ترەمپیش بیری خستینەوە

03-01-2019
هێمن لهۆنی
هێمن لهۆنی
نیشانەکردن ترەمپ
A+ A-

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە دوایین کۆبوونەوەی ئیدارەکەیدا لە گوتارێکدا لەبارەی سووریا زۆر شتی بیری کورد خستەوە، لەوانە: کورد ئەکتەرێکی نانێودەوڵەتییە و دەبێ خۆی، خۆی بپارێزێ.

پەیامەکانی ترەمپ بۆ کورد:

یەکەم: ئێوە شەڕکەرێکی باشن، بەڵام کاتێک باشن کە ئەمریکا 30 فڕۆکەی ئێف18 دەنێرێ لەپێشتانەوە و بەبێ ئەمریکا شەڕکەرێکی باش نین.

دووەم: راستە خۆتان بە هاوپەیمانی ئەمریکا دەزانن، بەڵام لە ژێرەوە نەوت بە ئێران دەفرۆشن و هاوبەشی ئێرانن.

سێیەم: دەمانەوێ بتانپارێزین، بەڵام خۆ ناکرێ هەتاهەتایە سەربازی ئەمریکا بۆ ئێوە لە سووریا و عێراق بمێنێتەوە.

ئەم قسانەی ترەمپ سەرەتای گۆڕینی ئاشکرای گوتاری ئەم ئیدارەیەیە لەبارەی کوردەوە لە سووریا و عێراقیش، ئیدی ئەو خەیاڵ و غروورەی زوو زوو لە سەرکردەکانی کورد دەدات، دەبێ جارێکی دیکە بەرمانبدات.

غرووری سیاسی و نەخوێندنەوەی هاوکێشە سیاسییەکان زۆرکات کوردیان بە هەڵەدا بردووە، هەمیشەش لۆمەی دەرەوەی خۆمان کراوە.

لە هەموو پارچەکانی کوردستان بەتایبەتی رۆژئاوا و باشوور و باکوور، دۆخێک هاتووەتە پێش کە ئەنجامی بەشێک لە غروور و زیاتر حیسابکردنە بۆ هێزە نێودەوڵەتییەکان و زیاتر خۆ بینینە لەوەی هەین.

پێویست ناکات هەمیشە کە کارەساتێک بەسەر کورددا دێت، ئەو قەوانە بڵێینەوە کە لە حەفتاکانەوە بە کیسنجەر دەستپێبکەین و ئەمریکا بکەینە خائین و وڵاتێکی دیکە بکەینە دۆست.

ئەگەر لە بیری خۆمان نەبەینەوە هاوکێشەکە زۆر ئاسانە؛ کورد ئەکتەرێکی نادەوڵەتییە لە ناوچەیەکی جوگرافیا داخراو کە مەیدانی ململانێکانی هێزە ئیقلیمییەکانە.

زۆر کات، کورد کە لەسەر حیسابی ئەم هێزە ئیقلیمیانە لەگەڵ هێزە گەورەکان گرەوی کردبێ، سەرکەوتوو نەبووە.

هەموومان بیرمانە کاتێک هەرێمی کوردستان لە گرژییەکی زۆردابوو لەگەڵ تورکیای دراوسێ یارییەکی دۆڕان-دۆڕان بوو بۆ هەردوولا. کاتێکیش پەیوەندییەکان چوونە پێش، ئاوەدانی و ژیانێکی زۆرباش لە باشووری کوردستان دروستبوو. لەوەش گرنگتر ئەو پەیوەندییە باشەی هەولێر و ئەنکەرە بووە هەوێنی ئاشتی بۆ باکوور و خوێن نەڕشتن لە تورکیا. هەموو جیهانیش دەستخۆشی لێکردین.

دوای شەڕی داعش، جارێکی دیکە لە تێگەیشتن لەو هاوکێشەیە کورد کورتیهێنا، بۆیە ئێستا دۆخەکە بەمشێوەیەیە کە دەیبینین.

کورد نابێ چاوەڕوانی ئەمریکا بکات، هیچ کاتێکیش ئەمریکا بە کاری خۆی نازانێ کورد بخاتە بەرامبەر هاوپەیمانێکی ناتۆی خۆی. کورد لە رۆژئاوا بێ یان باشوور بۆ ئەوەی بگات بە ئەمریکا باشترین رێگە لە ئەنکەرەوەیە.

گرنگە نییە کێ لە تورکیا حوکم دەکات، گرنگە ئەوەیە تێبگەین کە جیۆپۆڵتێکسی تورکیا لەم ناوچەیەدا و پێگەکەی کردوویەتییە تەنیا هاوپەیمانی قبوڵکراوی رۆژئاوا بە هەموو کەموکوڕییەکانییەوە.

کوردانی رۆژئاوا دەبوو زۆر لە سەرەتاوە غروور نەیانگرێ و لەگەڵ تورکیا رێککبکەوتنایە، ئێستا رۆژئاوای کوردستان وەک مۆدێلێک بوو لە باشوور، بەڵام ئیستیفزازکردنی ئەنکەرە بە خەیاڵی ئەمریکاوە هیچ ئەنجامی درێژخایەنی نییە.

ئەوەی ئێستا ترەمپ دەیڵێت، سیاسەتی ئەمریکایە و باوەڕی خۆیەتی بۆ سیاسەتی دەرەوە.

کورد لە هەموو پارچەکان گەر دەیەوێ سیاسەت بکات و بمێنێتەوە دەبێ بە خەیاڵی زلهێزەکان خەون دروست نەکات، رێگەچارە یەکبوونی خۆی و حیسابکردنە بۆ هاوکێشە ئیقلیمییەکان، دواتر هەڵبژاردنی باشترین رێگە بۆ مانەوە و خۆشگوزەرانی.

 

كورد لە سەردەمی پرۆتێكشینیزمدا؛ گەڕان بۆ هاوبەشی ئابووری نەك سیاسی

ئیدارەی نوێی ئەمریكا: كوردی باش، كوردی خراپ

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە