سەرکردەیەکى دیارى کورد پێى گوتم، پاش کەوتنى سەدام، کەڵکەڵەى رووخانى دەسەڵاتى بنەماڵەى ئەسەدیش کەوتبووە مێشکى جۆرج بووشەوە. بانگ کرام بۆ ئەمریکا، سەرۆک بووش راوێژى لەگەڵ کردم بۆ رووخاندنى رژێمى سووریا، بەڵام قەناعەتم پێهێنا ئەو بیرۆکەیە فەرامۆش بکات، چونکە هیچ بەدیلێکى ئامادە نییە بۆ دەسەڵاتى ئێستاى سووریا و لە ئەگەرى رووخانى رژێمەکەیدا، (ئیخوان) دێنە سەر حوکم.
نازانم بۆچوونى ئەم سەرکردەیەى کورد چەند کاریگەریى هەبووە لەسەر گۆڕینى مەیلى ئەمریکا بۆ مانەوەى بنەماڵەى ئەسەد، بەڵام لە واقیعدا هیچ پرۆژەیەکى روون و ئاشکرا و راگەیێندراوى ئەمریکا و وڵاتانى رۆژئاوا لە ئارادا نەبوو بۆ رووخاندنى رژێمى بەعس لە سوریا. راستە ئەمریکا لە ساڵى 1979ـوە سووریاى خستبووە ریزى وڵاتانى پشتیوانى تیرۆرەوە، بەڵام تەنیا ئەم وێناکردنەى ئەمریکا بەس نەبوو بۆ بەدەستهێنانى بڕیارێکى نێودەوڵەتى هاوشێوەى ئەوەى بۆ رووخانى تاڵیبان لە ئەفغانستان و بەعس لە عێراق دەستەبەریان کرد.
لە دواى رووخانى سەدام، ئەمریکا زنجیرەیەک سزاى بەسەر سووریادا سەپاند. بە پاساوى ئەوەى پشتیوانى گرووپەکانى حیزبوڵڵاى لوبنان و حەماس دەکات دژ بە ئیسرائیل. هەروەها لە پشتى رێکخراوە تیرۆریستیەکانە بۆ تێکدانى سەقامگیریى عێراق، بەڵام هیچ کام لە هاوپەیمانەکانى ئەمریکاش پشتیوانى نەبوون، تا دەستپێکى بەهارى عەرەبى. لە ساڵى 2011 بەدواوە بەهۆى ئەو تووندوتیژییانەى رژێمى ئەسەد بەرانبەر بەگەلانى سوریا گرتیەبەر و لە دەرئەنجامى ئەو کۆمەڵکوژییانەى ئەنجامیدا، وڵاتانى ئەورووپا و کۆمکارى عەرەبى و هاوپەیمانان کەوتنە سەنگەرى دژ بە سووریاوە. بەڵام لەم قۆناخەشدا بەهۆى ئەوەى رووسیا و چین پشتیوانیان لە رژێمەکەى بەشار ئەسەد دەکرد، رێگربوون لەوەى بڕیارێکى یەکلاکەرەوە لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکانەوە دژ بە سووریا دەربکرێت.
بۆیە هەریەک لە ئەمریکا و وڵاتانى ئەورووپا، کەنەدا، ئوسترالیا و بەشێک لە وڵاتانى عەرەبى، بە جیا جیا زنجیرەیەک سزا و گەمارۆیان خستە سەر سووریا تاوەکو گەیشت بەوەى ئەمریکا لە ئەنجوومەنى نوێنەران (یاساى قەیسەر)ـى دژ بە سووریا دەرکرد. کە دەکرێت ئەم گەمارۆ و سزایانە بە یەکێک لە هۆکارەکانى لەڕولاوازکردنى رژێمەکەى ئەسەد وێنا بکرێت، بەڵام بەو مانایە نایەت راستەوخۆ بووبێتە هۆکارى رووخانى ئەسەد.
