دووەم تیمی چین بۆ جیهان لە كوردستان بوو

خانمان و هێژایان، هاوڕێیانی ئازیز:
 
رۆژی 1ی ئۆکتۆبەر هاوکاتە لەگەڵ حەفتا و یەکەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری میللی چین. مایەی دڵخۆشییە کە لە رێگەی (رووداو)ەوە بە دیداری هاوڕێیانم لە کوردستان شاد دەبم.
 
ساڵی رابردوو لە رێوڕەسمێکی مەزندا، کۆنسوڵخانەی گشتیی چین لەگەڵ هاوڕێیانمان لە هەرێمی کوردستانی عێراق ئاهەنگی حەفتایەمین ساڵیادی لەدایکبوونی کۆماری میللی چینی گێڕا. بەڵام ئەمساڵ لە بارودۆخی تایبەتی ئەو پەتا جیهانییەدا، بە شێوازێکی تایبەت حەفتا و یەکەمین ساڵڕۆژی لەدایکبوونی پیرۆز دەکەین.
 
لە دەستپێکی ئەمساڵەوە، پەتایەک کە سەت ساڵ جارێک روودەدات، لە چین و جیهانی دا. لە چین لەژێر سەرکردایەتی پارتی کۆمۆنیست و سەرۆک شی جین پینگدا، گەلی چین لە سەرتاسەری وڵات یەکیانگرت و هەوڵەکانیان یەکخران. لە ماوەی 10 رۆژدا، دوو نەخۆشخانەی جوڵاو دروستکران، کە توانای لەخۆگرتنی هەزاران نەخۆشیان هەبوو. 346 تیمی پزیشکی و زیاتر لە 40 هەزار ستافی پزیشکی لە ناوچەکانی دیکەی چینەوە بە خێرایی خۆیان گەیاندە پارێزگای هوبەی و وۆهانی ناوەندی پارێزگاکە، کە ناوەندی کۆرۆنا بوو. ئەو ستافە لەوێ هاوشان لەگەڵ 540 هەزار ستافی پزیشکی پارێزگاکە بەرەنگاری ڤایرۆسەکە بوونەوە. گەلی چین لە نزیکەوە هاوکاری حکومەت بوون و بە وردی پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بوون. دوای سێ مانگ، پەتاکە بەشێوەیەکی بەهێز لە چین کۆنتڕۆڵکرا.
 
پاش سەرهەڵدانی پەتای کۆڤید-19، حکومەتی چین لە زووترین وادەدا رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاگادار کردەوە و رێکخراوی تەندروستی جیهانیش تیمی شارەزایانی بۆ یارمەتی چین نارد. لەکاتێکدا بەشی رێگری و کۆنتڕۆڵی پەتای حکومەتی چین رووبەڕووی گوشارێکی گەورە ببووەوە، کۆماری چین هەموو هەوڵی خۆی دا بۆ ئەوەی یارمەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بدات، لەو چوارچێوەیەشدا دوو جار هاریکاری دارایی بە بڕی کۆی گشتیی 50 ملیۆن دۆلاری بە رێکخراوی تەندروستیی جیهان بەخشی و 34 تیمی شارەزایانی رەوانەی 32 وڵات کرد، لە نێوانیشیاندا عێراق. چین یارمەتی بەرەنگاربوونەوەی پەتای پێشکەش بە 150 وڵات و 4 رێکخراوی نێودەوەڵەتی کرد، لە هەمانکاتیشدا کەلوپەلی بەرەنگاربوونەوەی پەتاکەی پێشکێشی 200 وڵات و هەرێمی جیهان کرد، یانیش بۆی هەناردە کردن.
 
چین بەشێوەیەکی چالاک سەرقاڵی پەرەپێدانی ڤاکسینە و هاوکاری زیاتر لە 40 وڵات دەکات. ئێستا، 4 جۆر ڤاکسین گەیشتوونەتە قۆناخی سێیەمی تاقیکردنەوە لەسەر مرۆڤ و چاوەڕێدەکرێت لە کۆتایی ئەمساڵدا بکەونە بواری بەکارهێنانەوە. وەک سەرۆک شی جین پینگ لە رێكخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماژەی بۆ کرد، ڤاکسینی چین بەرهەمێکی گشتیی جیهانی دەبێت و سەرپەڕیش دەدرێتە وڵاتانی گەشەسەندوو.
 
