حكومەتەكەی عەبدولمەهدی دەستوور جێبەجێ دەكات؟
لە كاتی پێكهێنانی هەر حكومەتێكی نوێدا لە بەغدا، لە سەردەمی جەعفەرییەوە تاوەكو عەبادی و ئێستاش عادل عەبدولمەهدی، هەمیشە لە سەرەتادا گەشبینییەك بە لایەنە كوردییەكانەوە دیار بووە كە گوایە سەرۆكوەزیران دۆستی كوردە، كەسێكی میانڕەوە و پەیوەندی باشی لەگەڵ سەركردەكانی كورد هەیە، بۆیە حكومەتەكەی پابەندی دەستوور و شەراكەت دەبێت و رێز لە مافە دەستوورییەكانی كورد دەگرێت. بەڵام ئەو گەشبینییە زۆری نەخایاندووە و زوو پێچەوانە بووەتەوە.
بەرپرسانی بەغدا، دوای گەیشتن بە دەسەڵات هەموو هەوڵەكانی خۆیان بۆ پەراوێزخستنی كورد خستووەتە گەڕ و بە پاساوی فرەجۆر، خۆیان لە دۆزینەوەی چارەسەری راستەقینە بۆ پرسە گرنگ و هەستیارەكانی مەلەفەكانی وەكو پێشمەرگە، نەوت و گاز، گەڕانەوە بۆ تەوافوق ، هاوسەنگی و هاوبەشی و رێزگرتن لە پرەنسیپەكانی سیستمی فیدراڵی و دیموكراسی، دزیوەتەوە. تەنانەت كار گەیشتووەتە ئەوەی كەسانی وەك عەبادی هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی كیانی سیاسی هەرێمی كوردستان بدەن.
پرسیاری گرینگ لێرەدا ئەوەیە، بۆچی دەسەڵاتدارانی بەغدا حەساسیەتیان بەرامبەر دەستوور هەیە؟ بۆچی پابەند نین و نابن بە شەراكەت و تەوافوقی راستەقینە لە عێراقدا؟ بۆچی رێگە نادرێت وەك خۆی سیستمی راست و دروستی فیدراڵی و دیموكراسی لە عێراقدا جێبەجێ ببێت؟ بۆچی زۆربەی دۆستەكانی كورد هەر كە بوونە دەسەڵاتدار لە كورد هەڵدەگەڕێنەوە؟ هۆكار چییە پێكهاتەی شیعە كە بە رێككەوتن لەگەڵ كورد دەستووریان داڕشت و پەسەندیان كرد، ئێستا پشتیان تێكردووە؟ ئایا ئەگەری ئەوە هەیە ئەمجارە عادل عەبدولمەهدی پابەندی دەستوور بێت و رێز لە مافەكانی كورد بگرێت؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای دامەزراندنی عێراقی نوێ و نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی كە ئەوكات هاوكێشە و موعادەلاتی سیاسی لە بەرژەوەندی باڵادەستیی پێكهاتەی شیعەدا نەبوو، پێگە و دەسەڵاتیان لاواز بوو. هەر بۆیە لە ساڵی 2005 بە تەواوی پاڵپشتی دابەشكردنی دەسەڵات بوون و لەگەڵ ئەوە بوون كە دەسەڵاتەكان لە ناوەند چڕ نەبنەوە. بەتایبەتی ئەوكات ئێران و شیعەكان ترسێكی گەورەیان هەبوو لەوەی كە ئەمریكییەكان حكومەتێكی هاوشێوەی رژێمی پێشوو لە بەغدا دروست بكەن و ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندی و ئایندەیان. بە تایبەتیش دوای 2003، بەرپرسانی ئەمریكی هەموو هەوڵێكیان بە ئاراستەی دروستكردنی حكومەتێكی بەهێز، سێكولەر، دیموكراسی و دژە تایفی چڕكردبووەوە. ئەمریكییەكان زیاتر پاڵپشتی ئەو بۆچوونەیان دەكرد كە دەبێت زۆربەی دەسەڵاتە گرنگ و هەستیارەكان لە بەغدا كۆبكرێنەوە و عێراق بكرێتە ناوەندێكی بەهێز بۆ دژایەتیكردنی ئێران.
بێگومان ئەم سیاسەتەی ئەمریكا ترسێكی گەورەی لای پارتە ئیسلامییە شیعییەكان، بە تایبەتی ئەوانەی لە ئێرانەوە نزیكن، دروستكردبوو كە ئەمجارەش دەرفەت و دەسەڵاتیان لەدەست دەربچێت. بەتایبەتی ئەگەر بەرنامە و سیاسەتی ئەمریكا لە دروستكردنی حكومەتێكی بەهێز و سێكولەر لە بەغدا سەری بگرتایە كە دیموكراتخواز و ناسیۆنالیستە عەرەبەكانی لەخۆدەگرت، هێزە ئیسلامییە شیعییەكان تووشی شكستی گەورە دەبوون، بۆیە ئێران و شیعەكان لە رێگەی گەمەیەكی تایفییەوە هەوڵی شكستپێهێنانی پرۆژەی ئەمریكایان دا. بەتایبەت وەك گوتمان ئەوكات ئێران ترسیان لە سێ شت هەبوو: یەكەم دروستبوونی حكومەتێكی بەهێز لە بەغدا كە سەر بە ئەمریكا بێت. دووەم ئەو حكومەتە لایەنی نەتەوەیی و عەلمانیەتی بەسەردا زاڵ بێت. سێیەم عێراق بكرێتە بنكەیەك بۆ لێدانی ئێران.
بۆیە لەو قۆناغەدا عەرەبە شیعەكان بە پاڵپشتیی راستەوخۆی ئێران مەبەستیان بوو كە حكومەتێكی لاواز دروستبكرێت و دەسەڵاتەكانی ناوەند زۆر سنووردار و بەرتەسك بكرێن. ئەمەش ئەو خاڵە هابەشە بوو كە لەگەڵ خواست و داواكارییەكانی كورد یەكیدەگرتەوە. بۆیە كورد و عەرەبە شیعەكان دەستوورێكیان داڕشت كە وەك چاودێران دەڵێن، عێراق تەنیا بەناو مایەوە و بەشێكی زۆری دەسەڵاتەكانی درانە هەرێمەكان. تەنانەت ئەوكات بە پاڵپشتیی ئێران و ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی، بیرۆكەی دروستكردنی هەرێمێكی شیعە لەئارادا بوو، بۆ ئەوەی بە لایەنی كەمەوە دەسەڵاتێكی وەك ئێران لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق دروست بكرێت.
بەڵام دوای ئەوەی شیعە توانییان لەڕێی گەمەی زۆرینە و كارتی تایفییەوە پێگەی خۆیان لە پرۆسەی سیاسیدا بەهێز بكەن و دەست بەسەر زۆربەی جومگە هەستیارەكانی دەسەڵاتی سیاسی، سەربازی و یاساییدا بگرن و فەشەل بە سیاسەتەكانی ئەمریكا بهێنن، ئیدی ئاراستەی سیاسەتەكانیان لە هەمبەر دەستوور و سەرجەم پرۆسەی سیاسی گۆڕا و كەوتنە رخنەگرتن لە دەستوور، گوایە لە بارودۆخێكی نالەباردا نووسراوە و دەبێت دەستكاری و هەموار بكرێت. ئەم قۆناغە زیاتر لەسەردەمی نووری مالیكی دەستیپێكرد، بە تایبەتی دوای ساڵی 2008. ئیدی لەوكاتەوە عەرەبە شیعەكان كەوتنە دژایەتیكردن و پێشێلكردنی دەستوور، دەستبەسەرداگرتنی پرۆسەی سیاسی، پاوانكردنەوەی دەسەڵات، پەراوێزخستنی كورد و سوننە و پشتكردنە شەراكەت، تەوافوق و هاوسەنگی كە عێراقی نوێی لەسەر دامەزرابوو.
ئێستاش شیعە بە پاڵپشتیی راستەخۆی ئێران و لە ڕوانگەی بەرژەوەندی تایفیی خۆیانەوە دەڕواننە عێراق، دەستوور و پرۆسەی سیاسی و هەر لەو ڕوانگەیەوە مامەڵە لەگەڵ كورد دەكەن. ئەوان ئێستا لە ڕووی سیاسی، سەربازی، یاسایی و ئابوورییەوە دەسەڵاتی رەهایان هەیە، بۆیە ئامادە نین لەگەڵ كورد و عەرەبی سوننە دابەشی بكەن. ئەوان ئامادە نین پابەندی دەستوورێك بن كە زیان لە پێگە و دەسەڵاتیان دەدات. ئەمە هیچ پەیوەندی بە كەسایەتی سەرۆكوەزیرانەوە نییە. هاتنی سەرۆكوەزیرانێكی نوێ و رۆیشتنی سەرۆكوەزیری كۆن هیچ لە مەسەلەكە ناگۆڕێت.
نابێت وا تێبگەین مادام عادل عەبدولمەهدی كەسێكی میانڕەوە و دۆستی كوردە، ئیدی دونیا دەبێتە شامی شەریف. راستە لە هەندێ ئاستدا دەتوانێت هەندێ كاری باش بكات و پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا ئاسایی بكاتەوە، بەڵام لە مەسەلە و پرسە ستراتیژییەكاندا، عادل عەبدولمەهدی زۆر بە زەحمەت دەتوانێت خۆی لە بازنەی شیعەگەرایی و پاراستنی پێگە و بەرژەوەندییان لابدات. بۆیە سەبارەت بە دەستووریش، هەر بەو ئەندازەیە پابەند دەبێت كە خزمەتی باڵادەستیی پێكهاتەكەی بكات. لێرەشدا، مەسەلەی پراكتیزەكردن و نەكردنی دەستوور رەنگە لە پێشینەی ئەركەكانی عادل عەبدولمەهدی نەبێت، چونكە ئەمە پەیوەندی بە میزاجی كەسێكی دیاریكراوەوە نییە وەك هەندێ كەس سەیری دەكەن، ئەم بابەتە زۆرتر رەهەند و ئەجێندایەكی سیاسی گەورەتری ناوخۆیی و هەرێمی هەیە و سەرۆكوەزیرانیش هەر لەو چوارچێوەیەدا گەمە و سیاسەت دەكات.
بە كورتی تاوەكو هەژموونی هێزە شیعییەكانی سەر بە ئێران بەهێز بێ و دەسەڵاتیان هەبێت، بە هیچ شێوەیەك چاوەڕێی پراكتیزەكردنی راست و دروستی دەستوور مەبن، مەگەر هاوكێشەیەكی سیاسیی نوێ بێتە ئاراوە و پێكهاتەی شیعە لە ترسی لەدەستچوونی دەسەڵاتیان، پابەندی دەستوور بن.