80 ملیۆن عێراقی؛ کێ دەتوانێ ئەم وڵاتە رزگار بکات
لە نێوان ساڵی 2003، داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە و ساڵی 2023دا، واتە 20 ساڵ دواتر، دانیشتووانی عێراق لە 24 ملیۆن کەسەوە دەبن بە 43 ملیۆن، واتە 19 ملیۆن کەس زیاددەکەن.
بەپێی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ساڵی 2030 ئەم ژمارەیە بەرزدەبێتەوە بۆ 50 ملیۆن عێراقی ساڵی 2050ش عێراقییەکان دەبن بە 80 ملیۆن کەس، واتە 56 ملیۆن زیاتر لە 2003!
ئەم گەشە نائاساییە دیمۆگرافیە، کە ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق بەوردی شرۆڤەی کردووە، هەموو سنوورەکان تێدەپەڕێنێت و چەندین کارایی گەورەی نەرێنی لە چەندین ئاستدا لەسەر عێراق بەجێدەهێڵێت و لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا دەبێت بە گرفتی پلە یەکی هەموو عێراقییەکان.
لە ماوەی 20 ساڵی رابردووشدا، هیچ یەکێک لە حکومەتە عێراقییەکان، لە هیچ ئاستێکی بەهاداردا، ستراتیژیەتێکی نەبووە بۆ رووبەڕووبوونەوە و رێکخستن و بەڕێوەبردنی پرسی منداڵدروستکردن لە عێراقدا، لەکاتێکدا رێژەی منداڵدروستکردن لەم وڵاتەدا، لە ئاستێکی زۆر ترسناکدا، وڵاتە موحافزکارەکانی وەک سعودیە و کوێت و قەتەر و بەحرەین و ئیمارات تێدەپەڕێنێت. لە عێراقدا ڕێژەی مناڵبوون بریتیە لە 3,65، بەڵام لە سعودیەدا 1,92، لە کوەیت 2,24، لە قەتەر 1,90، لە بەحرەین 1,67 و لە ئیمارات تەنها 1,64!
بەداخەوە ئەو ئاماژانەی کە لە عێراقەوە دێن و ئەو توێژینەوە مەیدانیانەی کە تیمەکانی ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق ئەنجامیدەدەن، هیچ گەشبنینین بەوەی کە ئەم واقیعە تراژیدییە لە داهاتوویەکی نزیکدا گۆڕانکاری بەسەردا بێت، چونکە بۆ گۆڕانێکی ئومێدکراو، بەلای کەمەوە ئامادەیی پرۆسێسێکی پەروەردەیی و یاسایی و جۆشدانێکی دەستەجەمعی و هۆشیاربوونەوەیەکی نیشتمانی سەبارەت بە تراژیدیای ئەم دۆخە پێویستە، بەڵام هیچ یەکێک لەم رەگەزانە لە ئێستا و ئێرەدا بوونیان نییە.
تەنانەت گرەوکردن لەسەر نەوەیەکی نوێی عێراقیش کە هۆشیاربێت بەم دۆخە دراماتیکییە و دەرەنجامە کارەساتاویەکانی بۆئەوەی رێگە لە دروستکردنی فرەمنداڵی بگرێت هیچ مانای نییە، چونکە رێژەی منداڵکردن لای ئەم نەوە نوێیەش لە دۆخی عێراقیدا، لە ئاستێکی یەکجار بەرز و ترسناکدایە. هەروەها گرەوکردن لەسەر بەشداریکردنی لادێییەکان و نیشتەجێکردنیان لە رووبەرە ئاڵۆز و پێکداچووەکانی شاردا، هەر بێمانایە چونکە لای ئەم کاتیگۆریە کۆمەڵایەتییەش جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ ئەو ژنانەدا نییە کە لە لادێ دوورە دەستەکان ماونەتەوە. رێژەی منداڵ دروستکردن لای ژنی شار 3,6 و لای ژنی لادێش 3,8، واتە جیاوازییەکە هێندە گەورە و فراوان نییە کە شیاوی باسبێت.
کارەساتی عێراق لەوەدایە کە پێداویستی مرۆڤایەتی بە نەوت رۆژ لە دوای رۆژ کەمتر دەبێت و خودی نەوتیش بەڕێژەیەکی زۆر لە دابەزیندایە و ساتەوەختێک دێتە پێشەوە کە کۆتایی پێدێت، هەروەها کەشوهەواش گۆڕانکاری سەرتاسەری بەسەردا دێت و لە وڵاتێکی وەک عێراقدا بەشێوەیەکی یەکجارەکی کۆتایی بە کەرتی کشتوکاڵ دێنێت. ئەگەر لە عێراقدا حکومەتێکی بەرپرس و جددی هەبێت، بەدڵنیاییەوە هەموو دۆسیەکانی دیکە دەکات بە پلە دوو، سێ و چوار و ئەم دۆسیەیە دەکات بە مەیدانی جەنگێکی سەرتاسەری خۆی، چونکە ئەگەر ئەم جەنگە بباتەوە، دەتوانێت هەموو جەنگەکانی دیکە بباتەوە و ئەگەر بیدۆڕێنێت هەموو ئەوانی دیکە بەئاسانی دەدۆڕێنێت.