کاتێک چین رووبەڕووی شەپۆلی یەکەمی کۆڤید-19 بووەوە، چین پشتیوانی گەلی هەرێمی کوردستانی پێگەیشت. زۆر بەرپرس و هاوڕێ لە هەرێمی کوردستانی عێراق سەردانی کۆنسوڵخانەی ئێمەیان کرد و پشتیوانی و هاوخەمی خۆیان دەربڕی، زۆر خەڵکی ئاساییش وەک دژایەتییەک بۆ "راسیزمی پەیوەندیدار بە ڤایرۆس"، ئەو دروشمەیان بەرزکردەوە کە "چین ڤایرۆس نییە". کاتێک ڤایرۆسەکە لە سەرەتای ئادار لە هەرێمی کوردستانی عێراق بڵاوبووەوە، چین بەخێرایی چەندین باری کەلوپەلی پزیشکی بەخشییە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەوانەش 550 هەزار دەمامک و 8 هەزار کیتی پشکنین، کە رۆڵی هەبوو لە پڕکردنەوەی ئەو پێویستییە خێرایەدا، ئەوەش لەو کاتەدا کە کەموکوڕی کەلوپەلی پزیشکی لە ئارادا بوو. ئێمە لە کۆتاییەکانی ئادار تیمێکی شارەزایانیشمان بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق نارد، کە دووەم تیم بوو حکومەتی چین بۆ دەرەوەی وڵاتی بنێرێت، ئەو تیمەش ئەزموونی خۆیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای جیهانییان لەگەڵ شارەزایانی هەرێمی کوردستاندا بەشکرد. جیا لەمە، کۆنسوڵخانەی گشتی چەندین دەستە پێداویستی پزیشکی بۆ بەشە جیاجیاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نارد، لەوانەش پێشمەرگە، پارێزگاکان، شارەکان و میدیاکان.
 
خانمان و هێژایان
 
لە حەفتا و یەک ساڵی رابردوودا چین پێشکەوتنی گەورەی لە هەموو کەرتەکاندا بەدەستهێناوە. ئێستا قەبارەی تێکڕای بەرهەمی ناپووختەی نێوخۆیی چین گەیشتووەتە 99.1 ترلیۆن یوان و دووەم گەورەترین ئابووری جیهانە. ئەمساڵ حکومەتی چین ئەرکێکی مێژوویی تەواو دەکات، واتە بنبڕکردنی هەژاری لە نێوان هەموو دانیشتووانی گوندەکان و ناوچە هەژارەکان، بەو جۆرەش دامەزرانی کۆمەڵگەیەکی تاوەکو رادەیەک زەنگین لە هەموو رووەکانەوە دەگەیێنینە کۆتایی.
 
مێژووی دۆستایەتی گەلی چین و گەلی کورد دەگەڕێتەوە بۆ رابردوویەکی دێرین. لە یەک ساڵی رابردوودا، ئاڵوگۆڕی دۆستانە لەنێوانماندا زۆر بوون. لە بواری هاوکاری ئابووریدا، کۆمپانیاکانی چین و هەرێمی کوردستانی عێراق بە شێوەیەکی زۆر کارا سەرقاڵی گفتوگۆبوون لەسەر پڕۆژەکانی وەک کشتوکاڵ، بەنداو، بیناسازی، وێستگەی ریسایکڵینگ، بەکارهێنانەوەی گازی دەرچووی کێڵگە نەوتییەکان، وێستگەی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە خۆر، پارک و ..هتد. لە بواری ئاڵوگۆڕی کولتووریشدا، زانکۆی سەلاحەدین ساڵی رابردوو بە فەرمی بەشی زمانی چینی کردەوە و ئێستا 17 خوێندکاری کورد دەتوانن بە رەوانی بە زمانی چینی مەبەستی خۆیان دەرببڕین. لە ئاداری ئەمساڵ، زانکۆی بەیجینگ کۆرسی زمانی کوردی کردەوە. ئێمە سکۆلەرشیپی حکومەتمان پێشکێشی 8 خوێندکاری کورد کردووە، کە بۆ توێژینەوەی زیاتر گەشتیان کردووە بۆ چین و لەوێ ئەزموونی مێژوو، کولتوور و پەرەسەندنی چینیان کردووە. ئەمساڵیش، دوو خوێندکاری دیکەی کورد سکۆڵەرشیپی حکومەتی چینیان پێبەخشراوە.
 
خانمان و هێژایان
 
ئەمساڵ، عێراق و هەرێمی کوردستانیش بە کۆمەڵێک ئاڵینگاریدا تێپەڕیون، لەوانەش دابەزینی نرخی نەوت و پەتای جیهانیی کۆڤید-19. سەرکردەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق، توانای سەرکردایەتیکردنی خۆیانیان لە دۆخە دژوارەکاندا سەلماندووە. من لەو بڕوایەدام، ئەگەر هەوڵەکانی هەموو بەشەکان یەکبخرێن، ئەوە هەرێمی کوردستانی عێراق بەسەر هەموو سەختییەکاندا زاڵ دەبێت و بەرەبەرە چاکسازییە جۆراجۆرەکان و پرۆسەکانی پەرەپێدان پێشدەخەن. پەتای کۆڤید-19 بەشێوەیەکی کاتی پەیوەندی رووبەڕووی ئێمەی وەستاندووە، بەڵام لە کۆتاییدا ئەم دۆخە تێدەپەڕێت.
 
لە کۆتاییدا، حەزدەکەم سوپاسی هەموو سەرکردەکان و خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەم بۆ ئەو رۆڵەی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان چین و هەرێمی کوردستانی عێراقدا گێڕاوتانە. هیوادارین لە ساڵی داهاتوودا، پەیوەندی دۆستانە و هاوکاری نێوان هەردوو لایەن زیاتر پەرە بستێنێت. لەم رۆژانەدا لە زۆر هاوڕێوە پەیامی پیرۆزبایی رۆژی نیشتمانیمان پێگەیشتووە، زۆر سوپاسی هەمووتان دەکەم.
 
*كۆنسوڵی گشتی كۆماری میللی چین لە هەرێمی كوردستان