دیمەنی بەنداوی کۆڵەسە لە سەردەشت
لە سەدا هەشتای سەرچاوەی ئاوی زێی بچووکی باشووری کوردستان، چیاکانی مهاباد، سەردەشت و پیرانشارە، سەدا بیستی دیکەی ئاوەکە چیای قەندیل و گوندەکانی پشدەرن و بەهۆی دروستکردنی بەنداوەکان لەلایەن ئێرانەوە، کاریگەری لەسەر زێی بچووک هەیە.
دروستکردنی بەنداوی کۆڵەسە لە سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان، یەکێک لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی ئاوی زێی بچووکە لە باشووری کوردستان.
هاونیشتمانییەک بەناوی سلێمان گەوەلان سەردانی بەنداوی کۆڵەسەی کردووە و ڤیدیۆیەکی لەمبارەیەوە بۆ رووداوی تۆ ناردووە.
بەنداوی سەردەشت یان بەنداوی کۆڵەسە بەنداوێکی خاکییە بە بەرزایی زیاتر لە سەت مەتر لەسەر زێی بچووک و لە نزیک گوندی کۆڵەسەی خوارووی سەردەشتە، لە 2009 بڕیاری دروستکردنی درا، بەڵام لە 2011 جووە قۆناخی جێبەجێکردنەوە و دروستکردنی بەنداوەکە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا سوودی لێوەردەگیرێت.
سەردەشت دەکەوێتە نێوان سنووری رۆژهەڵات و باشووری کوردستان و یەکێک لە شارهکانی ناوچەی موکریانە و کەوتووەتە باشووری شاری پیرانشار و مھاباد، ھەروەھا دەکەوێتە رۆژئاوای بانە و باشووری رۆژئاوای بۆکان و رۆژھەڵاتی قەڵادزێ لە باشووری کوردستان.
لە شاخی هەزارمێرد ساڵیادی کۆچی دوایی هەوراز رەزا کرایەوە
وەک وەفایەک، دووساڵە ژمارەیەک گرووپی شاخەوانی لە شاخ و ئەشکەوتی هەزار مێرد یادی هەوراز رەزا شاخەوانی کورد دەکەنەوە کە لە 7 ئەیلوولی 2019 لە کاتی شاخەوانی بەردەوانیدا کەوتەوە خوارەوە و گیانیلەدەستدا.
یادکردنەوەکە لەلایەن دەستەی شاخەوانی لووتکە و بە سەرپەرشتی سیامەند ئەحمەد و بە میوانداری 15 گرووپی شاخەوانی سنووری پارێزگای سلێمانی بەڕێوەچوو و ژمارەیەک شاخەوانی بەردەوانی، وێنەیەکی گەورەی ئەو شاخەوانە کۆچکردوووەیان بە گەورەیی لە شاخی هەزار مێرد نیشاندا.
هەوراز رەزا یەکێک لە ئەندامانی دەستەی شاخەوانی لووتکە بووە و شاخەوانی بەردەوانی بووە، واتە هەڵگەران بە دیوارە شاخەكاندا بە بەكارهێنانی پەت.
دانا سالار شاخەوان و وێنەگرێکی کوردە و دیمەنی سرووشت و گەشتە شاخەوانییەکان بە درۆن وێنەدەگرێت، ئەو لە پاڵ نیشاندانی سرووشتی جوانی کوردستان، لە هەمانکاتتدا لێهاتوویی شاخەوانانی کوردستانیش نیشاندەدات، بۆ ئەم مەبەستەش ڤیدیۆکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەکاتەوە و بەشێک لە ڤیدیۆکانیشی بۆ رووداوی تۆ دەنێرێت، ئەمجارە لەبارەی ئەو یادکردنەوە ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە.
دانا سالار بە رووداوی راگەیاند، هەوراز رەزا چەندین خول و راهێنانی لە باشووری کوردستان و ئێران، لەلایەن راهێنەرانی بیانی بینیوە، خەونی ئەوە بووە سەردانی وڵاتی نیپال بكات تاوەكو بەسەر شاخە هەرە بەرزەكانی ئەو وڵاتە هەڵگەرێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی هاوکاری، خەونەكەی نەهاتە دی.
ئەو شاخەوانە لە 7 ئەیلوولی 2019 لە كاتی هەڵگەڕان بە دیوارە شاخی هەزارمێرد لەگەڵ چەند شاخەوانێکی بیانی، لە بەرزاییەوە كەوتە خوارەوە و یەکەم شاخەوانی بەردەوانییە لە باشووری کوردستان لە کاتی هەڵگەڕان بەسەر شاخدا گیان لەدەستبدات.
ئەشكەوتی هەزار مێرد، 13 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای شاری سلێمانییەوە دوورە، لە رووی مێژووییەوە بە دووەم ئەشكەوتی كۆن لە كوردستان دەژمێردرێت.
بەهۆی تاریكایی نێو ئەشكەوتەكە، بە ئەشكەوتی تاریكیش ناوی دەهێنرێت و لە رابردوودا چەند ئامێر و كەلوپەلی كۆن لەناو ئەشكەوتەكەدا دۆزراونەتەوە كە مێژوویان بۆ 50 هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێنەوە.
