رەفیق حیلمی، ئەو پیاوەی بۆ کورد ژیا

 
چەند ساڵێکە، بەردەوام سەردانی ژیان خانی کچی مامۆستا رەفیق حیلمی دەکەم، ئێستا ئەو تەنیا منداڵی رەفیق حیلمییە کە لە ژیاندا ماوە. بەردەوام لەناو یادگارییەکانیدا دەژی، چەندین وێنەی مامۆستای بە دیواری ژوورەکانی ماڵەکەیدا هەڵواسیوە.
 
بڕواناکەم هیچ بنەماڵەیەک لە کوردستاندا هەبێت، بەشێوەی کچەکەی مامۆستا حیلمی گرنگی بە پارێزگاری لە شتە تایبەتەکانی باوکی دابێت، ئاخر لە کتێبەکانی مامۆستاوە بگرە هەتا دەگاتە ئەو کتێبانەی نووسەران و رووناکبیرانی سەردەمی خۆی پێشکەش بە رەفیق حیلمییان کردووە، پارێزراون، جلەکانی، چەترەکەی، پاڵتۆ و قەڵەم، زۆر کەلوپەلی دیکەی مامۆستا رەفیق حیلمی وەکو خۆیان پارێزراون. بەشێکی زۆری شتەکانی مامۆستا رەفیق حیلمی پێشکەش بە بنکەی ژین لە سلێمانی کراون، بەو مەبەستەی کە لە فەوتان بیانپارێزن و لە ژوورێکی تایبەت کە بڕیارە بەناوی مامۆستا رەفیق حیلمییەوە بکرێتەوە کۆبکرێنەوە و خەڵک بتوانێت بیانبینێت، لێکۆڵەر و نووسەرانیش بتوانن کەڵک لە کتێبخانە دەوڵەمەندەکەی وەربگرن.
 
قسەکردن لەسەر ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەدەبی مامۆستا رەفیق حیلمی، هەویرێکە ئاوێکی زۆر دەکێشێت، دەبێت بەشێوەیەکی ئەکادیمی و زانستی هەموو ژیانی مامۆستا پۆلێن بکرێت و بەپێی رووداو و قۆناخەکانی ژیانی هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، بۆیە ئەمەی من لەم چەند دێڕەدا نووسیومە تەنیا وەکو رێز و وەفا و بیرهێنانەوەیەکی کۆچی دوایی مامۆستا رەفیق حیلمییە کە لە 4-8-1960 ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
 
رەفیق حیلمی پیاوێکی نیشتیمانپەروەری کوردستانی بووە، پیاوێکی نەتەوەیی بووە هەر بۆیە لە دامەزراندنی حیزبی هیوا (لە ساڵی 1938 دامەزراوە) دەوری سەرەکی بووە، هاوبیرەکانی بە شایستەی ئەوەیان زانیوە بیکەن بە (زەعیمی) خۆیان، واتە سەرۆکی حیزبی هیوا، بەڵام دواتر بیروباوەڕی چەپگەرایی و کۆمۆنیستی کە باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشابوو، دەبێتە مۆرانەیەک، جومگەکانی حیزبی هیوا لەبەریەک هەڵدەوەشێنێت، باڵی راست و چەپی ناو حیزبی هیوا، سەری حیزبەکە دەخۆن، حیزبەکە هەڵدەوەشێتەوە. بۆ سەلماندنی ئەوەیش قسە مەشهوورەکەی فەهد، سەرۆکی حیزبی شیوعی عێراقی کە بە توانجەوە بە حیزبی هیوای گوتبوو، ئێمە حیزبی عەمەلمان دەوێت نەک حیزبی ئەمەل، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە حیزبی هیوا پێگەیەکی پتەو و گرنگی لە کوردستاندا هەبووە، شیوعییەکانی عێراق و کوردستان کاریان لەسەر کردووە و سەرکەوتووش بوون تێیدا. 
 
مامۆستا رەفیق حیلمی، لەو سەردەمەی کە بارزانییەکان نەفی کرابوون بۆ سلێمانی، پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵیاندا هەبووە، راستەوخۆ دەوری هەبوو لە هاوکاری کردنی ژەنەراڵ بارزانی لەکاتی بەنهێنی گەڕانەوەی بۆ بارزان. ژیان خان، کچی رەفیق حیلمی دەڵێت، جارێک رەفیق حیلمی،  مەلا مستەفا بارزانی ئاگادارکردووەتەوە کە بڕوا بە قسە و ئەو نامانە نەکات کە لە رێگەی ماجید مستەفاوە دەگاتە دەستی و، گوایە حکومەت دەیەوێت پرسی کوردی لەگەڵ چارەسەر بکات، ئەوە فێڵ و داوی نووری سەعیدە بۆی نراوەتەوە بۆ ئەوەی بتوانن هەرچۆنێک بووە مەلا مستەفا لەناوبەرن.
 
