كابینەی نۆیەم دەتوانێت چی بكات؟

02-05-2019
زوبێر رەسوڵ
نیشانەکردن حکومەتی هەرێمی کوردستان د. زوبێر رەسوڵ
A+ A-

پێدەچێت خەڵك چاوەڕوانی ‌و هیوایەكی زۆری بە كابینەی نوێەم هەبێت، بەجۆرێك ئەگەر نەتوانێت گۆڕانێكی ریشەییش بكات، بەڵام دەتوانێ ببێتە هەنگاوی سەرەتا بۆ گۆڕانكاری لە كۆی كایەكانی حوكمڕانی، بە تایبەتیش لە بواری سەروەریی یاسا و دادپەروەری بە هەردوو فۆرمە سیاسی ‌و كۆمەڵایەتیەكەیەوە. 

هەرچەند كەسانێك هەن كە پێیانوایە كابینەی نوێی حكومەت كابینەیەكی بەهێز نابێت، چونكە وەك پێویست دەستكراوە نابێت لەلایەك ‌و لەلایەكی تریش دوو شەریكی گەورەی وەك گۆڕان ‌و یەكێتی لە حكومەتدان، ئەمە بێجگە لەوەی كابینەی نۆیەم كابینەی دوای قەیرانە و چەندان ملیۆن دۆلار قەرزی بە میرات لە كابینەی پێش خۆی بۆ ماوەتەوە. بەڵام بە پێچەوانەوە كابینەی نۆیەم دەرفەتێكی زێڕینی لەبەردەمە كە رەوتی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان بخاتە سەر رێی راست‌ و ئەو بارە لاسەنگەی كە نزیكەی سێ دەیە دەبێت بە خواری هاتووە، راست بكاتەوە. 

لەڕاستیدا بەشێكی زۆری ئەو وڵاتانەی كە وەك خۆمان سەردەمانێك بە حوكمڕانیی نادا‌مەزراوەییدا تێپەڕیون، هەمیشە فریادڕەسێكیان هەبووە كە توانیویەتی ئاراستەی حوكمڕانی بگۆڕێت ‌و وەك رەمزی چاكسازی بمێنێتەوە. ئەو جۆرە سەركردانە مێژوویەكیان بۆ خۆیان تۆمار كردووە لە بواری چاكسازی، لە سەردەمێكدا كە چاكسازی ئەستەم بووە، مەسرور بارزانی تا ئاستێكی باش ئەو چانسەی هەیە كە سەردەمی حوكمڕانیی خۆی بەجۆرێك دەستپێبكات، بچێتە ریزی سەركردە مەزنەكانەوە. 

هەڵبەتە من نامەوێت زیادەڕۆیی بكەم لە هەڵچنینی هیوا بە كابینەی نۆیەم، بەڵام وەك ئەزموونی تایبەتی خۆم گەیشتوومەتە ئەو باوەڕەی، ئەوەندەی پاڵپشتی لە چاكسازی ‌و هاندانی كەسانێك كە لە توانایاندایە چاكسازی بكەن گرنگە و كاریگەری هەیە، ئەوەندە چەندبارەكردنەوەی رەخنە و گازاندە كاریگەری نییە، تەنیا لەو كاتەدا نەبێت كە دەگەینە باوەڕێكی تەواو بەوەی نییەتی چاكسازی وجودی نییە، دیارە هێشتاش زووە بۆ ئەو حوكمە پێشوەختە.

هەنگاوی یەكەمی ئەو پرۆسەیە دەبێت بریتی بێت لەدروستكردنی متمانە لە نێوان خەڵك و دامەزراوە حكومییەكاندا، واتا ‌ سەروەركردنی یاسا و رەنگدانەوەی لە واقعی سیاسی و كۆمەڵایەتیدا، بە جۆرێك كە بتوانێت دادپەروەری بەدی بهێنێ. چونكە لە روانگەی زۆرینەی خەڵكەوە فەرمانڕەواییەكی دادپەروەر ئەگەر دیكتاتۆریش بێت، باشترە لە فەرمانڕەواییەكی نادادپەروەر. 

