كەرتی سێیەم و پاراستنی ژینگە
زاراوەی كەرتی سێیەم، زاراوەیەكی تا رادەیەك نوێیە و بەشێوەیەكی فراوان لە كۆتایی نەوەدەكانەوە كەوتووەتە نێو بەكارهێنانەوە.
مەبەست لە زاراوەی كەرتی سێیەم، بریتیە لە تەواوی ئەو چالاكییانەی كە مرۆڤێك یان زیاتر بە ئارەزوومەندانەو خۆبەخشانە و ناسوودمەندانە پێی هەڵدەستێت، چونكە كەرتی یەكەم كە بریتیە لە حكومەت و بەڵێنەكانی، ئەوە ئەركی سەرشانی خۆیەتی بەكارەكانی هەڵسێت، هەرچی كەرتی دووەمیشە ئەوە كەرتی تایبەتە كە بریتیە لە تەواوی كارگە و كۆمپانیاكان و لەبەر رۆشنایی یاسای وەبەرهێناندا بۆ قازانج كاردەكەن.
كەرتی سێیەم لە ئەوروپا و لە ئەمریكا ساڵانە سەدان ملیار دۆلار بە خۆبەخشانەو ئارەزوومەندانە دەخەنە نێو كۆمەڵگەوە لەڕێگەی رێكخراوە خێرخواز و ناحكومیی و نا سوودمەندەكانەوە.
كەرتی سێیەم لە بواری ژینگەشدا، رۆڵێكی بەرچاو دەگێڕێت لە وڵاتانی پێشكەوتوودا لە رێگەی رێكخراوە ناحكومیی و مرۆڤدۆستەكانەوە كە تێیدا ساڵانە چەندین كەمپینی جۆراجۆر رێكدەخەن لە دژی چالاكییە دژ بە ژینگە و پێكهێنەرەكانی كە كەرتی یەكەم و دووەم واتە هەردوو كەرتی حكومەت و تایبەت هەندێك جار لە پاڵ پەرەپێدان و قازانجدا دەیكەن و لە ئەنجامیشدا بەسەر ژینگەو پێكهێنەرەكانیدا دەشكێنەوە.
كەرتی سێیەم زۆرجار لە رێگەی وەقفكردن و تەرخانكردنی سەروەت و سامانی دەوڵەمەندانی هۆشیارەوە، سەدان ملیۆن دۆلار تەرخان دەكات بۆ بواری توێژینەوەو باس و لێكۆڵینەوە ژینگەییەكان، یاخود بۆ بابەت و فیلم و بەرهەمەكانی بواری راگەیاندن بۆ هۆشیاركردنەوەو رێنمایی خەڵكی لە پاراستن و چاككردنی ژینگەدا، چونكە دواجار پێكهێنەرەكانی ژینگە سەرچاوەی یەكەمی گشت ئابووریی جیهانن، وەك ئاو و نەوت و كانزاكان و خاك و هەواو گازە جیاجیاكان.
هەر زیانێكیش بەر ژینگەو پێكهێنەرەكانی بكەوێت، لە دواجاردا زیان بە ئابووری جیهان و ئایندەی مرۆڤایەتی دەكەوێت.
رێكخراوەو تاك و گرووپەكانی كەرتی سێیەم لە بواری ژینگەدا بریتین لە دەستپێشخەرییەكانی ناخی كۆمەڵگەو خوارەوەیدا كە لە پێناوی بەرژەوەندیی گشتیدا، ماڵ و سامان و كات و ژیان و تەمەنیان بە خۆبەخشانەو بێ بەرامبەر و بێ داواكردنی سوود و قازانجی تایبەت، دەخەنە خزمەتی مرۆڤایەتییەوە.
جێگەی خۆیەتی لە وڵاتی خۆشماندا دەوڵەمەند و خاوەن كۆمپانیا و مرۆڤی هەبووی ویژدان زیندوو دەربكەون و دەسپێشخەری و چالاكیی خۆبەخشانە و ئارەزوومەندانە پاڵپشتی بكەن و، ببنە هۆكاری پشتگیریكردنی هەردوو كەرتی حكومی و كەرتی تایبەت لە پێناوی بوژاندنەوەو راستكردنەوەی چەمكەكان و پەرەپێدانی ماناو مەبەست و ئامانجە ژینگەییەكان، چونكە وەك ماڵەكانمان بەشێكن لە وڵات، وڵاتیش دواجار ماڵمانە، پاراستنی ژینگەش پاراستنی ئێستای خۆمان و ئایندەی نەوەكانمانە.
*نووسەرو رۆژنامەنووس و یەكەم وەزیری ژینگەی عێراق لەدوای رووخانی رژێم.