ئازادکردنی ئۆجەلان وەکو دوایین بژارەی ئەردۆغان

03-07-2022
رەسەن رەمزی
A+ A-
 
بەرایی
 
لە سەروبەندی ئامادەکارییەکانی تورکیا بۆ هەڵبژاردنی 18ـی حوزەیرانی 2023، زۆرینەی راپرسییەکانی تورکیا ئەوە دەردەخەن کە ئیتر قۆناخی تاکڕەوی و تاکپارتی لە حکومڕانیی تورکیادا بەسەرچووە. خولی داهاتوو، حكومەتی داهاتووی تورکیا لەسەر بنەمای هاوپەیمانی دەبێت. بە جۆرێکی دیکە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئیدی خۆری پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) لە ئاوابووندایە. لە بەرامبەریشدا رەجەب تەیب ئەردۆغان کە سەرۆک و دامەزرێنەری ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیایە لە هەوڵی رزگارکردنی قەدەری پارتەکەیەتی بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتی حکومڕانی لە تورکیا و مانەوەی خۆی وەکو سەرۆککۆماری وڵاتەکەی. 
 
2023؛ هەڵبژاردنی یەکلاکەرەوە بۆ چارەنووسی ئەردۆغان
 
دۆخی ئابووری و سیاسیی تورکیا لە لێژاییەکی تیژدایە و رۆژ لەدوای رۆژ بەرەوخوار دەچێت. تورکیا لەژێر قەرزێکی زۆری دەرەکی دایە بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵئاوسان و لەدەستدانی بەهای لیرەی تورکیا بەرامبەر دۆلار هێندەی دیکە باری حکومەتەکە و سیستمە سەرۆکایەتییەکەی ئەردۆغانی قورستر کردووە و تادێت متمانەی دەنگدەرانی لەدەست دەدات. ئەردۆغان باش دەزانێت هەڵبژاردنی 2023 سەختترین هەڵبژاردن دەبێت بۆ ئەو. رەنگە بۆ چارەنووسی سیاسی خودی ئەردۆغانیش هەڵبژاردنێکی زۆر گرنگبێت. لە ئەگەری دۆڕاندن و  لەدەستدانی ئەو هەڵبژاردنە سیستمی حکومڕانی لە سەرۆکایەتییەوە بۆ پەرلەمانی دەگۆڕدرێت، واتا ئەردۆغان لە کورسیی سەرۆککۆمارییەکی سەر گەرمەوە دەگەڕێتەوە سەر کورسیی سەرۆکایەتی پارتێکی دۆڕاو لە هەڵبژاردن. ئیگۆی ئەردۆغان ئەمە قبووڵ ناکات، بۆیە رەنگە لە سیاسەت دووربکەوێتەوە. ئەمەش واتای لە گۆڕنانی خەونەکانی ئەردۆغان. بۆیە تا دوایین کارتی سیاسیی ئەردۆغان دەستکراوە دەبێت، بۆ ئەوەی چارەنووسی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو لە بەرژەوەندی خۆیدا بگۆڕێت. 
 
دۆزی کورد؛ کارتێکی کاریگەری هەڵبژاردن
 
کارتی دۆزی کورد هەمیشە لە کارتە گرنگەکانی بانگەشەی هەڵبژاردندا نییە لە تورکیا. بۆ ئەردۆغانیش ئەو کارتە لەم ماوەی رابردوودا خێری داوەتەوە، بۆ یەکەمجاریش خێری ئەو کارتەی لە هەڵبژاردنەکانی 12ـی حوزەیرانی 2011 بینی، کاتێک کە بانگەشەی سیاسی بە زمانی کوردی رێگە پێدا و لە رێگەی بەربژێری سەربەخۆوە رێگەی زیاتری بۆ سیاسەتمەندارانی کورد لە باکوور کردەوە تا بەشداری پرۆسەی سیاسی بکەن. دواتریش لە ساڵی 2013 بە دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی "پرۆسەی چارەسەری" جارێکی دیکەی دەنگی کوردانی باکووری بۆ خۆی راکێشا. هەرکاتێکیش دوو دڵ بووبێت، بە نامەیەکی ئیمراڵی لە ئۆجەلانەوە، بەکارهێنانی ئەو کارتەی بەهێزتر کردووە بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی.  
 