لەو ئاستەدا دادگاكان ‌و پۆلیس ‌و ئاسایش دەتوانن رۆڵی سەرەكی بگێڕن، بە جۆرێك كە بتوانرێت متمانە بگەڕێنرێتەوە بۆ دامەزراوەكانی حكومەت‌ و دەسەڵاتی خۆماڵی، واتا خەڵك دڵنیا بێت كە حكومەت مافەكانی دەپارێزێت لە بەرامبەر خەڵكی دەستڕۆیشتوودا. ئەم هەنگاوە هاوشێوەی گیانبەخشینەوەیە بە دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێم. بۆیە بەبێ دەستبردن بۆ ئەو هەنگاوە، پرۆسەی چاكسازی بێ بنەما دەمێنێتەوە. چونكە تا متمانە بۆ دادگا و دامەزراوەكان نەگەڕێنرێتەوە هاووڵاتی متمانەی بە پرۆسەی چاكسازی ‌و دەرئەنجامەكانی نابێت. 

هەنگاوی دووەم دەبێت لەسەر ئاستی دامەزراوەكان بێت. لەڕاستیدا لە هەرێمی كوردستان تا ئێستاش هەوڵێك هەیە بۆ لاوازكردن ‌و بەشەخسیكردنی دامەزراوەكانی هەرێم، بەجۆرێك لە دانوستاندنی پێكهێنانی حكومەتیشدا ئەو دامەزراوانە خراونەتە مەزادی پێكهێنانی حكومەت ‌و وەك مەكرەمە و سەرچاوەی داهات ‌و هێز سەیریان دەكرێت. 

واتا دامەزراوە سیاسی و ئابوورییەكان لە سەرەوە بۆ خوارەوە دەبێت بە پرۆسەیەكی دووبارە بنیاتنانەوەدا بڕۆن. هەنگاوی دەسپێكیش بۆ ئەم مەبەستە دەبێت دەستنیشانكردنی كەسانی تازە و پەرێزپاك بێت بۆ سەركردایەتی ئەو دامەزراوانە، بە تایبەتی لەسەر ئاستی كەسانی یەكەم. نەك هەر ئەوە، بەڵكو لەناو هەر دامەزراوەیەكدا وا باشە ‌لیژنەیەكی چاودێر دابنرێ بەسەر دامەزراوەكانەوە بۆ ئەوەی رەوتی چاكسازی شكست نەهێنێ ‌و بەلاڕێدا نەبردرێت.   

بەشی دووەمی پرۆژەی چاكسازی كە دەكەوێتە ئەستۆی كابینەی داهاتوو، بریتییە لە كۆتاییهێنان بە سیمای دووئیدارەیی كە وەك وەرەمێكی شێرپەنجەیی وایە بە جەستەی هەرێمی كوردستانەوە. لەڕاستیدا ئەو جووت ئیدارەییە خەریكە دەبێتە واقیعێكی سیاسی و هەندێك لایەن وەك كارتێكی سیاسیش بەكاری دەهێنن لە دانوستاندنەكاندا. ئەمە جگە لەوەی ئەو دۆخە هەمیشە خاڵێكی لاوازی بووە و وڵاتانی دراوسێ چەندین جار دژ بە هەرێمی كوردستان بەكاریان هێناوە. 

چارەسەری ئەو دۆخەش سەرەتا لە یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و دارایی ‌و ناوخۆوە سەرچاوە دەگرێت. ئەو كابینەیە دەرفەتێكی باشی بۆ رەخساوە لەو بوارەوە، چونكە هاوپەیمانان ئێستا پرۆژەیەكیان پێشكەش كردووە بۆ یەكخستەوەی هێزەكانی حەفتا و هەشتا، گوشاری زۆریشیان خستووەتە سەر هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی تا زووە ئەو كارە تەواو بكات، چونكە ئەوانیش لە مەترسی ئەو پەرشوبڵاوییەی هێزە چەكدارەكان تێگەیشتوون كە لە ئایندەدا چ كێشەیەك نەك بۆ هەرێمی كوردستان بەڵكو بۆ هاوپەیمانانیش دروست دەكات. بەتایبەتی كە ئێستا ئەمریكا خەریكی پەلوپۆكردنی رژێمی ئێرانە. 

دۆسیەی پێوەندیە هەرێمییەكان تەوەرێكی ترە كە پێویستە كابینەی داهاتوو پێیدا بچێتەوە، بەتایبەتی لەگەڵ دراوسێكانی هەرێمدا. هەرچەندە مەلەفی پێوەندییەكانی دەرەوە تا ئاستێكی زۆر لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێمەوە سەركردایەتی دەكرێ، بەڵام دیسان كابینەی داهاتوو دەوری زۆری دەبێت لە داڕشتنەوەی ئەو پێوەندیانەدا. هەڵبەتە مەبەستم لە پێداچوونەوەی پێوەندییەكان زیاتر گرتنەبەری سیاسەتێكی هاوسەنگە بەرامبەر هەر یەكە لە توركیا و ئێران، لە بەرامبەریشدا توندوتۆڵكردنی پێوەندییەكان لەگەڵ حكومەتی بەغدا. هەرێمی كوردستان نابێت دیسان بەو هەموو قورساییەوە گشت هێلكەكانی بخاتە سەبەتەی توركیاوە، چونكە لە چەند ساڵی رابردوودا و ئێستاشی لەگەڵدا بێت، توركیا وەك مەترسی سەیری هەرێمی كوردستان دەكات. 

