شەهیدبوونمان شانازی نییە!
كە هێرشەكانی داعش بۆ سەر كەركوك دەستی پێكرد، پارێزگاری ئەو شارە گوتی: ئەوانە شانە نوستووەكانی داعشن، لەڕاستیدا ئەوان ئەو شەوە شانە بەخەبەرەكان بوون، شانە نووستووەكان دەزگا ئەمنی و سەربازییەكانی كەركوك بوون. تۆ و جەنابی پارێزگاری كەركوكیش حەقە ئەوە بزانن كە: شانەكانی داعش بەخەبەر بوون، ئەوەی نووستبوو بەرپرسەكانی كەركوك بوون، دەزگا ئەمنییەكانی بوون.
باسی یەكەم تەواو، دەچینە سەر شەهیدبوونمان !
پێشمەرگەیەك بە حەماسەتەوە لەسەر تەلەفزیۆن دەیگوت: هاتووم خوێنی خۆم لەسەر ئەم خاكە بڕێژم، لەڕاستیدا ئەمە شكستە! ئەمە دۆڕانە! ئەمە زیانە! تۆ دەبێت بڕۆیت خوێنی دوژمنەكەت لەسەر ئەم خاكە بڕێژیت نەك هی خۆت! تۆ خۆت سەرمایەكەیت، لەدەستدانت بەشكست بۆمان حیسابە !
ئێمە پێشمەرگەمان هانداوە كە بڵێت: شەهیدبوونمان شانازییە! لەزانستی سەربازیدا شەهیدبوون شانازیی نییە، بەشێكە لە دۆڕان و لە شكست، مانەوە شانازییە، كاتێك سەرباز شەڕیش دەكات و ناپێكرێت، ئەوە لە باشترین جۆری سەربازەكانە!
ئەم دەربڕینە عاتفییانە چییە كورد و پێشمەرگەكانی دەریدەبڕن؟! پێشمەرگەیەك دەیگوت: لەپێناوی ئەم خاكەدا خۆم دەدەم بەكوشت، ئێ بۆ كاكە؟ تۆ دەبێت لەپێناوی ئەم خاكەدا بمێنیتەوە نەك بمریت!
ئێمە هێندە پێشمەرگەمان خۆشدەوێت، ناتوانین هەڵەكانی ببینین، هێندەمان پێدا هەڵداوە، تەنانەت ئەگەر هەڵەش بێت ناوێرین بەهەڵەی بزانین، پێشمەرگە هێزێكی ئازا و چاونەترس و وڵاتدۆستە، بەڵام هێزێكی نیزامی نییە!
كەمترین پێشمەرگە شارەزایی لە تاكتیكی جەنگی و سەربازیدا هەیە، بەدرێژایی مێژوو، كورد سەدان و هەزاران شەڕی كردووە، بەڵام بەدەگمەن نەبێ شەڕی لەگەڵ هێزی نیزامی و رێكخراودا نەكردووە، گەرنا ڕەنگە گورزی كوشندەمان بەركەوێت! من مەبەستم لە شەڕ (شۆڕش نییە!) شەڕ و شۆڕ جیایە.
شۆڕ كورتكراوەی شۆڕشە! كورد لەگەڵ سەدام و رژێمەكەیدا شۆڕشی دەكرد، بەڵام لەگەڵ داعشدا شەڕ دەكات، شۆڕش تاكتیكی پارتیزانی و مەفرەزەی سەرەتایی و لێدانی خێرا و هەڵهاتن و هەڵكوتانە سەر بوو، بەڵام شەڕی ئەمڕۆ سەنگەر و رووبەڕووبوونەوە و خەندەق و ساتر و مانەوە و چەندان شتی دیكەیە، كورد هەزاران شەڕی كردووە، بەڵام هەموو ئەو شەڕانەی كە كردوونی لەگەڵ هێزی تائیفی و عەشائیری و خێڵەكیدا بووە! داعش هێزێكی وەحشی و دڕندەیە، بەڵام نیزامییە!
بەشی زۆری پێشمەرگە بەهۆی خۆشویستنی نیشتمان و هەستی نەتەوەییەوە، چەكیان هەڵگرتووە و هیچ مۆتیڤ و پاڵنەرێكی تریان لەپشتەوە نییە، ئەمە بەپێچەوانەی بەشی زۆری هێزە سەربازییەكانی دونیاوەیە كە یان بەڕێگەی خزمەتی ناچاری بوونەتە سەرباز (وەك ئێران و توركیا)، یان بەپاڵنەری ماددی (وەك ئەمەریكا و بەشی زۆری هێزە سەربازییەكانی ئەوروپا)، ئەگەر ئەو پاڵنەرە حەماسی و نەتەوەییە لە پێشمەرگە دابماڵرێت، حەتمەن لەبەرامبەر هیچ هێزێكی نیزامیدا خۆی بۆ راناگیرێت، ئەوەی پێشمەرگەی لەبەرامبەر داعشدا راگرتووە، توانای سەربازی نییە، باوەڕە بە دۆزێكی رەوا.
كورد بە عەشقەوە شەڕ دەكات، بەشەڕیشەوە عەشق دەكات، دەبێت ئەوەی بۆ روون بكرێتەوە كە شەڕ سەرگەرمی نییە، شەڕ زانست و تەكتیكی سەربازییە و گیانبەختكردن شكستە و گیانپارێزی سەركەوتنە !