ئەشكەوتی هەزار مێرد دەکەوێتە شاخی هەزار مێرد و بە یەكێك لە شوێنەوارە هەرە دێرینەكانی كوردستان دەناسرێت و 1200 مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە.
هاونیشتمانییەک گلەیی لە بوونی پاڵاوگەیەک لە نزیک ماڵان دەکات
ماوەیەکە پاڵاوگە و پاڵاوگە نا یاساییەکان لە باشووری کوردستان مژارێکی گەرمی هەیە، تا دێت ناڕەزایەتی خەڵک لە بوونی ئەو پاڵاوگانە زیاتر دەبێت و داوای داخستنی پاڵاوگەکانی نزیک ئەو ناوچانە دەکەن کە لە نزیک شوێنی نیشتەجێنوونی خەڵک هەن.
هاونیشتمانییەک ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە کە دیمەنی دووکەڵی پاڵاوگەیەکە لەسەر رێگەی مەخموور، لە نزیك وێستگەی کارەبای ماس لە هەولێر.
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت، دووکەڵ و بۆنی ناخۆشی پاڵاوگاکە خەڵکی زۆر بێزراکردووە و داوا لە لایەنی پەیوەندار دەکات چارەسەرێک بۆ ئەو کێشەیە بکەن یا بە داخستن یاخود دوورخستنەوەی ئەو پاڵاوگانە بێت لەو شوێنانەی کە شوێنی نیشتەجێبوونن.
لە پارێزگای هەولێر نزیکەی 75 پاڵاوگەی نایاسایی هەن کە زۆربەیان لەسەر رێگەی گوێڕ و مەخموورن.
پاڵاوگە نا یاساییەکان جگە لەوەی دووکەڵ و بۆنی زیانی بۆ هاونیشتمانییان هەیە، لە هەمانکاتتدا زیانێکی زۆری بە کەرتی کشتوکاڵیش گەیاندووە.
دەرچوویەکی زانکۆ گلەیی لە نەبوونی دامەزراندن دەکات
بەهۆی قەیرانی ئابووری لە باشووری کوردستان و زۆری ژمارەی فەرمانبەران، لەم چەند ساڵەی دواییدا بە رێژەیەکی زۆر کەم دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان دامەزراون، ئەمەش گلەیی ئەو دەرچووانەی لێکەوتووەتەوە.
عەلی عەبدولوەحید دانیشتووی قەزای شێخانە و دەرچووی بەشی زانست و پەروەردەیە لە کۆلێژی پەروەردەی ئاکرێیە و بەهۆی دانەمەزراندن و بێکارییەوە، ئێستا کرێکاری دەکات.
ئەو گەنجە دەڵێت "لە ماوەی 16 ساڵی رابردوو ئەگەر بنێشتم لەسەر شەقامەکان فرۆشتبا، ئێستا دەبووم بە بازرگانی بنێشت".
هەروەها دەڵێت، لە چەندین کۆمپانیا و شوێن داوای دەرفەتی کاری کردووە، بەڵام بێ سوود بووە، هەروەها هەوڵیداوە ببێتە پێشمەرگە، بەڵام وەرنەگیراوە.
گوتیشی "لە کوردستان نانی خوێندن و قەڵەم بۆ هەژاران نەماوە".
لە نێو رووباری ئاوی شین ژمارەیەکی زۆر ماسی هەن
کاتێک دیمەنی رووبار و دەریاچەکان دەبینین جوانییەک بە سرووشت دەبەخشن، بەشێکی زۆریان لە ژێر ئاویشدا دیمەنێکی جوانیان هەیە، بۆ نموونە رووباری ئاوی شین لە گەلی باڵندا.
سەردار عەبدوڵڵا گەنجێکی ناحیەی دێرەلووکی سەر بە قەزای ئامێدییە، سەردانی رووباری شینی لە گەلی بالندا لە سنووری ناحیەی شێلادزێ لە سنووری ئەو قەزایە کردووە و ڤیدیۆیەکی بۆ رووداوی تۆ ناردووە.
لە ڤیدیۆکەدا جگە لە نیشاندانی جوانی سەیرانگەکە، مۆبایلەکەی بردووەتە ژێر ئاوی رووبارەکە و دیمەنێکی جوان ژێر ئاوەکە نیشاندەدات، ئەویش بوونی ژمارەیەکی زۆر ماسی بچووکە لە نێو رووبارەکەدا.
لەم چەند ساڵەی دواییدا لە دوای بڵاوبوونەوەی وێنە و ڤیدیۆی گەلی باڵندا، بەهۆی جوانی سرووشتەکەی، بەتایبەت رەنگی شینی ئاوەکەی، لە وەرزی هاویندا ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران سەردانی دەکەن.
گەشتیارانی سەردانی گەلی باڵندا دەکەن، وێنە و ڤیدیۆ لەبارەی سرووشتی شوێنەکە و گەشتەکەیان تۆمار دەکەن و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوی دەکەنەوە.
رووداوی تۆ، ماوەیەکی هەواڵییە و پشت بە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی خەڵکی کوردستان دەبەستێت، بەدواداچوون بۆ هەندێک لەو هەواڵ و ڤیدیۆیانە دەکات.
کاژێر 07:40ـی بەیانی پێشکەشدەکرێت.
بهشی بكه لە