راستە وەک هەر یەک لە دەسەڵاتە دیکتاتۆر و ستەمکارەکانى دیکە، سووریاش بەربژێر بوو بۆ گۆڕینى رژێمەکەى، بەڵام ئەسەد قۆناخە سەختەکانى تێپەڕاندبوو. سەربارى ئەوەى رووسیا و ئێران وەک دوو کۆڵەکەى بنەڕەتى رژێمى سووریا، هەریەکەو ئاڵابوون بە دەردى خۆیانەوە، بەڵام هاوکات دەرگا داخراوەکانى جیهان لە کرانەوەدا بوون بەڕووی ئەسەد دا. سووریا گەڕێندرابووەوە ناو کۆمکارى عەرەبى و پەیوەندییەکانى لەگەڵ وڵاتانى عەرەبى و رۆژئاواییەکان بەرەو ئاساییبونەوە دەڕۆیشت. لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە گفتوگۆدا بوو بۆ چۆنیێتى دوورخستنەوەى دەستى ئێران لە سووریا. تەنانەت لەدواى شەڕى غەزە و لێدان لە حیزبوڵڵا، باس لەوە دەکرا لەگەڵ ئیسرائیل لە کەین و بەینى ئەوەدان هێزەکانى حیزبوڵڵا لە سنوورەکانى ئیسرائیل دووربخرێنەوە و لە لوبنانەوە بۆ سووریا بگوێزرێتەوە.
ئەى کەواتە ئەم کەوتنە خێرا و چاوەڕواننەکراوە سیحراوییەى ئەسەد چى بوو؟ وەڵامەکەى رەنگە بۆ داهاتوویەکى دوور وەک چیرۆکێکى نادیار و مەتەڵێکى بێ وەڵام بمێنێتەوە. وەک چۆن ئێستاش دواى نزیکەى نیو سەدە لە کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتى پاشایەتى ئێران و هێنانى خومەینى، هێشتا وەڵامى زۆر شت بەشارەوەیى ماونەتەوە و ئاشکرا نەکراوون، ئەشێ هێنانى ئەحمەد شەرعیش بۆ ناوچەکە خومەینییەکی دیکە بێت.
ئەوەى وادەکات چیرۆکەکە تەم و مژاویتر بێت، مامەڵەى جیهانە لەگەڵ دەرئەنجامەکان. کرانەوەى دنیا بەڕووى (ئەحمەد شەرع- جۆلانی)دا، ئەوەی کە تاوەکو هەفتەى دواى هاتنە سەر حوکمیشى لە سەرووى لیستى داواکراوانى نێودەوڵەتیدا بوو وەک تیرۆریستێک. هێشتاش هیچ ئاماژە و سیمایەک بەدەرنەکەوتووە کە گۆڕانکاریى لە هزر و دنیا بینى خۆیى و گرووپەکانى دەوروبەرى هاتبێتە ئاراوە، بەڵام جیهان لەگەڵ ئەودا گۆڕاوە. هیچ کودەتا و شۆڕشێک نەبووە بەو خێراییە جیهان مامەڵەى لەگەڵ دا بکات، هاوشێوەى ئەوەى ئێستا لەگەڵ جۆلانى دەیکەن. بێگومان ئەمە بێ هۆکار نییە. بەڵام هۆکارەکانى چین؟ دەبێت لە داهاتووى نزیک و دوورى ناوچەکەدا، بەدواى وەڵامەکانیدا بگەڕێین.
یەکێک لە سیماکانى ئەم گۆڕانکارییە خێرایە کە دەکرێت وەک لێکەوتێکی رووداویى 7ـی ئۆکتۆبەرى 2023 بخوێندرێتەوە، نەهێشتنى هێزى چەکدارى نادەوڵەتییە لە ناوچەکە. دەشێ ئەمە پلانێکى نێودەوڵەتى بێت بۆ کۆتایىهێنان بە چەکدارى نادەوڵەتى. دەستپێکەکەى بە بزووتنەوەى حەماس دەستیپێکرد، بەدواى خۆیدا حیزبوڵڵاى لوبنان و هەڕەشە خراوەتە سەر عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەى گرووپەکانى سەر بە حەشدى شەعبى و حووسییەکانى یەمەنیش وا چارەنووسیان بەرەو ئاوابوونە.
لەناو سووریا گرووپگەلێکى زۆرى چەکدارى نادەوڵەتى هەبوون کە پێشتر لە بەرەى نوسرە، قاعیدە، داعش و چەند گرووپێکى دیکەدا خۆیان دەبینییەوە. جۆلانى سەرکردایەتیی یەکخستنەوەى ئەم گرووپانەى کرد لەژێر چەترى (هەتەشە) و ئێستا خەریکە لە چوارچێوەى وەزارەتى بەرگرى سووریادا شوێنیان بۆ دەکرێتەوە. پێشتر ئەم گرووپانە ببوونە سەرئێشە بۆ ناوچەکە و جیهان، دەکرێت یەکێک لە لێکەوتەکانى رووخانى ئەسەد، شوێنکردنەوەى ئەم گرووپە چەکدارە نادەوڵەتییانە بێت لە سووریا.