ئەوەی کە بۆچی رەفیق حیلمی لە دوای دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان نەبووە بە ئەندامی ئەو پارتە و ئیشی لەگەڵ نەکردوون، تائێستا وەڵامێکی کۆنکرێتی بەردەست نییە، تەنیا ئەوە نەبێت کە پاکیزە رەفیق حیلمی لە بیرەوەریەکانیدا (کورد و ژیانێکی پڕ ئەندێشە)، هۆکارەکەی بۆ ناکۆکیی فیکری نێوان باوکی و مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد دەگێڕێتەوە، تەنانەت باس لەوە دەکات کە وەکو مامۆستا و قوتابی (ئیبراهیم ئەحمەد قوتابی و رەفیق حیلمی مامۆستای بووە لە قوتابخانە) دانویان پێکەوە نەکوڵاوە. 
 
حکومەتی عێراقی زۆرجار مامۆستا رەفیق حیلمیان لە کوردستانەوە بۆ خوارووی عێراق دوورخستووەتەوە، بەڵام لە هەرشوێنێک بووبێت هەر زوو توانیویەتی بە ئاکار و کردەوەکانی خۆشەویستی خەڵکی بۆ خۆی بەدەست بهێنێت، کاریگەری خستووەتە سەر دەوربەرەکەی، بۆیە مامۆستا لە نێو نوخبە و کەسایتییە فەرهەنگی و ئەدەبیەکانی عێراقیشدا کەسێکی خۆشەویست و ناسراو بووە.
ئەگەرچی رەفیق حیلمی پیاوێکی دەوڵەمەند نەبووە، بەڵام پیاوێکی کەشخە و پۆشتەوپەرداخ بووە، سەرنجی ئافرەتانی بۆ لای خۆی راکێشاوە. ژیان خانی کچی دەڵێت: باوکم پیاوێکی قۆز و سەنگین و پاکوخاوێن و شیکپۆش بوو، هەر بۆیە هەندێکجار دایکم غیرەی لێدەکرد و کەمێک دڵپیسی لێدەکرد، بەڵام بە پێچەوانەوە باوکم بۆ هەر ئاهەنگ و کۆبوونەیەک بچوایە دایکمی لەگەڵ خۆی دەبرد، قەتیش رەخنەی لە شێوازی جل لەبەرکردنی دایکم نەدەگرت کە بۆچی عەباو پەچە نادات بەسەریدا! دیارە بۆ کچەکانیشی هەروا بووە، بۆیە لە سەرەتای پەنجاکاندا رێگە بە ناهیدەی کچی دەدات بەتەنیا بۆ خوێندن بچێتە ئەمریکا و ئەوروپا. 
 
مامۆستا رەفیق حیلمی لە کۆتایی ژیانیدا بۆ ماوەیەک لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتیی کورد و عەرەب، حیزبێک بەناوی کۆماری دروست دەکەن، دەبێت بە ئەندام تێیدا، پاشان دەبێت بە ئەندامی یەکێتیی ئەدیبانی عێراق کە شاعیری ناودار جەواهیری سەرۆکی بووە، رەفیق حیلمیش جێگری بووە، بۆیە لەلایەن هەندێک کەسایتییەوە کەوتووەتە بەر رەخنە، ئایا بۆچی لە سەرۆکی حیزبێکی کوردی وەکو (هیوا) کە ئامانجی سەربەخۆیی کوردستان بووە، چووەتە ناو حیزبێکی عێراقی و پاشان یەکێتیی نووسەرانی عێراق! بەڕاستی ئەوەش خۆی لە خۆیدا پرسیار و رەخنەیەکی بەجێیە! ژیان خانی کچی لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە بۆچی چووەتە ناو حیزێکی عێراقییەوە دەڵێت: "ئەگەرچی ماوەی کارکردنی لەگەڵ حیزبی کۆماریدا تەنیا چەند مانگێک بوو، بەڵام بەهیچ شێوەیەک دەستبەرداری کوردایەتییەکەی خۆی نەبوو، بەڵگەشم بۆ ئەوە، هەفتەیەک پێش ئەوەی کۆچی دوایی بکات لە کۆبوونەوەی یەکێتیی نووسەرانی عێراقدا، دیارە خەڵکانێک هەبوون ویستوویانە بە خراپە باسی کورد بکەن، بۆیە باوکم بەبێ مۆڵەت وەرگرتن هەڵدەستێت و بەگژیاندا دەچێتەوە، ئەوەندە توڕە دەبێت دەنگی دەنووسێت و سووکە جەڵدەیەک لێی دەدات. ئێمە ئاگامان لەو کەین و بەینە نەبوو، ئەوەبوو رۆژی دواتر کە گەیاندمانە نەخۆشخانە، جەواهیری بۆی گێڕاینەوە کە رۆژی پێشتر رووداوێکی وا روویداوە و ئەو خۆی بە سەیارەی خۆی هەتا بەردەرگا گەیاندبوویە ماڵەوە، بەڵام باوکم لەوبارەیەوە هیچی بە ئێمە نەگوتبوو. بۆیە دەڵێم باوکم بۆ کورد ژیا و لە دواساتەکانی ژیانیشیدا بەگژ شۆڤینییەکاندا چووەتەوە، هەژار گوتەنی بە کوردی ژیاوە و بە کوردی مردووە."
 
