پرسی تێچووی نەوتی هەرێمی کوردستان بەدیاریکراوی بووەتە کێشەیەکی گەورە لەبەردەم نەک تەنیا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەڵکو بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە بەغدا هەر جارەی بە بیانوویەک، کێشەی بۆ دروست دەکات.
تێچووی نەوتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێکی فەرمی لە مانگی شوباتی 2023 رەوانەی وەزارەتی نەوتی عێراق کرا. تێکڕا بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت، 24 دۆلار و بۆ گواستنەوەشی بە 8 دۆلار خەمڵێندراوە. نووسراوەکە لەلایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە 28-2-2023 بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق نێردرا.
بەڵام وەزارەتی پلاندانان لە مانگی 5ـی 2023، دوو ژمارەی جیاوازیان دانا، 12 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بۆ بەرهەمهێنان و 7 دۆلارێش بۆ گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوت. ئەم ژمارانە لە خشتەکانی بودجەی 2023 دا جێگیرکران. بەڵام کێشەکە ئەوەیە؛ ئەو ژمارانە زۆر کەمترن لەو خەملاندنانەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان کردبووی.
لە پیشەسازیی نەوت دا، جیۆلۆجیای نەوت یەکەم هەنگاوە کە دەستی پێدەکرێت. سەرەتا پشکنین و رووپێویی جیۆلۆجی دەکەن و قۆناخی دوای ئەوەش، رووپێویی جیۆفیزیایی دەستپێدەکات، وەک ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی بوومەلەرزە. لەو رێگەشەوە نەخشەیەک بۆ چینە بەردیینەکانی ژێر زەوی دروست دەکرێت، کە ئەگەر هەیە هەڵگری نەوت و گاز بن.
ئەو نەخشەیە، زۆر گرنگە بۆ ئەوەی بڕی خەمڵێندراوی یەدەگی نەوتی کێڵگەکە و شوێنی هەڵکۆڵینی بیرە نەوتەکان لەلایەن ئەندازیاران و شارەزایانی جیۆلۆجییەوە دەستنیشان بکرێت.
تێچووی هەڵکۆڵینی بیری نەوت لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە دەگۆڕدرێت، بەدڵنیاییەوە لە ناوچە شاخاوییەکان دا بەرزترە. لە هەرێمی کوردستان هەڵکۆڵینی بیرە نەوتێک رەنگە پێویستیی بە 100 ملیۆن دۆلار بێت. جگە لە تایبەمەندیی چینە بەردینەکان، قووڵایی پێویست بۆ ئەوەی بگەیە نەوت لە هەرێمی کوردستان لەنێوان 4 هەزار بۆ 5 هەزار مەتر هەڵکۆڵینی پێویستە، ئەگەر ئەمە بەراورد بکرێت لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراق، بۆ نموونە لە بەسرە لە نزیکەی دوو هەزار مەتردا، دەگەیە نەوت.
د. گۆڤەند شێروانی، دکتۆرای لە جیۆلۆجیی نەوت هەیە، لەو باریەوە دەڵێت "زۆربەی چینە بەردیینەکان لە هەرێمی کوردستان کە هەڵگری نەوتن، جۆری کلسی یان کاربۆنی کالیسیۆمن، واتە لەو ناوچەیە پێشتر دەریا بوو و ئەو جۆرە چینە بەردانە بەدرێژایی ملیۆنان ساڵ دروستبوون، دوای گۆڕانکارییە جیۆلۆجییەکان، نەوتی لێهەڵکەوتووە".
د. شێروانی دەڵێت "کێڵگەکانی باشووری عێراق لە هەردوو جۆری کلسی و لمیـن، کە پێیان دەڵێن ساندستۆن. هەردوو جۆری چینە بەردیینەکان دەتوانن هەڵگری نەوت بن، بەڵام تێچووی هەڵکۆڵینی بیری نەوت لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لەبەر قووڵایی، کە هەندێکجار دەگاتە چوار تاوەکو پێنج هەزار مەتر، زۆرترە".
لە هەمواری بڕگەی 12ـی تایبەت بە نەوتی هەرێمی کوردستان دا، بڕی 16 دۆلار وەک تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت دیاریکراوە.
ئەو 16 دۆلارەی لە هەمواری بڕگەی ماددەی 12ـی بودجە باسکراوە، بە تەنیا خەمڵاندنە و وەک سولفەیەک چاوی لێدەکرێت تاوەکو ئەوکاتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەسەر دیاریکردنی کۆمپانیایەکی وردبینی و شارەزای ئەو بوارە رێکدەکەون و، تێچووی دروستی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان ئەو کۆمپانیایە کێڵگە بە کێڵگە هەژماری دەکات.
