دیسان بەیرووت دەکوڵێ

01-08-2024
مەحموود نەجمەدین
A+ A-
 
چارەنووسی تۆز، ناونیشانی رۆمانێکی راوی ئەلحاجە و وێنە و دیمەنی بەیرووتێکی وێرانمان نیشان دەدات. گەرچی رۆمان زادەی خەیاڵە، ئەمما وێناکردنەوەی راستییەکانە و باندۆری رووداوە راستەقینەکان دەبن بە ھەوێنی رۆمانەکان. ئەم رۆمانەی راوی ئەلحاجیش نووسینەوەی چیرۆکەکانی شەڕی ناوخۆی لوبنانە لە دووتوێی دەقێکی ئەدەبیدا. ئاڵدووزکردنی ئەو شەڕە خوێناوییەیە کە ساڵانێک ژیانی لە لوبنانییەکان تاڵ کردبوو، ئەو شەڕەی لە ساڵی 1975 تا ساڵی 1990 درێژەی کێشا و بەهوی ئەو شەڕەوە 120 هەزار کەس بوون بەقوربانی و زۆر لەو خەڵکانەی هەڵهاتن نەگەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان. ئەو جەنگە بەیرووتی وێران کرد. ئەم نووسەرە بەڕەچەڵەک لوبنانییەش لەم رۆمانەدا چیرۆکی رۆژە ناخۆش و تۆقێنەرەکانی ئەو وڵاتە دەگێڕێتەوە، بەیرووتێک سەردەمانێک گیرۆدەی شەڕی نێوخۆیی بووە و بۆمباکان ژیانیان لە خەڵکەکەی تاڵ کردبوو. 
 
لەم چەند رۆژەی رابردوودا تۆز و خۆڵی ئەو بۆمبایەی بەیرووتی تەڵخ و یاریک کرد رۆمانی چارەنووسی تۆزی راوی ئەلحاجی بیرهێنامەوە. بۆ لوبنانییە رەسەنەکان چەند جێی داخە بۆمبای شەڕێک کە ھی ئەوان نییە و کەچی ئەو بەھەشتەیان دەکات بە دۆزەخ. ھەروەک چۆن زۆرجار ئێمەش دەبین بە قوربانی شەڕی دەوڵەتە زلھێزەکان و جارێک درۆن سلێمانی دەشڵەژێنێ و جارێک ھەولێر دەپێکێ و خەڵکی سڤیل دەبێ بەقوربانی خەونی دەوڵەتانی زلهێز. دوای رووداوەکەی بەیرووت، زۆری نەبرد ھەنییەش لە تاران و لە خۆشاوی مەسعود پزیشکان دا سەری تێداچوو، ئاهەنگی مەسعود بوو بە شینی هەنییە و کوردی سیاچارەش هەروەک یاری ریاڵ و بەرشەلۆنە لە کوژرانی هەنییەشدا خەتی تێکەوتووە، هەندێک شینی بۆ دەگێڕن و هەندێک سەرچۆپییان گرتووە، هەندێک سەرقاڵی تەحلیل و تەفسیرن و دۆخەکەش تا بڵێی مەترسیدارە و خوا دەزانێ ئەو دەوڵەتانە ئەم وردە شەڕە بە کوێ دەگەیەنن و سەری کێی دیکەی تێدا دەچێ؟ سەری سیاسی هەر تێدادەچێ، گۆزە لە رێی کانیدا دەشکێ. لێ ئەوەی قوربانییە خەڵکی سڤیلە، بڕوانن فەڵەستینییەکان چییان لێ بەسەرهات؟ ئەم ئێستا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆمی خوێنە و شەپول دەدا. زلهێزەکان ماوڵ نادەن شەڕ لە دوای شەڕ. 
 
ئەز کارم بەسەر سیاسەت و سیاسەتڤان و شیکەرەوەی سیاسی نییە، ئەوان ئیشەکەیان ئەوەیە رووبدات و تەفسیری بکەن. کارم بەسەر دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل و عەرەبیشەوە نییە، ئەمما شەڕی عەرەب و ئیسرائیل کە دەوڵەتانی زلھێز سپۆنسەریی دەکەن، ماڵوێرانییەکەی بۆ خەڵکی سڤیلە، وەک لە رۆمانی "الصدمة"ی نووسەری جەزائیریی یاسمین خزڕا دا، کە چیرۆکی تەقینەوەیەکە لە تەلئەڤیڤ و ئەوەی تێدادەچێ خەڵکە رەشوڕووتەکەیە. چ لە غەززە و چ لە تەلئەڤیڤ... ئەم رۆمانەش چیرۆکی قوڕبەسەریی و بەدبەختییەکانی خەڵکی سادە و ساکاری لوبنانە. 
 
