پێشهاتەکانی سووریا و لێکەوتە ناوخۆیی و هەرێمییەکانی
چەند رۆژێک پێش ئێستا دەستەی تەحریری شام کە رێکخراوێکی تیرۆریستیی نزیک لە تورکیایە و پاشخانی دەگەڕێتەوە بۆ رێکخراوەکانی قاعیدە و داعش، هێرشی کردە سەر شاری حەلەب، دووەم گەورە شاری سووریا. لە ماوەیەکی کەم دا سوپای سووریا شکا و شارەکەی چۆڵکرد، رێک وەک ئەوەی لە 2014 دا لە موسڵ روویدا. ئێستا، کەم تا زۆر، تەواوی شارەکە بە فڕۆکەخانە و شوێنە ستراتیجییەکان لە ناو شار و دەوروبەری کەوتووەتە دەست گرووپی تەحریر شام و هاوپەیمانەکانی. هاوکات، بە پشتیوانیی راستەوخۆی تورکیا، لە باکووری پارێزگای حەلەب، وردتر بڵێین لەو ناوچانەی کە پێشووتر تورکیا و گرووپی سوپای سووریای ئازاد داگیری کردبوون، هێرشیان کردە سەر ئەو دەڤەرانەی کە لەژێر دەسەڵاتی هەسەدە بوون. لە چەند رۆژی رابردوو، ئەوانیش پێشڕەفتیی زۆریان کردووە و هێزەکانی هەسەدە وردە وردە ناوچەکانیان چۆڵ دەکەن. وێنە و نەخشە و جوگرافیا و پارسەنگی هێز تا ئێستا دەڵەمەییە، جارێ نازانرێت کە دۆخەکە چی بەسەر دێت، بەڵام سەختە بگەڕێتەوە پێش کەوتنی حەلەب. لەم بابەتە هەوڵدەدەین رۆڵ و کاریگەریی و دەرکەوتەکانی ئەم پێشهاتە نوێیە بۆ بکەرە سەرەکییە ناوخۆیی و هەرێمییەکان دەستنیشان بکەین.
سووریا، بەشار ئەسەد و رژێمەکەی
سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین کە رژێمەکەی بەشار ئەسەد لە دوای بەهاری عەرەبی و سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ بە پشتیوانیی سێ هێز و لایەن لە لێواری مەرگ گەڕایەوە. راوێژ و پلان و بەشداریی سوپای پاسدارانی ئێران و چەکدارەکانی حیزبوڵڵای لوبنانی لەلایەک و هێزی ئاسمانیی رووسیا لە لایەکەی دیکە نەبا، رژێمەکەی ئەسەد دەربازی نەدەبوو. ئێستاش ئەو داڕمانەی سوپاکەی ئەسەد راستەوخۆ پەیوەندی بە لاوازبوونی هەر سێ هاوپەیمانە سەرەکییەکەیەوە هەیە. گورزە بەردەوام و کوشندەکانی ئیسرائیل لە چەند ساڵی رابردوو و کوشتنی دەیان ئەفسەری پلەبەرز و لێدانی سەدان بنکە و بارەگای سوپای پاسدارن لەناو سووریا، تواناکانی ئێرانی لە بەهاناوەهاتنی ئەسەد تەواو کز کردبوو. هاوکات، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵا و کوشتنی زۆربەی هەرە زۆری سەرکردەکانی، بە حەسەن نەسروڵڵاوە، لەگەڵ هەڵتەکاندنی ژێرخانی سەربازیی ئەو رێکخراوە هەم لە لوبنان هەم لە سووریا، ئەسەدی بێبەش کرد لە بازووەکی بەهێز کە لە 2011ـەوە لە خەتی پێشەوە، نەک خەتی دواوەی، سوپای سووریا شەڕیان بە دژی هێزە سوننە-ئیسلامگەراکانەوە دەکرد. بێجگە لەمە، سەرقاڵبوونی هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکەی ئەسەد، رووسیا، بە شەڕی ئۆکراینا، هێندەی دیکە بەرەی سووریا-ئێران-حیزبوڵڵای لە بەرانبەر هێزە نەیارەکانیان لاوازتر کردبوو.
لەپاڵ ئەمانە، رژێمەکەی ئەسەد و سوپاکەی ماندوون و گەلی سووریا-ش ئەگەر رۆژێک لە رۆژان پشتیوانیی حکومەتیان کردبێت، لەبەر چاوی رەشی ئەسەد نەبووە، بەڵكو لەبەر مێژووی رەشی گرووپە جیهادی و سەلەفییەکانە کە بەشی هەرە زۆری ئۆپۆزیسیۆنی سووریی پێک دەهێنن. ئەمەش وای کردووە کە جار جار شەقام پشتیوانی لەو گرووپانە بکات بە دژی سوپای سووریا.
