گازی سرووشتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پێناسە دەکاتەوە

 
هیچ کات وەک ئێستا گازی سرووشتی فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە نەبووە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. دەبینین پەیوەندییەکان و قەیرانەکان بەهۆی گازی سرووشتییەوە چۆن گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. تەماشا بکەن ئەو وڵاتانەی گازی سرووشتییان زۆرە چۆن ئەکتەرێکی سەرەکین لە قەیران و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.
 
کێشەی ئۆکراینا و رووسیا: هەموو وڵاتانی رۆژئاوا بە تایبەتی ئەوروپییەکان دەستیان بەستراوە بەرامبەر رووسیا بەهۆی ئەوەی وڵاتێکی وەک ئەڵمانیا پشتی سەرەکی بە گازی سرووشتیی رووسی بەستووە و ناتوانێ تاوەکو ئەم کاتە هەڵوێستی تووند بنوێنێ و ناشهێڵێت ناتۆ هیچ بکات. پووتین بەهۆی هێزی گازی سرووشتییەکەیەوە خەریکە بە بەرچاوی هەموو دونیا وڵاتێکی دۆستی رۆژئاوا داگیردەکات و کەسیش هیچی پێناکرێت، جگە لە هەڕەشەی سزای ئابووری.
 
ئەمریکا و قەتەر: قەتەرێک 50 ساڵە لە خزمەتی ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانییەتی و گەورەترین بنکەی سەربازیی ئەمریکا لەم ناوچەیە لەوێیە. ئێستا ئەمریکا پێوستی بە گازی سرووشتیی قەتەرە هیچ نەبێ بۆ دۆستەکانی. دوێنێ بەپەلە ئەمیری قەتەر بانگهێشتی واشنتن کرا و دەوحە کرایە هاوپەیمانی ستراتیژیی ئەمریکا لە دەرەوەی ناتۆ، ئەگەر گازەکەی نەبووایە ئاوا بەخێرایی نەیدەبینی. 12%ـی گازی سرووشتی جیهان لە قەتەرە.
 
تورکیا و ئیسرائیل: زیاتر لە 10 ساڵە تورکیا و ئیسرائیل لە پەیوەندییەکی ناتەندروست و گرژیدان. ئیسرائیل لەو ماوەیەدا لەگەڵ یۆنان، قوبرس و میسر خەریکی هاوپەیمانی وزە بوو لە دژی تورکیا. ئەو هاوپەیمانییەتییە بەرگەی نەگرت کاتێک تورکیا و ئیسرائیل بڕیاریاندا پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە. هۆکارەکەش گازی سرووشتییە. سەرۆکی ئیسرائیل بەمزووانە دێتە تورکیا بۆ ئەوەی گازی سرووشتی ئیسرائیل لە رێگەی تورکیاوە بۆ ئەوروپا بفرۆشن. کڕیارێکی زۆر چاوەڕێی ئەو هەنگاوەن.
 
ئازەربایجان و ئەرمینیا: ئەو شەڕ و پشتیوانییە گەورەیەی ئازەربایجان هەیبوو لەلایەن تورکیا و ئیسرائیل بەشێکی بۆ گازە سرووشتی و جیپۆلتیکی وزەیە. تورکیا بەهەموو توانای پشتیوانی باکۆی کرد. هەفتەی رابردوو بۆ ماوەیەکی کاتی ئێران هەناردەکردنی گازی بۆ تورکیا راگرت، بەڵام ئازەربایجان یەکسەر ئەو بۆشاییەی بۆ پڕکردەوە.
 
ئێران: ئێرانیش یەکێکە لەو وڵاتانەی باشترین گازی سرووشتی هەیە. هۆکارێکیش کە ئێستا ئێران حەز بکات و رێککەوتن بکات و ئەوروپاش هانی دەدات بەهۆی گازەکەیەتی. ئێران سزای لەسەر نەبێ باشترین بازاڕی دەبێ و هەروەها ئەکتەرێکی زۆر کاریگەرتر دەبێ لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. 

کازاخستان: گرژییەکانی ئەم دواییەی کازاخستانیش پەیوەندییەکی بە وزە و گازی سرووشتییەوە هەیە. ئەمریکا و چین رکابەرییانە لەوەی ئەو وڵاتە بەلای خۆیاندا راکێشن. لە لایەکی دیکەوە رووسیا و دەستوەردانی خێرای لە کازاخستان هۆکارێکی هەر ئەوە بوو نەهێڵێ ئەو بەندەری وزەیە بکەوێتە دەست رۆژئاوا.
 
خۆشبەختانە لە کوردستانیش گازی سرووشتی هەیە و دەرفەتێکی زێڕینە بتواندرێت سوودی لێوەربگیرێت بۆ پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکان، بەڵام چۆن دەکرێ و بە کێ دەکرێ پرسیاری هەموومانە.