دەنگدەری کورد لە تورکیا
 
دەنگدەری کورد لە تورکیا رۆڵی گرنگ لە هەڵبژاردنەکاندا دەبینن. تەنانەت بە زیرەکترین و کاریگەرترین دەنگدەر دادەندرێن لە تورکیا، چونکە زۆر بە ئاسانی دەتوانن هاوسەنگیی سیاسی بگۆڕن لەنێوان پارتە تورکییەکان. لە دوایین هەڵبژاردنەکانی شارەوانییەکانیشدا بینیمان کە دەنگدەرانی هەدەپە و کورد بەگشتی چۆن بە پاڵپشتی کردن لە بەربژێرانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە ئیستەنبووڵ و ئەنقەرە توانییان شکست بە ئاکپارتی بهێنن. شکستێک کە تائێستاش برینە سیاسییەکەی بۆ ئاکپارتی ئازاری ماوە. ئۆجەلان وەکو کارەکتەرێکی سیاسی کاریگەری زۆری بەسەر دەنگدەرانی کوردەوە هەبوو (پێشتر). ئەردۆغان چەندین جار لە رێگەی نامەی ئۆجەلانەوە سۆز و عاتیفەی دەنگدەرانی کوردی بۆ بەرژەوەندیی خۆی جوڵاندووە، بەڵام دواجار لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی شارەوانییەکان، نامەی ئۆجەلانیش نەیتوانی خێری هەبێت، چونکە دەنگدەرانی کورد باش دەزانن کە ئۆجەلان ئیدی بووەتە ئامرازێک و پەتەکەی بەدەست دەوڵەتەوەیە و دەوڵەتیش کە ئاکپارتی سەرپەرشتی دەکات، بۆ بەرژەوەندییەکانی ئاکپارتی و ئەردۆغان بەکاری دەهێنێت. بۆیە لەبری ئۆجەلان، بە قسەی سەلاحەدین دەمیرتاشی هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەیان کرد کە لە زیندانەکانی ئەدیرنەوە ئاراستەی دەنگدەرانی کوردی گۆڕی و بانگی کردن تاوەکو دژی ئاکپارتی دەنگ بە بەربژێرانی جەهەپە بدەن. کەواتە نامەی ئۆجەلان چیدیکە کاریگەریی نابێت. دەنگدەری کورد دەمێکە لەنێوان ئۆجەلان و دەمیرتاش بەش بووە. بۆ ئەردۆغان ئۆجەلان گرنگترە، چونکە دانوستاندنی لەگەڵ دەکات. هەرچی سەلاحەدین دەمیرتاشە، بە رکابەرێکی گرنگ دەبیندرێت و ئامادەی دانوستاندن نییە لەگەڵ ئەردۆغان.
 
ئازادکردنی ئۆجەلان وەکو دوا بژارەی ئەردۆغان
 
ئۆجەلان وەکو دانوستاندنکارێکی گرنگ هەژماردەکرێت بۆ یەکلاکردنەوەی پرسێک کە چەندین ساڵە تورکیا بەدەستییەوە دەناڵێنێت، ئەویش پەکەکە یە. جگە لەوەش بۆ دروستکردنی رای شەقام لە باکووری کوردستان، یاخود بەکارهێنانی سۆز و عاتیفەی کوردانی باکوور ئامرازێکی گرنگە، بەڵام خەریکە ئەو ئامرازە نامە و پەیامەکانی کاریگەریی نامێنێت.
 
ئەردۆغان بژارەیەکی لەبەردەستە کە دەتوانێت هەم کاریگەری لەسەر دەنگدەرانی کورد بکات لە نێوخۆ، هەم لە بەردەم دادگەی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ ببێتە فریشتە سپییەکە، ئۆجەلان کە رادەستی تورکیا کرایەوە لە ساڵی 1999، بەو مەرجە رادەستکرا کە نابێت لەسێدارە بدرێت. بەو پێیەش تورکیا یەکجار سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپاند. بەپێی دادگەی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ، زیندانیی هەتاهەتایی بۆ تورکیا تا 25 ساڵ دیاری کراوە. ئۆجەلان ئێستا 23 ساڵە لە زیندانە. لە ساڵی 2024 دەبێت تورکیا جارێکی دیکە چاو بە بڕیاری زیندانی هەتاهەتایی ئۆجەلاندا بخشێنێتەوە. رەنگە لەبری ئیمرالی، ئۆجەلان لە ماڵەوە زیندانی بکرێت. رەنگە ئازادیش بکرێت، بە مەرجێک بچێتە دەرەوەی تورکیا (لەژێر چاودێریی دەزگای هەواڵگریی تورکیا بحەوێندرێتەوە) ئەمەش هەم دەبێتە چاکە لەسەر کوردانی باکوور، هەم هەنگاوێکی گرنگە بۆ تورکیا لە بەردەم دادگەی ئەورپی بۆ مافەکانی مرۆڤ، بەڵام ئەوەی ئەردۆغان مەبەستییەتی، بەو بڕیارە جارێکی دیکە تەواو (یاخود زۆرینەی) دەنگدەرانی کورد بۆ خۆی رابکشێت و لە هەڵبژاردنەکانی 18ـی حوزەیرانی 2023 دا بە پاڵپشتیی کوردان ویلایەتەکەی درێژ بکاتەوە. جگە لە تەواوبوونی وادەی زیندانی ئۆجەلان، لە 2023 بڕیاری لێبووردنی 100 ساڵە لە تورکیا دەدرێت، کە جارێکی دیکە ئۆجەلان لەژێر ئەو بڕیارە ئەگەری ئازادبوونی هەیە.
 
