قۆناخێکی نوێ لە پیشەسازیی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان

04-10-2023
عومەر ئەحمەد
A+ A-
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو بەرپرسانی تورکیا ئامادەن بۆ دەستکردن بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆڕییەوە بۆ بەندەری جەیهان تاوەکو دوو هەفتەی داهاتوو. وەڵامی فەرمیی بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵیی عێراقیش بۆ ئەو ئامادەییەی تورکیا ئەرێنی بووە.
 
ئەمە لە کاتێکدایە شەش مانگ زیاترە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان وەستاوە. نرخی نەوتی برێنت 90 دۆلاری تێپەڕاندووە و زۆر لە شرۆڤەکاران پێیانوایە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ دەگاتە 100 دۆلار. سەرەڕای ئەوەی حکومەتی عێراق زیانی شەش ملیار دۆلاری بەرکەتووە، بەڵام هیچ نیازێکی راستەقینەی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە چەند مانگی رابردوودا پێشان نەدا. لە هەڤپەیڤینێکی دا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لە سەرەتای مانگی حوزەیران دا، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق بە ئاشکرا رایگەیاند وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کاری عێراقی ئاسان کردووە بۆ ئەوەی پابەندبێت بە رێککەوتنی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەسەوە. 
 
هەندێک لایەنی سیاسی لە عێراق ئەگەر بە ویستی خۆیان بێت رازی نابن یەک بەرمیل نەوتیش لە هەرێمی کوردستان بەرهەم بێت، بەڵام گوشارە بەردەوامەکانی حکومەتی ئەمریکا و تەنانەت هەندێ لە وڵاتە ئەوروپییەکانیش لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا عێراقی ناچارکرد رێگە بە کردنەوەی بۆڕیی نەوتی هەرێمی کوردستان بدات. قورسایی گوشارەکانی بەرپرسانی ئەمریکا لەسەر عێراق لەکاتی سەردانی سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی بوو بۆ نیویۆرک، کە دەرکەوت بەپێی هەندێ لە بەرپرسانی ئەمریکا، کۆبوونەوەیەک نەبوو کە بەرپرسانی ئەمریکا داوایان لە سوودانی نەکردبێت کە بۆڕیی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بکاتەوە  و بخرێتەوە کار.
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە نیویۆرک بەڵێنیداوە بۆڕیی نەوتی هەرێمی کوردستان بکاتەوە و ئێستا بەڕێوەبەری هەندێ لە کۆمپانیاکان چاوەڕوان دەکەن بزانن ئایا نەرمییەکەی نیویۆرک لە بەغدا رێگری دەخرێتە بەردەم یان نا. 
 
نیازی حکومەتی عێراق بەرامبەر خەڵکی هەرێمی کوردستان روون و ئاشکرایە. لێدوانی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق لەکاتی دەنگدان بە پشکی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بودجەی عێراق و پاش پەسندکردنی بودجەش، جێبەجێنەکردنی یاساکە، نیازی راستەقینەی باڵادەستانی سیاسی لە عێراق بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان دەردەخات. زۆر لایەنی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هۆکاری کێشە داراییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان دەگەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە نەوت راستەوخۆ دەفرۆشرێت و رژدبوون لەسەر ئەوەی دەىێ نەوتی هەرێمی کوردستان بدرێتە دەست بەغدا. 
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان نەوتەکەی رادەستکرد، بەڵام حکومەتی عێراق وەک پشکی هەرێمی کورستان یەک دۆلاریشی تاوەکو ئێستا نەناردووە. ئەو پارەیەش کە ناردوویەتی بەناوی قەرز ناردوویەتی وەک ئەوەی درابێتە وڵاتێکی بیانی. لێرەیە کە دەردەکەوێت روانگە و روانینی هەندێ لایەنی سیاسیی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە بەغدا تاوەکو چ رادەیەک هەڵەن.
 
بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەکردنی بۆ بازاڕەکانی جیهان لە 10 ساڵی رابردوودا، نە تەنیا قورسایی سیاسی بۆ هەرێمی کوردستان دروستکرد و کردییە یاریکەرێکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، هاوکات بووە هۆکار بۆ گەشەی ئابووریی بەرچاو، بەرزبوونەوەی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی، رەخسانی سەدان هەلی بازرگانی و هەلی کاری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ. بەپێی رووپێوێکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، کۆی بەرهەمی ناوخۆیی هەرێمی کورستان لە 2018 دا 25 ملیار دۆلار بووە و 33.6٪ ی راستەوخۆ پەیوەستبووە بە بەرهەمهێنانی نەوتەوە کە نزیکەی 8.4 ملیار دۆلار دەکات.
 
