سیاسەتەکەى چارلى چاپڵین

03-10-2023
عارف قوربانی
عارف قوربانی
A+ A-
 
ئەکتەرى کۆمێدیی بەناوبانگى جیهانى (چارلس ئێسپێنسێر چاپڵین) کە بە چارلى چاپڵین ناسراوە، لە کورتە فیلمێکدا پیشەى (جامچى)یە، بۆ ئەوەى خەڵک شووشەى لێبکڕێت، دارلاستیکێک دەداتە دەستى کوڕە مناڵەکەیەوە و رایدەسپێرێت شوشەى پەنجەرەى ماڵان بشکێنێت. کوڕەکەى نیشان لە پەنجەرەى هەر ماڵێک دەگرێت، کاتێک خاوەن ماڵ بە نیگەرانییەوە لەدیار شوشەى شکاوى پەنجەرەکە رادەمێنێ، چارلى چاپڵین دەگاتە سەرى و بەپارەیەکى باش بۆى چاک دەکاتەوە. 
 
خەریکە دەگەمە قەناعەتى ئەوەى زۆرێک لە رووداوەکانى هەرێمى کوردستانیش سیاسەتێکى هاوشێوەى چارلى چاپڵین لە پشتییەوە بێت. هەر لە کێشە و ناکۆکییە سیاسییەکانەوە بیگرە لە نێوان هەولێر و بەغدا و کێشە ناوخۆییەکانەوە، تا دەگاتە سیاسەت و بەڕێوەبردنى ئابوورى و بازاڕ و کەرتەکانى پەروەردە و تەندروستى و تەنانەت زۆربوونى سەگى بەرەڵاى کۆڵان و گەڕەکەکانیش. لێکەوتەى هەموو ئەمانە لە بەرژەوەندیی کەسانێکدایە لە پشتەوەى دیمەنەکانەوەن، جا خۆماڵى بن یان دەرەکى. 

 

لەم رۆژانەى رابردووش بەڕێز سۆران عومەر، سەرۆکى فراکسیۆنى کۆمەڵى دادگەری لە پەرلەمانى عێراق، لە نووسینگەى پەرلەمان لە سلێمانى لەگەڵ ژمارەیەک کارمەندى تەندروستى کە بایکۆتیان کردووە، کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیان سازکرد. لە کۆنگرەکەدا سەرۆکى فراکسیۆنى کۆمەڵ لەگەڵ دەربڕینى پشتیوانى بۆ داخوازى و مافى کارمەندانى تەندروستى و مامۆستایانى ناڕازى و چین و توێژەکانى دیکە، گومانى ئەوەى خستەڕوو کە بەدەنگەوەنەچوونى لایەنە پەیوەندارەکان و بێباکییان لە داخستنى دەرگاى نەخۆشخانەکان و نەکردنەوەى دەرگاى قوتابخانەکان، بۆ ئەوەیە خەڵک بە ناچارى روو لەو کەرتە تایبەتانە بکات کە بەرژەوەندیی دەسەڵاتدارانى تێدایە.
 
پرسێکى گرنگى وروژاند، لەکاتێکدا هەموو دام و دەزگاکانى هەرێمی کوردستان مووچەیان دواکەوتووە، بۆچى تەنیا کەرتى تەندروستى و پەروەردە لە زۆنى سلێمانى بایکۆت دەکەن؟  ئەو پێی وابوو ئەگەر فەرمانگە و دام و دەزگاکانى دیکە بیانەوێ بایکۆت بکەن، حکومەت ناهێڵێت، بەتایبەت ئەوانەى سەرچاوەى کۆکردنەوە و پەیداکردنى داهاتن. بەڵام بۆ کەرتەکانى تەندروستى و پەروەردە کە زۆرترین پەیوەندییان بە ژیانى خەڵکەوە هەیە، زەمینەیان بۆ خۆش دەکەن درێژە بە بایکۆت بدەن. چونکە هەموو کەسێک پێویستى بە نەخۆشخانەیە، کە نەبوو، هاووڵاتیان بەناچارى دەبێت بچنە نەخۆشحانە ئەهلییەکان. کە دەرگاى قوتابخانە گشتییەکانى حکومەت داخرابوو، خەڵک ناچارن منداڵەکانیان ببەنە قوتابخانەى ئەهلى کە زۆرینەیان یان سەرمایەدار، یان دەسەڵاتدارێک لە پشتیانەوەیە.
 
