چوار هەڵبژاردنی کاریگەر لەسەر کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

 
لە ماوەی چوار مانگی داهاتوودا چوار هەڵبژاردن دەکرێن کە بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر کورد دادەنێن. هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق، ماتەوزەی دەرخستنی گەڕێکی دیکەی ناکۆکیی نێوخۆیی شیعی و دەرکەوتنی قەیرانی سیاسی لە ئەنبار و کەرکووکی تێدایە. هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەڕووی رەوایی دامەزراوەکان و داهاتووی نەخشەی سیاسییەوە پڕ بایەخە. پرسی بەشداریکردن و بەشدارینەکردنی خەڵك لەگەڵ گفتوگۆکانی پەیوەست بە رکابەریی نێوخۆیی لەسەر میکانیزمەکانی دیاریکردنی رابەری داهاتوو، مۆری خۆیان لە بابەتەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتووی ئێران داوە. وادیارە رکابەریی سەرەکی لە هەڵبژاردنەکەی ئاداری ساڵی داهاتووی تورکیاش لەسەر شارەوانیی باژێڕە گەورەکان دەبێت و ئەمەش دەتوانێت دۆخی سیاسی نێوخۆی ئەو وڵاتە بگۆڕێت.
 
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق
 
ئەم هەڵبژاردنە دەتوانێت عێراق بەرەو قۆناخێکی نوێ بەرێت و سێ ناوچەی باشووری عێراق، ئەنبار و کەرکووک بکاتە چەقی سەرهەڵدانەوەی ململانێیەکی سەخت و دژوار. بەر لە هەموو شتێک ئەمە دەتوانێت جارێکی دیکە ناکۆکیی نێوخۆیی شیعە زەق بکاتەوە. کشانەوەی سەدر لە پرۆسەی سیاسی و هەروەها بڕیاری بایکۆتی هەڵبژاردن دەرفەتێکی بۆ لیستی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نوری مالکی و عەسائیبی ئەهلی حەق( لیستی سەفوە + خەدەمات) دروست کردووە تا لە دوای حکومەت لە ئیدارەی پارێزگاکانیشدا بەتایبەتی لە پارێزگاکانی باشووری عێراق جڵەوی دەسەڵات بگرنە دەست کە پێناچێت سەدرییەکان هەروا بە ئاسانی پێی رازی ببن. بە پێی ماددەی 122ـی دەستوور و یاسای پارێزگا رێکنەخراوەکان لە هەرێمێکدا، ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەسەڵاتێکی زۆری هەیە و، ملکەچی هیچ وەزارەتێک نییە و سەربەخۆیی دارایی خۆی هەیە. پارێزگاریش دەستنیشان دەکات کە یەکەم بەرپرسی جێبەجێکار لە ئاستی محەلی دەبێت. ئەگەر هەڵبژاردنی 2021 وەک پێوەرێک سەیر بکەین لیستی دەوڵەتی یاسا لە زۆرێک لەو 7 پارێزگایەدا کە سەدرییەکان زۆرترین دەنگیان تێدا هێنابوو، پلەی دووەمی هەیە. لە پارێزگای موسەنناش بۆ خۆی براوەی یەکەم بووە. بەمەش چانسی زۆری دەبێت بۆ ئەوەی کە لە دیاریکردنی پارێزگارەکانی باشووری عێراقدا رۆڵێکی کلیلی بگێڕێت. بێشک ئەمەش دەتوانێت بزمارێکی دیکە بێت بۆ لە قاڵبدانی زیاتری سەدرییەکان. نەک تەنیا لیستی دەوڵەتی یاسا بەڵکو عەسایبی ئەهلی حەقیش کە لە زۆرێک لە پارێزگاکاندا بە لیستی جیاوازی دیکە بەشداریی کردووە، بە تەمایە وەک جەمسەرێکی دیکەی سیاسەتی شیعی پێگەی خۆی بەهێزتر بکات. 
 