ژیان خان لەبارەی باوکی و بەشیر موشیر دەڵێت: یەکێک لە هاوڕێ هەرە خۆشەویستەکانی باوکم بەشیر موشیر بوو کە دووکانی هەبوو لای حەیدەرخانە، زۆربەی رۆژ سەردانی ئەو دووکانەی دەکرد کە ببووە بارەگایەکی ناولێنەهێنراوی نیشتمانپەروەرانی کورد، چەندینجاریش منی لەگەڵ خۆی بردووە بۆ دووکانەکەی بەشیر موشیر یان لەوێ چاوەڕێی دەکردم هەتا لە قوتابخانە دەگەڕامەوە.
 

مامۆستا رەفیق حیلمی پیاوێکی بەوەفا بووە بۆ خێزان و هاوڕێکانی. ژیان خان دەڵێت ئەوەندە باسی مەلا مستەفای بۆ کردبووین کە لە سۆڤیەت بوو، بۆیە واماندەزانی موعجیزەیە، لە خەیاڵی خۆماندا دەیان وێنەی سەیر سەیرمان بۆ دەکێشا، بەڵام زیاد لە حەد شێخ مەحموودی خۆشدەویست، بۆیە کاتێک شێخ مەحموود کۆچی دوایی کرد باوکم وەکو شێت بەناو ماڵەکەدا دەهات و دەچوو و دەگریا، تا لەژیاندا بوو، خۆم تەنیا ئەوجارە بینیومە کە بگری، بەڵام بیستوومە لە ژیانیدا دووجاری دیکە گریاوە، جارێک بۆ مەحموود جەودەت و جارێکیش لەکاتی لاوێتیدا لە کۆبوونەیەکدا بەهۆی کاریگەریی گوتاری یەکێک لە ئامادەبووەکان کە باسی نەتەوەی عەرەبی کردووە، هەستی کوردایەتی دەجۆشێت و بۆ نەتەوە داگیرکراوەکەی دەست بە گریان دەکات، گلەیی ئەوە دەکات کە بۆچی کورد وەکو عەرەب بە باڵای نەتەوەکەی خۆیدا هەڵنادات. 

 

 
کۆچی دوایی مامۆستا رەفیق حیلمی هەستی دەیان کەسایەتی سیاسی و شاعیر و نیشتمانپەروەر دەجوڵێنێت، دەیان شیعر و پەخشان بۆ ئەو یادە خەمناکە نووسراون، عەبدوڵڵا گۆرانی شاعیریش یەکێک دەبێت لەوانەی کە شیعرێکی بەرزی بۆ دەنووسێت، شاکارێک کە هەر لە گۆران دەوەشێتەوە بینووسێت، هەر لە حیلمیش دێت پێشکەشی بکرێت.
 
ئاوابوونێک
 
ئەی سەیوانگای ئارامگای رابردوومان
پێت سپێردرا کۆستی تازەی کەوتوومان!
لە کۆشتا کە خاکی نیشتمانە،
گۆشەی سنگی نازداری کوردستانە
با تێر بنوێ ئەو ئەستێرەی کە بە شەو
بە شەوی کورد نەچووە چاوی یەک تک خەو!
هەر دەینووسی لەسەر تەختەی ئاسۆی رەش
وشەی (هیوا)ی بە پیتی گەش
ئەو رەنجەی دای بە دەرس و نامەی هەڵبەست
شوێنی دیارە لەو گڕەدا کڵپەی بەست
لەبن هەموو بەردێکی چیای کورددا
لە قووڵایی دڵی درشت و ورددا
ئێستا کە رووناکی ئاسۆی رۆژهەڵات
موژەدەی پێیە کورد نزیکە لە ئاوات
دڵنیابوو لە ئەنجام و بە بێدەنگ
لە پاش ماندووبوونی مەردانەی مەیدان
با لە کۆشی دایکا بنوێ پاڵەوان
بەڵام ئێمەی گیرۆدەی ئەستێرەی گەش
تا ئەو رۆژەی گڵ دەمانخاتە باوەش
چاوی تاسەی بەشوێنای هەر دەگێڕین
لە ئاسمانا، چونکە جێی چۆڵ دەبینین