رەوەندەکانی کوێستانی ئاراس لە ماکۆی رۆهەڵاتی کوردستان

28 October 2021
رەوەندەکانی کوێستانی ئاراس لە ماکۆی رۆهەڵاتی کوردستان

کاتێک سەردانی کوێستانەکانی کوردستان دەکەین، زۆرجار چاوت بە رەوەندەکان دەکەوێت کە بۆ لەوەڕاندنی مەڕوماڵاتیان رووی تێدەکەن و تاوکو پاییز لەوێ دەمێننەوە.

ئەمیر حەمەد خەڵکی باشووری کوردستانە و گەشتێکی بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە و چەند ڤیدیۆیەکی لەبارەی ئەو گەشتە بۆ رووداوی تۆ ناردووە، یەکێک لەوانە گەشتی بۆ کوێستانی ئاراس لە ماکۆی سنووری ورمێی بووە.

لە کاتی چوونی بۆ کوێستانەکە، چاوی بە رەوەندەکان کەتووە، لەوانە دوو بێریڤان کە باسی کوێستانەکە و شاخەکانی دەرووبەری کوێستانەکەی بۆ دەکەن.

لە کوردستان کۆچی رەوەندەکان بۆ کوێستانەکان لە کۆتایی بەهار و سەرەتای هاویندا دەستپێدەکات، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی وشکەساڵییەوە بەشێک لە رەوەندەکان زووتر روویان لە کوێستانەکان کرد، چونکە لە گوند و ناوچەکانی خۆیان گیای بەهاری زووتر وشک بوو و بەشێکیان لەگەڵ نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما دووبارە روویان لە شوێنەکانی خۆیان کردەوە.
 
بەهۆی ئەوەی رەوەندەکان تاوەکو وەرزی پاییز لەو کوێستانە دەمێینەوە، کەرستە و کەلوپەلی ژیانی رۆژانە لەگەڵ خۆیاندا دەبەن، لە نێوان کاری سەختی رۆژانەی ئاژەڵداری و بەسەربردنی کاتێکی خۆش لە نێو سرووشتێکی بەهاریدا، رۆژەکانیان بەڕێدەکەن.
 
رەوەندەکان هەر لە کوێستانەکان چەندین بەرهەم لە شیری مەڕوماڵاتیان بەهەمدێنن، لەوانە ماست، پەنیر، ژاژی و لۆر و لە بازاڕەکاندا دەیفرۆشنەوە.



لە گوندی گوندەوێڵە خاوەن باخێک و کوڕەکەی گۆرانی بۆ کرێکاران دەڵێن

وەرزی کۆکردنەوەی سێو لە شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە و بەهۆی سەختی و زۆری کارەکە، زۆر جار خاوەن باخ و کرێکارەکان بەشێک لە کاتەکانیان لە نێو باخدا بە گۆرانیگوتن تێپەڕدەکەن.

لە گوندی گوندەوێڵەی شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە دوای پشوودانێک لە کاری سێو رنین لە باخێکی سێو، خاوەن باخەکە لەگەڵ کوڕەکەی گۆرانی بۆ کرێکارەکان دەڵێن.

قادر رەحمان ڤیدیۆیەکی لەمبارەیەوە بۆ رووداوی تۆ ناردووە کە ژمارەیەک کرێکاری گەنج لە بن سێبەری دارسێوەکان، دەوریان لە باوک و کوڕەکە داوە گۆرانییەکانییان دەبیستن.

گوندەوێڵە، یەکێک لە گوندەکانی شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستانە و لە 150 ماڵبات پێکهاتووە و 681 کەس تێیدا دەژین.

لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ژمارەیەکی زۆر باخی سێو هەن و بووەتە سەرچاوەی داهاتی بەشێکی زۆر لە خەڵکی، چ ئەوانەی خاوەن باخن، یاخود ئەوانەی وەک کرێکار کاری تێدا دەکەن.

سێو لە شوێنە مامناوەندەکانی نیوەی باکووری گۆی زەوی، لە چیاکانی حەوزی زەریای سپی ناوەڕاست ھەیە و لە کوردستانیش چەندین جۆری بەرهەمدێت.
 


گۆرانیگوتن لە کاتی رنینی زەیتون لە گوندی دیکێی عەفرین

ئینجا کە بمانەوێت باسی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان بکەین بێگومان دەبێت دەبێت باسی زەیتوونیش بکەین کە ئەو شارە پێی ناسراوە و ئێستا وەرزی کۆکردنەوەیەتی.

هاونیشتمانییەک بەناوی عەبدوڵڵا غەفوور ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە، تێیدا دیمەنی کۆکردنەوەی بەرهەمی زەیتوون لە گوندی دیکێ لە عەفرینی رۆژئاوای کوردستان نیشاندەدات.