هەرچەندە هێشتا لە کۆنەستى گشتى خەڵکدا ئەوەى چەند ساڵێکە لە ناوچەکانى سلێمانى دەگوزەرێت وا لێکدەدرێتەوە پەیوەندیی بە بوونى ئازادى و ئاستى رۆشنبیریى دانیشتووانەکەیەوە هەیە وەک شارێکى زیندوو. بەڵام  دەرئەنجامەکان شتى دیکەى لێدەخوێندرێتەوە. نەک هەر بەرپرس و سەرمایەدارى ناوخۆیی، پێدەچێت نەخشەى ئەم سیاسەتە لە شوێنى دیکەوە داڕێژرابێت. 

 

بۆ ئەوەى وا لێکنەدرێتەوە کە گومانەکە بچێتە سەر فەرمانبەرى بەستەزمان و ئەوەى لەبەر بێپارەیى و نەبوونى ناتوانێت بچێتە سەر کارەکەى، یان وەک مافێکى سەرەتایى ئامادە نییە بێ وەرگرتنى موچەى مانگانەى، درێژە بە کارکردن بدات؛ ئەو بەدەست لە قەڵەم بدرێت. دەبێت بە روونى بیڵێین خوڵقێنەرانى کێشەکە، ئەوانەى هۆکارى سەرەکى ئەم بارودۆخەن کە فەرمانبەرانى کوردستان تێى کەوتوون، گومانەکە لەسەر ئەوانە، چى ئەوەى لە بەغداوە بەڕێوەدەبرێت و بەشێکى لە شێوازى ئیدارەدانى ئەم کەیس و بابەتانەش لە هەرێمەوە، جێى تێڕامان و گومانن. دەستەکە ئەو دەستە گەورانەن کە کاریگەرییان لەسەر رووداوەکان هەیە، نەک هاووڵاتییەک کە بێئەوەى بەخۆى بزانێت کراوەتە ئامرازى ئەو ئامانجانە. 
 
مرۆڤ دەتوانێت لە دەرئەنجامەکانەوە سەرچاوە و ریشەى کێشەکان بدۆزێتەوە، یاخود لە دەرئەنجامەکانەوە ئامانجە شاراوەکان ببینێت. ئایا بۆ تۆش وەک خوێنەرێک جێى تێڕامان نییە بۆ نموونە لە کەرکووک، دوز، خانەقین، شنگال و دەشتى نەینەوا دەرگاى خوێندن بۆ منداڵى عەرەب و تورکمان کرایەوە و بەهۆکارى بوونى کێشە لە نێوان هەولێر و بەغدا، ئەو مامۆستایانەى بە زمانى کوردى وانە بە منداڵانى کورد دەڵێنەوە مووچەیان نادرێتێ و بایکۆتیان کردووە. بەڵام لە هەولێر، سلێمانى، گەرمیان، شارەزوور و بادینان ئەو مامۆستایانەى بە زمانى عەرەبى وانە بە منداڵانى ئاوارەى عەرەب دەڵێنەوە، بەغدا موچەیان دەداتێ. پێویستە شتێک لە دەرئەنجامى ئەم نادادپەروەرییە تێبگەیت کە مامۆستایەکى کورد لە دوزخورماتوو لە نزیکترین دەروازەى بەغداى پایتەخت وانە بە منداڵى کورد دەڵێتەوە، بەغدا مووچەى ناداتێ، بەڵام لە پشدەر و بتوێن و سەر سنوورەکانى ئێران مامۆستایەک وانە بە منداڵى ئاوارەى عەرەب دەڵێتەوە بەغدا بۆ یەک رۆژ مووچەکەى دواناخات. 
 
