بەرایی
ساڵ بە ساڵ کاریگەرییەکانی گۆڕانکاریی کەشوهەوا لە هەرێمی کوردستان و عێراق زیاتر دەردەکەون. زۆربوونی رۆژە گەرمەکانی ساڵ، سووتانی دارستان و پاوانەکان، کەمبوونەوەی ماوەی باران و زیادبوونی رۆژانی خۆڵبارین، هەموو پێکەوە لێکەوتەی گەورەی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەمنییان هەیە، لەسەروو هەمووشیانەوە تێکچوونی دیمۆگرافیای ناوچەکان، زیادبوونی کۆچ و کۆچی بەکۆمەڵ، کەمبوونەوەی دەرفەتی کار و زیادبوونی ناسەقامگیری. لەم سۆنگەیەوە و لە شەش بەشدا هەڵوەستە لەسەر گۆڕانکارییەکان دەکەین و مەترسییەکان دەخەینەڕوو.
گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کە روودەدات و بەردەوامە، هەم خۆکردە و هەم سرووشتییە، واتە هەم دەستکردنی مرۆڤە و هەم سرووشتییە، بەڵام بەشێکی گەورەی خۆکردە (دەستکردی مرۆڤە) و دەتوانرێت کاری لەسەر بکرێت و کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی بەشە سرووشتییەکەی یاخود رووداوە سرووشتییەکانی کەشوهەوا هەبێت. خاڵیکی دیکەی زۆر گرنگ، کە پێویستە لێرەدا ئاماژەی بۆ بکەین ئەوەیە؛ هەرێمی کوردستان بە عێراقیشەوە بەشدارییەکی ئەوتۆی لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوادا نییە، بەڵام بەپێچەوانەوە لێکەوتەکانی رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت و دەردەکەوێت، وەک نەمانی زۆنگاوەکان و دارستانەکان و کەمبوونەوەی رۆژانی باران و زیادبوونی رۆژانی گەرم بە جۆرێک کە لەسەرووی 50 پلەی سیلیزییەوەن.
خاڵێکی سەرنجڕاکیش؛ داتاکانی تۆماری پلەکانی گەرما لە هەرێمی کوردستان، دەریدەخەن کە بەگشتی دوو پلەی سیلیزی گەرمی بەرزبووەتەوە و بەهەمان شێوەش لە تۆمارکردنی نزمترین پلەکانی گەرماش لە زستاندا لە هەندێک پارێزگا، تاوەکو نیو بۆ یەک پلە گەرمتر بووە، کە ئەمە نیشاندەرێکی تەواوی گۆڕانکارییە لە پلەکانی گەرما لە هەرێمی کوردستاندا، ئەمەش ئەنجامی سیناریۆ و پێشبینییەکان بۆ داهاتووش پشتڕاستدەکاتەوە.
بەپێی دوایین راپۆرتی پانێڵی هاوبەشی حکومەتەکان لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا (IPCC)؛ لە دەیەی رابردوودا مەودا و چڕیی بەبیابانبوون لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا رووی لە زیادبوون کردووە، کرۆکی ئەمەش عێراق و هەرێمی کوردستانە و بەشێکە لەم ناوچەیە. هەروەها، بەپێی دوایین راپۆرتی هەڵسەنگاندنی ناتۆ 2023 بەناونیشانی "هەڵسەنگاندنی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کاریگەری لەسەر ئاسایشی ناتۆ" لە کەیسی عێراقدا لە لاپەڕە 18 ئاماژە بەوەدەکات، "لەم ساڵانەی دواییدا عێراق تووشی ماوەی گەرمیی بەهێز و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بۆ ماوەی چەند رۆژێک لەسەروو 50 پلەی سیلیزی بووەتەوە، ئەمەش بەواتای تێکچوونی ئامێر و کەلوپەلە سەربازییەکان دێت. کاتێک پلەکانی گەرما دەگەنە 50 پلەی سیلیزی، هێلیکۆپتەرەکان ناتوانن بە ئاسانی بفڕن و بنیشنەوە. بەپێی پێشبینییەکان لەوانەیە 72 رۆژ لە ساڵێکدا پلەکانی گەرما لەسەرووی 50 پلەی سیلیزییەوە بن، ئەمەش بەواتای وەستانی یەک لەسەر پێنجی کارە ئاسمانییەکان دێت لەساڵێکدا."
لە بەشی یەکەمی ئەم زنجیرە هەڵسەنگاندنەدا وێنایەکی گشتی سیناریۆکانی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و لێکەوتەکانی وەک خۆڵبارین و باران دەخەینەڕوو.
سیناریۆکانی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و خۆڵبارین لە عێراق:
ناتۆ و Global climate modeling پێشبینییان کردووە کە بۆ دەیەکانی داهاتوو لە عێراق، پلەی گەرما لەماوەی کورتخایەن 1 پلەی سیلیزی، لەماوەی مامناوەند و درێژخایەنیشدا 2 پلەی سیلیزی بەرزدەبێتەوە، لەکاتێکدا ئێستا هەموو جیهان هەوڵەکانی بۆ ئەوەیە کە پلەی گەرمی 0.5 پلەی سیلیزی بەرزنەبێتەوە.
