یەکەم دەنگ - بڕیار

یەکەم دەنگ - بڕیار

  بەرنامەی ئەمجارەی یەکەم دەنگ لە پێنجوێنە لەگەڵ بڕیار سەروەر، تەمەنی 21 ساڵە ، بڕیار یەکەمجارە مافی دەنگدانی هەیە و بڕوای بەوە هەیە ئەگەر گەنجان کەسی شیاو  بۆ پەرلەمان هەڵبژێرن ئەوە گۆڕانکاری دەکرێت.

بڕیار، داوا دەکات لە چوار ساڵی داهاتوو هەلی کار لە سنوورەکەی رێکبخرێتەوە و دەڵێت، "لە پێنجوێن هەلیکاری باش هەن، بەڵام نەتوانراوە رێکبخرێتەوە و کەسیش خۆی بە بەرپرسی نازانێت. کەسێکمان دەوێت کارەکانمان بۆ رێکبخاتەوە و 
گرنگی زیاتر بە رێکخستنەوەی کەرتی کشتوکاڵیش بدات."

بڕیار دەڵێت، "پێنجوێن جموجۆڵی تێیدایە و ئیش و کار باشە، بەڵام بە دڵی خەڵک نییە، چونکە ئێستا من شوفێڕم لەوانەیە لە هەندێک رووەوە مافی خۆمم پێنەدرابێت ئەوەش پەیوەندی بەوە هەیە کارەکە رێکنەخراوە. پێویستە کەسێک هەبێت سەرپەرشتیمان بکات چونکە ئەگەر ئێمە کێشەیەکمان لە کارەکەمان هەبێت نازانین بۆ کێی باس بکەین."

بە گوتەی بڕیار، "پێنجوێن لە زۆر رووەوە دەوڵەمەندە، لە رووی کانزاوە جۆرەها کانزای تێیدایە بەردی سپی، بەردی سەوز و چەندین جۆری دیکەی تێیدایە، بەڵام کارەکان رێکنەخراونەتەوە کەسێک نییە سەرپەرشتی بکات."

یەکێکی دیکە لەو کەرتانەی بە گوتەی بڕیار دەبێت رێکبخرێتەوە  کشتوکاڵە، ئەو دەڵێت، "لە پێنجوێن تەماتەیەکی زۆر زۆر هەیە، لەو بڕوایەدام بتوانین تەماتەی هەموو عێراق دابین بکەین، بەڵام چونکە پێشتر رێگەیەکی بۆ دانەنراوە چۆن بەرهەمەکە ساخبکرێتەوە، جاری وا هەیە نرخ زۆر نزمدەبێتەوە و جووتیاران زەرەر دەکەن."

بڕیار پێیوایە بۆ رێکخستنەوەی ئەو کەرتە و جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان باشترە گەنجان بچن دەنگ بدەن. "لەبەر ئەوەی هیچ شتێک لەسەر تۆ نامێنێت تاوەکو بڵێت دەنگم نەدا بۆیە فلانە لایەن سەرکەوت."

بۆ دیاریکردنی بەربژێر بڕیار سەیری رابردووی کاری بەربژێرەکانی کردووە و دەڵێت، "سەیری رابردووی ئەو کەسەی دەنگی پێدەدەم و لیستەکەیم کردووە، لەوانەیە ئەو کەسەی دەنگی پێ دەدەم نەیتوانی بێت ئامانجەکانی خۆی کە بۆ منی گەنج گرنگە بی پێکێت، بەڵام لەوانەیە بتوانێت لە داهاتوو بیکات."

لەبارەی لیستە نوێیەکانەوەش دەڵێت،"حەزم لە بیروڕا و بۆچوونی لیستە نوێیەکان نییە، چونکە هەندێک شت هەیە بە قسە ناکرێت، هەندێکیان ئەوەندە نوێن من ئەسڵەن هەر بیرم نەکردووەتەوە دەنگیان پێ بدەم یان نا، چونکە وەکو بیرکردنەوەی خۆم حەزم بەو رەفتارەیە کە مرۆڤ بتوانێت بە کردار شت بیکات نەک تەنیا قسەکردن بێت."