یەکەم دەنگ - شاد و یاد
شەشەم ئەڵقەی بەرنامەی یەکەم دەنگ لە قەزای چۆمانە، ئەمجارە گفتوگۆ لەگەڵ یەک کەس ناکرێت بەڵکو لەگەڵ یاد و شاد دەکرێت کە خوشک و برایەکی دووانەن، تەمەنیان 18 ساڵە و یەکەمجارە دەنگ دەدەن.
ئەوان بڕیاریان نەداوە دەنگ بە چی بەربژێرێک بدەن، بەڵام دەنگ بە یەک لیست دەدەن. یاد پێیوایە هەمیشە خێزانەکان کاریگەرییان لەسەر منداڵەکانیان دەبێت، "زۆرجار ماڵەوە لەسەر چی رێبازێک بڕۆن منداڵەکانیشیان پەیڕەوی دەکەن."
شاد دەڵێت، "ئەو کاریگەرییە مانای زۆرلێکردن نییە، کە هەر دەبێت دەنگ بە لیستی ئەوان بدەن، بەڵام بووە بە کولتوور و لە خێزانەکەمان بۆمان ماوەتەوە."
یاد پێیباشە بەربژێرێکی ژن دیاری بکات و دەڵێت، "باشترە ژنان پاڵپشتی یەکدی بن، رۆڵی ئافرەت لە هەموو کارێکدا گرنگە لە کاروباری سیاسیشدا، بەتایبەتی لە کوردستان پێویستە ئافرەتان زۆر پاڵپشتی یەکتربن."
شادیش دەڵێت، "بۆ من زۆر گرنگ نییە دەنگ بە ژن بدەم یان پیاو، ئەوەی گرنگە کەسێک بێت داکۆکی لە مافەکانمان بکات."
لەبارەی لیستە نوێیەکان یاد و شاد یەک راییان هەبوو، هەردووکیان پێیان وایە گۆڕانکاری باشە، بەڵام لە بابەتێکی وەکو هەڵبژاردن باشترە دەنگ بەو لیستانە بدرێت کە پێشتر هەبوون و کاریان دیار بووە.
شاد دەڵێت، چون بۆمان گرنگە دەنگ بە لیستێک بدەین کە ئەزموونیان هەبێت بەوشێوەیەش بۆمان گرنگە بەربژێرێک دیاری بکەین کە لە رابردوو ئەزموونی هەبێت، مەرج نییە ئەزموونی پەرلەمانی، بەڵام ئەزموونی سیاسی هەبێت.
یەکێک لەو بابەتانەی کە یاد دەیەوێت لە چوار ساڵی ئایندە بگۆڕێت سیستەمی خوێندنە و دەڵێت، "دەمەوێت تاقیکردنەوەی وزاری بگۆڕێت (پۆلی 12) لەبەر ئەوەی زیانێکی زۆر لە قوتابی دەدات، لەلایەن جەستەیی و دەروونیشەوە کاریگەری خراپ بەجێدەهێلێت، لەوانەیە کەسێک زیرەک بێت، بەڵام لەو کاتە شتێکی بۆ بێتە پێش یان شەنسی نەبێت، ئەوەش وای لێ دەکات زۆر لە خەون و ئاواتەکانی تێکبشکێت، بینیمان لە ئەنجامی ئەوەش چەندین قوتابی خۆیان کوشتووە."
شاد دەڵێت، وەکو داواکارییەک لە بەرنامەکەوە داوا لە هەموو گەنجەکان دەکەم بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بدەن."
یادیش دەڵێت، "نەک تەنیا گەنج پێموایە هەموو چین و توێژەکان کە خاوەنی بیڕوڕایەکی تایبەت بە خۆیانن بچن دەنگ بدەن، پێویست ناکات ئەو مافە لە خۆیان زەوت بکەن، دەنگدان ئەرکە و مافیشە."
بهشی بكه لە