تورکیا
لەم رووداوانەی ئەم دواییە، تورکیا بکەری سەرەکییە. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، دوای پاڕانەوەیەکی زۆر لە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، لە 2020 بە رێککەوتنێک گەیشت کە هەرچی پاشماوەی گرووپە تیرۆریستی و جیهادی و سەلەفییەکان هەیە لە پارێزگای ئیدلب داڵدە بدات. ئەمە لەو کاتە دابوو کە سوپای سووریا و ئێران و حیزبوڵڵا بە پاڵپشتیی هێزی ئاسمانیی رووسیا، حەلەب و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەستی ئۆپۆزیسیۆنی سووریایان یەک لە دوای یەک رزگار کرد. دیارە ئەوکات وا بڕیار بوو کە ناوچەکە لە چەک دابماڵدرێت، بەڵام جێبەجێ نەکرا. تورکیا لەو کاتەوە ئەو گرووپانەی ئیدلب و ئەوانەش کە لە ناوچەکانی جەرابلس و ئەلباب و ئەعزاز و عەفرین، دوای دەرپەڕاندنی هێزە کوردییەکان و هەسەدە، داڵدە دابوون، ئامادە دەکات بۆ رۆژێکی ئاوا. پرسیارەکە ئەوەیە بۆ لەم کاتەدا؟
ئەوەی کە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە ناوچەکە ئاراستە دەکات، پرسی کوردە. تورکیا بوونی کورد لە هەر شوێنێک وەک هەڕەشەیەکی وجودی دەبینێت، هەموو هەوڵێک دەدات بنبڕی بکات، ئەوەی بۆ نەکرێت گەمەی لاوازکردنی کورد دەکات. تورکیا پاڵنەری سەرەکیی پشت ئەو جووڵەیەیە کە لەم رۆژانە لە حەلەب و سووریا هاتنەپێش. ئەو پێی وایە کە ئەمریکییەکان پشتیوانیی کوردەکان دەکەن لە سووریا، ئێران و سووریا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن، بەهێزیان نەکەن، لاوازیان ناکەن. تورکیا هەلی بێهێزیی بەرەی ئێران و سەرقاڵیی ئەمریکای بە دەستاودەستکردنی دەسەڵات قۆستەوە و دەیەوێت بە بەردێک چەند کێشکەیەک بکوژێت.
یەکەم: کورد (هەسەدە) سەرقاڵی شەڕ بکات، ئەگەر بۆیشی کرا لە رێگەی پرۆکسییەکانییەوە گورزی لێ بوەشێنێت، وەک ئێستا لە تەلرەفعەت و رۆژهەڵاتی حەلەب و رێگەی M4 دەبینرێت.
دووەم: ساڵێک زیاترە، تورکیا دەیەوێت دانوستان بکات لەگەڵ سووریا بە مەبەستی لاوازکردنی پێگەی کورد و گێڕانەوەی سوپای سووریا بۆ ئەو شوێنانەی کە هێزەکانی هەسەدە کۆنترۆڵیان کردووە، ئەسەد تا ئەمڕۆ نەهاتووەتە ژێر بار. ئەم هەوڵەی تورکیا بەو ئاراستەیەیە.
سێیەم: هەر لە ڕێککەوتنی ڕێڕەوی هیند-کەنداو-ئەوروپا (IMEC) کە وا بڕیار بوو بە ئیسرائیل-دا تێپەڕێت تا دەگاتە لێدانی حەماس و حیزبوڵڵا و پرۆکسییەکانی دیکەی ئێران دانوستانەکان، تورکیای تێدا کەنارگیر کراوە. ئەمەش تورکیای نیگەران و توڕە کردووە. ئەم جووڵەیەی تورکیا پەیامێکە بۆ هەمووان (ئیسرائیل، وڵاتانی کەنداو، ئەوروپا، ئەمریکا، تەنانەت هیندستان-یش) کە ئێمە ئێستاش یاریکەرێکی سەرەکین لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بێ ئێمە نە ئاشتی نە شەڕ ناکرێن.