لە رووی یاسایی و سیاسییەوە ئازادکردنی ئۆجەلان مەحاڵ نییە. بەڵام ئەوەی پێویستە لەسەر ئەردۆغان زەمینەیەک بۆ ئەو بڕیارە خۆش بکات.  بۆ ئەم مەبەستەش بەشێک لە راوێژکارانی سەرقاڵی دۆزینەوەی رێگەیەکن بۆ ئەوەی لەو ماوەی کورتەی لەبەردەستدایە بە جۆرێک ئەو بژارەیە جێبەجێبکەن کە زۆرترین خێری لە بەرژەوەندیی ئەردۆغاندا بێت. رەنگە پێتان وابێت پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست (مەهەپە) ببێتە رێگر، بەڵام بۆ ئەردۆغان ئاسانترە لە سەردەمی هاوپەیمانییەتی لەگەڵ مەهەپە ئەو بڕیارە بدات. مەهەپە لە 1999 لە حکومەتی هاوپەیمانیدا بوو کاتێک واژۆی لەسەر رەزامەندیی لەسێدارەنەدانی ئۆجەلان کرد. لەو پرسەشدا جگە لە چەند گوتارێکی رەق هیچ هەڵوێستێکی دیکەی نابێت. مەهەپە ئێستا زۆر بەوە مەمنوونە کە ئاکپارتی چەند پۆستێکی ئیداری پێداون و جار جارەش تەندەری باش دەداتە کۆمپانیاکانی سەرانی مەهەپە. بۆیە لەو پرسە نابێتە رێگر. پرسی ئازادکردنی ئۆجەلان چەندین جاری دیکە لە رێگەی نووسەرانی نزیک لە ئاکپارتی و ئەردۆغانەوە باس کراوە، بەڵام هیچ کاتێک وەکو ئێستا لەسەر مێزەکەی ئەردۆغان ئەو دۆسیەیە بە گەرمی سەیر نەکراوە. بۆیە رەنگە ئەردۆغان بەر لە وادەی تەواوبوونی سزای زیندانی هەتاهەتایی، ئۆجەلان ئازاد بکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئۆجەلان تۆمەتبارە بە دامەزراندنی گرووپێکی "تیرۆریستی" پەکەکە لە تورکیا و بە بکوژی 80 هەزار کەس دادەنرێت، تەنیا 25 ساڵ زیندانی دەکرێت، سەلاحەدین دەمیرتاش لەسەر تۆمەتی "بانگەشە و پاڵپشتی پەکەکە" بە دوو جار زیندایی هەتاهەتایی و 486 ساڵ داوای زیندانیکردنی دەکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. نەزەند بەگیخانی

کێ دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەرەنسا؟

خاتوو تۆندولیە دەمێکە لەناو کایەی سیاسی ناسراوە و لەسەر بنەمای لێدانی کەسانی دیکە دروست نەبووە، بەڵکو بەهۆی هەوڵ و ماندووبوون و لێهاتوویی خۆی گەیشتۆتە پایەکی سیاسیی شیاو و سەردەمییانە و ژینگەپارێز. ئەو خاتوونە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا وەک کەسایەتییەکی بوێر و زانا و پڕ وزە و توانا جڵەوی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی لە دژی بەرەی توندڕۆی لوپێن-یەکان گرتە دەست. لە کۆبوونەوە گشتییەکان، لەگەڵ جەماوەر، لە کەنالەكانی میدیا و لە دیدارەکانی بە جوانی و بە روونی و لەسەر بنەمای بەڵگە و راستییەکان ئایدیاکانی خۆی دەخستە ڕوو و باسی لە هەڕەشەکانی توندڕەویی و لوپێن-یەکان دەکرد. بۆیە هەرزوو بوو بە شوێنی سەرنجی هەمووان و ئەمڕۆش شایانی زۆری لێ دەنرێ. پسپۆڕ و میدیاکارانیش بە ئاشکرا و بە نهێنی دەڵێن خاتوو تۆندولیە یەکێکە نەک هەر لە گونجاوترین، بەڵکو لێهاتووترین کەسایەتی بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەڕەنسا.