چۆن فەوزییەم لە غەززە دۆزییەوە؟

 
نیسانی ساڵی 2022 بوو، لە رێگەی کچێکی کوردی ئێزدییەوە کە چەند مانگێک بوو رزگار کرابوو، ژمارەی تەلەفۆنی فەوزییە سەیدیۆم دەستکەوت. لە رێگەی وەتسئەپەوە نامەیەکم بۆ نارد و بە زمانی عەرەبی وەڵامی دامەوە، منیش خۆم پێ ناساند و گوتم، "رۆژنامەڤانێکی تۆڕی میدیایی رووداوم". ئەویش گوتی، "قسەکردن لەگەڵ پیاو حەرامە و ناتوانم قسەت لەگەڵ بکەم."
 
ئیدی لە رێگەی کچێکی نووسینگەی دهۆکی رووداوەوە قسەمان لەگەڵ کرد و گوتی، لە شاری غەززەیە لە فەلەستین. داوای هەڤپەیڤینێکمان لێکرد، سەرەتا رازی نەبوو، بەڵام دوای 5 مانگ پەیوەندیی کردەوە و رەزامەندیی پیشاندا.
 
فەوزییە مەرجی ئەوەی هەبوو کچ هەڤپەیڤینەکەی لەگەڵ بکات. ئەوە بوو لە 13-09-2022 لە رێگەی کچێکی نووسینگەکەمانەوە هەڤپەیڤینێکی کورتمان لەگەڵ کرد و گوتی، ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
 
دوای بڵاوبوونەوەی هەڤپەیڤینەکە، یەکێک لە کەسوکارەکەی پەیوەندیی پێوە کردم و منیش ژمارەی مۆبایلی فەوزییەم پێدا. فەوزییە لە سەرەتای ئابی ساڵی 2023دا نامەیەکی بۆ ناردمەوە و گوتی، "دەمەوێت قسە بو رووداو بکەم بۆئەوەی دەنگم بە هەموو جیهان بگات". ئەوە بوو لە 3ی ئابی 2023 هەڤپەیڤینەکەم لەگەڵ کرد و بە هەموو زمانەکان لە تۆڕی میدیایی رووداو بڵاوکرایەوە.
 
دوای بڵاوبوونەوەی هەڤپەیڤینەکە، لە وەزارەتی دەرەوەی عیراق، نووسینگەی رزگاربووانی دەستی داعش کە سەر بە نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، حکومەتەکانی ئەڵمانیا، رووسیا و ژاپۆن، 16 رێکخراوی نێودەوڵەتی و چەند کەسایەتییەکی کوردی ئێزدی لە دەرەوە پەیوەندییم پێوەکرا و داوای ژمارەی فەوزییەیان کرد. خۆیشم وەک رۆژنامەڤانێکی رووداو هەوڵم دەستپێکرد بۆ ئەوەی خۆم بگەیێنمە غەززە و لە رزگارکردنی فەوزییە و بە بەڵگەکردنی چیرۆکی ژیانی ئەو ژنە کوردە ئیزدییە هاوکاربین، بەڵام رێگە نەبوو و هەربۆیە نەمتوانی بگەمە غەززە.
 
ژمارەی تەلەفۆنەکەی فەوزییە تەنیا جاروبار بەردەست بوو. پێش چوار مانگ نامەیەکی نارد و قسەم لەگەڵ کرد و گوتی، "بڕیارم داوە بگەڕێمەوە کوردستان". منیش ژمارەی نووسینگەی رزگاربووانی دەستی داعشم پێدا. لەگەڵ ژمارەیەک رێکخراو و کەسایەتی کوردی ئێزدی لە ئەڵمانیاش قسەم کرد و بڕیارەکەی فەوزییەم پێ گەیاندن و داوام کرد هاوکاری بکەن لە گەڕانەوەی بۆ هەرێمی کوردستان.
 
کاتێک 03ـی ئەم مانگە هەواڵی رزگاربوونی فەوزییەم بیست، لە رێگەی وەتسئاپەوە پەیوەندیم بە هەمان ژمارەی فەوزییەوە کرد کە لە فەلەستین پێی بوو و گوتم، "تۆ ئەو کەسەی رزگار کراوە؟" وەڵامی دامەوە و گوتی بەڵێ. منیش بەخێرهاتنەوەم بۆ کوردستان و نێو کەسوکارەکەی کرد.
 
فەوزییە دوو خوشک و پێنج برای هەبوو، 03ـی ئابی 2014 کاتێک چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر شنگال و دەوروبەری، تەمەنی ئەو کچە 10 ساڵ بوو، خۆی و 2 برای 8 ساڵ و 12 ساڵی لە ماڵی خاڵیان بوون کەوتنە دەست چەکدارانی ئەو رێکخراوە پەڕگیرە.
 
دوای گواستنەوەی فەوزییە و کەسوکارەکەی بۆ تەلەعفەر و بادووش لە پارێزگای نەینەوا، ژن و پیاوەکانیان لێک جیاکردبوونەوە، فەوزییە و دەیان کچ و ژنی دیکەی کوردی ئێزدی بەرەو سووریا برابوون. 
 
فەوزییە لە تەمەنی 12 ساڵیدا بە زۆر بە شوو درابوو بە چەکدارێکی داعشی خەڵکی فەلەستین و ببووە دایکی کچ و کوڕێک. 2018 هاوژینەکەی فەوزییە کوژراوە و ئەویش لەگەڵ ژن و منداڵی دیکەی چەکدارانی داعش بە پاسپۆرتی ساختە چووەتە تورکیا و 2 مانگ لەوێ ماوەتەوە، دواتر بە هاوکاری خەزوور و خەسووی لە تورکیاوە چووەتە میسر و لەوێشەوە دەچێتە غەززە و دەگاتە لای خەسوو و خەزووری.