ئەو 6 دۆلارەی کە باس دەکرێت لە عێراق تێچووی بەرمیلێک نەوتە، لە راستی دا ئەوە تێکڕای تێچووی ئەو بیر و کێڵگە نەوتییانەیە کە بە دەست حکومەتی عێراقەوەن، نەوەک ئەو کێڵگە نەوتییانەی عێراق بە دەست کۆمپانیا تایبەت و بیانییەکانەوەن لە پارێزگاکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق دا.
هەرێمی کوردستان، لەڕووی جیۆلۆجییەوە لە ناوچەیەکی ناسەقامگیری جیۆلۆجیدایە. لەو ناوچەیەدا زۆرترین پێکدادانی چینە بەردیینەکان هەیە و ستراکچەری جیۆلۆجی بێ هەژماری لێهەڵکەوتووە، کە لە جیۆلۆجیدا پێیدەڵێن (فۆڵد)، (فراکچەر) و چەندین شێوازی ستراکچەری جیۆلۆجیی ئاڵۆزی دیکە.
ئەم ئاڵۆزییە جیۆلۆجییەی چینە بەردیینەکان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، دەبنە هۆکار بۆ ئەوەی کێشەی تەکنیکی زۆر لە کاتی هەڵکۆڵینی بیری نەوت رووبدەن. ئەمەش خۆی لە خۆیدا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تێچووی هەڵکۆڵینی بیرەکە.
سەمیر نوعمان، شارەزا و سەرپەرشتیاری هەڵکۆڵینی بیری نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، لەو بارەیەوە دەڵێت " جۆری گرێبەستە نەوتییەکانی بەغدا، بەرفراوان و گەورەترن. بۆ نموونە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق وەزارەتی نەوتی عێراق، دێت گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیایەکی خزمەتگوزاریی هەڵکۆڵینی بیری نەوت دەکات کە هەڵکۆڵینی بۆ نموونە 50 تاوەکو 100 بیری نەوت لەخۆدەگرێت، ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی کۆمپانیاکە سەرئەنجام بتوانێت بەتێچوویەکی کەمتر کار بکات. ئەمە زۆر جیاوازە لە هەرێمی کوردستان، کە بۆ نموونە گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیایەکی هەڵکۆڵینی بیری نەوت دەکرێت، تەنیا بۆ هەڵکۆڵینی دوو یان سێ بیری نەوت".
لایەنی لۆجیستی و ئەمنی و ژێرخانیش لە هەرێمی کوردستان تێچوویان زۆر بەرزە. لە بنەڕەتدا ئەو بلۆکە نەوتییانەی گومان دەکرێت نەوتیان تێدا بدۆزرێتەوە و ببنە کێڵگەی نەوتی، هەندێکیان دوورەدەستن و پێویستیان بە دروستکردنی رێگەوبان و دابینکردنی کارەبا و کەرەستەی پێویستی کارکردنە، کە هەموو ئەوانە تێچووی هەڵکۆڵینی بیری نەوت لە هەرێمی کوردستان دا زیاد دەکەن.
لەڕووی کڕینی کەرەستە و کاڵای پێویستیشەوە بۆ کاری هەڵکۆڵین، تێچووەکان لە ناوچەکانی باشووری عێراق کەمتر دەبن، چونکە لەوێ بە ژمارەیەکی زۆر زیاتر کەرەستە و پێداویستییەکان دەکڕدرێن، بەراورد بە هەرێمی کوردستان.
پێکهاتەی جیۆلۆجی لە کێڵگەکانی بەسرە زۆر ئاسانە و ئەو کێشانەش کە لەڕووی تەکنیکییەوە دێنە بەردەم ئەندازیاران، زۆر ناسراون و ئاسانتریش چارەسەر دەکرێن.
سەمیر نوعمان لەو بارەیەوە دەڵێت "لە هەرێمی کوردستان دا لە سەرەتای پرۆسەی هەڵکۆڵینی بیری نەوتەکانەوە کە کۆمپانیاکان دەستیان پێکرد، تێچووی بەرهەمهێنانی بیرێکی نەوت نزیکەی 80 ملیۆن دۆلار بوو. هەندێکجار تێچووەکەی تاوەکو 100 ملیۆن دۆلاریش بەرزدەبووەوە، بەڵام دوای ماوەیەک کە شارەزایی تیمە تەکنیکییەکان و کۆمپانیاکان زیاتربوو، دەیانتوانی بە نزیکەی 20 ملیۆن دۆلاریش بیری نەوت هەڵبکەنن. ئێستا بە نزیکەی 15 ملیۆن دۆلار دەکرێت بیرێکی نەوت هەڵبکۆڵرێت".
ئەمە لەکاتێکدایە هەڵکۆڵینی بیری نەوت لە بەسرە و ناوچەکانی دیکەی باشووری عێراق، ئەگەر زۆر زۆری تێبچێت، ناگاتە 5 ملیۆن دۆلار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