ساڵێکی قورسە بۆ ئەوان

04-01-2024
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
A+ A-
 
کاتێک ئەم دێڕانە دەنووسم، لە ئەڵمانیا رووداوێک هەیە کە دەبووایە بۆ رووماڵکردنی لەوێ بوومایە؛ لافاو باکوور و نێوەڕاست و رۆژهەڵاتی ئەڵمانیای گرتووەتەوە. لە زۆر شوێن ئاستی هۆشداری زۆر بەرزکراوەتەوە. ئەمڕۆ ئۆلاف شۆلتز، راوێژکاری ئەڵمانیا چووەتە ناوچە لافاولێدراوەکان. لەگەڵ ستافی کابینەکەی چەکمەیان لێ هەڵکێشاوە و چاکەتی گەرمیان لەبەرکردووە و لە نزیکەوە خەڵکی خۆیان بەسەر دەکەنەوە. لەو سەردانانەدا، وەک بەرپرسانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کەس چەتریان بۆ ناگرێت و دەیانەوێت چاو و گوێ و مێشکیان ئاستی کارەساتەکە وەکو خۆی ببینێت. شۆلتز بەڵێنی بە هاووڵاتییانی دا کەهەمووان لە ئەڵمانیا پێکەوە بن و کەس بە تەنیا نەهێڵدرێتەوە. 
 
من ئەم دێڕانە دەنووسم و دەستم بە وەرگرتنی چارەسەری و شەڕەکەم لەگەڵ نەخۆشییەکەم کردووە. جووتیارێکی ئەڵمان کە بەرهەمی پەتاتەکەی بەهۆی لافاوەوە خەسار بووە دەیگوت، "ئەم ساڵ ساڵێکی قورس دەبێ بۆئێمە". هەقیشی بوو وابڵێ، چونکە پسپۆڕانی کەشوهەواش چاوەڕوان دەکەن ئەم ساڵ بەتایبەتی بۆ جووتیاران لە ئەڵمانیا ساڵێکی ئاسان نەبێت. بەڵام بۆ من بەپێچەوانەوەیە و ئەم ساڵ ساڵی سەرکەوتنم دەبێت لە شەڕەکەمدا لە دژی نەخۆشی. 
 
دیمەنەکانی ئێستای لافاوەکانی ئەڵمانیا بەراورد ناکرێن بە وانەی ساڵی 2021 لە شاشەی رووداوەوە پێشانمدان. ئەمجارە هێشتا خەڵک زیانی گەورەیان پێنەگەیشتووە و ئەمە جێی دڵخۆشییە. ساڵی 2021، لە پەخشی راستەوخۆدا لە زۆر ناوچەی ئەڵمانیا ئەو هاووڵاتییانە قسەیان بۆ کردم کە هەمووشتێکیان لەدەستدابوو. ئەو بەرپرسانەی حکومەت لێدوانیان بۆ دام کە قەبارەی کارەساتەکە هێندە گەورە بوو، نەیاندەزانی بەدروستی دەبێ چیم پێبڵێن. ئەوکات زانیاری ئەوەشم ئاشکراکرد کە لەنێو لێقەوماواندا ماڵباتی کوردیش هەن کە هەموو ماڵەکەیان لەدەستداوە و هیچیان بۆ دەرنەچووە. دڵنیام ئەمجارەش کورد لەو ناوچانە هەن و نزا بۆ هەموو هاووڵاتییان، بە هاونیشتمانییە کوردەکانیشمەوە، دەکەم کە پارێزراو بن. 
 
لە ئەوروپا و ئەمریکا و زۆر شوێنی جیهان نەریتەکە وایە کە جەژنەکانی سەری ساڵ بەدەم بەفربارینەوە دەکرێن. ئەم ساڵ وانەبوو و کەشوهەواکە لەوە نەدەچوو هی سەری ساڵ بێت. ئەمە بۆ شارەزایانی بواری ژینگە زەنگێکی مەترسیدار بوو. مەترسیدار لەوەدا کە دەرهاویشتەکانی گۆڕانکاریی ژینگەیی رۆژ بە رۆژ زۆرتر لە ئەوروپا و ئەڵمانیاش دەردەکەون. حکومەتی ئەڵمانیا لەمەدا لەبەردەم دووڕیانێکی قورسدایە. لەلایەکەوە رێوشوێنی ژینگەپارێزانەی زۆرتر دەگرێتەبەر و بەتایبەتیش کە سەوزەکان لە حکومەتدان گوشاری زۆردەکەن بۆ ئەمە. کەچی لەلایەکی دیکەوە هەندێک بواری گرنگ و سەرەکیی ژیان (وەک کشتوکاڵ) زیانی گەورەیان بەو رێوشوێنانە لێدەکەوێت. هەر بۆیەش مانگی رابردوو جووتیاران لە بەرلین خۆپێشاندانیان کرد و لەژێر گوشاری ئەواندا حکومەت هەندێک رێوشوێنی هەڵوەشاندنەوە. 
 
لافاوەکانی ئەڵمانیا تەنیا پەیوەندییان بەم وڵاتە و ئەوروپاوە نییە. بەڵکو بۆ کوردستانیش پەیامیان تێدایە. ئەڵمانیا و ئەوروپایەک بەو پێشکەوتووییەی خۆی و هەبوونی ژێرخانی خۆپاراستنە بەهێزەوە بەرامبەر لافاو دەستەوەستان بێت، دەبێت ئەگەر خوانەکردە لە کوردستان شتێکی وا قەوما چی بکرێت؟

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. نەزەند بەگیخانی

کێ دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەرەنسا؟

خاتوو تۆندولیە دەمێکە لەناو کایەی سیاسی ناسراوە و لەسەر بنەمای لێدانی کەسانی دیکە دروست نەبووە، بەڵکو بەهۆی هەوڵ و ماندووبوون و لێهاتوویی خۆی گەیشتۆتە پایەکی سیاسیی شیاو و سەردەمییانە و ژینگەپارێز. ئەو خاتوونە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا وەک کەسایەتییەکی بوێر و زانا و پڕ وزە و توانا جڵەوی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی لە دژی بەرەی توندڕۆی لوپێن-یەکان گرتە دەست. لە کۆبوونەوە گشتییەکان، لەگەڵ جەماوەر، لە کەنالەكانی میدیا و لە دیدارەکانی بە جوانی و بە روونی و لەسەر بنەمای بەڵگە و راستییەکان ئایدیاکانی خۆی دەخستە ڕوو و باسی لە هەڕەشەکانی توندڕەویی و لوپێن-یەکان دەکرد. بۆیە هەرزوو بوو بە شوێنی سەرنجی هەمووان و ئەمڕۆش شایانی زۆری لێ دەنرێ. پسپۆڕ و میدیاکارانیش بە ئاشکرا و بە نهێنی دەڵێن خاتوو تۆندولیە یەکێکە نەک هەر لە گونجاوترین، بەڵکو لێهاتووترین کەسایەتی بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەڕەنسا.