دەنگەکانمان دەپارێزین و کورسیشمان زیاد دەکەین
هەموو لایەنەکان فشارێکی زۆری دەروونییان لەسەرە، ئەوەی بە ئارامی و لەسەرخۆیی کاردەکات پارتی دیموکراتی کوردستانە، زۆرجار لەوانەیە پرسیاربێت، ئەمەی پارتی متمانە بەخۆبوونە یان هۆکارێکی دیکەیە، بێگومان زۆر وازحە پارتی پشت ئەستوورە بە مێژوویەکی پڕ سەروەری، واقیعبینی و خوێندنەوەی وردی سەرۆک و پێشڕەومان جەنابی سەرۆک بارزانی لە پرسە چارەنووسسازەکان و ئەو جەماوەرەی کە خاوەنی ئەم حیزبەن و خۆیان باشی دەناسن و بەخوێن و برین گەورەیان کردووە، هەموو پارتییەک خۆی بە خەمخۆری پارتەکەی دادەنێت تەنانەت ئەگەر دڵشکاو و رەنجاویش بێت لەلایەن ئەشخاسەوە.
بە نیسبەت بانگەشە هەتا ئێستا ویستوومانە بانگەشەیەکی ئارام بەڕێوەببەین، بە پێچەوانەی لایەنەکانی دیکە دەستمان بۆ پەلامار و هێرش نەبردووە و هیچ کاتێک کاری ئێمە نییە دەستپێشخەربین، پارتەکەمان هێندەی سەروەری هەیە کە دەتوانین بێ پەلاماردانی کەسیش کاری خۆمان بکەین.
ئەوانەشی پەلامارمان دەدەن زاکیرەیان باش نییە و دوێنێی خۆیان بیر نەماوە و حیسابی بەیانیش ناکەن، ئەمەیە جیاوازیی پارتی کە هەمیشە دووربین و ئارامە.
ئێمە لەم هەڵبژاردنە لە بابەتێک پشتڕاستین نەک هێز و سەنگمان دەپارێزین، بەڵکو ژمارەی کورسیمان زیاد دەکات و بەهێزەوە دەچینە بەغداد و هەتا کۆتایی شەڕی مافە دەستوورییەکانی گەلەکەمان دەکەین و ئێمە بەغدا تەسلیمی خەڵکانێکی لاواز ناکەین، هەتا شتێک بەناوی کێشەکانی هەرێم و بەغدا هەبێت دەبێت پارتی دەمڕاست و خاوەن قەزییە بێت، هەروەسا ئەگەر لایەنەکی دیکەش خەمی میللەت و گەل بخاتە پێش هەندێک بابەتی دیکە، ئەوا لەپارتی نزیکە و هاوفکری ئێمەیە.