کێ گوێی بەغدا رادەکێشێ؟

02-02-2024
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
A+ A-
 
وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بڕیاریاندا 50 ملیار یۆرۆ وەک یارمەتی بۆ ئۆکراینا بنێرن. بۆچی؟ بۆئەوەی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بۆ هاووڵاتییانی ئۆکراینی لەکاتی جەنگیشدا بەردەوام بن. ئەمەم بەراورد کرد بەو دۆخەی ئێستا کوردستان تێیدایە و بۆ مووچە چاوی لە دەستی بەغدایە.
 
27 وڵاتی ئەوروپا بڕیار دەدەن ئەو بڕە پارە زۆرە بۆ وڵاتێکی دراوسێیان بنێرن کە ئەندامیش نییە لە یەکێتییەکەیان، بۆئەوەی مووچە و خزمەتگوزاریی پێ دابین بکرێ، کەچی ئەو حکومەتی عێراقەی گوایە باشووری کوردستان نەک دراوسێی نییە، بەڵکو بە بەشێک لە دەوڵەتەکەی دەزانێ، تەنانەت مووچەکەش بە رێکوپێکی بۆ خەڵکەکەی نانێرێ و برسییان دەکات. هۆکارە سیاسییەکانی پشت هەردوو بڕیارەکە دەزانین و نامەوێ ئەو بەراوردە بکەم، بەڵام بەحوکمی ئەوەی لەکاتی ئەو بڕیاردانە گرنگانەدا زۆرجار لە برۆکسل بوومە و رووماڵم کردووە، پێمخۆشە بۆتان روونبکەمەوە کە چۆن ئەوروپییەکان لەسەر ئەو شتانە بڕیاردەدەن. 
 
پێش هەموو شتێک گرنگە بزاندرێ کە بڕیاردان لە حکومەتی وڵاتێکی ئەوروپیدا زۆر ئاسانترە لە بڕیاردان لە زنجیرە دامەزراوەیەکی ئاڵۆزی وەکو یەکێتیی ئەوروپادا، چونکە لە حکومەتەکاندا ئەنجوومەنی وەزیران هەیە و پەرلەمان هەن. هەر بڕیارێک کە دەدرێ ئەوانەی حکومەتیان پێکهێناوە ئامادەی دەکەن و لێی دەکۆڵنەوە و دەیبەنە پەرلەمان. لەوێ دوو یان سێ بەرەی ناکۆک لەگەڵ بڕیارەکەدا گەنگەشەیەکی ئاست بەرز دەکەن و لە کۆتاییدا دەگەنە ئەنجام، بەڵام لەو ساڵانەدا کە لە برۆکسل یان شتراسبۆرگ دەچوومە لووتکە ئەوروپییەکان و لەگەڵ سەرکردە و پەرلەمانتار و هاوکارە ئەوروپییەکانم قسەم دەکرد، تێگەیشتبووم کە بۆ دەرچوواندنی هەر بڕیارێکی گرنگ لەو یەکێتییەدا، دەبێ هەر 27 وڵاتەکە رازی بکرێن. واتە ئەگەر 26 یان رازی بن و یەکێکیان بڵێ نا، ریسەکە دەبێتەوە خوری. 
 
بۆ مەسەلەی ناردنی هاوکاریی نوێ بۆ ئۆکرایناش وابوو. ماوەیەکی زۆر بوو هەنگاریا بڕیارەکەی بلۆک کردبوو و نەیدەهێشت تێپەڕێ. ڤیکتۆر ئۆربانی سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا بە دۆستی هەرە نزیکی پووتین دەناسرێ لەنێو یەکێتیی ئەوروپادا. بۆیە بە هەموو سەرکردەکانی ئەوروپا خەریکی ئەوە بوون ئۆربان رازی بکەن رەزامەندی لەسەر دابینکردنی ئەو 50 میلیار یۆرۆیە بدات. کار گەیشتە ئەوەی هەڕەشەیان لێکرد و پێیان گوت کە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا سزای ئابووریی تووندی هەنگاریا دەدەن.
 
بێگومان ئێستاش پارەیەکی زۆر کە دەبووایە هەنگاریا لە یەکێتیی ئەوروپا وەریبگرێ، بەهۆی تێبینیی یاسایی و سیاسی لەسەر شێوازی حوکمڕانیی ئۆربان بلۆککراوە و بۆی نانێردرێت. 
 
پاساوی ئۆربان بۆ رازینەبوون بە ناردنی پارە بۆ ئۆکراینا زۆر لە پاساوی کاربەدەستانی عێراقی بۆ نەناردنی پارە بۆ مووچەی خەڵک لە کوردستان دەچوو. گوایە تێبینیی هەبوو لەسەر شێوازی خەرجکردنی پارەکە لە ئۆکراینا، کەچی یەکێتیی ئەوروپاش بەهۆی تێبینییەکانی لەسەر شێوازی حوکمڕانییەکەی ئەو پارەکانی هەنگاریای بلۆککردووە! بەڵام ئەوەی دواجار ئەو مەسەلەیەی یەکلاییکردەوە گوشار و هەڕەشە و دانیشاندنەوەی ئۆربان بوو لەسەر شوێنی خۆی. ئەمە وایکرد ئۆکراینییەکان بێخەم بن کە مانگی سێی داهاتوو، بە ناردنی 4 ملیار و 500 ملیۆن یۆرۆ، یەکێتیی ئەوروپا بۆ ماوەیەکی درێژ وادەکات مووچە و خزمەتگوزارییەکانیان گەرەنتی بکرێن.
 
خۆشبەحاڵی ئۆکراینییەکان، بەڵام تۆ بڵێی خەڵکی کوردستان کێی هەبێت کە بتوانێ بە گوێڕاکێشان و دانیشاندنەوەی بەغدا لە شوێنی خۆی، مووچە و قووتی رۆژانەی بۆ گەرەنتی بکات؟
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. نەزەند بەگیخانی

کێ دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەرەنسا؟

خاتوو تۆندولیە دەمێکە لەناو کایەی سیاسی ناسراوە و لەسەر بنەمای لێدانی کەسانی دیکە دروست نەبووە، بەڵکو بەهۆی هەوڵ و ماندووبوون و لێهاتوویی خۆی گەیشتۆتە پایەکی سیاسیی شیاو و سەردەمییانە و ژینگەپارێز. ئەو خاتوونە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا وەک کەسایەتییەکی بوێر و زانا و پڕ وزە و توانا جڵەوی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی لە دژی بەرەی توندڕۆی لوپێن-یەکان گرتە دەست. لە کۆبوونەوە گشتییەکان، لەگەڵ جەماوەر، لە کەنالەكانی میدیا و لە دیدارەکانی بە جوانی و بە روونی و لەسەر بنەمای بەڵگە و راستییەکان ئایدیاکانی خۆی دەخستە ڕوو و باسی لە هەڕەشەکانی توندڕەویی و لوپێن-یەکان دەکرد. بۆیە هەرزوو بوو بە شوێنی سەرنجی هەمووان و ئەمڕۆش شایانی زۆری لێ دەنرێ. پسپۆڕ و میدیاکارانیش بە ئاشکرا و بە نهێنی دەڵێن خاتوو تۆندولیە یەکێکە نەک هەر لە گونجاوترین، بەڵکو لێهاتووترین کەسایەتی بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەڕەنسا.