ئامانج له هه‌ڵبژاردن به‌شداریكردنی هاووڵاتیانه له پرۆسه‌ی سیاسی و لێپرسینه‌وه‌یه له سه‌ركرده و پارته سیاسییه‌كان و رێگرییه له سه‌رهه‌ڵدانی تاكڕه‌وی و دیكتاتۆری له حوكمڕانیدا. هه‌ڵبژاردن رێگایه‌كی ئاشتیانه‌یه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی جیاوازی و ململانێی سیاسی به رێگایه‌كی ئاشتیانه. سه‌ركه‌وتنی هه‌موو هه‌ڵبژاردنێكی نیشتیمانیش به‌ستراوه‌ته‌وه به دڵنیایی له ده‌ستاوده‌ستكردنی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات و پاراستنی ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تی و پاراستنی متمانه‌ی خه‌ڵك به كۆی پرۆسه‌ی سیاسی و هاووڵاتیبوون.
به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی ناوه‌ندی شه‌فافییه‌تی هه‌ڵبژاردن له جیهاندا (EIW 2019) كه له‌نێوان 2012-2018 له 166 وڵات‌دا چاودێریی پرۆسه‌كانی هه‌ڵبژاردنی نیشتیمانییان كردووه و به پێوه‌ری (0 بۆ 100) و له‌سه‌ر بنه‌مای كۆمه‌ڵێك ستانداردی جیهانی بۆ هه‌ڵبژاردن نمره‌یان بۆ هه‌ر وڵاتێك داناوه كه له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌ڵبژاردنێك یان زیاتری (په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی و ...هتد) یان به‌خۆوه بینیوه، له‌ناو وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا عێراق له‌سه‌ر سه‌د ته‌نیا 38 نمره‌ی وه‌رگرتووه و له خواره‌وه‌ی لیسته‌كه‌دا ته‌نیا پێش سووریا كه‌وتووه كه 24 نمره‌ی به‌ده‌ستهێناوه. له ماوه‌ی ئه‌و شه‌ش ساڵه‌دا، ئه‌و وڵاتانه‌ی كه هه‌ڵبژاردنیان ئه‌نجامداوه، ئیسرائیل به‌رزترین نمره‌ی به‌ده‌ستهێناوه (74 نمره) و دوای ئه‌ویش تونس دێت به 68 نمره (1).
سه‌باره‌ت به عێراق، به‌ده‌ستهێنانی ئه‌م نمره‌یه و كه‌متریش، بۆ هیچ كه‌س نابێته جێگای سه‌رسوڕمان. عێراق هیچكات ژینگه‌ی هه‌ڵبژاردن و دیموكراسی نه‌بووه. پرۆسه‌ی سیاسیی سه‌رده‌ست له چه‌ند ده‌یه‌ی رابردووی ئه‌م وڵاته‌دا بریتی بووه له تۆتالیتاریزم و ده‌وڵه‌تی به‌هێز، پاشان تایه‌فه‌گه‌ری و ده‌وڵه‌تی لاواز و كۆمه‌ڵگایه‌كی لێكترازاو له‌سه‌ر بنه‌مای سیاسه‌تی شوناس، ئێستاش له‌گه‌ڵ ده‌سپێكی ناڕه‌زاییه‌كاندا بۆشایی ده‌وڵه‌ت، قۆناغی دوای ده‌وڵه‌ت و مه‌یدانێكی كراوه‌ی شه‌ڕی ناوچه‌یی و ناوخۆیی، بۆشایی سیاسی و نه‌بوونی سه‌روه‌ری و ململانێ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و پاره.
پێشمه‌رجی ره‌خساندنی ژینگه‌یه‌كی له‌بار بۆ هه‌ڵبژاردنه نیشتیمانییه‌كان به ته‌نیا به ده‌ستكاریكردنی یاسای هه‌ڵبژاردن نایه‌ته‌دی. شێوازی به‌ڕێوه‌چوونی پڕۆسه‌كه، تۆماری ده‌نگده‌ران، تۆماری پارت و قه‌واره سیاسییه‌كان، رووماڵی میدیایی و ئازادییه‌كانی به‌رده‌م میدیا، خودی به‌ڕێوه‌چوونی ده‌نگدانه‌كه، رێكخستنی كامپینه‌كانی هه‌ڵبژاردن و له هه‌مووشیان گرنگتر ژماردنی ده‌نگه‌كان و راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كان و پاشان قبوڵكردنی ئه‌نجامه‌كان، ئه‌مانه ده‌بنه پێوه‌ری بوون و نه‌بوونی هه‌ڵبژاردنێكی سه‌ركه‌وتوو و شه‌فاف.
