عەرعەر

ئەوەیان ئاساییە كەسێكی وەك ئەنجلینا جوولی خەڵاتی رێزلێنان لە پای یارمەتیدانی هەژار و لێقەوماودا وەربگرێت. با نەتەوە یەكگرتووەكان رێكخراوێكیش بێ تا سەر ئێسقان تێوەگلاو لە گەندەڵی، ئەوە هیچ لە بایەخی ئەوە كەم ناكاتەوە كە شاكیژۆڵە نادییە موراد، ببێتە باڵیۆزی نیازپاكیی نەتەوە یەكگرتووەكان.

فەقە كە رێكخراوی گومناوی عەرعەر، خەڵاتێك كە گوایە لە بەرامبەر پێشكەشكردنی باشترین خزمەت بە كەسوكاری ئەنفالكراوان دەداتە هێژایان عومەر فەتاح و قادر حەمە جان، ئەمە ئەو بۆچوونە بە درۆ دەخاتەوە كە دەڵێ میللەت لە كاتی قەیراندا توانای بەرهەمهێنانی نوكتە و گەپی كەم دەبێتەوە.

پێدەچێ رێكخراوەكە جگە لە خۆیان، لای كاك عومەر و كاك قادریش زۆر مەشهوور بن، ئەگینا دڵنیام پرسگەی ئەو دوو بەڕێزەش رۆژی بەخشینی خەڵاتەكە ناوی رێكخراوەكەیان بیستووە. زۆرمان دیوە كەسێك بانگهێشت بكرێت تا خەڵات بكرێت، ئەوە تەنیا لای عەرعەر مۆدێلە بەخشینی خەڵات بە دیلیڤەری، وەك فەلافل و ئەزبەری، ئاخر ئەوان خەڵاتەكەیان داوە بە كۆڵیاندا و بەگەرمی گەیاندوویانەتە بارەگای مەكتەبی سیاسی.

تۆ لەوە گەڕێ ئەوانەی ناوبانگی رێكخراوی عەرعەریان بیستووە، پاسێكی دوازدە نەفەریی پڕ ناكەن، خۆ بەینی خۆمان نەبێ ناوبانگی بەڕێزان عومەر فەتاح و قادر حەمە جانیش، لە نەسر و باریكە بەولاوە وردە وردە كاڵ دەبێتەوە.

لە ناوچەی بەرواری كە یەكێكە لەو جێیانەی رۆژانی رەشی ئەنفال ژیاوە و ئەو دوو بەڕێزەش خەڵاتەكەیان لەسەر خزمەتكردنی كەسوكاری ئەنفالكراوان وەرگرتووە، ئەگەر ناوی قادر حەمەجان بێنی لەوانەیە وابزانن ئەفغانییە، ئەگەر زۆرە پێیان بڵێی عومەر فەتاح سەركردەیەكی حوسییەكانی یەمەنە باوەڕت پێبكەن، ئاخر ئەو كەسانەی لەسەر كاری مەزن خەڵات دەكرێن، نزیكەی لە تەواوی گۆی زەوی ناسراون.

دەسەڵاتداری پارەداری كورد، بۆ پێداهەڵدان بە شان و شەوكەتی جەنابی خۆیدا، فێرە یان رۆژنامەیەك دەردەكات كە تیراژەكەی بەشی ئەوە ناكات سێ جار نان و كەبابی لەسەر بخۆی، یانیش رێكخراوێكی قۆڕ دروست دەكات و پارەی دەداتێ تا ئەمیش وەك بورگەر خەڵاتی بۆ بێنێتە ماڵێ، ئاخر لەوانەیە كورد تاكە میللەتی دونیا بێت، كە ژمارەی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی تێیدا، لە ژمارەی دانیشتووان نزیك دەبێتەوە و هێشتاش فڕی بە مەدەنییەتەوە نییە.

رێكخراوی عەرعەر خۆیان شایەنی خەڵاتی وردبینی و نەفەسدرێژی و خاووخلیچكین، ئاخر ئەوان خەڵاتێك دەدەنە كا عومەر چونكە ئەها كاتی خۆی كە لە ئەنجوومەنی وەزیران بووە، كاری بۆ كردوون، ئافەرین رێكخراو نزیكەی دە ساڵت پێبچێ تا بیرت بكەوێتەوە كێ چی بۆ كردوویت!