چاوەڕوانییە جیهانییەكان لە تۆڕی میدیایی رووداو
سۆفیا- بوولگاریا
شیوەن و لاواندنەوەكان، نزا و داواكارییەكان، نیگەرانی و هاوارەكان بە كوردی بوون; چیرۆكەكان بە كوردی دەگێڕدرانەوە. ئەوە دۆخی هاونیشتمانیانی حەوت پارێزگای باكووری كوردستان و هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای كوردستان بوو دوای روودانی بوومەلەرزە كاولكەرەكەی رۆژی شەشی شوبات. تۆڕی میدیایی رووداو رووماڵی ئەو كارەساتەی بە زمانی رەسەنی خەڵكی ناوچەکە كرد، نەوەك زمانی وەرگێڕدراو و وەرگیراو. ئەوەی تۆڕی میدیایی رووداو كردی بۆ بینەر و بیسەر و خوێنەری خۆی بوو، بەڵام بووە سەرچاوەی سەرەكیی رووماڵی زیاتر لە 50 كەناڵ و دامەزراوەی كاریگەری میدیای جیهان تەنیا لە رێگەی کۆمەڵەی ئاڵوگۆڕی هەواڵی ئەوروپی ئینێكس.
كۆنفرانسی ئینێكس لە بوولگاریا
رۆژانی 30 و 31ی ئادار كۆنفرانسی ئینێكس لە شاری سۆفیای پایتەختی بوولگاریا بەڕێوەچوو و شەش رۆژنامەڤانی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەشە جیاوازەكان تێیدا بەشداربوون.
دووان لە سەرەكیترین ئەو بابەتانەی تاوتوێكران بریتیبوون لە هەبوونی پلانی رێكوپێك بۆ رووماڵی رووداو و پێشهاتە گەورەكان و خێرایی لە گواستنەوەدا. هاوبەشانی رووداو لە ئینێكس لەوانەش ژمارەیەك لە كەناڵەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەوروپا وەك نموونەی هەردوو خاڵ ئاماژەیان بە رووماڵی تۆڕی میدیایی رووداو لە بوومەلەرزەكەی باكووری كوردستان و توركیا كرد.
رووداو لە ساتی دوای بوومەلەرزەكەوە لە شەشی شوباتەوە بۆ ماوەی زیاتر لە 15 رۆژ لە شار و پارێزگاكانی ئامەد، مەرەش، سەمسوور و دیلۆكی باكووری كوردستان بەشێوەی لایڤ و لە رێگەی ڤیتی و بەرنامەی تایبەتی وەك رووداوی ئەمڕۆ و وێنەستۆرییەوە رووماڵی بوومەلەرزەكەی كرد. هاوبەشەكانمان لە ئینێكس ئاماژەیان بەوەكرد كە رووماڵەكەی رووداو وایكردووە رووبەڕووی كێشەی كەمی ماتریاڵ نەبنەوە لە گواستنەوەی دیمەنەكان بەشێوەی لایڤ و هەبوونی چیرۆكی دوای روودانی بوومەلەرزەكە.
ڤیتی و راپۆرتەكانی دیكەی رووداو لە شوێنەكانی دیكەش جێگەی سەرنجی هاوبەشانی رووداو بوون، وەك كارەكانی پەیامنێرمان دڵنیا رەحمان لەكاتی بۆردوومانی شاری دیمیترۆ لە 14ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ و راپۆرتی پەیامنێرانمان لە بەغدا و بەسرە و راپۆرتە ئامادەكراوەكانمان لە رۆژهەڵاتی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان. ئەو كارانە چاوەڕوانیی زیاتری كەناڵ و دامەزراوە میدیاییە رۆژئاواییەكانی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو بەدواوە دێت، بەتایبەتی لە 45 رۆژی داهاتوودا كاتێك هاونیشتمانیان و هاووڵاتیان لە باكووری كوردستان و توركیا دەچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانتار و سەرۆكی نوێی توركیا كە دەكرێت ئەنجامەكەی گۆڕانكاری گەورە بۆ توركیا، ناوچەكە و جیهانیش بهێنێت. هەربۆیە ئەو چاوەڕوانییەی بینەر و خوێنەری كورد لە رووداو هەیەتی بینەری دیكەش لە دەرەوە هەیەتی و ئێمەش دڵنیامان كردنەوە كە هەر ئێستاش بایەخ بەو مژارە دەدەین و دوای جەژنی رەمەزانیش دەست بە رووماڵی بەرفراوانی بانگەشەی هەڵبژاردن لە تورکیا دەكەین.
دیجیتاڵ میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بابەتێكی دیكەی سەرەکی بوون لە كۆنفرانسەكەدا کە گفتوگۆی زۆری لەسەرکرا، بەتایبەتی رۆڵی دیجیتاڵ میدیا لە رۆژنامەڤانیی ئێستادا. سەرقاڵبوونی هاووڵاتی بە كاری رۆژانەی و هۆشیاربوونی زیاتری تاك و ویستی بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر وایكردووە رۆژ دوای رۆژ بەكارهێنەرانی دیجیتاڵ میدیا زیاتربن. هەروەها بەكارهێنانی زۆر خێرای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بابەتێكی سەرەكی گفتوگۆ لەبارەكراوی كۆنفرانسەكە بوو. پسپۆڕانی بوارەكە جەختیان لەو خاڵە كردەوە كە دەبێ میدیا گەورەكان خۆیان لەگەڵ ئەم گۆڕانە خێرایە بەخێرایی و زیرەكی بگونجێنن و بتوانن لە رێگەی پلاتفۆرمەكانیانەوە بگەنە زۆرترین وەرگر.
هەربۆیە تۆڕی میدیایی رووداو چۆن چاوەڕوانییەكانی دەرەوە لێی جێبەجێ دەكات، رۆڵی خۆی وەك پێشەنگی میدیای كوردستانی و یەکێک لە پێشەنگانی ناوچەیی بۆ هاونیشتمانیانی کوردستان و وەرگرانی ناوچەیی و جیهانی رادەپەڕێنێت لە رێگەی پێدانی زانیاری و هەواڵی خێرا و تێروتەسەل و متمانەپێكراوەوە لە رێگەی دیجیتاڵ میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە.
عەلی زەڵمی، بەڕێوەبەری بەشی ئینتەیکی تۆڕی میدیایی رووداو