ریسایكلینگ پاشەكەوتكردنی داراییە

 زبڵ و خاشاك بریتییە لەگشت ئەو گواستراوە فڕێدراوانەی هەر شوێنێك كە جێهێشتنیان زیان بەسەلامەتی و تەندروستیی مرۆڤ دەگەیەنێت.

زبڵ و خاشاك لەسەر بنەمای سەرچاوەكانی، بەم جۆرە پۆلێن دەكرێن:
1- خاشاكی ماڵان

2- خاشاكی كارگەكان

3- خاشاكی كێڵگەكان

4- پاشماوەی بیناكان

پرۆسەی مامەڵەكردنیش لەگەڵ زبڵ و خاشاكدا شەش هەنگاوی هەیە، وەك: چاودێریكردنی، كۆكردنەوەی، گواستنەوەی، چارەسەركردنی، ریسایكلینگ و رزگاربوون لێی.

ئەمەش بەمەبەستی:

یەكەم: كەمكردنەوەی ئاسەوارە نێگەتیڤەكانی لەسەر ژینگەو تەندروستی و دیمەنی گشتی.

دووەم: دەستخستنەوەی دەرامەتەكان و دووبارە بەكارهێنان و دروستكرنەوە لێیان.

سێیەم: پاراستنی دەرامەتە دەست لێنەدراوەكان.

چوارەم: كەمكردنەوەی زبڵ و خاشاك.

پێنجەم: دۆزینەوەی هەلی كاری نوێ.

دووبارە دروستكردنەوەی ماددە بەكارهاتووەكان خۆی لەخۆیدا شۆڕشێكی گەورە بوو بۆ كەمكردنەوەی بڕی ماددە فڕێدراوەكان و پاشماوەكان. چونكە چەمكێكی نوێی داهێنراو بوو بۆ بەڕێوەبردنێكی تەواوكار لەبواری مامەڵەكردن لەگەڵ پاشماوەكاندا كە جاران تەنها بەڕێگەی سووتان لەكۆڵ دەكرایەوە لەكاتێكدا چەندین گرفتی ژینگەیی دیكەی بەدوای خۆیدا دەهێنا، یان بەشێوازی لەچاڵنان بەشێوەیەكی زۆر سادەو سەرەتایی كە ئەمیشیان گرفتی ژینگەیی بەدواوە بوو. 

بەداخەوە لەوڵات و هەرێمی ئێمەدا هێشتا كار بەیەكێك یان هەردوو ئەو شێوازە سەرەتاییانە دەكرێت. 

ئێمە ئەگەر بڕوانینە وڵاتانێك كە هەندێكیان نزیكن لەخۆمانەوە و زۆریش لەڕیزی وڵاتانی پێشكەوتوودا نین، دەبینین لەبواری دووبارە دروستكردنەوەدا هەنگاوی گەورەیان ناوە و ساڵانە بڕێكی زۆری ئەو پاشماوانە دووبارە دروستدەكەنەوە. 

دووبارە دروستكردنەوە بەچەند هەنگاوێك دەبێت لەوانە:

كۆكردنەوە، پاشان جیاكردنەوە ئینجا مامەڵەكردنی بەماددەی جۆراوجۆر، دواجار دووبارە دروستكردنەوە.

بڕی ماددەی پاشماوەكان ئەگەر بەپێی ئەو هاوكێشەیە لێی بڕوانین كە هەر تاكێك رۆژانە نزیكەی (1.5)كیلۆ گرام لەماددەی پاشماوە بەجێدەهێڵێت، ئەوا دەتوانین بزانین ساڵانە لەسەر ئاستی شارێك، هەرێمێك، وڵاتێك چەند ملیۆن تەن لەو ماددانە بەجێ دەمێنن.

ئەگەر بەشێوەی رێژەی سەدی لەبڕی ئەو ماددانە بڕوانین، ئەوا دەبینین رێژەیان بەم شێوەیە:

40% ماددە ئۆرگانییەكان، 20% كاغەزو كارتۆن، 15% پلاستیك 7% ماددە كانزاییەكان، 5% شووشە، 4% قوماش و چنراوەكان، 9% ماددەی دیكە. 

ئەگەرچی ماوەیەكە لێرەو لەوێ باس لەدانانی بەردی بناغەی كارگەی ریسایكلینگ دەكرێت، بەڵام پێویستە بەپەلە وڵاتی خۆماندا كارگەی جۆراوجۆر بۆ دووبارە دروستكردنەوەی ئەم ماددانە دابمەزرێنین، بەتایبەت كە ئێستا لەسایەی زۆربوونی دانیشتووان و زۆرتر بەكاربردنی شتومەكی ئامادەكراودا، ساڵانە بڕێكی زۆری ئەو پاشماوانە بەجێ دەمێنن.

 بۆنموونە ئێستا لە وڵاتێكی وەك سعودیە نزیكەی (2500) كارگە هەن بۆ دووبارە دروستكردنەوە، یەكێك لەو كارگانە كارگەی دووبارە دروستكردنەوەی كاغەز و پەڕاو و پەرتووك و ئەو كارتۆنانەی فڕێدەدرێن كە بەداخەوە لای خۆمان كارگەی لەم جۆرەمان نییە. 

بۆیە لەساڵێك لە ساڵانی رابردوودا (700) تەن لەكتێب و پەرتووكی بەكارهاتوو لەپارێزگایەكی هەرێمی كوردستانەوە درایە وڵاتێكی دراوسێ بەنرخێكی هەرزان و بەبڕی (18) ملیۆن دیناری ئێستا، ئەمە لەكاتێكدا لەوڵاتێكی وەكو عێراقدا دەیان ساڵ لەمەوبەر كارگەی بەرهەمهێنانی كاغەز و دووبارە دروستكردنی هەبوو لەشاری (عەمارە)ی باشووری عێراق. 

هەروەها لەو كارگانەی كە پێویستە بنیاتبنرێن، كارگەی دووبارە دروستكردنەوەی ماددە پلاستیكیەكانە بۆ سوود وەرگرتن لەهەزاران تەن لەو ماددانە كە ساڵانە فڕێدەدرێن و گرفتی ژینگەیی بۆ ئاو و خاك و هەوا دروست دەكەن. 

لەبەر ئەمانەو زۆر هۆی دیكە، پێویستە كارگەی لەو جۆرە هەبن و هاووڵاتیانیش فێربكرێن بۆ جیاكردنەوەی پاشماوەكان لەماڵەوەو شارەوانیش ماددە پاشماوەكان بەجیا كۆبكاتەوە، كاغەز و كارتۆن بەجیا، پلاستیك بەجیا، شووشە بەجیا، كانزاكان بەجیا، بەمەش ژینگە لەملیۆنان تەن لەو ماددانە رزگار دەكەین و سروشتیش پارێزراو دەبێت.

*نووسەر و رۆژنامەنووس و یەكەم وەزیری ژینگەی عێراق لەدوای رووخانی رژێم