چوارەم: تورکیا ماوەیەکە دەیەوێت پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ کورد لە باکوور زیندو بکاتەوە، بەڵام دەیەوێت بە کورد بڵێت کە ئەوە منم بڕیار لە مافەکانتان دەدەم چونکە ئەوە منم کە لە ناوچەکە نەک هەر لە باکوور بڕیاری شەڕ و ئاشتی دەدەم. بەکورتی دەیەوێت بە کورد بڵێت، کە وەک دەولەت باخچەلی گوتی، دەبێت بێن و خۆڕادەستی ئێمە بکەنەوە.
ئێران، حیزبوڵڵا و "بەرەی مقاوەمە"
ئەگەر شەڕی داعش و دەرکەوتەکانی، هێزی ئێرانی گەیاندبێتە ترۆپک، ئەوا شەڕی غەززە و لێدانە جەرگبڕەکانی حیزبوڵڵا و حەماس توناکانی ئێرانی هێندە دابەزاندووە کە مەگەر شەڕە تاقەتپڕووکێنەکەی عێراق - ئێران (1980 -1988) هێندە لاوازی کردبێت. پێشهاتەکانی چەند رۆژی رابردوو ئەگەر دەیان هۆکاری لە پشت بووبێت، بەڵام هیچیان بە قەد کزبوونی ئێران و نینۆکردنی پرۆکسییەکانی کاریگەریی لەسەر ئەم شکستەی سووریا لە بەرانبەر گرووپە جیهادییە سوننەکانی سووریا نەبووە.
پەیوەندیی ستراتیجیی ئێران لەگەڵ سووریا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی شەڕی ئەو وڵاتە لەگەڵ عێراق، کاتێک کە بێجگە لە سووریا هەموو وڵاتانی دیکەی عەرەبی پشتیوانیان لە عێراق دەکرد. گرنگی سووریا بۆ ئێران لەگەڵ دروستکردنی حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان دەیان هێندە زیادیکرد. سووریا ئەو رێڕەوەیە کە هیلالی شیعی تەواو دەکات، هیلالێک کە لە ئێرانەوە دەست پێ دەکات و بە عێراق و سووریا-دا تێپەڕ دەبێت بۆ باشووری لوبنان. بە واتایەکی دیکە، ئەو رێڕەوەیە کە ئێران چەک و تەقەمەنی پێدا دەگەیێنێتە حیزبوڵڵا تاوەکو هەڕەشە لە ئیسرائیل بکات. بۆیە وەک لە 2011، کاتێک گەڕی یەکەمی شەڕی ناوخۆی سووریا سەری هەڵدا، ئێران هەرچی لە توانایدا بوو خستیەگەڕ بۆ پاراستنی بەشار ئەسەد و رژێمەکەی، لەوەشدا سەرکەوتوو بوو.
ئێستا کە گەڕی دووەمی شەڕی ناوخۆی سووریا دەستی پێ کردووە، ئێران هەمان هەوڵ دەدات، بەڵام لە پێگەیەکی زۆر لاوازتر. پێگەیەک کە ساڵانێکە کەوتووەتە بن رەحمەتی هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل. هاوکات، بازووە بەهێزەکەشی، حیزبوڵڵا، شکاوە، هەر بەناو ئاڵای سپی هەڵنەکردووە، ئەگینا، لانیکەم لە لوبنان، هیچ کاتێک ئاوا پەرپووت نەبووە. هەر چۆنێک بێت، چاوەڕوانی دەکرێت، ئێران و ئەوەی وەک "بەرەی مقاوەمە" خۆیان دەناسێنن، دووبارە توناکانی خۆیان وەگەڕ بخەن، بۆ رزگارکردنی حەلەبیش نەبێت بۆ پاراستنی رژێمەکەی ئەسەد لە دیمەشق، درێخی نەکەن، بەڵام بێ پشتیوانیی رووسیا، لەوانەیە نەتوانن ئەمجارە ئەسەد لە داڕمان رزگار بکەن.