دەبێت بەدواى دەرئەنجامى ئەوەشدا بگەڕێین داخستنى دەرگاى نەخۆشخانەکان و زانکۆکان لە زۆنى سلێمانى، کێ لێى سوودمەند بووە؟ ئایا هیچ ناوەندێکى توێژینەوە یان هیچ میدیایەک تاقەتى ئەوەى هەیە بەدواداچوون بکات بۆ ئەوەى بزانرێت بەهۆى ئەو دۆخەوە ساڵانە چەند هەزار کەس بەناچارى دەچنە نەخۆشخانەکانى ئێران؟ یاخود چەند خوێندکار نەک هەر بۆ ماستەرو دکتۆرا، تەنانەت ئێستا دواى تەواوکردنى قۆناغى ئامادەیى بۆ تەواوکردنى خوێندنى زانکۆش روو لە شارەکانى ئێران دەکەن؟ 
 
کاتێک دەرگاى نەخۆشخانە گشتییەکان داخراون، هاووڵاتییەک بۆ چارەسەر روو بکاتە سنە، تێچووى کەمترە وەک لەوەى لە نەخۆشخانەیەکى تایبەت لە سلێمانى بمێنێتەوە. کە رێگە نادرێت دەرگاى زانکۆ حکومیى و گشتییەکان بکرێتەوە، خوێندکارێک روو بکاتە زانکۆکانى تەبرێز و کرماشان لە ئێران پارەى کەمترى پێویستە وەک لە زانکۆیەکى ئەهلى لە سلێمانى بخوێنێت. وەک چۆن سەردەمانێک ئەمە لە هەولێریش بۆ قوبرس و شارەکانى تورکیا وابوو. 
 
بابەتەکە هەر پەیوەست نییە بە کەرتەکانى پەروەردە و تەندروستییەوە، تەنانەت لەبوارەکانى ژینگە، ئابوورى، پیشەسازیى و پێداویستییە خۆراکییەکان زیاتر رەنگیداوەتەوە. هیچ بەدواداچوون و بنکۆڵکارییەک ناکرێت بۆ دۆزینەوەى هۆکارى ئەو هەموو نەخۆشیى و دەردە کوشندانەى لە کوردستان بوونیان هەیە، نەک هەر لەناو مرۆڤەکان، بەڵکو لەناو ئاژەڵ و پەلەوەرەکانیشى. کەس ناپرسێت هۆکار چییە ساڵانە لەوەرزى پێگەیشتندا ڤایرۆس لە پەلەوەرى کوردستان دەدات، کە نەک تەنیا لە کێڵگە پەلەوەرییەکان، تەنانەت لە گوندە دوورە دەستەکانیش قڕ دەکەوێتە قەل و مریشکى گوندنشینان. کار گەیشتووەتە ئەوەى دارگوێزەکانى هەورامان و سنەوبەرەکانى بنارى کێوەڕەشیش ڤایرۆس لێیداوون. 
 
دەبێت کورد لەم خەوى غەفڵەتە بەخەبەر بێتەوە و بەدواى تەگبیردا بگەڕێت، ئەگینا کاتێک ئازارى جەستە و داڕزانى رۆح و نیشتمانەکەى بەئاگای دێنێتەوە، فریاى هیچ ناکەوێت. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. نەزەند بەگیخانی

کێ دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەرەنسا؟

خاتوو تۆندولیە دەمێکە لەناو کایەی سیاسی ناسراوە و لەسەر بنەمای لێدانی کەسانی دیکە دروست نەبووە، بەڵکو بەهۆی هەوڵ و ماندووبوون و لێهاتوویی خۆی گەیشتۆتە پایەکی سیاسیی شیاو و سەردەمییانە و ژینگەپارێز. ئەو خاتوونە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا وەک کەسایەتییەکی بوێر و زانا و پڕ وزە و توانا جڵەوی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی لە دژی بەرەی توندڕۆی لوپێن-یەکان گرتە دەست. لە کۆبوونەوە گشتییەکان، لەگەڵ جەماوەر، لە کەنالەكانی میدیا و لە دیدارەکانی بە جوانی و بە روونی و لەسەر بنەمای بەڵگە و راستییەکان ئایدیاکانی خۆی دەخستە ڕوو و باسی لە هەڕەشەکانی توندڕەویی و لوپێن-یەکان دەکرد. بۆیە هەرزوو بوو بە شوێنی سەرنجی هەمووان و ئەمڕۆش شایانی زۆری لێ دەنرێ. پسپۆڕ و میدیاکارانیش بە ئاشکرا و بە نهێنی دەڵێن خاتوو تۆندولیە یەکێکە نەک هەر لە گونجاوترین، بەڵکو لێهاتووترین کەسایەتی بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەڕەنسا.