چۆن هەنییە لە تاران کرایە ئامانج؟

دوێنێ کاژێر 12:51
زریان رۆژهەڵاتی
A+ A-
 
لەدوای چەند رۆژێک، دواجار سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەی ژمارە سێی خۆیدا زانیاری بڵاوکردەوە سەبارەت بەوەی کە ئیسماعیل هەنییە بە چ لەونێک کراوەتە ئامانج. بەیاننامەکە 130 وشەیە، بەڵام لە چەند رستەیەکیدا زانیاریی زۆر گرنگ هەن کە دەکرێ شرۆڤە بکرێن.
 
یەکەم: بەپێی بەیاننامەکە، ئەو هێرشە بە "مووشەکێکی کورتمەودا" کراوە کە "كڵاوەیەکی حەوت کیلۆیی" پێوە بووە. لە جۆرەکانی مووشەکی کورتمەودا کە دەتوانن کڵاوەیەکی نزیک لەو قورساییە هەڵبگرن زیاتر (ئاڕ پی جی) و (ئەی جی تی ئێم) هەن کە یەکەم دانەیان زۆر کۆن و ناسراوە و دووەم دانەشیان مووشەکێکی کورتمەودای زیرەکی دژە تانکە کە دەکرێ لە دژی مرۆڤیش بەکارببرێ و لەسەر شانی مرۆڤ، ئۆتۆمبێل یان فڕۆکە، درۆن و کۆپتەریشەوە بتەقێندرێت. کاریگەریی ئەو مووشەکانە بەپێی جۆرەکانیان دەگۆڕێ. بۆ نموونە، جیلی شەشەمی مووشەکی سپایکی ئیسرائیلی لە دووریی 32 کیلۆمەتریشەوە کاریگەرە. بەو پێیەی کە لە بەیاننامەکەدا باسی ئەوە کراوە کە ئەو مووشەکە "لە دەرەوەی سنووری مانەوەی میوانەکان"ـەوە تەقێندراوە، لەوانەیە ئەوە ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆ بێت بەوەی کە لانیکەم، ئاماژەیەکی بەهێز نییە بۆ ئەوەی کە بە درۆن یان جۆرێکی دیکەی فڕۆکە تەقێندرابێت و بە ئەگەری زۆر، بە دەستی مرۆڤەوە لەسەر عەرزەوە تەقێندراوە. هەڵبەت بەیاننامەکە ئەمەی بە ناڕوونی هێشتووەتەوە، بۆیە ئەگەری دیکەش ئەوەیە کە بە فڕۆکەی ئێف 35 یان درۆنێک تەقێندرابێت کە بتوانێت خۆی لە رادار بدزێتەوە. 
 
دووەم: لە بەیاننامەکەدا باسی ئەوە کراوە کە تەقینەوەی ئەو مووشەکە "بەهێز" بووە. لە وێنەی ئەو بینایەشدا کە بڵاوکراوەتەوە تەقینەوەکە تەنیا سووچێکی بیناکەی لە ناوەوە تێکداوە و هەیکەلی بیناکە وەک خۆیەتی. لە جۆرەکانی مووشەکی کورتمەودا کە توانای پێکانێکی بەهێز و دەقیقیان هەیە و كڵاوەکەشیان لە دەوری 7 بۆ 8 کیلۆ بێت، دەشێ ئاماژە بە هێڵ فایەری ئەمریکی و سپایکی ئیسرائیلی بکرێت. هێڵ فایەری ئەمریکی دەتوانێت تەنیا ئەو چوارچێوەیە بکاتە ئامانج کە بۆی دیاری کراوە و زیانی زۆر بە دەوروبەرەکەی نەگەیێنێت وەک ئەو هێرشەی کە لە شوباتی ئەم ساڵدا کرایە سەر ئۆتۆمبێلی یەکێک لە سەرکردەکانی کەتائیبی حیزبوڵڵا لە بەغدا. هەروەها SPIKE® NLOS ـی ئیسرائیلیش توانایەکی هاوشێوەی هەیە و کڵاوەکەی دەتوانێت تا دەوری 8 کیلۆ تەقەمەنی هەڵبگرێت.
 
لە راستیدا حەماس هەر لە رۆژی یەکەمەوە گوتبووی کە هێرشەکە بە مووشەک کراوە، دواتر میدیای ئێران و ئەمریکا، هەریەکە و بە شێوازیک باسی رووداوەکەیان کردبوو. هەندێک لە شارەزایانی ئێرانی زیاتر باسی ئەوەیان دەکرد کە لە رێی سیگناڵی مۆبایلەکەیەوە شوێنی هەنییە دۆزراوەتەوە، وەک ئاماژەیەک بۆ نەبوونی درزێکی ئەمنی ناوخۆیی. لە بەرامبەردا، هەندێک میدیای ئەمریکیش لەڕێی باسکردنی ئەوەی کە هێرشەکە بە "بۆمبی چێندراو" کراوە، زیاتر ئاماژەیان بۆ درزێکی ئەمنی لە تاران دەکرد. روونکردنەوەکانی سوپای پاسداران بەشێک لە ناڕوونییەکانی رەواندووەتەوە و بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، لەنێوان گێڕانەوەی میدیای وڵاتەکەی و گێڕانەوەی میدیای ئەمریکیدا روونکردنەوەیەکی دیکەی داوە. لە بەیاننامەکەوە وادەردەکەوێت کە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ باس کە لە رۆڵی فاکتەری مرۆیی لە هێرشەکە دەکات کە ئەوەش بەهۆی درزێکی ئەمنییەوە روودەدات، بەڵام بە جەختکردنەوەشی لەوەی کە مووشەکەکە لە دەرەوەی شوێنی مانەوەی میوانەکانەوە تەقێندراوە، دەیەوێ ئاماژە بەوە بکات کە درزەکە بەجۆرە گەورە نەبووە کە سیخوڕێک بتوانێت بۆمبێک بباتە نێو بینای میوانەکان.
 
ئەوە راستە کە رووداوەکە کۆتایی هات، بەڵام چۆنییەتیی گێڕانەوەی رووداوەکە بۆ لایەنەکان گرنگە، چونکە پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە پرەستیژی سیاسیی لایەنەکانەوە هەیە و دەتوانێت ئاسەواری درێژخایەنی هەبێت، بۆیە بە ئەگەری زۆر باسەکانی تایبەت بە چۆنییەتیی رووداوی بە ئامانجگیرانی هەنییە بەردەوام دەبن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەحموود نەجمەدین

دیسان بەیرووت دەکوڵێ

کارم بەسەر دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل و عەرەبیشەوە نییە، ئەمما شەڕی عەرەب و ئیسرائیل کە دەوڵەتانی زلھێز سپۆنسەریی دەکەن، ماڵوێرانییەکەی بۆ خەڵکی سڤیلە. ئەوەی تێدادەچێ خەڵکە رەشوڕووتەکەیە. چ لە غەززە و چ لە تەلئەڤیڤ.