رووسیا و بەرەیەکی دیکەی شەڕ
لە ئەیلوولی 2015، تا ئەو کاتەی رووسیا هێزی ئاسمانی لە سووریا وەگەڕنەخست، هەموو چاودێران پێیان وابوو ئەمڕۆ نا سبەی رژێمەکەی ئەسەد، سەرەڕای پشتیوانیی ئێران و حیزبوڵڵا، دەکەوێت. رووسیای جێگرەوەی یەکێتیی سۆڤیەت لەو ئانوساتەدا لە هەموو دنیادا تەنیا لە تەرتوس (شارێکی سووریا لەسەر دەریای نێوەڕاست) بنکەیەکی سەربازیی دەریایی هەبوو، پێشی وابوو بۆ گەڕانەوە بۆ گۆڕەپانی نێودەوڵەتی وەک زلهێزێک سووریا ئەو بەردەبازەیە کە دەکرێت لێیەوە هەنگاوی دیکە بهاوێت. بۆیە پاراستنی سووریا و ئەسەد ببوون بە ئەولەویاتەکانی ڤلادیمیر پووتین. بۆ ماوەی پێنج ساڵ، رۆژ نەبوو هێزی ئاسمانیی رووسی لە سووریا چالاکیی سەربازی ئەنجام نەدات، تا دەرپەڕاندنی گرووپە جیهادییەکان و نەیارەکانی ئەسەد لە زۆربەی خاکی سووریا، ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە نەبێت لەگەڵ ئیدلب، کە وەک ئاماژەی پێ کرا، لە پێکهاتنێک لەگەڵ تورکیا کرا بە مۆڵگەی پاشماوەکانی داعش و قاعیدە و جەبهەت ئەلنوسرە، کە دواتر بەشی زۆریان بوون بەو هەیئەت تەحریر شام-ـەی ئێستا سەرکردایەتیی هێرشەکانی سەر حەلەب و حەما دەکات.
رۆژێک دوای هێرش بۆ سەر حەلەب، جارێکی دیکە هێزی ئاسمانیی رووسیا بەگەڕکەوتەوە. رووسیا، سەرقاڵی شەڕی ئۆکراینا نەبا، تەواوی تواناکانی خۆی دووبارە لە خزمەت مانەوەی ئەسەد وەکار دەخستەوە، بەڵام ئەم جارە لەوانەیە وەک گەڕی یەکەم نەتوانێت هاوکار بێت. لە رێگەی هێزەوەش نەبێت، ئەگەری زۆرە کە رووسیا گوشارێکی زۆر بخاتە سەر تورکیا کە رێگری لە جیهادییەکان بکات تاوەکو زیاتر سەرەڕۆیی نەکەن. ئەگەر زۆرە کە تورکیا ئەوە بۆ رووسیا بکات، چونکە مانەوە یان رمانی ئەسەد بۆ تورکیا ستراتیج نییە، لانیکەم لە ئێستادا. ئەوەی گرنگە بۆ تورکیا، فراوانکردنی ناوچەکانی ژێر دەستی پرۆکسییەکانیەتی، هەم بۆ ناردنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارە سوورییەکان کە تا هەڵبژاردنی داهاتوو، ئەردۆغان دەیەوێت لە کۆڵ خۆیانی بکاتەوە، چونکە هەستێکی دژە سووری لە شەقامی تورکیا سەری هەڵداوە. هاوکات، تورکیا لەڕێگەی بەرفراوانبوونی جوگرافیای پرۆکسییەکانی دەتوانێت گوشاری زیاتر بخاتە سەر ئەسەد کە دەستبەرداری داواکانی تورکیا بێت و پشت لە کورد بکات. لەم نێوەدا، رووسیا دەتوانێت رۆڵێکی کاریگەر و یەکلاکەرەوە هەم لە ئاستی دیپلۆماسی، هەم لە ئاسمانی سووریا، ببینێت. رۆڵێک کە هیچ بکەرێکی دیکە لەم ساتەدا ناتوانێت جێگرەوەی بێت. لەبەرئەوە، پووتین لە چەند رۆژی داهاتوودا رۆڵی شا دروستکەر (king-maker) دەبینێت.