کاریگەریی هەڵبژاردن لە ئەنبار بەجۆرێکی دیکەیە. ئەگەر حیزبەکەی حەلبووسی بتوانێت هاوشێوەی ساڵی 2021 زۆرینەی دەنگەکانی ئەنبار ببات، ئەوسا وەک لە ماددەی 119ی دەستووردا هاتووە چانسی ئەوەی دەبێت کە لەڕێی ئەنجوومەنی پارێزگاوە داوای بە هەرێمکردنی ئەنبار بکات. بەهۆی لەسەرکارلادانی لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان، ئەمە وەک بژارەیەکی لۆژیکی دێتە پێشچاو بۆ سیاسییەکی وەک حەلبووسی کە خواستێکی زۆری هەیە و لە هەڕەتی گەنجێتی خۆیدایە. بێجگە لەوە، ئەنجوومەنی پارێزگا و پارێزگاریش دەتوانن کاریگەرییان لەسەر دۆسییە ئەمنی و ئابوورییەکانی ئەنبار هەبێت کە هەندێک لە گرووپە چەکدارییەکانی شیعەش چاویان لێیە و تەنانەت لیستی خۆیشیان بۆ دروستکردووە.
 
بەو پێیەی کە ئەنبار سنووری لەگەڵ چەندین وڵاتی دیکە هەیە و بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکایشی لێیە، هەڵبژاردن لەوێ تەنیا پرسی هەڵبژاردن نییە و، دەتوانێت رەهەندی سیاسەتی دەرەکی و جیۆپۆلەتیکی بەهێزیشی هەبێت. 
 
یەکێکی دیکە لە شوێنانەی کە چاوەڕوان دەکرێت لە دوای هەڵبژاردنەکە گرژی تێدا دروست بێت کەرکووکە کە دوای ساڵانێکی دوورودرێژ هەڵبژاردنی تێدا دەکرێت. ناکۆکییەکی چەند لایەنەی نێوخۆیی پێکهاتەکان لەگەڵ خۆیان و لەگەڵ یەکدی، هەرێمی کوردستان و بەغدا، هەروەها هاوسەنگی جیۆپۆلەتیکی وادەکەن کە هەم ئەنجامی هەڵبژاردنەکە، هەمیش پرسی دیاریکردنی پارێزگاری نوێ بۆ کەرکووک پرسێکی ئاڵۆز و پڕ کێشە بێت.
 
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
 
دوای ناڕوونییەکی زۆر، پێدەچێت دواجار ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە مانگی شوباتی 2024 لە هەرێمی کوردستان زیاتر بووبێت. هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵییەوە سەبارەت بە پەرلەمان هەروەها تاوتوێکردنی داوای تایبەت بە یاسای هەڵبژاردنی لە دۆخێکی ئاڵۆزدایە و پرسی رەوایی ئیدارە و دامەزراوەکانی زیاتر دەکەوێتە بەر باس، ئەگەر بێت و لەوە زیاتر دوابکەوێت. ئەمە بێجگە لەوەی کە بەهۆی تەنگ و چەڵەمەکانی رەوانەکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و پرسە نێوخۆییەکانی دیکەوە، هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز دەبێت. خاڵی زەقی ئەم جارە ئەوەیە لەوانەیە هەندێک لە هێزە سیاسییەکان لە بەغدا لەڕێی دروستکردنی گرفت بۆ پرسەکانی بودجە و بەکارهێنانی هەندێک لە دامەزراوەکانی دیکەوە، مەیلی ئەوەیان هەبێت کە کاریگەری لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنەکە دابنێن. بۆیە بە ئەگەری زۆر، گرفتەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر بودجە لانیکەم هەتا دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوام دەبن. ئەمە بێجگە لەوەی کە رووداوە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکەش بە لەونێک کاریگەرییان لەسەر ئەوە دەبێت.
 