ئەستەم نییە بەبیری خۆمان بێنینەوە کە لە 15 ساڵی رابردوودا، شارەکانی هەرێمی کوردستان چۆن بوون و ئێستا چۆنن لەڕووی گەشەسەندن و پێشکەوتنی سیما و شارسازییەوە. بەرپرسانی عێراق ئەمەیان پێ ناخۆشە، سەرکردە سیاسییەکانی عێراق بە ئاشکرا پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان دەخەنە ئەستۆی ئەوەی گوایە لەپارەی نەوتی بەسرە و ناوچەکانی دیکەی عێراق ئەو ئاوەدانییە لە هەرێمی کوردستان دروستبووە و، ئەستەم نییە بۆت دەربکەوێت کە هەندێک کەسایەتی لە روانگەیەکی سیاسی و رەگەزپەرستییەوە دەیانەوێت رێ لە پیشکەوتنی هەرێمی کوردستان بگرن.
 
بایەخی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتانی رۆژئاوایی
 
یەکێک لە کێشە ئابوورییە گەورەکانی ئەمریکا بەرزیی رێژەی هەڵاوسانە کە لە دوو سااڵی رابردوودا باڵی کێشاوە بەسەر سیاسەتی دارایی و نەختی و بازارە داراییەکانی ئەو وڵاتەدا. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان لە ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ گرانی نرخی نەوت. هەر بۆیە ئیدارەی بایدن و رێکخراوی ئۆپێک بەردەوام رەخنەی تووند لە یەکتر دەگرن. 
 
هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەم هەلومەرجەدا کە قەبارەی خستنەڕووی نەوت کەمترە لە خواستی جیهانی، دەتوانێت هۆکاربێت بۆ دابەزاندنی چەند دۆلارێک لە نرخی ئەو بەرهەمە ستراتیژییە. ئەمەش بۆ ئیداری ئێستای ئەمریکا و بۆ بەرپرسانی هەردوو پارتی دیمۆکرات و کۆماری گرنگە.
 
نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە هەندێ لە وڵاتانی ئەوروپاییش رۆڵێکی ئەرێنی لە دابینکردنی وزەی ئەو وڵاتانەدا دەگێڕا. نەوتی مامناوەندی هەرێمی کوردستان کە لەڕووی کواڵیتییەوە بە نەوتێکی تاڕادەیەک ترش هەژمار دەکرێت، بۆ پاڵاوگە ئەوروپییەکان نەوتێکی گونجاوە. لەم کاتانەدا کە لە ئەوروپا قەیرانی سووتەمەنی وزە لە دوای شەڕی ئۆکرایناوە سەریهەڵداوە، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەوروپاییەکانەوە پێشوازی لێدەکرێت. لێدوان و پاڵپشتی نوێنەرانی وڵاتانی ئەوروپاییش لە عێراق لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان هەر لەم چوارچێوەیەدا دێت.
 
بەهۆی ئاڵۆزی دۆخی وزە لە جیهان دا ، هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە هەموو کات زیاتر بەشێکە لە ئاسایشی وزەی جیهان . ئەوەی لە دوای رووخاندنی رژێمی سەدامەوە لە هەرێمی کوردستان دا کرا لە بواری نەوت دا، دروستکردن و بەهێزکردنی هەرێمێکی بێ ناو بوو لە نەخشەی وزەی جیهان دا. هەرێمی کوردستان بووە ناوچەیەکی بەسوود بۆ جیهان، چونکە بووەتە سەرچاوەیەکی نوێی دابینکردنی وزە بۆ ناوچەکە و هەموو جیهان. ئەوەش لە ئەنجامی بیرکردنەوەی نیچیرڤان بارزانی دا بوو، سەرەڕای بەربەستە زۆرەکان لەلایەن لایەنە عێراقییەکان و ماندووکردنی زۆری لەلایەن لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانەوە.  
 
بەربەستەکان
 
بەربەستی یەکەم لەبەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئەو سکاڵا و سکاڵاکارییەیە کە عێراق و تورکیا لە ئەمریکا پێیەوە سەرقاڵن. حکومەتی عێراق لە دادگایەکی ئەمریکا داوای کردووە قەرەبووی 1.4 ملیار دۆلاریی، کە تورکیا بەپێی بریاری دادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس دەبێت بیداتە عێراق، جێبەجێبکرێت. تورکیاش لەبەرامبەردا دژە سکاڵایەکی تۆمارکردووە بەوەی کە عێراق دەبێت بە بڕی نزیکەی یەک ملیار دۆلار قەرەەبووی تورکیا بکات، لەبەر ئەوەی بەپێی رێککەوتنی بۆڕی عێراق-تورکیا، عێراق نابێت کەمتر لە بڕێکی دیاریکراو نەوت لە رێگەی بۆڕییەکەوە هەناردە بکات ، عێراقیش ئەو بڕەی نەناردووە. ئەگەر دوو لایەن لەسەر ئەو بابەتە نەرمی نەنوێنن و بەردەوامبن لە کەیسە یاساییەکانیان لەدژی یەکتر، ئەگەری دواکەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوت دێتە ئاراوە.
 
