرانی حاجی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، یەکێک لەوانەی لە دۆسییەکانی دەرەوەی ئێران قسەی یەکلاکەرەوە دەکات، حەسەن نەسروڵڵا سەرۆکی حیزبوڵڵایە و تا رادەیەکی زۆر ئێستا کارەکانی دۆستە نزیکەکەی خۆی (سولەیمانی) لە بەڕێوەبردنی گرووپەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکەدا دەکات.
 
حەسەن نەسروڵڵا یەکێکە لە هێزە بەوەکالەتە زۆر کاریگەرەکانی هەژموونی ئێران لە ناوچەکە و لە سیاسەتی دەرەوەی ئێرانیش قسەی خۆی هەیە. زۆرجار دەگوترێت کە حەسەن نەسروڵڵا لای ئایەتوڵڵا خامنەیی رێبەری ئێران هێڵی سوورە و لە زۆر بەرپرسی حکومەتی ئێران کاریگەرترە لای. 
 
کەسانێکی زۆر هەن کە باوەڕیان وایە ئێستا نەسروڵڵا کارەکەی سولەیمانی دەکات و گرووپە بەوەکالەتەکانی ئێران لە ناوچەکە بەگوێی دەکەن.
 
هەموومان ئاگامان لێبوو، کە چۆن ئێران و سعودیە خەریکی لێکنزیکبوونەوە بوون، وەزیری دەرەوەی ئێران بە خۆشحاڵییەوە باسی ئەو نزیکبوونەوەی دەکرد و وەک دەستکەوت باسی دەکرد. بەڵام چونکە بە دڵی نەسروڵڵا نەبوو بەیەک لێدوان زۆربەی شتەکانی خستەوە بازنەی یەکەم و لە حکومەتی ئێرانیشی تێکدا و کەسیش نەیتوانی قسە بکات.
 
مانگی رابردوو شێخ تەحنوون بن زاید راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئیمارات رۆیشتە تاران و پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی و ئێرانی ئاسایی کردووە و بڕیاربوو لەم مانگەدا ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکی ئێران سەردانی ئیمارات بکات، بەڵام چونکە نەسروڵڵا بەدڵی نەبوو، پێش سەردانەکەی سەرۆکی ئێران بۆ ئیمارات، مووشەکەکانی حوسییەکان لە ژێر کاریگەریی نەسروڵڵا گەیشتنە ئەبوزەبی. لەوێش سەردانەکەی رەئیسیی تێکچوو.
 
لە عێراقیش نەسروڵڵا قسەی خۆی هەیە و باس لەوەش دەکەن کە موقتەدا سەدر جگە لە خزمایەتیی، دۆستیەتی و گوێگرێکی باشە بۆی. هەروەها دەگوترێت زۆر سەرسامە بە کەسایەتیی و کاریزمای حەسەن نەسروڵڵا.
 
زانیارییش هەیە کە لەم ماوەیەدا نەسروڵڵا و سەدر باسی حکومەت و پرۆسەی سیاسیی عێراقیان کردووە. ئەوەندەی سەدر گوێ لە نەسروڵڵا دەگرێ ئەوەندە گوێ لە بەرپرسانی دۆسیەی عێراق لە ئێران بە ئیسماعیل قائانیشەوە ناگرێ، کە ئێستا جێگرەوەی قاسم سولەیمانییە و فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانە.
 
باسەکە لەوەیە ئێران وڵاتێکی گەورەیە و چەندین دامەزراوەی تێدایە و بەرژەوەندییەکانی دامەزراوەکان جیاوازن، تەنانەت دەگوترێت لەو دۆخە سەختە ئابوورییەی ئێران بودجەی تایبەت بۆ حەسەن نەسروڵڵا هەیە و ئاوا باس دەکرێت کە ئێران دینارێکی هەبێت لەگەڵ نەسروڵڵا دەیکاتە دووبەشەوە. تەنانەت لە هەڤپەیڤینێکی دزەپێکراو لەگەڵ جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران کە دەنگدانەوەی زۆری هەبووم بە ئاشکرا باسی ئەوە دەکات کە مەیدان (سەنگەرەکانی حیزبوڵڵا) لەپێش دیپلۆماسی و هەر دامەزراوەیەکی سیاسین و ئەوانن بڕیاری یەکلاکەرەوە لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران دەدەن.
 
ئێستا لە نەبوونی قاسم سولەیمانی، حەسەن نەسروڵڵا جێگرەوەیەکی بەهێزە و قسەی هەیە لە لوبنان و یەمەن و سووریا و عێراق. لە کۆتاییشدا ئەگەرچی جیاواز بێ لە بەرپرسە حکومییەکانی ئێران، بەڵام کارەکانی بۆ بەرژەوەندیی ئێرانە و بە رێگا و کاریگەریی خۆی. بۆیە رێگەکان بۆ رازیکردنی هەموو دامەزراوەکانی تاران، ئێستا بە بەیرووتدا دەڕۆن.