له حاڵه‌تی عێراق و هاوشێوه‌كانیدا، ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن هه‌بووبێت، ته‌نیا یاساكه‌ی شه‌فاف بووه، هیچ یه‌كێك له‌و پێشمه‌رجانه‌ی له‌سه‌ره‌وه باسمانكرد، بوونیان نه‌بووه. پرسیاریش له‌باره‌ی شكستی هه‌ڵبژاردنه‌كان نییه، به‌ڵكو له‌باره‌ی ده‌رئه‌نجامه‌كانی ئه‌و شكسته‌یه. لادانی هه‌ڵبژاردن له ستاندارده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و نه‌بوونی شه‌فافییه‌ت و روونی له پرۆسه‌كه‌دا، ئه‌و سیسته‌مه سیاسییه‌ش دووچاری شكست ده‌كات كه شه‌رعییه‌تی خۆی له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵبژاردنه بونیاد ده‌نێت.
خۆپیشانده‌رانی سه‌ر شه‌قامه‌كانی به‌غدا و شاره‌كانی تر، چه‌نده له سیسته‌می سیاسی و نوخبه و پارته‌كانی سه‌ر گۆڕه‌پانی حوكمڕانیی عێراق ركئه‌ستوور و تووڕه‌ن، ده ئه‌وه‌نده له كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان و یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان و كۆی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌كان تووڕه‌ن، چونكه به سه‌رچاوه‌ی شكستی پرۆسه‌كانی هه‌ڵبژاردن و شكستی پرۆسه‌ی سیاسی ده‌زانن و هه‌ست ده‌كه‌ن فێڵیان لێكراوه و ده‌نگه‌كانیان دزراوه. ئه‌مه‌ش پێمان ده‌ڵێ هه‌ڵبژاردنی شكستخواردوو و ناڕوون ده‌توانێ خزمه‌ت به نوخبه‌یه‌كی سیاسی و ده‌سه‌ڵاتداری دیاریكراو بكات، به‌ڵام هیچكات ناتوانێت سیسته‌مێكی سیاسی سه‌قامگیر بهێنێته كایه‌وه و ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رقه‌رار بكات و متمانه له‌نێوان حوكمڕان و هاووڵاتیدا دروست بكات.
له به‌ڕێوه‌بردنی وڵات‌دا، یان دامه‌زراوه و یاسا و ده‌ستوور ده‌بێت به‌هێز بێت كه رۆڵی سیاسییه‌كان تیایدا ته‌نیا پاراستن و په‌یڕه‌ویكردن و به‌ڕێوه‌بردنی دامه‌زراوه‌كان بێت (سیسته‌می لیبراڵ دیموكراسی)، یان ده‌بێت پاشایه‌ك یان ئه‌میرێك هه‌بێت ده‌سه‌ڵات و وه‌لائی له باپیرانه‌وه بۆ مابێته‌وه و خۆی هه‌م ده‌وڵه‌ت بێت و هه‌م دامه‌زراوه (سیسته‌می ئۆتۆكراسی)، یان ده‌بێت سه‌رۆك و سه‌ركرده‌یه‌ك هه‌بێت كه له ڕێگای هه‌ڵبژاردنه‌وه هاتبێت و خه‌ڵكه‌كه‌شی لایه‌نگریی بكه‌ن و ده‌نگیان پێدابێ یان متمانه‌یان پێی هه‌بێ (دیموكراسیی هه‌ڵبژاردن). له عێراقدا هیچیه‌ك له‌و سیسته‌مانه‌ی سه‌ره‌وه وجودیان نییه، ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر پشتی ته‌وافوقێكی مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌یی وه‌ستاوه، ئه‌و ته‌وافوقه‌ش تا ئێستا ته‌نیا بۆ راگرتنی به‌رژه‌وه‌ندیی چه‌ند لایه‌نێك به‌كارهاتووه و هیچ دامه‌زراوه‌یه‌كی ده‌ستووریش به خودی ده‌ستووریشه‌وه، هێزی به‌سه‌ر ئه‌و ئیراده سیاسی و میلیشیایی و ئیقلیمییه‌دا ناشكێت كه عێراق به‌ڕێوه‌ده‌بات.
په‌رله‌مانی عێراق له دانیشتنی 24ی دێسه‌مبه‌ری 2019، به‌بێ به‌شداری زۆرینه‌ی په‌رله‌مانتاره كورده‌كان، به لۆژیكی زۆرینه و كه‌مینه یاسای تازه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقی تێپه‌ڕاند. كورد دژی ئه‌و بڕگه‌یه‌ی یاساكه‌ن كه بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر بنه‌مای قه‌زا ده‌ستنیشان ده‌كات نه‌ك پارێزگا، به‌ڵام هاوپه‌یمانیی سائیرون كه هه‌ر له‌سه‌ره‌تای خۆپیشاندانه‌كانه‌وه هه‌موو رێگایه‌كی سیاسی و سه‌ربازیشی تاقیكردووه‌ته‌وه تا سواری شه‌پۆلی ناڕه‌زایی بێت، پێشنیاری شه‌شه‌می یاساكه‌یان تێپه‌ڕاند كه بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر بنه‌مای قه‌زا ده‌بێت نه‌ك پارێزگا و خۆكاندیدكردنیش به‌شێوه‌ی تاكه‌كه‌سی ده‌بێت، ئه‌مانه‌ش دیارترین دوو خاڵی گۆڕانكاری و له‌هه‌مانكاتدا جێ ناكۆكین له یاسا تازه‌كه‌دا، هێندێك وه‌ك ده‌ستكه‌وتی دیموكراسی و كه‌مكردنه‌وه‌ی رۆڵی حزبه‌كان ته‌ماشای ده‌كه‌ن و هێندێكی تریش وه‌ك هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر دیموكراسی ده‌یبینن، به‌تایبه‌تیش بۆ كورد له ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان. ده‌ركه‌وته‌كانی ئه‌م یاسا تازه‌یه‌ش هه‌رچیه‌ك بن، ناتوانن پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی عێراق بگوازنه‌وه بۆ دۆخێكی باشتر له‌وه‌ی كه تا ئێستا هه‌بووه، چونكه: یه‌كه‌م، ده‌وڵه‌ت لاوازه، چه‌ك و پاره و میلیشیا له‌ده‌ستی هێزه ناده‌وڵه‌تییه‌كاندایه، ئیراده‌ی ئیقلیمی رۆڵی گه‌وره‌ی هه‌یه له ده‌ستنیشانكردنی هاوكێشه سیاسیه‌كاندا. دووه‌م، عه‌شیره‌ت و خێڵه‌كان تا ئێستاش رۆڵی به‌رچاویان له پرۆسه‌ی سیاسی و ئه‌منیی عێراقدا هه‌یه، له شاره گه‌وره‌كاندا به‌هێزن و له‌سه‌ر ئاستی بازنه‌ی بچووكتر و قه‌زا و شار و شاره‌دێیه‌كانیشدا زۆر كاریگه‌رترن، ئه‌مانیش ده‌توانن كاره‌كته‌ری یه‌كلاكه‌ره‌وه بن له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، به‌تایبه‌تیش به‌م یاسا تازه‌یه. سێیه‌م، چینی مامناوه‌ند هێشتا لاوازه، توانای ئه‌وه‌ی نییه له‌به‌رامبه‌ر ئاراسته‌ی مه‌زهه‌بی و عه‌شایه‌ریدا خۆی رابگرێت كه شانزده ساڵه ده‌ستیان به‌سه‌ر چه‌ك و پاره و ده‌سه‌ڵاتدا گرتووه.
سه‌ره‌نجام، ناتوانین وه‌ك چاره‌سه‌رێكی باش بڕوانینه یاسای تازه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی په‌رله‌مان بۆ قۆناغی گواستنه‌وه له‌و قه‌یرانه‌ی ئێستاوه بۆ سه‌قامگیری. هه‌ڵبژاردنی باش و بێگه‌رد و شه‌فاف به یاسا نایه‌ته‌دی، با یاساكه زۆریش باش بێ. ئه‌وانه‌ی خه‌ڵك ده‌به‌نه سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان و ئه‌وانه‌ش كه چاودێریی سندووقه‌كان ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی كه دوایی ده‌نگه‌كان هه‌ژمار ده‌كه‌ن و ئه‌نجامی كۆتایی راده‌گه‌یه‌نن، هه‌ر ئه‌وانن كه قسه‌ی كۆتایی له‌م پرسی سه‌ركه‌وتن و شكستی هه‌ڵبژاردنه‌دا ده‌كه‌ن.
1- The Electoral Integrity Project, 2019. https://www.electoralintegrityproject.com/
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