هەڵبژاردنەکانی ئێران
 
لە مانگی سێی ساڵی داهاتوودا لە ئێران هەڵبژاردنی پەرلەمان دەکرێت و هەر لە ئێستاوە رێژەی بەشداریکردنی گریمانەیی خەڵک لە هەڵبژاردن، وەک مژارێکی گرنگ دەرکەوتووەتە پێش. بەپێی ئاماری رەسمی وەزارەتی نێوخۆی ئێران لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەماندا 42.57٪ی خەڵک بەشدارییان کردووە کە سەرەڕای ئەوەی رەخنەی لێگیراوە، کەمترین رێژەی بەشداریی خەڵک بووە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا لە ئێران. رێگری لە بەشداری بەشێکی زۆر لەو کەسانە کرا کە دەیانویست خۆیان بەربژێر بکەن و، جۆرێک لە یەکدەستکردنی پەرلەمان و حکومەت لە لایەن موحافزەکارەکانەوە روویدا. رێگری لە زیاتر لە نیوەی ئەوانە کرا کە دەیانویست بەربژێر بن کە لە سەرووی 15 هەزار کەسەوە دەبوون. لە ئەنجامدا پەرلەمانێکی یەکدەست دروست بوو. لە پاش ئەویش لە 2021دا ئیراهیم رەئیسی بووە سەرۆککۆمار، بەڵام زۆری پێنەچوو کە خۆپێشاندانێکی سەرتاسەری ئەو وڵاتەی گرتەوە کە پێدەچێت یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوە، سیاسەتی یەکدەستکردنی دەسەڵات لەو وڵاتە بووبێت.
 
هەڵبژاردنی ساڵی داهاتووی پەرلەمانی ئێران هاوکاتە لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایانی رابەری ئێران. بەربژێربوونی حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران بۆ ئەو ئەنجوومەنە کە ئێستا ئیبراهیم رەئیسی لەوێ جێگرە، مشتومڕەکانی سەبارەت بە رکابەری نێوخۆیی لەسەر کۆنترۆڵکردنی ئەو دامەزراوەیەی کە پەیوەندی بە دیاریکردنی رابەری داهاتووی ئێرانەوە هەیە زیاتر کردووە.
 
بۆیە بە ئەگەری زۆر هەڵبژاردنی دهاتووی ئێران دیمەنی رکابەرییەکی نێوخۆیی نوخبەی دەسەڵاتدار دەبێت کە ئەوەش ئەنجامەکەی هەرچۆنێک بێت، کاریگەری لەسەر سیاسەتی نێوخۆیی و دەرکی ئەو وڵاتە دەبێت.
 
هەڵبژاردنی تورکیا
 
دوای ئەوەی کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتیدا هاوپەیمانییەکەی ئەردۆغان بردییەوە، ئێستا چاوی سەرۆککۆماری تورکیا لەوەیە کە شارەوانی شارە گەورەکانی وەک ئەنقەرە و ئیستەنبووڵ وەربگرێتەوە کە پێشتر دۆڕاندبووی. سەرۆککۆماری تورکیا هەڵبژاردنەکەی ئەم ساڵی بە پشتبەستن بە گوتارێکی ناسیونالیستی- ئیسلامی و بە هاوکاریی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست بردبووەوە، بەڵام پێدەچێت لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا گوتارێکی نەرمتر پێڕەو بکات. هۆکارێکی ئەمەش ئەوەیە کە رێگە بە هاوکارییەکی تۆکمەی لایەنەکانی نەیاری خۆی نەدات. بۆ نموونە لە شوێنێکی وەک ئیستەنبووڵ، دەنگی هەدەپ سەرەڕای ئەوەی کە کەمیشی کردووە، 19.8٪ی دەنگەکانە. لە شوێنێکی وەک ئیزمیریش 54.7٪ـی دەنگەکانی هەیە و ئەمەش وەک فاکتەرێکی گرنگ کاریگەری لەسەر رکابەرییەکانی حیزبەکەی ئەردۆغان لەگەڵ پارتی گەلی کۆماری هەیە کە بە تازەیی سەرۆکەکەی گۆڕدرا. مەرج نییە ئەوە بە رێککەوتنێکی ئاکپارتی و هەدەپ کۆتایی بێت، بەڵام لەو هەڵبژاردنەدا جیاواز لە هەڵبژاردنە گشتییەکە، دەنگی دەنگدەری کورد بۆ ئەردۆغان بایەخێکی زیاتری دەبێت.