بەربەستێکی دیکە، ئەوەیە حکومەتی عێراق تاوەکو ئێستا ئامادە نەبووە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت بداتە کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بە چەشنێک کە بتوانن بەردەوامبن لە بەرهەمهێنانی نەوت. عێراق رایگەیاندووە بۆ هەر بەرمیلێک نەوت شەش دۆلار وەک شایستەی دارایی دەداتە کۆمپانیاکان. کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت لە هەرێمی کوردستان نەیشاردووەتەوە کە بەو شێوازە ناتوانن بەردەوامبن لە بەرهەمهێنانی نەوت.
 
 عێراق بە کرداری 20٪ـی خەرجییەکانی حکومەت بۆ پێدانی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی نەوت تەرخان دەکات. لە داهاتی هەر بەرمیلێک نەوت، 10٪ تاوەکو 15٪ ی دەدرێتە کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان. لەبەر ئەوەش کۆمپانیاکانی  بەرهەمهێنەر لە هەرێمی کوردسان بەناڕەوای دەزانن کە حکومەتی عێراق ئامادە نییە بە هەمان شیوەی کۆمپانیا نەوتییەکان لە باشووری عێراق، مامەڵەیان لەگەڵ بکات.
 
سەرەڕای ئەوەی کە حکومەتی عێراق بەردەوام رەخنە لە گرێبەستەکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەگرێت، کە لە چەشنی گرێبەستی هاوبەشکردنی بەرهەمن، لە دوایین خولی گرێبەستە نەوتییەکانی حکومەتی عێراق، خولی پێنجەم و شەشەم، حکومەتی عێراق بە ئاراستەی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان چووەو تێیدا قەرەبووی سەرمایەی سەرەتایی کۆمپانیاکانی نەوت بەرێژەی تاوەکو 35٪ دەکاتەوە.
 
لە گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکانیش تاوەکو ٣٥٪ی داهاتی نەوت دەدرێتەوە کۆمپانیاکان لەبەرئەوەی بە سەرمایەی خۆیان دەستیان بە دۆزینەوەو بەرهەمهێنانی نەوت کردووە. هەر لەبەر ئەوەشە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان زیاترە لەو کۆمپانیانەی کە سەرمایەی خۆیان ناخەنە مەترسییەوەو تەنیا خزمەتگوزارییەکی دیاریکراو پێشکێش دەکەن. لایەنە دەستڕۆیشتووەکان لە حکومەتی عێراق دا ئامادەنین شایستەی دارایی گونجاو بدەنە کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان، لەبەرئەوەی لە بنەڕەتدا ئەوان نایانەوێت هیچ نەوتێک لە هەرێمی کوردستان بەرهەمبێ و خوا خوایانە ئەو کۆمپانیایانە هەرێمی کوردستان چۆڵ بکەن.
جگە لەو دوو هۆکارە، بەربەستی دیکە هەن لە بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، وەک  رێککەوتنی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەسەوە. ئەم کێشەیە رەنگە لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە و لە رێگەی هاوسەنگکردنی هەناردەکرنی نەوت لە رێگەی بۆڕی و لە رێگەی بەندەری بەسرەوە چارەسەر بکرێت.
 
دەرفەتەکان
 
ئەگەر لە ئەنجامی گوشارە نێودەوڵەتییەکان و ئەو زیانە گەورەیەی کە ئێستا عێراق لە وەستانی هەناردەکردنی نەوت دەیبینێت، هەڵوێستی عێراق بەرامبەر پیشەسازی نەوت لە هەرێمی کوردستان گۆڕدرا و لەجیاتی بەربەست دروستکردن، ئاسانکاری بکات بۆ بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەوا حکومەتی عێراق دەتوانێت بڕی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆڕیی هەرێمی کوردستانەوە بەرزبکاتەوە بۆ سەرووی 700 هەزار بەرمیل و، لە داهاتووشدا رۆژانە زیادی بکات بۆ یەک ملیۆن بەرمیل.
 
هەناردەکردنی نەوت لە بەسرە لە رێگەی ئابووییەوە زۆرجار بەهۆی کێشەی کەشوهەوا و کێشەی لۆجستیکی دیکە ئەستەم دەبێت، بەڵام هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆڕییەوە سەلامەتتر و لە درێژخایەنیشدا تێچووەکەی کەمترە.
 