لە ڤیدیۆکەدا هاونیشتمانییەک بە دەم رنینی زەیتونەوە، بە دەنگێکی خۆش گۆرانی بۆ هاوڕێکانی دەڵێت کە ئەوانیش سەرقاڵی کۆکردنەوەی ئەم بەرهەمەن.

عەفرین دەکەوێتە رۆژئاوای کوردستان و 366 گوند لەخۆدەگرێت و بە کشتوکاڵ بەناوبانگە، بەتایبەتیش بەرهەمهێنانی زەیتوون کە بەشێکی زۆری بۆ بەرهەمهێنانی رۆنی زەیتوون بەکاردەهێندرێت.

لە کانوونی دووەمی 2018دا سوپای تورکیا و هێزە نزیکەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا هێرشیانکردە سەر عەفرین و دوای نزیکەی دوو مانگ لە شەڕ، توانیان کۆنترۆڵی بکەن.



شوێنەواری بەنداوی جەروانە لە شێخان

بەنداوی جەروانە پڕۆژەی گڵدانەوەی ئاو و ئاودێری گرنگ و ستراتیژی بووە، ساڵی 690 پێش زایین لە لایەن سەنحاریبی پاشای ئاشوورییەکان لە باكووری شاری موسڵ بە دووری 40 کیلۆموتر دروستكراوە، كە ئەوكات موسڵ پایتەختی شانشینی سەنحاریب بووە. 

جەروانە بە دووری نۆ کلیۆمەتر دەكەوێتە بەشی باشووری رۆژهەڵاتی قەزای شێخان لە سنووری پارێزگای دهۆك و یەك كیلۆمەتر لە باكووری رێگەی سەرەكی هەولێر - دهۆك دوورە.

تیمێکی تایبەتی گرووپی شاخەوانی قەڵای هەولێر گەشتیان بۆ شوێنی بەنداوەکە کردوە و ڤیدیۆکەیان ئامادەکردوە و بۆ رووداوی تۆ یان ناردووە، لە ڤیدیۆکەدا نادر رۆستی نووسەر و شارەزا لەبواری گەشتوگوزار، چەند زانیارییەک دەخاتەڕوو.

دیواری بەنداوی جەروانە كە لە بەردی داتاشراو دروستكراوە،‌ زیاتر لە 280 مەتر درێژ و 20 مەتر پانە، بەپێی هەندێك زانیاری دیوارەكە نۆ مەتر بەرز بووە و پێنج دەرچەی ئاورێژی هەبووە، تێیدا لە نێوان یەک بۆ دوو ملیۆن بەردی داتاشراو بەکارهاتوونە، كێشی هەر بەردێك لە نێوان 250 كیلۆ بۆ 500 كیلۆ بووە.



دروێنەی برنج لە کۆمەڵگەی بێگوڤای دینارتە

ئەمساڵیش لە زۆربەی ناوچەکانی باشووری کوردستان برنج چێندراوە، هەرچەند بەهۆی وشکەساڵییەو بە رێژەیەکی کەمتر برنج بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو چێندراوە.

سنوور موسا ڤیدیۆیەکی لەبارەی دروێنەی برنج لە کۆمەڵگەی بێگوڤا لە سنووری قەزای زاخۆ بۆ رووداوی تۆ ناردووە، تێیدا دیمەنی دروێنەی برنج بە هەرەوەزی نێشاندەدات کە ب داس و بە شێوازێکی کۆن کارەکە دەکرێت.

لە ڤیدیۆکەدا دیارە، لە دوای دروێنەی برنجەکە، لەسەر پارچە نایلۆنێک دادەنرێت، دواتر تراکتۆرێک بەسەریدا دخولێتەوە بۆ ئەوەی برنجەکە لە قەد و لقەکانی جیابکاتەوە، پاشان لە بەردەم خۆر دادەنرێت و دواتر دەبردرێتە ئاش و لە توێکڵەکەی جیادەکرێتەوە و ئامادە دەبێت بۆ فرۆشتن و خواردن.

برنج لە دەشتایی و نزیک رووبارو جۆگەکاندا دەچێنرێت، ئەویش لە کۆتایی وەرزی بەهاردا لە پاش کێڵان و وردکردن و تەختکردن و پاراوکردنی زەویەکە، چاندنی لە وڵاتێکە وە بۆ وڵاتێکی دیکە دە گۆڕێت، لە هەندێ ناوچەی جیهاندا لە قەدپاڵی چیاکاندا دەچێنرێت کە تێکڕایی بارانبارین لە هەزار و 200 ملم زیاترە، وەک چین، ژاپۆن و تایلەند.

رووداوی تۆ، ماوەیەکی هەواڵییە و پشت بە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی خەڵکی کوردستان دەبەستێت، بەدواداچوون بۆ هەندێک لەو هەواڵ و ڤیدیۆیانە دەکات.

کاژێر 07:40ـی بەیانی پێشکەشدەکرێت.