ئەگەر بڕیاربێت پلانێکى نێودەوڵەتى هەبێت بۆ کۆتاییهێنان بە رۆڵى ئەم گرووپە چەکدارییە نادەوڵەتییانە، دەبێت هەڵوەستە لەوە بکەین ئێمەى کورد دەکەوینە کوێى ئەم بڕیارەوە؟ هەرچەندە بە هیچ پێوەر و لۆژیکێکى سیاسى و ئەخلاقى ناکرێت کورد بەو گرووپانە بەراورد بکرێن، بەڵام لە هاوکێشەى بڕیارى نێودەوڵەتى و بەرژەوەندى زلهێزەکاندا ئەوەى شوێنى بۆ نەکراوەتەوە ئەخلاقە، بۆیە بە دوور نازاندرێت پرسى هێزى چەکدارى کوردیش بخرێتە ناوانەوە. بەتایبەتیش کە وا گریمانە دەکرێت تورکیا یاریکەرێکى سەرەکى ناو ئەم یارییە تازەیەى ناوچەکە و سووریا بێت، بۆیە چاوەڕوانکراوە پلانە نێودەوڵەتییەکە بگۆڕێت بۆ پیلانێکى هەرێمایەتى لەدژى کورد کە ئێستا هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانە پرسى سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەى پرۆسەى چارەسەرى لە تورکیا خراوەتەوە بەرباس بە مەرجى کردنەوەى دەرگاى ئیمراڵى لەسەر ئۆجەلان لەبەرامبەر چەک داماڵینى پارتى کرێکارانى کوردستان. لە سووریاش بەرکەوتنى کورد پەیوەست بەم گریمانەیە، چارەنووسى هێزە چەکدارە کوردییەکانە کە ئێستا لەژێر ناوى (هەسەدە) ماونەتەوە. گەرچى تاوەکو ئێستاش هاوپەیمانى نێودەوڵەتى بەردەوامە لە پڕچەککردنى هێزەکانى سووریاى دیموکرات لە رۆژئاواى کوردستان، بەڵام لە ئەنقەرە و دیمەشقەوە گوێمان بەو دەنگانە دەزرینگێتەوە کە باس لەوە دەکەن نابێت هیچ گرووپێک لەدەرەوەى دەسەڵاتى دیمەشق چەکى لەدەست بێت.
هەروەها لە هەرێمی کوردستانیش بەهۆى یەکنەگرتنەوەى هێزى پێشمەرگە لەچوارچێوەى سیستمێکى رێکخراوی حکومیدا، ئەگەرى ئەوە هەیە کوردستانیش بخاتە بەردەم ئاڵنگارییەکى تازەوە. بەتایبەتى لە ئەگەرى هەڵوەشانەوەى حەشدى شەعبیدا دەبێت چاوەڕوانى ئەو دەنگە ناشازانە بین لە ناوەندەکانى شیعەوە بەرز بکرێنەوە بۆ لێکچواندنی هێزی پێشمەرگە بە هێزە شیعییەکان.
لێرەدا بەرپرسیارێتى گەورە لە ئەستۆى حیزبە سیاسییەکانى کوردستانە لە هەموو بەشەکانى کوردستان، بۆ ئەوەى ئەو کەناڵانە بدۆزنەوە کە کورد بپارێزێت لە هەر پلان و پیلانێکى نێودەوڵەتى و هەرێمایەتى کە ببێتە هۆکارى ئەوەى چەک لەدەستى کورد دەربێنێت. رووداوەکانى چەند ساڵى رابردوو، داعش و گرووپە هاوشێوەکانیان کە لەلایەن تورکیا و ناوەندە هەواڵگرییەکانى ناوچەکەوە ئاراستە دەکرێن، ئەوەى سەلماند کە کورد بەهۆى چەکەکەى دەستییەوە مایەوە.
ئەمە بۆ داهاتووش هەر راستە، لەبەرئەوەى هیچ گەرەنتییەک نییە بۆ ئەوەى لە داهاتوودا رۆژهەڵاتى نێوەڕاست، سەقامگیریى بەخۆیەوە ببینێت؛ بۆیە دەبێت کوردیش لە هیچ پارچەیەکى کوردستان، لە هیچ هەلومەرجێکدا چەکەکەى دەستى دانەنێت. تەنانەت ئەگەر پلانى نێودەوڵەتیش بێت، چونکە وەک چۆن گریمانەى ئەوە دەکرێت هێنانە سەر شانۆى جۆلانى، شوێنکردنەوەى ئەو گرووپانە بێت کە سەرئێشەیان بۆ ناوچەکە و جیهان دروستکردبوو، دەبێت جیهانیش لەوە تێبگات چارەسەرنەکردنى پرسى کوردیش سەرئێشەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