مام جەلال؛ بۆنی هەموو عەترەکانی دنیا لە یەک عەتردا‏‎

 
له‌به‌ر ده‌رگەی پاییزێکی دیکه‌ وه‌ستاوین، هه‌موومان چاو به ‌فرمێسک بۆ کۆستی ماڵئاوایی سه‌رۆک و رابه‌رمان، به‌ دیار شینی هه‌ڵوه‌رینی گه‌ڵا ره‌نگاوڕه‌نگه‌کانی دره‌خته‌کانی ئه‌م پاییزه‌ دانیشتووین، ئیتر کاتی ئه‌وه‌یه‌ به‌و فرمێسکانه‌ ره‌گی یه‌کێتییه‌که‌مان ئاو بده‌ین و له‌ به‌هاری داهاتوودا بیکه‌ینه‌وه‌ بە دره‌خته‌ هه‌ره‌ سه‌وز و سایه‌ و سێبه‌ره‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌که‌ی کوردایه‌تی.
 
پاییز و سه‌ربوورده‌کانی ئه‌مانباته‌وه‌ سه‌ر یاده‌وه‌ریی شه‌هیده‌کانمان، زیندانیان و چیرۆکی بێ وێنه‌ی خۆڕاگرییان، چۆن به‌یه‌که‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵمه‌تی پێشمه‌رگه ‌و کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک بوون به‌ هارمۆنیایه‌کی تازه‌ و به‌هاری راپه‌ڕینیان خولقاند، ئه‌بێ ئه‌مڕۆش گرفت و قه‌یرانه‌کان ساردمان نەكه‌نه‌وه‌، به‌ڵکو وزه‌مان پێ بده‌ن بۆ گۆڕینی خۆمان و ده‌وروبه‌رمان، ئه‌مه‌ش به‌ ئیلهام و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ حیکمه‌تی سیاسیی مام. 
 
قه‌ده‌ری یه‌کێتی وابووه‌ له‌ پشت هه‌ر سه‌رکه‌وتنێک خوێنێک، له‌پشت هه‌ر خۆشییه‌ک، خه‌مێكی قووڵ هه‌بووه‌، ھەر ئەوەشە وایکردووە باشتر له‌ خه‌ڵکی دیکە نرخی ده‌ستکه‌وت و به‌رهه‌می خۆمان بزانین، به‌ڵام ئێستا پشتوپه‌نامان، مامی هه‌مووانمان له‌گه‌ڵ نییه،‌ که‌ جاران کێوێک بوو له‌ پشت یه‌کێتی و یه‌کێتییه‌کان، بۆیه‌ ئێستا پێویسته‌ رۆحی مام و رێبازه‌که‌ی قیبله‌نمامان بێ ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌نا وه‌فادار بین بۆ رێبازه‌که‌ی، به‌ڵکو له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌که‌وینه‌ هه‌ڵه‌ی گه‌وره ‌و ستراتیژییه‌وه‌.
 
هەر لەم پاییزەدا، چه‌ند رۆژێکی دیکە به‌سه‌ر یاده‌وه‌رییه‌کی دیکه‌ی پڕ له‌ ئازاردا ده‌که‌وین، که‌ دۆسته‌کانی دوێنێمان بێ ویژدانانه‌ فرسه‌تیان لێ هێناین و ریفراندۆمیان كرد بە (كراسەكەی عوسمان)، که ‌تێبینیی زۆریشی لەسەر بوو، ئه‌وه‌ی به‌ خوێن له‌ داعشمان وه‌رگرته‌وه ‌و پاراستمان، به‌هێز لێیان وه‌رگرتینه‌وه‌ و ئابڵوقەی سیاسی و دارایی و ئابووری و ئیداری بەسەر هەرێمی کوردستان سەپاند و ئه‌وان به ‌وه‌شاندنی خه‌نجه‌ری ژه‌هراوییان، نه‌ک به‌شێکی زۆری خاکی کوردستانیان داگیرکرده‌وه و ژمارەیەكی زۆری پێشمەرگەی یەكێتییان شەهید كرد‌، بگره‌ تۆوی دووبه‌ره‌کییه‌کی تازه‌شیان له‌ ناومان چاند، که‌ سێ ساڵه‌ سه‌ره‌ڕای قه‌یرانه‌کانی دیکە، ئه‌ویش بووەته‌ به‌ڵایه‌کی دیکه‌ بۆ کوردستان و خه‌ریکه‌ جه‌سته‌ی کوردایه‌تی ئه‌نجن ئه‌نجن ده‌کات، به‌ جۆرێک نه‌یاره‌کانمانی یه‌کخست و ئێمه‌شی په‌رت په‌رت و دابه‌ش کرد.
 
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئاسته‌نگه‌ ده‌ره‌کییه‌کان ئه‌وه‌ی واده‌کات ئه‌م پاییزه‌ی سرووشتی کوردستان وه‌کو پاییزێکی سیاسیش بکه‌وێته‌وه‌ بریتییه‌ لە، گەندەڵی و لاوازیی دامەزراوەكانی دیموكراسی و نەگۆڕینی مەشروعیەتی شۆڕش بۆ مەشروعیەتی یاسا و دەوڵەتداری و بە قوربانی كردنی ئاییندە بۆ دەسكەوتی بچووکی رۆژانە.
 
بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌مانه‌،‌ پێویسته‌ دووباره‌ ئه‌م پاییزه‌ بکه‌ین به‌ که‌ره‌سته ‌و وزه ‌و توانا بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشەكان و بە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی و یەكدەنگی بۆ گەیشتن بە به‌هارێکی درێژخایه‌نی کوردایه‌تی که‌ به‌قه‌د فره‌یی ره‌نگه‌کانی فره‌یی سیاسی و بۆچوون و رای ئازادی تیا بێت و هه‌موومان به‌یه‌که‌وه‌ ببین به‌ هارمۆنیا و سه‌مفۆنیای بووژانه‌وه‌ی کوردایه‌تی.
 
سێ ساڵه‌ ئێمه‌ بێ مام جه‌لال ـین، ئه‌و مام جه‌لاله‌ی تاقه‌ دره‌ختێک بوو، به‌ڵام تامی هه‌موو باخچه‌کانی دنیای ده‌دا، چه‌پکه‌ گوڵێک بوو له‌ گوڵێکدا، بۆنی هه‌موو عه‌تره‌کان بوو له ‌یه‌ک عه‌تردا، هه‌موو کوردستان بوو له ‌ره‌هبه‌رێکدا، تا زه‌مه‌ن زیاتر به‌سه‌ر ئۆغری ئەبەدی تێده‌په‌ڕێت، زیاتر لێمان نزیک ده‌بێته‌وه‌، ئەمڕۆ یەكێتی و هەموو لایەنەكانی كوردستان و عێراق پێویستیان بە حیكمەت و دووربینیی مام جه‌لالە، دە با ده‌ست به‌ حیکمه‌ته‌کانیه‌وه‌ بگرین و بڵێین بۆ ئه‌به‌د تۆ رێنیشانده‌ر و رابه‌رمانی، چونکە بە لێهاتوویی خۆت واتکرد ئەمڕۆ تۆ لە یەکێتی و لە هەموو جۆرە حیزبایەتییەک گەورەتر بیت و بەمەش بوویت بە سێبەرێک بۆ هەمووان.