تا ئێستاش رای گشتیی تورك بەرامبەر كێشەی كورد زۆر رەقتر و شۆڤینیترە لە رای گشتیی وڵاتانی عەرەبی و هەتا فارسەكانیش. توركیا لە گەرمەی شەڕی داعشدا كە چەند سەعاتێكی مابوو هەولێر بكەوێت، ئامادە نەبوو هاوكاری هەرێمی كوردستان بكات لەو شەڕی مان ‌و نەمانەدا، تا دواتر كۆمەڵگای نێودەوڵەتی هاتە سەر خەت. توركیا تا ئێستاش پێوەندییەكانی لەگەڵ هەرێم زیاتر لە روانگەی مەترسی پارتی كرێكارانەوە سەیر دەكات تا هاوبەشیی بەرژەوەندی ئابووری ‌و بنیاتنانی متمانەی سیاسی.

ئەو پێوەندیانەی پارتی لەگەڵ توركیا لە ئاستی ناوخۆدا زۆر لەسەر پارتی كەوتووە، تا ئەوەی زۆرجار وا لێكدەدرێتەوە كە "پارتی داردەستی توركیایە"، نەك ئەوە، بەڵكو لایەنە كوردییەكانی تریش ئەو پێوەندیەی پارتی وەك كارتێكی گوشار بەرامبەر پارتی بەكاردەهێنن لە ململانێ ناوخۆییەكاندا. پارتی دەكرێت میكانیزمێكی گونجاوتر بدۆزێتەوە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ پارتی كریكارانی كوردستان كە لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان بێت بە پلەی یەك ئینجا توركیا. لە چەند ساڵی رابردوودا توركیا زۆر گوشاری خستووەتە سەر هەرێمی كوردستان و بە تایبەتیش پارتی، بۆ ئەوەی لە مەلەفی پارتی كرێكاراندا هاوكاری بكات، بەڵام تا ئێستا بەپێی هەموو ئەو راپۆرتانەی دزەیان كردووە، توركیا نیگەرانە لەوەی كە بارزانی وەك پێویست هاوكاریی توركیا ناكات لەو رووەوە. راستیەكەشی پارتی نەهاتووەتە ژێر باری شەڕكردن دژی پارتی كرێكاران. 

ئەمە بێجگە لەوەی بۆ هەر پارتێكی هەرێمی كوردستان ئەستەمە بتوانێت داواكارییەكانی توركیا جێبەجێی بكات، چونكە بنكەی جەماوەرییان ئەوە قبوڵ ناكات. 

هەڵبەتە ئەمە هەرگیز بە مانای پچڕاندنی پێوەندی نییە لەگەڵ توركیا، بە پێچەوانەوە توركیا دەكرێت شادەماری ئابووری بێت بۆ ئێمە، بەڵام ئەوەی من مەبەستمە ئەوەیە كە پێوەندییەكانمان لەگەڵ توركیا پێویستە زۆرتر ئابووری ‌و بازرگانی بن تاوەكو ئەمنی. بۆ ئەم مەبەستەش هەولێر دەبێت زیاتر پشت بە بەغدا ببەستێ لەڕووی ئابووری و سیاسییەوە. بۆ پرسی پارتی كرێكارانیش دەتوانێت ئەو پرسە زیاتر بۆ بەغدا لێگەڕێ و نەیكاتە كێشەی خۆی. كابینەكەی عەبدولمەهدی دەرفەتێكی باشە بۆ كابینەی نۆیەم كە بتوانێت سوودی لێ ببینێ ‌و هاوئاهەنگی لەگەڵ بكات. بۆیە من لەبری ئەوەی كابینەی نۆیەم لاواز ببینم، پێموایە دەرفەتی یەكجار باشی لەبەردەستە كە تەكانێكی مێژوویی بدات بە پرۆسەی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستاندا، وەك سەرەتایەك بۆ چاكسازی لە كایەكانی تردا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە