مۆدێلی كوردی بۆ هەڵبژاردن


كاتێك پرسیارم لە محەممەد ئیسماعیل، ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان- سووریا كرد (كە لەلایەن مەسعود بارزانیەوە پشتیوانی دەكرێت): ئایا هەڵبژاردن لە ناوچە كوردییەكانی سووریا بەڕێوەدەچێ؟ لە وەڵامدا گوتی كە ئەوان قبوڵ ناكەن هەڵبژاردنێك بكرێت ئاسایشی سەر بە پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD سەرپەرشتی بكات. بەڵام راستییەكەی ئەوەیە كە هەمان رەوش لە كوردستانی عێراقیش هەیە. 

بۆ ماوەی زۆرتر لە هەفتەیەك لە ناوچە كوردییەكانی سووریا بووم. هەرچەندە یەكینەكانی پاراستنی گەل و ئاسایش (كە هاوشێوەی ئاسایشی كوردستانی عێراقە)، دەڵێن پشتیوانی لە هیچ پارتێكی سیاسی ناكەن، بەڵام لە هەموو نووسینگەكانیان وێنەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆكی بەندكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان PKK هەڵواسراوە. تەنانەت هەندێك مەدالیای نەخشاو بە وێنەی ئۆجەلانیشیان لەسەر سنگیان داوە. 

سەركردەكانی یەكینەكانی پاراستنی گەل رەخنەی زۆر لەو پارتانەش دەگرن كە لەلایەن بارزانییەوە پشتیوانییان لێدەكرێت، بەڵام رەخنە لە PYD ناگرن.
 
تەنانەت ئەو ڤیدیۆكلیپەی (كۆما ئاوازێن چیا) بۆ پشتیوانی لەو یەكینانە دروستیانكردووە، تێیدا ژمارەیەك شەڕڤانی یەكینەكان دەردەكەون كە هاوار دەكەن "بێ سەرۆك ژیان نابە".

 ئەمەش ئەوكاتانەی بیردەهێنامەوە كە دەچوومە بنكەكانی ئاسایش لە هەرێمی كوردستان و لەوێش وێنەی جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی هەڵواسرابوون، بەڵام قەت حاشایان لەوە نەدەكرد كە ئاسایشی سەر بە پارتین یان یەكێتین. 

پێدەچێ بەهۆی ئەو شەڕەی یەكینەكانی پاراستنی گەل لەدژی ئەلقاعیدە دەیكەن وای لێكردبن، سەرەڕای ئەوەی سەر بە PKKن، بەڵام خۆشەویست بووبن لەنێو خەڵكدا. تەنانەت سیاسەتڤانانی سەر بە كۆنگرەی نیشتمانیی كورد دەیانگوت ئەگەر لەنێوان قاعیدە و یەكینەكانی پاراستنی گەلدا ناچاربن یەكێكیان هەڵبژێرن، ئەوە دووەمیان هەڵدەبژێرن.
 
بەڵام ئەمە ئەو راستییەی پێ ناگۆڕدرێت كە چەكدارانی سەر بە PKK لە سووریا تەواوی ناوچە كوردییەكانیان كۆنترۆڵ كردووە، تەنیا هەندێك شوێن نەبێت كە گرووپی دیكەشی لێن. بۆیەش سەركردەیەكی كورد پێیگوتم گومانی هەیە لەوەی پڕۆژەی دروستكردنی پارتی دیموكراتی كوردستان-سووریا، كە ئێستا لە هەولێر كاری لەسەر دەكرێت، سەركەوتوو بێت. چونكە ئەوان دەبێ بە مۆڵەتی PYD هاتوچۆی دەرەوەی سووریا بكەن و هاوكات ساڵح موسلیم رێگەی نادرێت بێتە هەرێمی كوردستانی عێراقەوە بەبێ مۆڵەتی پارتی. وەكچۆن بینیمان پارتی هەفتەی رابردوو رێگەی هاتنی بە ساڵح موسلیم نەدا بۆ هەرێمی كوردستان.
 
وەكچۆن PKK لە ناوچە كوردییەكانی سووریا هەموو شتێكی كۆنترۆڵ كردووە، ئاواش هێزەكانی ئاسایشی پارتی و یەكێتی هەموو شتێكیان لە كوردستانی عێراقدا كۆنترۆڵ كردووە و هەریەكە لە پارتە ئیسلامییەكان و بزووتنەوەی گۆڕان دەبێ لەژێر چاودێریی ئاسایشی پارتی لە دهۆك و هەولێر و ئاسایشی یەكێتی لە سلێمانی، بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا بكەن.
 
بۆیە هەڵبژاردن لە ناوچە كوردییەكانی سووریادا زۆر جیاواز نابێت لە هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان. رەنگە بگوترێت لەو ناوچانەدا كە لەژێر كۆنترۆڵی پارتی یان یەكێتی یان PKKدان، لە عێراق و سووریا، هەموو شتێك لەلایەن ئەو حیزبانەوە هەژموونی بەسەردا كراوە. دەكرێت لە ئایندەدا PYD زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنێ، هەرچەندە زۆر حیزبی كوردیش لە سووریا هەن كە زۆر زیاترن لەو حیزبانەی لە ساڵی 1992دا لە كوردستانی عێراق بەشدارییان لە هەڵبژاردندا كرد و هەریەكە لە پارتی و یەكێتی لەسەدا پەنجای دەنگەكانیان بەدەستهێنا.