کورد و هەسەدە
لە گەڕی یەکەمی شەڕی ناوخۆی سووریا، هیچ لایەنێک بە قەد کورد قازانجی نەکردووە. دیارە باجەکەی زۆر قورس بووە، شەهید و بریندارێکی زۆر، وێرانبوون و لەدەستدانی بەشێکی زۆر لە رۆژئاڤای کوردستان، وەک عەفرین و سەرێ کانی و گرێ سپی. سەرەڕای ئەمانە، جوگرافیای ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی هەسەدە ئێستاش دوای لە دەستدانی هەندێک ناوچە لە گەڕی دووەمی شەڕی ناوخۆ زۆر گەورەترە لە جوگرافیای ناوچە کوردییەکان. لەم گەڕەدا، تا ئێستا کورد زەرەرمەندە لەبەر دوو هۆکاری سەرەکی. یەکەم، ئەو ناوچانەی کە لە دەستی داون زۆنی پچڕپچڕ بوون و تورکیا و پڕۆکسییەکانی هەر زوو بە تەواوی لە ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دایبڕین. دووەم، پشتیوانە سەرەکییەکەی کورد لە سووریا، کە ئەمریکایە، بەگشتی لە رۆژئاوای فورات کەم بەرگری لە هێزەکانی هەسەدە دەکات و سەرقاڵی دەستاودەستکردنی دەسەڵاتیشن. ئەوە بێجگە لەوەی کە ئەمریکا زیاتر لە دژی بکەرە نادەوڵەتییەکان وەک داعش و گرووپە جیهادییەکانی دیکە بەرگری لە کورد دەکرد، بەڵام ئەمجارە لەبەر ئەوەی جیهادییەکان لەژێر باڵی تورکیا خۆیان حەشار داوە، ئەمریکا خۆی دوورەپەرێز گرتووە، لانیکەم تا ئێستا. بۆ کورد گرنگە لەم ئانوساتەدا خۆی لە شەڕی بەرەی ئەسەد-ئێران-حیزبوڵڵا-مقاوەمە لەدژی بەرەی جەبهەی تەحریر شام و جەیشی سووری حور و تورکیا بپارێزێت. واچاکە پێگەی خۆی لە مەنبەج و ناوچەکانی رۆژهەڵاتی فورات تووند بکات. ئەگەر هەیە کە ئەمریکا و ئیسرائیل هێزەکانی هەسەدە بە دژی بەرەی ئێران و مقاوەمە بەکاربهێنن، ئەگەر ئەوە رووبدات و زەمانەتی پشتیوانیی درێژخایەن لە کورد و ئیدارەی خۆسەری نەبێت، زۆر خراپ بەسەر کورددا دەشکێتەوە. خۆ ئەگەر پشتیوانی مسۆگەر بکرێت، تێوەگلان لە شەڕ لەگەڵ بەرەی ئێران، لەوانەیە زۆر بە قازانجی کورد کۆتایی بێت.
ئیسرائیل و ئەمریکا
حەماس ئەو گۆنگەرەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی هەڵگیرساند، ئیسرائیل و ئەمریکا سوودمەندی سەرەکی بوون لەو گۆنگەرە. ئەوەی لە سووریا ئێستا روودەدات، راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، دەرکەوتەی سەرکەوتنەکانی ئیسرائیل و شکستەکانی بەرەی مقاوەمەیە. ئەو گەڕەی شەڕی ناوخۆی سووریا ئەگەر بەدەستی ئیسرائیلیش نەبێت، ئەوە بە دڵی ئەوە، چونکە دوو بەرە کەوتوونەتە شەڕ لە دژی یەکدی کە هەردووکیان دژی ئیسرائیلن. ئیسرائیل حەزناکات هیچ بەرەیەک لەم بەرانە سەربکەوێ، بەڵکو پێی خۆشە شەڕەکە درێژەبخایێنێت و هەر دوو بەرەکە لاواز و پەرپووت بن. ئەوەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل لەم هاوکێشە نوێیە نیگەران دەکات، باڵادەستبوونی تورکیایە. ئیسرائیل و ئەمریکا حەزناکەن ئەو بۆشاییەی لە ئاکامی لاوازبوونی ئێران هاتووەتەگۆڕ لەلایەن تورکیاوە پڕ بکرێتەوە.
بەکورتی، گۆڕانکارییەکان و پێشهاتەکان لە سووریا هەم خێران هەم چاوەڕوان نەکراو. بێجگە لەمە، بکەری دیکەش بێجگە لەوانەی باس کران ئەگەر تائێستاش لە گەمەکە نەئاڵابن، لەوانەیە لە دواڕۆژێکی نزیک تێوەبگلێن، لەوانە سعودیە و ئیمارات. ئوردنیش ئێجگار نیگەرانە لە سەرکەوتنی گرووپە جیهادییەکان، چونکە ئەویش وەک سعودیە و ئیمارات دانویان لەگەڵ گرووپە ئیسلامگەراکان، بە تووندڕەو و میانڕەوەوە، ناکوڵێ. هاوکێشەکان بە کام لادا لار دەبنەوە جارێ دیار نییە، بەڵام ئەوەی زانراوە کە بەرەی ئێران و مقاوەمە لە داشکاندان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە کوڵاندایە. من زۆر جار گوتوومە دەوڵەت لە قەیرانەکاندا لە دایک دەبێت. پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە، داخۆ کورد چەند ئامادەیە هەم بۆ قۆستنەوەی ئەو هەلانەی کە ئەم گۆڕانکارییانە دەیانهێنە پێش لە رۆژئاڤا و باشووری کوردستان، هەم بۆ دروستکردنی دەوڵەت، خەونە گەورەکەی کوردستانییان؟