بەپێی سیناریۆی یەکەم و لەماوەی کورتخایەندا (2020-2060) ژمارەی ئەو رۆژانەی پلەکانی گەرما لەسەروو 35 پلەی سیلیزیین دەگاتە 160-170 رۆژ، لەکاتێکدا لەماوەی درێژخایەندا ژمارەی ئەو رۆژانە لە نیوەی ساڵێک زیاتر دەبێت. هەروەها، لە سیناریۆی دووەمدا، ژمارەی ئەو رۆژانەی پلەی گەرما لەسەرووی 45 پلەی سیلیزی دەبیت، لەماوەی چەند دەیەی داهاتوودا 40-50 رۆژ زیاتر دەکات، لەماوەی کورتخایەنیشدا (2020-2039) ژمارەی ئەو رۆژانەی کە پلەی گەرما لەسەرووی 45 پلەی سیلیزییەوە دەبێت بۆ 72 رۆژ زیاد دەکات، ئەمەش لەکاتێکدایە لەماوەی درێژخایەندا (2060-2079) ئەو ژمارەیە دەگاتە سەرووی 111 رۆژ لە ساڵێکدا.
لە سیناریۆی سێیەمدا، کە بەرزترین پلەکانی گەرمای بەغدا لەماوەی مانگەکانی (حوزەیران، تەممووز و ئاب) وەک بنەما وەرگیراوە و پێشبینی ساڵانی داهاتووی پێکراوە، دەردەکەوێت؛ بەرزترین پلەکانی گەرما لە ماوەی ساڵانی (1995-2014)دا 49 پلەی سیلیزی بووە، بەڵام بەپێی پێشبینییەکان لەماوەی کورتخایەندا (2020-2039) دەگاتە 50 پلەی سیلیزی، لەماوەی مامناوەندیشدا (2040-2059) بەرزترین پلەی گەرمای رۆژانە، 52 پلەی سیلیزی دەبێت، لەکاتێکدا لەمەودای درێژخایەندا دەگاتە 54 پلەی سیلیزی.
هەروەها بەپێی پیشبینییەکان، ژمارەی ئەو رۆژانەی باران نییە و کاریگەری راستەوخۆی لەسەر وشکەساڵی و خۆڵبارین هەیە، زۆرە. لە خراپترین سیناریۆدا لە عێراق، ساڵانە نزیکەی 319 رۆژی یەک لەدوای یەک وشک و بێ باران دەبێت. بە نزیکبوونەوەش لەناوچەکانی بەغدا و دەوروبەری، ژمارەی ئەو رۆژانە دەگاتە 330 رۆژ یاخود 90% لە رۆژەکانی ساڵ.
بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و، رێژەی بارانبارین لە هەرێمی کوردستان
لەڕووی گۆڕانکارییەوە لە پلەکانی گەرما لە هەرێمی کوردستان، لەماوەی دەیەی رابردوودا سەروو دوو پلەی سیلیزی تێکڕای پلەکانی گەرما لە وەرزەکانی هاویندا زیادیکردووە، بەشێوەیەک لەسەر ئاستی پارێزگاکان، تێکرای پلەی گەرما لە تەممووزی 2009ـدا لە هەولێر 33.75 پلەی سیلیزی، لە سلێمانی 31.55 پلەی سیلیزی بووە و، لە دهۆکیش 32.6 پلەی سیلیزی بووە، بەڵام لە تەممووزی 2021دا تێکڕای پلەی گەرما لە هەولێر 35.7 پلەی سیلیزی، لە سلێمانی 35.3 پلەی سیلیزی و لە دهۆک 34.7 پلەی سیلیزی بووە. بەمشێوەیەش پلەکانی گەرما بەتێکڕا لە هەولێر 1.95 پلەی سیلیزی، لە سلێمانی 3.75 پلەی سیلیزی و لە دهۆک 2.1 پلەی سیلیزی بەرزبووەتەوە، بەتێکڕاش لە هەموو هەرێمی کوردستان 2.6 پلەی سیلیزی گەرمتر بووە.
جیاوازییەکی سەرنجڕاکیشی دیکەش بۆ دەرخستنی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و گەرمبوونی زیاتری ساڵانە لە هەرێمی کوردستان دەبینرێت، کە ئەویش بەرزبوونەوەی تێکڕای بەرزترین و نزمترین پلەی گەرمای ساڵانەیە، واتە زستانیش ساردتر نەبووە بەڵکو گەرمتر بووە، بۆ نموونە لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2009دا نزمترین تێکڕای پلەی گەرمیی ساڵانە 15.3 پلەی سیلیزی بووە، بەڵام لە 2021ـدا 15.6 پلەی سیلیزی بووە، واتە 0.3 پلەی سیلیزی دابەزینی پلەکانی گەرما لە زستاندا کەمتر تۆمارکراوە، بڕوانە خشتەی 1 بۆ تێکڕای پلەکانی گەرمای ساڵانە.