بۆ بردنەوەی ئەم جەنگە، لە قۆناخی یەکەمدا، حکومەتی عێراق پێویستی بە هۆشیارکردنەوەیەکی دەستەجەمعی و نیشتمانی کۆی هاووڵاتییان هەیە، هۆشیارکردنەوەیەک کە تاک بە تاکی کۆمەڵگە بخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی گەورەوە و ئەگەر وا بەردەوامبین کە ئێستا دەیکەین، راستەوخۆ و پێکەوە کەشتییەکەمان غەرق دەبێت و هیچ کەسێکیش ناتوانێت رزگارمان بکات. لێرەوە، ئەم هەڵمەتەی حکومەت دەبێت قەناعەت بە عێراقییەکان بکات کە هەموو ئەو میکانیزیمانە بەکاربێنن، بەبێ جیاکاری، کە دەرگە لەسەر سکپڕبوون دادەخات. راستە دەکرێت چەند فۆرمێکی پەروەردەی کوولتوری و ئایینی گرفت بۆ ئەم جۆرە لە هۆشیاری و هۆشیاربوونەوە دروستبکەن، بەڵام ئەوەش راستە کە عێراق چیتر هیچ بژاردەیەکی لەبەردەستدا نییە و دەبێت بەدوای فۆرمی دیکەی پەروەردەی کوولتوری و ئایینیدا بگەڕێت کە ئەم کارەی بۆ ئاسان دەکەن.
هەروەها لە رووبەری ئابووریشدا، عێراق دەبێت کۆی ستراتیژیەت و روانین و سیستمی مامەڵەی لەگەڵ ژناندا بگۆڕێت، چونکە بەپێی راپۆرتی سندووقی دراوی جیهانی، 85% ژنان لە عێراقدا بێکارن و هیچ ئاسۆیەکی دۆزینەوەی کاریشان لەبەردەستدا نییە. لەکاتێکدا ئەگەر حکومەتی عێراق بتوانێت ژنان تێکەڵ بە سیستمی ئابووری بکات و ژنان ببن بەخاوەنی کاری رۆژانە و جەنجاڵیەکانی ئیدارەکردنی رووبەری پیشەیی، بەدڵنیاییەوە زۆر کەمتر کاتیان دەبێت بۆ سەرقاڵبوون بە دروستکردنی منداڵەوە.
لە ئاستێکی دیکەشدا، پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی عێراقی، بەتایبەتی شیعە و سووننە و کورد، بەرپرسیارێتییەکی گەورەیان لە بەرامبەر ئەم تراژیدیایەدا هەیە. چاوپێکەوتنە سۆسیۆلۆژییەکانی ناوەندی فەرەنسی بۆ تۆێژینەوە لەسەر عێراق، دەریدەخەن کە پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان پرسی دروستکردنی منداڵ لە ئاستێکی بەرزدا و پرسی هەژموونکردن بەسەر رکابەرە سیاسییەکانی دیکەدا هەیە.
بۆ نموونە لە باشووری عێراقدا، رێژەی منداڵ دروستکردن لای ژنی شیعە دەگاتە 4,12 و هۆکارە سەرەکییەکانیش بریتین لە پرۆگرامی پەروەردەی کۆمەڵایەتی، خواستی حیزبە سیاسیەکان، بڵاوبوونەوەی بەهێزی ئایدۆلۆژیای گروپە میلیشیاییەکان، کارایی پیاوانی ئاینی : هەموو ئەمانە پێکەوە، لەنێو پرۆسێسی هاندانێکی بەردەوامی ژناندان بۆئەوەی زۆرترین ژمارەی مناڵ بەرهەمبێنن، چونکە خێزان و مەزهەب و نیشتمان پێویستی پێیەتی.
لە خەیاڵدانی دەستەجەمعیی شیعەکاندا، بەرزبوونەوەی رادیکاڵی ئاستی دیمۆگرافیی شیعە لە عێراقدا، هەلومەرجێکی بابەتی بەهێز دروستدەکات بۆ ئەوەی شیعە باشتر هەژموون بەسەر کورددا بکەن کە رێژەی منداڵبوون لایان تەنها 2,98 و باشتر وەک چەکێک دژ بە سووننە بەکاریبێنن کە رێژەی منداڵبوونیان تەنها 2,91.
لەڕاستیدا ئەم هەژموونی دیمۆگرافییە وەهمێکی یەکجار گەورەیە لای دەستەبژێری شیعە، ئەگەر بەخێرایی لەم وەهمە نەیەنە دەرەوە، بەدڵنیاییەوە سەریان دەخوات، چونکە لە چەند ساڵی داهاتوودا، توانای ئەوەیان نامێنێت نان بۆ ئەو 80 ملیۆن کەسە دابین بکەن کە لە سەرەتاوە ئاماژەمان پێدا.
لە وڵاتێکی وەک عێراقدا کە نەوت بەرەو تەواوبوون دەڕوات کە کشتوکاڵ بەرەو تەواوبوون دەڕوات کە ساڵانە 100 کیلۆمەتری دەبێت بە بیابانی وشک و رەق و تەق کە سەرچاوەکانی ژیانی تیادا نامێنێت، لە هەمانکاتدا رێژەی دانیشتووانی لە ساڵی 2050دا دەگاتە 80 ملیۆن کەس، بەدڵنیاییەوە نەک هەر تەقینەوەی کۆمەڵایەتی، بەڵکو ئەگەر بەخێرایی ستراتیژیەتی دوور مەودای چارەسەری بۆ دانەنرێت، دەبێت خۆمان ئامادەبکەین بۆ جەنگی هەمووان دژ بە هەمووان، جەنگێک کە لە هەشت هەزار ساڵی رابردوودا، لە سۆمەرییەکانەوە تا ئێستا وێنەی نەبووبێت.