بەرزبوونەوەی قەبارەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆڕی هەرێمی کوردستانەوە  دەبێتە هۆکار بۆ وەبەرهێنانی سەدان ملیۆن دۆلاری لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان دا. ئەگەری هاتنی کۆمپانیای نوێ و پەرەپێدانی بلۆک و کێڵگەی نەوتی دیکەش دێتە ئاراوە. کۆمپانیاکان لەوە بەدواوە دڵنیان کە پاڵپشتی حکومەتی عێراقیشیان لە پشت دەبێت. ئەمانە وادەکات کە پیشەسازی نەوت لە هەرێمی کوردستان بووژانەوەیەکی نوێی تێبکەوێت.
 
لەگەڵ هەناردەکردنی نەوتی خاو، بەردەوامبوونی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەتوانێت ببیتە هۆکار بۆ گەشەی زیاتری پێشەسازی پاڵاوتن و کەرتی خوارودەستی نەوت (پاڵاوگە و پیشەسازی پترۆکیمیایی). قەیرانی سووتەمەنی لە جیهان دا و گرانی نرخەکانی بەنزین و گازوایل  دەریخست تاوەکو چ ئاستێک هەبوونی پیشەسازی خوارودەستی نەوت لە هەر وڵاتێکدا گرنگە. لە هەرێمی کوردستان تاوەکو رادەیەکی زۆر پەرەی پێدراوەو دەکرێ لەوە بەدواوە زیاتریش پێشبخرێت.
 
گازی سرووشتیی هەرێمی کوردستان
 
هەرێمی کوردستان خاوەنی یەدەگێکی بەرچاوی گازی سرووشتییە کە گرنگییەکی تایبەتی هەیە و دەتوانیت قورسایی سیاسی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتی زیاد بکات، لەبەر ئەو رۆڵە گرنگەی کە گازی سرووشتی لە دابینکردنی ئاسایشی وزەی جیهان دا هەیەتی. بێگومان بۆ ئەوەی گازی سرووشتی هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە سەر رێگە راستەکەی وەبەرهێنان، نەهێشتنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی نێوان هەردوو پارتی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان زۆر پێویستن. 
 
چارەسەربوونی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر پرسی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت، دەتوانێت ئەو دولایەنە لەسەر گازی سرووشتی لێک نزیک بکاتەوە. لە چەند ساڵی داهاتوودا بەهۆی پڕۆژەکانی پەرەپێدانی گازی سرووشتی، بەرهەمهێانی گازی سرووشتی لە هەرێمی کوردستان هێندە بەرزدەبێتەوە کە جگە لە پێداویستی ناوخۆ، دەکریت لە ناوچەکانی دیکەی عێراق بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا سوودی لێوەربگیرێت یان تەنانەت هەناردەی وڵاتانی دیکەی جیهان بکرێت. ژێرخانی هەناردەکردنی گازی سرووشتی لەرێگەی خاکی تورکیاوە ئامادەیە و بۆ هەناردەکردنی گازی سرووشتی هەرێمی کوردستان، تەنیا راکێشانی بۆڕی بۆ سنووری تورکیا پیویستە.
 
مانگی رابردوو، حکومەتی عێراق رایگەیاند پڕۆژەیەکی 17 ملیار دۆلاری راکێشانی هیڵی شەمەندەفەر و هێڵی گازی هەیە بۆ ئەوروپا و چەندین وڵاتی دیکە لە رێگەی خاکی تورکیاوە. ئەو پڕۆژەیە بەبێ پەیوەستکردنی سەرچاوەکانی گازی سرووشتی هەرێمی کوردستان، هیچ سوودێکی ئابووری نابێت.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کاوە ئەمین

بە عەرەبکردنی کوردستان لە سووریا

ئەوەی کە جێگەی سەرسووڕمانە ئەوەیە لەکاتێکدا ئێمە باسی مێژووی 60 بۆ 70 ساڵ پێش ئێستا دەکەین، کەچی ئەو مێژووانە بەشێوەی دیکە و لە فۆڕمی دیکەدا لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دا خۆیان دووبارە دەکەنەوە، ئەم جارەیان بە ناوی ئایین و مەزهەب و عروبەوە، کورد و گەلانی ناوچەکە لە شوێنی خۆیان راودەنرێن و لە هەندێک شوێن دا جینۆسایدیش دەکرێن، بەتایبەتی کورد لە هەمووان زیاتر لەژێر مەترسیدایە و هەڕەشەی لێدەکرێت، کەچی هێشتا وانەمان لە رابردووی خۆمان وەرنەگرتووە، هێشتا هەر یەکە و لە ئاوازێک دەخوێنین.