لەڕاستیدا، ئەم بەرزبوونەوەیەی پلەکانی گەرما بەمانای کەمبوونەوەی بارانی ساڵانەش دێت. هەربۆیە بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، تێکڕای باران لە دەیەی رابردوودا لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بەڕادەی 289.6 ملم کەمیکردووە، هەرچەندە بەرز و نزمییەکی فراوانی لەو ماوەیەدا (2009-2021) هەبووە. بەشێوەیەک جیاوازییەکە لەو ماوەیەدا 231.2 ملیم بووە. لەکاتێکدا لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان رێژەی باران لە 2009ـدا 467.9 ملم بووە، بەڵام لە 2021ـدا 236.7 ملم بووە. بڕوانە گرافیکی یەک لەبارەی رێژەی باران لە 2009-2021 لە هەرێمی کوردستان.
کۆتایی
هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە لێکەوتەکانی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لەسەر عێراق تەنیا ریکۆردکردنی بەرزی پلەکانی گەرما و وشکبوونی سەرچاوە ئاوییەکان، نەمانی زۆنگاوەکان و سووتانی پووش و پاوان نییە، بەڵکو لە ساڵانی داهاتوودا کۆچی بە کۆمەڵی نیوخۆیی، چۆڵبوونی گوندەکان و قەرەباڵخبوونی زیاتری شارە گەورەکانیشی لێدەکەوێتەوە. ئەویش لەکاتێکدا ئێستا ژێرخانێکی ئەوتۆی نییە بۆ لەخۆگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی دانیشتووان و دابینکردنی پێداویستییەکانیان کە چاڕواندەکرێت لەو ساڵانەی کە ژمارەی رۆژانی گەرم بە سەرووی 50 پلەی سیلیزی و لە 90%ـی رۆژەکانیشدا خۆڵبارین دەبێت، ژمارەی دانیشتووانیش بگاتە دوو هێندەی ئێستا! کەبەپێی نوێترین ئامارەکانی دەستەی گشتیی ئاماری عێراق، ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە ساڵی 2022ـدا 42 ملیۆن و 248 هەزار و 900 کەس بووە.
عێراق و هەرێمی کوردستان بەشێوەیەک لە شێوەکان بەشێکی بچووکن لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، بەڵام لێکەوتەکانی گۆڕانکارییەکان لەسەر ئەوان بەشێوەیەکە کە ناتوانرێت نادیدە بگیردرێن، هەربۆیە عێراق دەتوانێت لێکەوتە و کاریگەرییەکانی کەمبکاتەوە ئەویش بەهاوکاری وڵاتانی زلهێز و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، چونکە سەرچاوەی مرۆیی و داهاتی نێوخۆیی بەشێوەیەکە، دەتوانێت بە ئاسانی دابینبکرێت و بنیاتی ئەو رۆژانە بنرێت کە پلەکانی گەرما نەگاتە ریکۆردی نوێ و ژمارەی رۆژەکانی خۆڵبارین لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان کەمبکرێتەوە.
ئەم گۆڕانکارییەی کەشوهەوا جگە لە تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، دەبێتەهۆی لەنێوچوون و خراپبوونی کەرەستە و کەلوپەلی جیاواز کە بەهاکەی بگاتە سەتان ملیۆن دۆلار، لەنێویاندا کەلوپەلی سەربازی، خۆراک، پێداویستیی کارگە جیاوازەکان کە ناتوانرێت لە گەرمایەکی لەوشێوەدا بپارێزرێن، یاخود پێویستییان بە بنیاتنانی کۆگای نوێ بۆ پاراستن و هەڵگرتنیان هەیە.
لە بەشی دووەمی ئەم زنجیرەیەدا هەڵوەستە لەسەر لەنێوچوونی دارستان و سەوزایی لەلایەک و سووتانی دارستان و پاوان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەین و، بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارانەوەین: چەند هێکتار سەوزایی و رووپوش بەدار لەنێوچووە و چەند چێنراوە؟ چەند دۆنم دارستان و پاوان سووتینراون؟ رێژەی زەویی بە بیابانبوو چەند زیاد دەکات و لێکەوتەکانی ئەمانە لە داهاتوودا چی دەبن؟
تێبینی:
ئەم وتارە بەشی یەکەمە لە شەش بەشی هەڵسەنگاندنێک لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا کە لە ماوەکانی داهاتوودا لە بەشی بیروڕای پۆرتاڵی رووداو بڵاودەبنەوە، نووسەر تێیاندا هەڵوەستە لەسەر گۆڕانکارییەکان دەکات و مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوای عێراق و هەرێمی کوردستان بە داتا دەخاتەڕوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