چارەنووسی تۆز، رۆمانێکی راوی ئەلحاجی کەنەدی بەڕەچەڵەک لوبنانییە. چیرۆکی رۆمانەکە سەبارەت بە شەڕی ناوخۆی لوبنانە. ئەلحاج یەکێکە لە نووسەرە ناودارەکانی دنیای گێڕانەوە. ئەم رۆمانەی بە ئینگلیزی نووسیوە و پاشان وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی عەرەبی و رووداوەکانی لە بەیرووتی سەردەمی شەڕی ناوخۆی لوبناندا روودەدەن. رۆمانەکە ژمارەیەک خەڵاتی بەدەستھێناوە، چون نووسەر راستگۆیانە چیرۆکی ئەو شەڕە تۆقێنەرەی لە دووتوێی رۆمانێکی ئەدەبی سادە و ساکاردا نووسیوەتەوە. کامێرای زەینی گێڕەوە لە بەیرووتە و دیمەنی شەقامەکانی ئەو شارەیە کە چۆن بۆمبا ورد و وێرانی کردووە، ئەو شارە نازدارەی زۆر لەوانەی دیویانە نازناوی پاریسی رۆژھەڵاتیان پێ بەخشیوە. چارەنووسی تۆز چیرۆکی بە خۆڵبوونی بەیرووتە و کەوتووەتە ژێر زەبری تۆپ و بۆمباوە، لەگەڵ دەنگی گوللە و تۆپ و بۆمبا بەردەوام دەنگی فەیروز دێت، ئەو ھونەرمەندە مەزنەی عەرەب، کە بە بوولبولی کازیوە ناوی دەبرێ. وا جارێکی دیکە نەخشەی شەڕێکی تۆقێنەر بەرۆکی لوبنانی گرتووە و هێدی هێدی شەڕەکە فراوان دەبێ و ناو بە ناو گەزمی ئەو شەڕە کۆڵەی سینگی ئێمەی کوردیش دەپێکێ و روون نییە سۆزی چی روودەدا و ئێمە لەو تیوازەدا دۆڕاوین یان براوە. بانەڕۆژ جاڕی ئازادی سەرتاسەری دەدەین یانژی خۆزگە بەم رۆژانە دەخوازین؟
 
رۆمانی چارەنووسی تۆز ساڵی 2008 وەرگێڕدرایە سەر زمانی عەرەبی و چاپ و بڵاوکراوەتەوە. ھەر لەو ساڵەدا خەڵاتی ئەمباک دبلنی پێ بەخشرا. کە بەھای سەد ھەزار یۆرۆ بوو. ھەروەھا وەرگێڕدراوە بۆ سەر زمانی فەرەنسی و خەڵاتی باشترین رۆمانی وەرگێڕدراوی فەرەنسی بەدەستھێناوە.
 
ڕاوی ئەلحەج ساڵی 1964 لە بەیرووت لەدایک بووە، لە نێوان بەیرووت و قوبرسدا هاتووچۆی کردووە، دواتر لە ساڵی 1982 رووی لە نیۆیۆرک کردووە، زمانی ئینگلیزی خوێندووە، سەرەتا وەک فرۆشیاری سەر شەقامەکان کاری کردووە، پاشان وەک گارسۆن لە چێشتخانەیەکدا دامەزراوە، دواتر وەک شۆفێری تەکسی بژێوی ژیانی پەیدا کردووە. ساڵی 1992 رووی لە شاری مۆنتریال - کەنەدا کردووە. لەوێ هونەری فۆتۆگرافی خوێندووە. هەر لەوێوە دەستی بە نووسینی کورتەچیرۆک کردووەو پاشان پەلی بۆ رۆمان هاویشتووە. تائێستا چوار رۆمانی نووسیوە. 
 
ماوڵ: مەجال، بوار، مۆڵەت
گەزم: تیر
سۆزی: بەیانی، سبەی
تیواز: قومار
بانەڕۆژ: دواڕۆژ، ئاقیبەت
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نەوزاد هێتوتی

ململانێی ئیسرائیل و ئێران و ئەگەری دروستبوونی شەڕێکی گەورەی ھەرێمی

لەم قۆناخەدا لەوانەیە بەرپرسانی ئێرانی ھەوڵبدەن باردۆخەکە ھێور بکەنەوە بۆ ئەوەی زیاتر پێگەی ترەمپ لە کەمپینی ھەڵبژاردنەکان بەھێز نەبێت. بەتایبەت ھەر جۆرە ھێرشیک بۆ سەر ئیسرائیل و دواتر وەڵامدانەوەی و ئەگەری پەرەسەندنی شەڕەکە، شانسی ترەمپ زیاتر دەکات بۆ ئەوەی بێتەوە سەر دەسەڵات. بۆیە، پێدەچێت ئێران ئەگەر ھەر کاردانەوەیەکیشی ھەبێت بیخاتە دوای پرۆسەی ھەڵبژاردنەکانی ئەمریکا. ​